سامان شالی
جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی
مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كورد، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكی (ودرۆو ویلسون). له 8ى كانوونى یه‌كه‌می 1918 بۆ یه‌كه‌م جار حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی كۆنگرێسدا پشتگیریی كوردی كرد و له به‌یاننامه‌یه‌كی 14 خاڵیدا ئاماژه‌ی به مافی رزگاركردنی میلله‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن كرد له‌ژێر ده‌ستی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، به‌و پاساوه‌ی كه ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان دروست بكرێت. هه‌رچه‌ندە ئه‌م به‌یاننامه‌یه له‌لایه‌ن دیبلۆماتكارانی ئاماده‌بوو له كۆنفرانسی ئاشتیی پاریس له فه‌ره‌نسا به‌خۆشحاڵییه‌وه وه‌رگیرا، به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كان هیچ بایه‌خێكیان به‌م پشتگیرییه نه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی گرنگی له ناوچه‌كه‌دا نه‌بوو. ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان به ئه‌مه‌ریكاشه‌وه له‌پێناو ئاشتیی ناوچه‌كه پێیان باشتر بوو كه توركیا رازی بكه‌ن و مه‌سه‌له‌ی كورد بچووك كرایه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌یه‌ك كه له‌دواییدا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته نوێیه‌كانی ناوچه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، نه‌ك ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان.
داكوتانی ده‌سه‌ڵات له ده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پابه‌ندە به پشتگیریی ده‌ره‌كی و ئه‌وه‌ش به‌زۆری به‌ستراوه به‌و ململانێیه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا به‌هۆی جه‌نگی سارد و دابه‌شبوونی ئایدیۆلۆژی و ئۆردوگاكانی راست و چه‌پ سه‌ری هه‌ڵدابوو.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه خولیای ململانێ ئیقلیمییه‌كان و مه‌ترسییه‌كانیان بووه، هه‌موو كاتێك توانیویه‌تی له‌ڕێی مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه لاواز بكات، ئه‌مه‌ش زیاتر نه‌هامه‌تیی بۆ كورد دروست كردووه. هه‌میشه ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كردووەته‌وه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه‌كه له‌سه‌ر حیسابی مه‌سه‌له‌ی كورد. به شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌م هۆكارانه بوون به هۆى پەراوێزخستنى كورد.
شه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ دهستنیشانكردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد:
1- په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌وه.
2- په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كانیاندا ده‌ژین.
3- توانای ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه.
4- گۆڕانكارییه ناوخۆییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
5- گۆڕانكارییه ناوخۆییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
6- یه‌كگرتوویى كورد له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ى تیایدا ده‌ژین.
جه‌نگی دووه‌می جیهانی
له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام به‌پێی مێژوونووسان، ئه‌مه‌ریكا هیچ قورساییه‌كی نه‌دا به مه‌سه‌له‌ی كورد. بۆیه له 1946دا ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی حكوومه‌تی ئێرانی كرد له سه‌ركوتكردنی شۆڕشی قازی محه‌مه‌د، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆماری مه‌هاباد هاوپه‌یمانیى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا هه‌بوو. ئه‌مه سه‌ره‌تای جه‌نگی سارد بوو له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و سۆڤیه‌ت. له‌كاتێكدا كه ئه‌مه‌ریكا بیروباوه‌ڕی شیوعییه‌تی به مه‌ترسی داده‌نا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بۆ ئه‌مه‌ریكا به دژایه‌تی داده‌نرا، چونكه كۆماری کوردستان لە مه‌هاباد به به‌رهه‌مێكی سۆڤیه‌تی ئه‌ژمار ده‌كرا.
سیاسه‌ته لاوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
به‌پێی وته‌كانی د. مه‌حمود عوسمان ”(مسته‌فا بارزانی) باوه‌ڕی وابوو كه ماف و ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد نایه‌نه دی ئه‌گه‌ر یه‌كێك یان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته زلهێزهكەی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی ئه‌وكات پشتگیریی نه‌كه‌ن. كاتێك كه له سۆڤیه‌ت ده‌ژیا گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه مه‌سه‌له‌ی كورد له ئه‌جێندای رووسه‌كاندا نییه، له‌به‌رئه‌وه كه هاته‌وه بۆ عێراق له 5 تشرینى یه‌كه‌م 1958دا هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته گه‌ڕ بۆ ده‌ستپێكی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا“. له‌و كاته‌دا كه بارزانی په‌یوه‌ندیی ده‌كرد به حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكییه‌وه. ئه‌مه‌ریكا مه‌سه‌له‌ی كوردی به مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی دادەنا و نه‌یده‌ویست خۆی تێوه بگلێنێت، به‌ڵام ئه‌و راستییه‌ى ده‌زانی كه ده‌توانێت له هه‌ر كاتێكدا كورد به‌كاربهێنێت بۆ لاوازكردنی حكوومه‌ته ناوه‌نده‌كانی ناوچه‌كه.
له 1965دا بارزانی دوو نووسراوی بۆ کونسوڵی ئه‌مه‌ریكی له تاران نارد، كه تیایدا داخوازیی هاریكاریی ئه‌وانی كردبوو له كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا. یه‌كه‌م هاریكاریی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد 14 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بوو، كه له ئابی 1969دا له‌پاش نامه‌یه‌كی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ولیام روجرز، له 22ی نیسانی 1969دا ناردییان، هۆكاری ئه‌م هاریكارییه، هاندانی په‌یوه‌ندیی كورد و شای ئێران بوو له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاریكاریی كوردی عێراق له رووخاندنی حكوومه‌تی عێراق، به مەرجێك هاریكاریی سۆڤیه‌ت ره‌ت كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، شۆڕشه‌كانی كوردی عێراق رێكخستنێكی به‌هێزتریان به‌خۆوه ده‌بینی به به‌راورد له‌گه‌ڵ شۆڕشی پارچه‌كانی تری كوردستان، نزیكبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ئاماژە بوو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی سۆڤیه‌ت له عێراق به ناوچه كوردییه‌كانیشه‌وه. ئه‌مانه دڵه‌ڕاوكێیان بۆ ئه‌مه‌ریكا دروست كرد و هه‌ر ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه بوو كه ده‌رگایه‌كی نوێی بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد كرده‌وه و بوو به‌هۆی په‌یوه‌ندیكردنی سه‌ره‌تاى ئه‌مه‌ریكا به كورده‌وه له ساڵی 1969 و به ته‌نیاش له‌گه‌ڵ كوردی عێراق، به‌ده‌ر له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. به‌ڵام ئه‌و هاریكارییانه و په‌یوه‌ندییه‌كانیش دوای رێککەوتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 ساردییان به‌خۆیانه‌وه بینی.
رێککەوتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 راگەیاندنی حوكمی زاتی بوو بۆ كورد له چوارچێوه‌ی عێراق و رێکكه‌وتنی حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان. مهكتەبى سیاسیی پارتی دیموكرات له‌و كاته‌دا قه‌ناعه‌تیان به بارزانی كرد كه واژوو بكات له‌سه‌ر ئه‌م رێكکه‌وتنه سه‌رەڕای ناڕه‌زایی بارزانی و بێ متمانه‌یی به حكوومه‌تی عێراق، كه بنه‌ماكه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ته‌جروبه‌كانی له 1963ه‌وه. ئه‌م بێمتمانه‌ییه‌ی بارزانی به حكوومه‌تی به‌عس سه‌لمێندرا، كاتێك کە هه‌وڵی تیرۆرکردنیان دا له 29ی ئه‌یلوولی 1971 و هه‌روه‌ها هه‌وڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانیش له 6ى كانوونی یه‌كه‌می 1970 درا. ئه‌مانه هه‌موویان پاڵنه‌ری زیاتر بوون بۆ كوردی عێراق له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌تى عێراق له نییهتیدا نه‌بوو پابه‌ند بێت به‌و رێكکهوتنهوە، به‌ڵكوو ته‌نیا كاتی ده‌ویست بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و رێكخستنى ماڵى خۆى.
له ئادارى 1972دا نوێنه‌رى موسته‌فا بارزانی (زه‌ید ئەحمەد عوسمان) نامه‌یه‌كى زمانیى بارزانى گه‌یانده حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه تیایدا داواى كۆبوونه‌وه‌ی ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له رێگای عیسمت كهتانییهوه، كه له‌وكاته‌دا یاریده‌ده‌رى ئه‌میندارى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو، ئه‌ویش نامه‌كه‌ی گه‌یانده جۆرج بۆش (باوك) كه له‌وكاته‌دا نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا بوو له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
له 28ى ئادارى 1972، جۆرج بۆش نامه‌كه‌ى هاوپێچی نامه‌ی خۆی كرد بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و تیایدا نووسیبوو: "راوێژكاری بارزانى، زه‌ید عوسمان داواى كۆبوونه‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ وه‌زیر كێسنجه‌ر و من له‌ڕێی عیسمت كهتانییهوه، كه‌تانی ئه‌م كاره به‌نهێنی ده‌كات وه‌كو كوردێك و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد نه‌ك وه‌كو نوێنه‌رێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان." هه‌روه‌ها له تێبینیهكهشیدا نووسیبووی: "عیسمت كه‌تانى كه‌سایه‌تییه‌كى خۆشه‌ویسته له نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌كان و گومان نییه كه ئه‌و زه‌ید عوسمان وه‌كو نوێنه‌رى بارزانى په‌سه‌ند ئه‌كات. ئێمه له‌سه‌ر رێنماییه‌كانى وهزارەتى ده‌ره‌وه په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵدا ئه‌كه‌ین. تكایه وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه كه كۆبوونه‌وه بكه‌ین له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى بارزانى یان نا؟"
له 29ى ئادارى 1972، وه‌زاره‌تى ده‌رەوه‌ى ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامى دایه‌وه: "ئه‌مه جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر په‌یوەندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی باڵوێز جۆرج بۆش له‌گه‌ڵ زه‌ید عوسمان، نوێنه‌رى سه‌رۆكى كورد موسته‌فا بارزانى. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه هیچ رێگرییه‌كى نییه، ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه (نا) كه باڵوێز بۆش نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانى ببینێت، ئێمه‌ش له واشنتۆن هه‌مان سیاسه‌ت به‌كار ده‌هێنین. ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر سیاسه‌تێكى دوور و درێژ ده‌كه‌ین بۆ كوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى كورد به شێوه‌یه‌كى نهێنى و گوێ بگرین له وته‌كانیان."
له 3ى نیسانی 1972 كۆبوونه‌وه له‌نێوان تى جهى سكۆتز و زه‌ید عوسمان كرا له واشنتۆن، له ئوتێل هاى ئادمز، کە له‌سه‌ر داواى زه‌ید عوسمان بوو، تیایدا ئاماژه‌ی به‌م خاڵانه‌ی كرد:
"1. پاش دوا سه‌ردانى سەدام حوسێن بۆ مۆسكۆ، نفوزى رووسیا له‌ناو عێراق زیادی كردووه.
2. رووسه‌كان فشاریان خستووەته سه‌ر بارزانى و شیوعییه‌كان و به‌عسییه‌كان كه حكوومه‌تێكى نیشتمانى دروست بكه‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر نفوزى رووسیا له عێراق.
3. بارزانى ئه‌وه‌ى ره‌ت كردووەته‌وه كه ببێت به به‌شێك له‌و به‌ره نیشتمانییه‌دا، چونكه مەترسیی ئەوەی هەیە حزبى به‌عس حزبه‌كه‌ى (پارتى دیموكراسى كوردستان) له‌ناو به‌رێت.
4. بارزانى داواى یارمه‌تیى ئابووری و سه‌ربازى ئه‌كات تا بتوانێت حكوومه‌تێك له كورد و عه‌رەب له ناوچه كوردییه‌كان دروست بكات، تا ئاماده بێت كاتێك حكوومه‌تى سەدام نه‌ما، حوكم بگرێته ده‌ست.
5. یارمه‌تییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ بارزانى ئه‌توانرێت راسته‌وخۆ یان له‌ڕێگەی لایه‌نى سێیه‌مه‌وه بێت، وه‌كو مه‌لیك حوسێن."
له 9ی نیسانی 1972دا، حكوومه‌تی عێراق رێكکه‌وتنێكی ته‌واوی واژوو كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی ئه‌وكات و كۆمپانیای نه‌وتی عێراقی له 1ی حوزه‌یرانی 1972دا خۆماڵی (تاَمیم) كرد. ئه‌مه به مه‌ترسی له‌سه‌ر ئێران دەخوێنرایەوە و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش، چونكه سۆڤیه‌تی به‌هێزتر ده‌كرد له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه وای له شای ئێران كرد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی فشار بخاته سه‌ر حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكی بۆ دایه‌لۆگی زیاتر له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراق.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه ئێران هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی خاوه‌ندارێتیی دوورگه‌كانی ئەبو مو‌سا و تەنبی گه‌وره و بچووكی ده‌كرد و چاوى خستبووه سه‌ر سه‌رچاوه نه‌وتییه‌كانی كه‌نداو، ده‌شیویست سهروەرى له‌سه‌ر نیوه‌ى کەنداودا بكات، له‌سه‌روو ئه‌مانه‌شه‌وه په‌یوه‌ندیی عێراق و سۆڤیه‌ت و روانگه‌ی شای ئێران بۆ رژێمی عێراقی نوێ كه ناوی نابوو به (رژێمێكی شێت)، دوو هۆكاری زیاتر بوون بۆ مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا. له تەمووزى 1972دا یه‌كه‌م شاندی كوردی کە له ئیدریس بارزانی و د. مه‌حمود عوسمان پێكهاتبوو، به‌نهێنی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سی ئای ئه‌ی كرد له ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه بوو به سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیی فەرمیی كوردی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام به‌نهێنى مایه‌وه. له ئابى 1972دا ئه‌مه‌ریكا هاوكاریی كوردی عێراقی كرد به چه‌ك و دارایی تا بڕی 16 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و ئه‌م هاوكارییه به‌رده‌وام بوو تا رێكکه‌وتنی جه‌زائیر لە 6ى ئاداری 1975. (لێره‌دا كورد وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق به‌كارهێنرا بۆ به‌دیهێنانی ئامانج و داواكارییه‌كانی شاى ئێران و ئه‌و هاوكارییه‌ی ئه‌مه‌ریكاش بۆ كوردی باشوور له كاردانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بوو، له‌و روانگهیەوه كه ناوچه‌كه بپارێزێت له ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت و كۆنترۆڵكردنی خواستەكانی شای ئێران و سه‌دام حوسێن له نه‌وتی كه‌نداو، نه‌ك پێخۆشحاڵی به هاوكاریی كورد.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو به‌هۆی سزادانێكی توند بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه وه‌كو لای خواره‌وه:
1- ونکردنی 182 هه‌زار كورد له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالدا.
2- به‌كارهێنانی گازی كیمیایی له هه‌ڵه‌بجه و كوشتنی 5 هه‌زار منداڵ، ئافره‌ت و پیری كورد و برینداربوونی زیاتر له 10هه‌زاری تر.
3- كوژران و ونکردنی 8 هه‌زار بارزانی.
4- كوژران و ونکردنی زیاتر له 12 هه‌زار كوردی فه‌یلی.
5- 4500 گوندیان وێران كرد و دانیشتوانه‌كه‌ی راگوێزرانه‌وه بۆ ناو کۆمەڵگای دروستكراو له‌نزیك شاره‌كان.
له 1975 تا 1991 هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی فەرمی نه‌بووه له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد، كورد به ته‌نیا به‌ره‌نگاری چاره‌نووسی خۆی بووه‌وه له ناوچه‌كه‌دا. له 6ى ئاداری 1975 بەدواوە، ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورددا به حاڵه‌تێكی تایبه‌ت دانا، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته ئیقلیمییه‌كانی خۆی كه دایڕشتبوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی حكوومی نین، به‌ڵام چالاكن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا (هینری كیسینجه‌ر) له راگه‌یاندنێكیدا ساڕێژی برینی میلله‌تی كوردی به‌و وته‌یه‌ی "كاری نهێنی نابێت تێكه‌ڵ بكرێت به كاری ته‌بشیری" كرد.
رۆڵی كورد له عێراقدا له حه‌فتاكان یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و شای ئێران و كاریگه‌رییه‌كی سه‌ره‌كیى هه‌بوو له‌سه‌ر رووداوه‌كانی شه‌ڕی ئێران- عێراق.
رێكکه‌وتنی جه‌زائیر چه‌رخێكی نوێی هێنایه پێش له بزووتنه‌وه‌ی كوردی باشوورى كوردستان، كه كۆمه‌ڵێك حزبی عیلمانی و ئیسلامیی تری به‌دوای خۆیدا دروست بوون.
له‌پاش رووخاندنی شای ئێران له 16ى كانوونى دوه‌م 1979 و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ئێران، كورده‌كان له‌به‌ر ململانێ ناوخۆییه‌كانیان نه‌یانتوانی كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تردا بكه‌ن. دابه‌شبوونی كوردی باشوور به‌سه‌ر ئێران و عێراق، له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ئێران- عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا جێی بایه‌خ بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا. بۆ هه‌شت ساڵ ئه‌مه‌ریكا یاریده‌ده‌ری سه‌ره‌كیی هه‌ردوو وڵات بوو، له‌به‌رئه‌وه چاوی خۆی پۆشی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به كورد.
پشتگوێخستنی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد له ده‌ره‌نجامی پابه‌ندبوونی هه‌ڵبژارده‌كانی بۆ حكوومه‌ته ئیقلیمییه‌كان له ماوه‌ی جه‌نگی ئێران – عێراق (1980- 1988)دا گه‌یشته لووتكه. له‌و ماوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی بازرگانیی به‌هێزی دروست كردبوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له ساڵه‌كانی 1988بۆ 1991 رۆژانه ده‌گه‌یشته 500 هه‌زار به‌رمیل.
له جه‌نگى یه‌كه‌می كه‌نداودا له شوباتى 1991 ئه‌مه‌ریكا داوای له كورد و شیعه‌ی عێراق كرد كه هه‌ڵسن به رووی حكوومه‌تی عێراق و ئه‌وانیش كردییان. به‌ڵام زۆربه‌ی سیاسەتمهدارهكانی واشنتۆن ده‌یانگوت ئه‌و داواكارییه له‌و روانگه‌یه‌وه نه‌بووه كه ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به كورد گۆڕیبێت، به‌ڵكوو بۆ لاوازكردنی حكوومه‌تی عێراق بووه.
به‌ڵام له‌دوای راپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كورد و شیعه وەلا نران و ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌دام رێك که‌وت. به‌ڵام دوای کۆڕه‌وه مێژووییه‌كه‌ی گه‌لی كورد و له‌ژێر فشاری جیهانی و بڕیاری 688ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 8ی نیسانی 1991دا، ئه‌مه‌ریكا بژاره‌ی له‌پێشدا نه‌ما ته‌نیا پارێزگاریكردن نه‌بێت له كورد. ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌شدا سیاسه‌تی خۆی نه‌گۆڕی، به‌ڵام ئه‌و پارێزگاریكردنهی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، بوو به‌هۆی دروستبوونی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردی، كه ئه‌مڕۆ به هه‌رێمی كوردستان ناو ده‌برێت. به‌مه گۆانكارییهكی گرنگ له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورددا دروست بوو.
شه‌ڕی ناوخۆی كوردی باشوور له حوزه‌یرانى 1994دا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه هیچ بایه‌خێكی پێ نه‌درا، هه‌رچەنده ئه‌مه‌ریكا به‌شداریى كرد له به‌شێك له كۆبوونهكانى پارتى و یه‌كێتیدا، به‌ڵام كاتێك كه رۆڵی ئێران له ناوچه‌كه به‌هێز بوو و لیژنه‌ی پشكنینی چه‌كی به‌كۆمه‌ڵكوژی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه ره‌ت كرایه‌وه کە سه‌ردانی دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كانی عێراق بكات، له حوزەیرانى 1997دا ئه‌مه‌ریكا رێگاى دا به كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێم له واشنتۆن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێم گه‌یانده ئاستێكی باڵا و فەرمی. له ئه‌یلوولى 1998 ئه‌مه‌ریكا كورده‌كانی كۆكرده‌وه، بارزانی و تاڵه‌بانی رێکكه‌وتنی واشنتۆنیان به ره‌زامه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و له‌ژێر چاودێریی وه‌زیری ده‌ره‌وه مادلێن ئۆڵبراید واژوو كرد (ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى كورد داده‌نرێت كه واژووی ئه‌مه‌ریكیی له‌سه‌ر بێت)، هه‌روه‌ها واژووكردنى بیل كلینتۆن له‌سه‌ر یاساى ئازادكردنى عێراق له 31ی تشرینى یه‌كه‌م 1998، ڕاگه‌یه‌نراوێكی ڕاشكاوانه بوو له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كه كورد یه‌كه‌م هاوپه‌یمانه كه ده‌وڵه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام هاوسه‌نگییه‌ك له ناوچه‌كه‌دا دروست بكات، پاشان ئه‌مه‌ریكا 97 ملیۆن دۆلارى ته‌رخان كرد بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنى عێراق بۆ رووخاندنى سەدام.
له 30ى تشرینى یه‌كه‌می 1999، ئۆپۆزسیۆنى عێراقى له‌ژێر چاودێریى ئه‌مه‌ریكا له نیۆیۆرك به نوێنه‌رایه‌تیى جه‌لال تاڵه‌بانی له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و سامى عەبدولڕەحمان له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و هه‌ندێك كه‌سایه‌تیى تری كورد، به فەرمى كۆبووه‌وه، ئیتر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بوو به بناغه‌یه‌ك بۆ رووخاندنى حكوومه‌تى سه‌دام.
له 2003دا ئاستێكی نوێی دیبلۆماسی له‌نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا هاته كایه‌وه و كورد هاریكاریی ئه‌مه‌ریكای كرد بۆ له‌ناوبردنی حكوومه‌تی سه‌دام. له 12ى ته‌مووزى 2003 ئەنجومەنی حوكم له عێراقدا له 25 كه‌سایه‌تیى عێراقى دروست كرا كه 6 كه‌سیان كورد بوون، له‌و 25 کەسایەتییه 12 كه‌سایه‌تییان هه‌ڵبژارد تا حوكمى عێراق بكه‌ن بۆ یه‌ك ساڵ، یه‌كی یه‌ك مانگ و به ریزبه‌ندی ئه‌لفابێتی ناوه‌كانیان حوكم بكه‌ن، جه‌لال تاڵه‌بانى له 1 بۆ 30 تشرینى یه‌كه‌م و مه‌سعود بارزانى 1 بۆ 30ى نیسانی 2003. له 6ى نیسانى 2005 ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندیى نیشان دا بۆ دانانى جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌كو یه‌كه‌م كورد له مێژووى عێراق كه ببێت به سه‌ركۆمارى عێراق و بۆ یه‌كه‌م جار به فه‌رمی له تشرینى یه‌كه‌می 2005 له كۆشكی سپی به‌خێرهاتن له شاندی كوردی كرا به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعود بارزانی. دوای ئه‌وه‌ش جه‌لال تاڵه‌بانی چه‌ند جارێكی تر وه‌كو سه‌ركۆمارى عێراق سه‌ردانی فه‌رمیی كردووه بۆ ئه‌مه‌ریكا.
دوای ئه‌وه‌ی ئۆباما له 2008دا بوو به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بایه‌خێكی زیاتر درا به به‌غدا. كورد و سوننه له‌سه‌ر حیسابی شیعه پشتگوێ خران و رۆڵی ئێران له عێراق تا ده‌هات زیادی كرد، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به كردنه‌وه‌ی كۆنسوڵخانەی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر له 20ى حوزه‌یرانى 2010 ئاستى دبلۆماسیى له‌گه‌ڵ كوردستان به‌رز بووه‌وه، به‌ڵام ئۆباما تا كۆتایی حوكمكردنی هه‌ر پێداگریی له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی عێراق ده‌كرده‌وه و سه‌رەڕای بیروڕای به‌شێكی سیاسه‌تمه‌داران له ئه‌مه‌ریكا كه دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئۆباما بوون.
شه‌ڕی دژ به داعش له 2014هدا جارێكی تر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كوردی نزیكتر كرده‌وه و ئه‌مجاره‌ش په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی (سه‌ربازی، سیاسی و ئابووری) رێك ده‌خران و كورد بوو به یاریزانێكی سه‌ره‌كی له شه‌ڕی دژ به داعش، به‌ڵام سیاسه‌تی ئۆباما هه‌ر مه‌یلی به‌ره‌و حكوومه‌تی ناوه‌ند بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ش كه له كۆمیته‌ی چه‌ك له كۆنگرێسی ئه‌مەریكی ده‌رچوو بۆ هاریكاریی راسته‌وخۆی كورد و سوننه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حكوومه‌تی ناوه‌ند، تا كۆتایی كاته‌كه‌ی له سه‌رۆكایه‌تیدا كاری پێ نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌مانه بۆچوونێكی نوێیان له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داره ئه‌مه‌ریكییه‌كان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی كورد و پاشه‌ڕۆژی عێراق هێنایه كایه‌وه.
به‌پێی په‌یمانه‌كانی دوناڵد تره‌مپ (سه‌رۆكی نوێى ئه‌مه‌ریكا) له وتاره‌كانی بانگەشه و بیر و بۆچوونه‌كانی له چاوپێكه‌وتنه میدیاییهكانیدا، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ودا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كورد هه‌ڵبدرێته‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێز و رێچكه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه بگرن، به‌تایبه‌تی له‌و لایه‌نه‌وه كه په‌یوه‌ستن به شه‌ڕی دژ به داعش. بڕیاری وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا له 19ى نیسانی 2017 بۆ فرۆشتنی چه‌ك به پێشمه‌رگه وه‌كو سوپایه‌كى سه‌ربازى له‌ناو ده‌زگاى به‌رگریى عێراقدا، گرنگیی خۆی هه‌یه له مێژووى كورد و ئه‌مه یه‌كه‌م بڕیاری فه‌رمیی وه‌زاره‌تێكی ئه‌مه‌ریكایه كه تایبه‌ت بێت به كورد.
ئه‌وه‌ی روون و ئاشكرایه، ئه‌مه‌ریكا هێزێكی سه‌ره‌كییه له جیهاندا و پشتگیریی ئه‌و گه‌لێك گرنگه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد، به‌ڵام خاڵه هه‌ستیاره‌كه ئه‌وه‌یه، كه چۆن و له كوێدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كورد یه‌ك ده‌گرن، تا كورد ئه‌و ئامانجانه به‌دی بهێنێت كه سه‌دان ساڵه خه‌ونیان پێوه ده‌بینێت! ئه‌وه‌ی لۆجیكه، كورد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و كار و كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نییه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و كار و كاردانه‌وه‌ی خۆیدا هه‌یه. راسته كه جیۆگرافیای نیشتمانی كورد هۆكارێكی نه‌گه‌تیڤ بووه به‌هۆی هه‌وڵی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ته‌وه و وڵاتانی ده‌وروپشت، به‌ڵام به‌شێكى شكسته‌كانی گه‌لی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مته‌رخه‌میی خۆی له رووی نه‌بوونی یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی و وانه وه‌رنه‌گرتن له پێشوو و شینهكردنهوهی زانستی بۆ شكسته‌كان، ئه‌مانه هه‌موویان نیشانه‌ی لاوازی و ناته‌بایی و بێمتمانه‌ییه به‌خۆ. راسته به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد نابێت مساوەمهی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام گه‌یاندنی ئه‌و مه‌سیجه بۆ وڵاتانی جیهان (به‌تایبه‌تی بۆ وڵاتێكی زلهێزی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا) و تێگه‌یاندنیان له ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد، ده‌بێت به پلانێكی ستراتیجیی نیشتمانییەوه بكرێ، نه‌بوونى لۆبییه‌كی كوردى به‌هێز و یه‌كگرتوو لهدهرەوهى وڵات به‌هۆی ململانێ حزبییه‌كانه‌وه هۆكار بوون بۆ نه‌خستنی فشار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و پشتگیرینهكردنیان له دۆزى كورد له‌پێناو دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردى له باشوورى كوردستان.
ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ر كورد كه كار له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ی لای خواره‌وه‌دا بكات و باش شییان بكاته‌وه و هه‌ڵیانسه‌نگێنێت، پێش هه‌ر هه‌نگاوێك له په‌یوه‌ندییه نێودهوڵەتییهكانی، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا:
1- لایه‌نی سیاسی: كورد ده‌بێ ببێت به یاریزانێكى دبلۆماسیى گرنگ و پشتگیری له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكات بۆ سه‌قامگیرى له دیموكراسیه‌ت و ئاشتیى ناوچه‌كه.
2- لایه‌نی ئابووری: كورد ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا بپارێزێت و له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كار بكات بۆ گه‌شه‌پێدان به ژێرخانى ئابووریى كوردستان.
3- لایه‌نی سه‌ربازی: كورد ده‌بێ هاوكار بێت (نه‌ك هه‌ر له شه‌ڕی دژ به داعش) به‌ڵكوو ببێته فاكته‌رێكى سه‌ره‌كی و گرنگ له سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا.
4- لایه‌نی مرۆڤایه‌تی: رێزلێنان و پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه تایبه‌تن به پاراستنی ژیان و شكۆمه‌ندیی مرۆڤ.
زۆر له سه‌ركرده‌كان و كه‌سایه‌تیى كورد، به‌تایبه‌تى كوردى ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكى سه‌ره‌كى و گرنگیان هه‌بووه له پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى كورد و ئه‌مه‌ریكا. داواى لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ناوه‌كانیان لێره‌دا نه‌نووسراوه، چونكه ئه‌م وتاره ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای دۆكیومهنته مێژووییه‌كان نووسراوه، نه‌وه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌وڵی كه‌سایه‌تییه‌كان، بێ گومان ئه‌وانه‌ش رۆڵی خۆیانیان له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای جۆراوجۆردا بینیوه.
سه‌رۆكی پێشووى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد له ئه‌مه‌ریكاى باكوور
6/5/2017