ئەمڕۆ چوارشەممە مه‌سروور بارزانى راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان لە میانی وتارێكی جەماوەریدا رايگه‌ياند بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ر به خۆمان بین، نابێت سه‌ر به هیچ لایه‌كی دیكه بین. له پرۆسه‌ی سەربەخۆییش پاشه‌كشێ ناكه‌ين و به قسه‌ى ئه‌وانه ناكه‌ين كه دژى ريفراندۆمن.
له وتارێكدا، كه ئه‌مڕۆ له كه‌رنه‌ڤاڵێكى يه‌كێتى قوتابيانى كوردستان بۆ پشتگيريى له ريفراندۆم، كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سروور بارزانى باسى له گرنگى سه‌ربه‌خۆبوونى هه‌رێمى كوردستان كرد و گوتى "نابێت ئێمه چاومان له‌وه بێت كه هه‌ر پاشكۆ بین، یان خه‌ڵكی دیكه حوكمڕانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا بكات، كه‌سێك ناتوانێت چاوی له پۆستی وڵاتێكی دیكه بێت و بێت لێره رێنماییمان بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم".
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
خوشك و برایان خۆشه‌ویست ئاماده‌بووانی هێژا هه‌مووتان زۆر زۆر به‌خێر بێن
خۆم زۆر به خۆشحاڵ ده‌زانم به ئاماده‌بوون له‌گه‌ڵ ئێوه و باسكردن بۆ چه‌ند پرسێك كه گرنگن بۆ ئێستا و ئایینده‌ی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت گه‌له‌كه‌مان.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو ئه‌م باس و بابه‌تانه، پێمخۆشه كه سڵاو و رێزی خۆمان بنێرین بۆ هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ی كه ئێستا له سه‌نگه‌ردان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له گه‌ل و خاكی كوردستان بكه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌ری رێز و نه‌وازشیش داده‌نوێنین بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌زری شه‌هیدان، هیوادارین، ان شاءالله خوا شیفا بداته بريندارەكان و ئه‌وانیش زوو چاك ببنه‌وه.
هه‌ڤاڵان.. خوشك و برایان، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی كه ئێستا له ناوچه‌كه‌دا روو ده‌ده‌ن، بابه‌تی گه‌رمن و پێویسته ئێمه باس له هه‌ندێك له‌و شتانه بكه‌ین، به تایبه‌تیش كه ئێستا مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆمه، باسی ئه‌وه بكه‌ین، بۆچی ریفراندۆم بكه‌ین، بۆچی بیكه‌ین و كه‌ی بیكه‌ین؟
ئێمه گومانمان له‌وه‌دا نییه، كه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان، ده‌نگی به‌ڵێ به ریفراندۆم ده‌ده‌ن، ریفراندۆم بۆ چییه؟ ریفراندۆم پرسێكی زۆر زۆر ساده‌یه، به‌وه‌ی كه پرس له خه‌ڵكی كوردستان بكرێت، ئایا ئێوه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندان؟ به‌ڵێ یان نه‌خێر؟
من دڵنیام كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به ده‌نگی به‌ڵێ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، ئێمه شكمان له‌وه‌دا نییه، ئه‌ی بۆچی ریفراندۆم بكه‌ین؟ ریفراندۆم رای گه‌له، گه‌ل سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ته، بۆ په‌رله‌مان و بۆ هه‌ر بڕیارێك كه له وڵاته‌كه‌ی ئێمه ده‌درێت، گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌یه، كه به‌هه‌موو شت و هه‌موو پرسێك ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ رای گه‌ل، بۆ ئه‌وه‌یه سبه‌ی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه نایانه‌وێ ریفراندۆم بكرێ، به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێین، به شێوه‌یه‌ك له شێوازه‌كان ره‌خنه بگرن و بڵێن ئه‌مه رای تاكهكهسێكه یان تاكه حزبێكه، هه‌رچه‌نده جێی شانازییه بۆ ئێمه كه ئێستا جه‌نابی سه‌رۆك ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی هه‌ڵگرتووه.
پێموایه هیچ تاكێك له‌و كوردستانه‌دا نییه كه كوردستان وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی دیكه، ببێت به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌خنانه بنبڕ ببن و كه‌س نه‌توانێت ئه‌وه رای تاكه لایه‌نێكه، یان تاكه حزبێكه، یان ئه‌جێندایه‌كی شه‌خسییه، ده‌مانه‌وێ به هه‌موو دنیای پیشان بده‌ین، كه ئه‌مه بڕیاری خه‌ڵكی كوردستانه به هه‌موو چین و توێژ و نه‌ته‌وه و ئایینهكانییهوه.
ئێمه وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یین، فره ئایینین، بۆیه ده‌ڵێین كوردستان، ناڵێین ته‌نها ئه‌مه هی كورده، به‌ڵكو ئه‌مه هی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه به هه‌موو جیاوازییكانییهوه.
بۆیه با دنیاش دڵینا بێت كه خه‌ڵكی كوردستان چی ده‌وێت، ئێمه پێویسته ریفراندۆم بكه‌ین، له‌وانه‌یه باس له‌وه بكرێت، دوای ریفراندۆم چی ده‌كرێت؟ گومان دیسان له‌وه‌دا نییه كه مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و پرسكردن به خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی‌یان ده‌وێ، بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی، دوای ئه‌وه ئه‌گه‌ر رێز له ئیراده و له بڕیاری میلله‌ت یا خه‌ڵكی كوردستان بگیرێت، گه‌ر داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ئێمه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێین و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له ئێستاوه ده‌ستیپێكردووه.
ئێستا ئێمه له قۆناغێكین به‌ره‌و ئه‌و هه‌نگاوه به‌ڕێوه‌ده‌چین و ان شاءلله من دڵنیاشم له‌ماوه‌یه‌كی زوو ده‌گه‌ینه ئه‌و ئامانجه و ئه‌وه‌ی باسكراوه و به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژراوه، ئه‌مساڵ ئه‌م ریفراندۆمه ده‌بێت بكرێت.
ئه‌مه چه‌ند ساڵه ئیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌ن و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و و ده‌وروبه‌ریش قسه كراوه، ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستمان كردووه، كورد زیاتر له هه‌موو كاتێك دۆست و پشتیوانی هه‌یه ئێستا، ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ی كه پێشمه‌رگه به‌رامبه‌ر به هێرشی تیرۆریستان پیشانی دنیایدا و ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی كه گه‌لی كوردستان پیشانی داوه، ئه‌و جیاوازییه‌ی كه له كوردستان خه‌ڵك ده‌بینێ به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هه‌موو لایه‌ك ئێستا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه كورد شایه‌نی ئه‌وه‌یه، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی.
ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی خۆمان بكه‌ین، پێموایه زۆرجار راسته زۆر هۆكار هه‌بووه رێگر بووه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له كوردستان، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌و ئۆبالەی ده‌كه‌وێته سه‌رشانی خه‌ڵكی كوردستان خۆیان، چونكه ئێمه ده‌بێت پێش هه‌موو كه‌سێك بڕوامان به سه‌ربه‌خۆیی خۆمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش ئه‌و بڕوایه‌ی بۆ درووست بێت و پشتیوانی ئێمه بكه‌ن، له درووستكردنی ده‌وڵه‌تی خۆمان.
نابێت ئێمه چاومان له‌وه ده‌بێت كه هه‌ر پاشكۆ بین، یان خه‌ڵكی دیكه حوكمڕانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا بكات، كه‌سێك ناتوانێت چاوی له پۆستی وڵاتێكی دیكه بێت و بێت لێره رێنماییمان بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوای به سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، ده‌بێت ئێمه پێش هه‌موو كه‌سێك ئه‌و بڕوایه‌مان له‌لا درووست بێت، كه ئه‌وه مافێكی سرووشتی ئێمه‌یه، ئه‌مه مافێكه خوا به ئێمه‌ی داوه، مافێكه له هه‌موو یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی به نه‌ته‌وه‌كان دراوه و ده‌بێت ئێمه ببینه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌و مافه چاره‌نووسسازه‌ی هه‌موو گه‌لان هه‌یانبووه، ئێمه‌ش ده‌بێت هه‌مانبێت، بۆیه ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ربه‌خۆمان بین، نابێت سه‌ر به هیچ لایه‌كی دیكه بین.
دیاریشه ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه پێیان ناخۆشه كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێت، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دەن كه ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌رنه‌گرێت، من شكم له‌وه‌دا نییه كه‌س ناتوانێت رای میلله‌ت و خه‌ڵكی كوردستان بگۆڕێت، كه‌س ناتوانێت ئه‌و كاته‌ی كه ده‌نگی به‌ڵێ ده‌نووسێت، پێی بڵێ نابێ بنووسی، له هه‌ستی هه‌موو تاكهكدا ئه‌مه هه‌یه كه ده‌یه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه ئاسته‌نگ و گرفت له پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردن یان پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بێنه پێشه‌وه، هه‌روه‌ك ئێستا ده‌بینین چه‌ند كه‌س و و لایه‌نێك چه له ده‌ره‌وه چ له‌ناوه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن ئێستا كاتی نییه، یان شێوازی ریفراندۆم گله‌یی لێ ده‌كرێت، به چ شێوازێك ده‌بێت، یا ده‌بێت وا و وا بێت، موهیم هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه باسی گرفت و ئاسته‌نگ و كێشه‌كانی پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌ن، یان مه‌رجی بۆ داده‌نێن ئه‌گه‌ر ریفراندۆم دوای ئه‌م و ئه‌و مه‌رجانه ئه‌نجام بدرێت، هه‌موو ئه‌وانه جارێكی دیكه ئه‌و مه‌رجانه به‌كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌بن و بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو نه‌نێین، ئێمه كاتێكی دیاریكراومان هه‌یه و پێمانخۆشه هه‌موو لایه‌ك به‌شدار بن له‌گه‌ڵ ئێمه، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانیش قسه كراوه و جه‌نابی سه‌رۆك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دانیشتنی كردووه.
جوهدی به‌رده‌وام هه‌یه له‌لایه‌ن لێژنه‌ی تایبه‌ته‌وه پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و حزبه‌كانی دیكه‌ش، قسه‌ی ئه‌وه كراوه كه لێژنه‌یه‌كی باڵا درووست بكرێت بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن ئه‌و ریفراندۆمه و درووستكردنی ئه‌و میكانیزمه‌ی كه ریفراندۆم چۆن ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌ر ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه نابین، خه‌ڵكێك نه‌یانه‌وێ بیكه‌ن و بیانوو بدۆزنه‌وه له شێواز و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك به قسه‌ی ئه‌وان ناكه‌ین و به هیچ شێوه‌یه‌ك نه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و نه په‌شیمان ده‌بینه‌وه، ان شاءالله ئه‌و ریفراندۆمه‌ش له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌ندێكجار زۆر كه‌س خۆی پێ دۆست و لایه‌نگر و هاوپه‌یمانی ئێمه زانیوه، به بیانووی ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه گونجاو نییه ئێستا نابێت كورد داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات، یان باس له‌وه ده‌كرێت، كه مافێكی زۆر به كورد پێدراوه، نابێت یه‌كێتی و یه‌كڕیزی خاكی عێراق تێكبدات، سه‌یر له‌وه‌دایه كه یه‌كێك خۆی به خاوه‌ن مافێك بزانێت كه ئه‌و مافی ئێمه بدات، كاكه ئه‌و مافه خوا به ئێمه‌ی داوه كه‌س به ئێمه‌ی نه‌داوه و ئه‌و به‌شه‌ی كه تۆ پێت وایه به‌شی كورده، ئێمه ئه‌وه به به‌شی خۆمان نازانین، ئێمه به‌شی خۆمان به یه‌كسان له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ده‌زانین، به كه‌متر له‌وه‌ی كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك موماره‌سه‌ی مافی خۆی بكات، ئێمه به كه‌متر له‌وه قه‌بووڵمان نییه.
چ مافێك به ئێمه بدرێت، به‌ڵام خاوه‌ن سیاده و پایته‌خت و ئیراده و بڕیاری خۆمان نه‌بێت، واته ئێمه یه‌كسان نین، ئه‌و خه‌ڵك و وڵاتانه‌ی به چاوێكی كه‌متر سه‌یری ئێمه ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌مه بۆچوونی ئه‌وان بێت، به‌ڵام ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆچی قه‌بووڵ بكه‌ین به‌و چاوه سووكه سه‌یری ئێمه بكرێت، بۆچی ئه‌وان قه‌بووڵ نه‌كه‌ن ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌كسان بین، به‌ڵام ئێمه قه‌بووڵ پاشكۆی ئهوانبین یان له‌وان كه‌متر بین.
ئینجا ئێمه ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره بین ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له مافی خۆمان خۆشنابین و به‌هیچ شتێك له‌وه‌ی كه یه‌كسان بین له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا، ئێمه ئاماده نین له‌وه كه‌متر رازی بین.
جگه له‌وه‌ی كه ئه‌وه مافێكی سرووشتی ئێمه‌یه، پێداویستییه‌كی ههنووكهییشه له رووی دابینكردنی گه‌ره‌نتی و زه‌مانه‌ت بۆ داهاتووی گه‌له‌كه‌مان، ئێمه هه‌موومان بینوومانه و بیستوومانه له رابردوو چیمان به‌سه‌ر هاتووه، له سه‌ره‌تای درووستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا له 2003، له‌و سه‌رده‌مه‌ی رژێمه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سووننه‌كان به چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورد كرد، له ئه‌نجامیشدا كیمیاییبارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌كان، چی‌یان به‌سه‌ر ئێمه هێنا، ئینجا ده‌ربه‌ده‌ری و كوشت و كوشتار و ترس و ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ی كه گه‌لی ئێمه تووشی بوو، دوای ئه‌وه‌ش له 2003ه‌وه، هه‌رچه‌نده رژێم گۆڕا، به‌ڵام ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه‌وتووینه‌ته ژێر چه‌وسانه‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ی كه حكوومه‌تی مالیكی له سه‌رده‌می خۆی هه‌م بودجه‌ی بڕی هه‌م به شێوازێكی زۆر زۆر نایهكسانانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستاندا كرد.
كه‌واته ئێمه ده‌بێت گه‌ره‌نتی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، ئه‌و هه‌موو نه‌هه‌ماتی و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و كوشتنه كه تووشی گه‌لی ئێمه بوو، وه‌كو پێویست كه‌س به هانای ئێمه‌وه هات، ئایا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بوو، ئایا كاتی ئهنفالكراین، كه‌س هات تهدهخولێكی راسته‌وخۆ و خێرا بكات بڵێت ئه‌مه نابێت به‌و شێوه‌یه یاخو رژێمی عێراق لابدات نه‌بوو، به‌ڵام كاتێك حكوومه‌تی عێراق كوه‌یتی داگیر كرد، هه‌موو دنیا له‌سه‌ری به جواب هات و هه‌م حكوومه‌تی عێراقییان ده‌ركرد هه‌م ده‌رفه‌تێكیان بۆ ئێمه ره‌خساند راپه‌ڕینه مه‌زنه به‌رپا بكه‌ین.
كه‌واته بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی یا بابه‌تی سیاده‌ی وڵات گرنگه بۆ پاراستنی ئایینده‌ی هه‌م وڵاته‌كه‌مان، هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ئێمه له یاسای نێوده‌وڵه‌تی خاوه‌نی سیاده بین، خاوه‌نی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بین، ئه‌و وه‌خته به حوكمی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌ده‌خولكردن له كوردستان قابیلی قه‌بووڵ نییه.
به‌ڵام ئێمه ئێستا به‌شێكین له حكوومه‌تێكی دیكه، كه خۆی نه‌یتوانیوه وه‌كو پێویست سیاده‌ی خۆی بپارێزێت و له هه‌موو لایه‌ك ته‌ده‌خولی لە ئیش و كاره‌كانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نایانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن، ئێمه ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین.
مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورد، دژایه‌تیكردنی هیچ كه‌سێك نییه، مه‌سه‌له‌كه موماره‌سه‌كردنی مافێك سرووشتییه، هه‌روه‌كو باسم كرد خوا به ئێمه‌ی داوه و له هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئه‌و مافه‌مان هه‌یه جێبه‌جێی بكه‌ین.
گه‌ره‌نتی درووستبوونی ده‌وڵه‌ت، بۆ ئه‌وه‌یه هیچ ده‌وڵه‌تێك جارێكی دیكه جورئه‌ت ئه‌وه نه‌كات، په‌لاماری كوردستان بدات یان جارێكی دیكه تووشی كیمیاباران و ئه‌نفال و ده‌ربه‌ده‌ری ببینه‌وه، به یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌مانه‌وێ گه‌ره‌نتیمان هه‌بێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئێمه‌ش وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی بپارێزێت، ئێمه نابێت هه‌موو جارێك چاوه‌ڕێی ئه‌وه بین، دوعا بكه‌ین، به‌ڵكو سه‌رۆكوه‌زیرانێكی باش له به‌غدا حوكم بكات، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مجاره باش بوو، جارێكی دیكه‌ش باش بوو، دوای ئه‌وه چی ده‌بێت؟ ده‌بێت سیستمێك هه‌بێت كه نه‌یه‌ڵێت میلله‌تی كورد جارێكی دیكه بچه‌وسێته‌وه، ده‌بێت سیستمێك هه‌بێت كه جارێكی دیكه كه‌س جورئه‌تی پهلامارانیی كوردستان نه‌كات، ئه‌م گه‌ره‌نتییه‌ش به چه‌ند شێوازێك ده‌كرێت، یه‌ك: ده‌بێت ئێمه به زووترین كات به‌ره‌و ئه‌و ریفراندۆمه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بچێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ئێمه‌ش ده‌سته‌به‌ر بێت و پارێزگاری له ماف و له خودی میلله‌تی ئێمه بكات.
ئێمه ده‌بێت ئه‌وه‌ی بتوانین پشتیوانی پێشمه‌رگه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه وه‌كو ته‌نیا زامن و ته‌نیا گه‌ره‌نتی بۆ پاراستنی وڵاته‌كه‌مان بێت له ئێستا و داهاتوودا.
له‌ناوخۆشه‌وه ده‌بێت ئێمه یه‌كڕیزی درووست بكه‌ین و یه‌كهه‌ڵوێستی درووست بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن هه‌میشه ئێمه باوه‌شمان كراوه‌یه بۆیان، ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به یه‌كه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام بده‌ین، له یه‌ك نزیكبین، با جیاوازیش بین، به‌ڵام كه دێته سه‌ر پرسه نیشتمانییه‌كان، پێمانوایه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی خۆیان به‌لاوه بنێن و زیاتر بیر له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ینه‌وه.
قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه ئایا بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئێمه پێویستمان به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، جارێ ده‌مه‌وێ ئه‌وه باس بكه‌م، ئێمه وه‌كو پارتی، به هیچ شێوه‌یه‌ك، دژی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌بووین و نین، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، به‌ڵام چ جۆره په‌رله‌مانێك، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانێك، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت بڕیاربدات، نابێت ببێته سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبێك و به‌ناوی په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حزبێك ئیش بكات، ئێمه‌وه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین.
له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی پێویست بێت، به هه‌موو شێوازێك هه‌موو لایه‌نێك رازی بن، له‌وانه‌یه نه‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ویستوومانه پێش هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان خستووه‌ته به‌ر هه‌موو شتێك، پێمانوایه ئه‌و په‌رله‌مانه كه نوێنه‌رایه‌تی شه‌رعی میلله‌تی كورد ده‌كات، خۆیشی شه‌رعییه‌تی له میلله‌ته‌كه وه‌رگرتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ی شه‌رعییه‌تی به په‌رله‌مان داوه، هه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌ش ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر ریفراندۆم بدات.
سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت میلله‌ته پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێمانخۆشه په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش قسه‌ی پێویست كراوه و پێشنیاریش هه‌بووه و تاووتوێی ئه‌و پێشنیارانه‌ش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئێمه به هیچ شێوازێك ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین، بۆ رازیكردنی حزبێكی سیاسی یان چه‌ند كه‌سێك، یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسی به‌ینی دوو حزب و سێ حزب، ئیتر په‌رله‌مان و داهاتوو و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میلله‌ته‌كه‌مان بخرێته ژێر پرسیار و وه‌لا بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ته‌ركیز له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ته‌سكی حزبی بكرێت، ئێمه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین پێمانوایه پێش هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌تایبه‌تی كه ئێستا مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له ئارادایه، پێش هه‌موو شتێك، ئێمه ئه‌وه‌مان ده‌وێ، به په‌رله‌مانتاره‌كان بڵێین، كه فعله‌ن ئه‌وانه‌ی كه به په‌رۆشه‌وه باسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن با په‌رله‌مان كارابكه‌ینه‌وه، په‌رله‌مان به زۆرینه كارا ده‌كرێته‌وه، بابێن ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی ریفراندۆم یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه ئێمه له‌مڕۆوه ئاماده‌ین په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه كارابكرێته‌وه سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ سه‌ركردایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام په‌رله‌مان ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی چاره‌سه‌ر بكات و دوایی ببێت به عه‌رقه‌له و ئاسته‌نگ بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان پێمانوا نییه ئه‌م په‌رله‌مانه له خزمه‌تی ئه‌و پرسه‌دا بێت و بتوانێت سه‌ركه‌وتووش بێت.
له هه‌موو دنیا په‌رله‌مان له ئیستیحقاقی ئینتیخابی سه‌رۆكی بۆ داده‌نرێت یان ئه‌ركه‌كانی بۆ دابه‌ش ده‌كرێت، ئێمه به پێی ئه‌و ئیتیفاقهی له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی سیاسی‌دا كردمان بۆ به‌شداربوونیان له حكوومه‌ت، ئیمتیازمان پێدان كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرن، نه‌ك ئیستیحقاقی ئینتیخابی بێت، به‌م كورسییانه‌ی كه هه‌یانه نه‌یانده‌توانی، پارتی ئێستاش زیاتر له هه‌موو كه‌سێك خاوه‌نی په‌رله‌مانه، چونكه له هه‌موو كه‌سێك زیاتر كورسی له په‌رله‌مان هه‌یه، حه‌قی پارتیشه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات.
به‌ڵام كه پارتی قه‌بووڵی كرد بۆ په‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بێین په‌رله‌مانێك دابنێین و سه‌رۆكێك بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه خزمه‌تی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئاشته‌واییه‌كی گشتی نیشتمانی درووست ببێت، ئێستا پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و ئاشته‌واییه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌و ئیتیفاقه مانای ئه‌وه نییه ئه‌و ئیمتیازه بۆ ئه‌و لایه‌نه سیاسییه ده‌بێت، ئه‌و ئیمتیازه چۆن پێی دراوه ئاواش لێی ده‌سه‌ندرێته‌وه، ئه‌مجاره ده‌بێت كورد بڕیاری چاره‌نووسسازی خۆی بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چۆن ده‌بێ، یان ئێستا كه پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، جارێكی دیكه‌ش ده‌ڵێمه‌وه پێش هه‌موو لایه‌نێك و زیاتر له هه‌موو لایه‌نێك میلله‌تی كورد خاوه‌نی ئه‌م پرسه‌یه، خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌نی ئه‌م پرسه‌یه، پێویست به هیچ كه‌سێك ناكات به نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان راسته‌وخۆ ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم و مەسەلە چاره‌نووسسازه‌كانی خۆیان بده‌ن.
زۆرجار ئه‌وه ده‌بیستین كه له‌لایه‌نێك یان له شوێنێك و یان ناوچه‌یه‌ك، گوایه رای شه‌قام وایه و دژی ئه‌وه‌یه، من رێزم هه‌یه به‌ڵام رای شه‌قام ئاراسته‌كراوه، ناشمانه‌وێ به حه‌قیقه‌ت هه‌رچی بڕیاری سیاسی حزبی هه‌بێت بیخه‌نه پاڵ شه‌قام و خه‌ڵكی كوردستان، پێموایه خه‌ڵكی كوردستان زۆر له‌وه وریاتره، زۆر له‌وه به ئاگاتره، چ له سلێمانی، چ له هه‌ر شوێنێكی دیكه، به هه‌موو شتێك بڵێن رای شه‌قام ئه‌وه قه‌بووڵ ناكات، ئێستاش من ده‌توانم له جێگه‌ی هه‌ر تاكێكی ئه‌م كوردستانه كه رای شه‌قام له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه.
ئێمه ده‌بینین چیمان به‌سه‌ر هات، به درێژایی مێژوو به‌تایبه‌تی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بینیمان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ئه‌و هه‌موو رێز و پێزانینه‌ی كه وڵاتانی ده‌ره‌وه بۆ كوردستان و پێشمه‌رگه نیشانیاندا، ئێمه پێگه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ درووستبووه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها شكستی ئیداره و سیاسه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی له عێراق و سووریا، نیشانمان ده‌دات ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه ناكرێت تاكو دوایی ناكرێت سه‌ركه‌وتوو بێت، سه‌د ساڵه هه‌موو شێوازه‌كانی حوكمڕانی تاقیكراونه‌ته‌وه و شكاون، سیسته‌مێكی سیاسی كه له وڵاتێك شكابێت، دووباره‌كردنه‌وه‌شی به هه‌مان شێوه شكانیشی به دواوەدێت.
سیستمێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، هه‌موو شێوازێكی حوكمڕانیمان له عێراق تاقیكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه وڵاتێك درووست بكه‌ین كه هه‌موو لایه‌ن بڕوا و متمانه‌یان به‌خۆیان بێت، هه‌موو نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی كه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین، بڕوایان به یه‌كتر بێت، ئێستا ئه‌وه‌ی له هه‌موو شتێك كاریگه‌رتره، نه‌بوونی متمانه‌یه له نێوان نه‌ته‌وه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
ئێمه ناكرێ به بیروبۆچوونێكی تیۆری سیاسی بلێین ئه‌مه چاره‌سازه و ئه‌مه تاكه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ده‌بێ ئێمه جورئه‌تی ئه‌وه بكه‌ین بیر له شێواز و و ئۆپشنی جیاواز بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، یه‌كێك له‌و شێوازانه‌ش پێمانوایه ئه‌وه‌یه كه بڕیار بدرێته‌وه به خه‌ڵك و خه‌ڵك خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات، بۆیه‌ش ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌مان داوه پاشگه‌زبوونه‌وه‌شی تێدا نییه ته‌نیا رێگه كه بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بچین و هه‌ر به‌ره‌و ئه‌و رێگایه‌ش ده‌ڕۆین.
هیوادارین خه‌ڵكی دیكه، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له كوردستان ناژین، كه ده‌ڵێین كوردستان، هه‌موو پێكهاته‌كان خه‌ڵكی كوردستانن، عه‌ره‌ب، توركمان، كریستیان، كلدان و ئاشووری، كورد و هه‌موو ئایین و چین و توێژه جیاوازه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌ی له كوردستان بژی ئه‌مه خه‌ڵكی كوردستانه‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كوردستان بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سنووری كوردستان ده‌ژین، ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه، یاخود ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ژین، ئه‌وان خۆیان ده‌بێت بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ین، له‌سه‌ر شێوازی حوكمڕانی خۆیان بده‌ن، چ سیستمی فیدرالیان پێ قه‌بووڵه، یان سیستمی كۆنفیدرالییان پێ قه‌بووڵ بێ، یان جیابوونه‌وه‌یان پێ قهبووڵبێ، ئه‌وه بۆخۆیان مهترووكه، ئێمه ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئیتر به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه چ به شێوازێك له یه‌كتر جیاببنه‌وه، ئێمه دژی هیچ وڵاتێك، دژی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نین، ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان، له‌گه‌ڵ ئێران، توركیا، سووریا و عێراق، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم، تا ئێستا ئێمه هه‌مووجار ئه‌سیری ئه‌وه بووین كه كوردستان وڵاتێكی داگیركراوه، مهحسووره و هیچ رێگه‌مان نییه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان به ده‌ره‌وه هه‌بێت، راسته، چونكه به درێژایی مێژوو كه سه‌یر ده‌كه‌ین چ له عێراق، ئێران و توركیا، هه‌موو جارێك له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی به‌رژه‌وه‌ندی كورد، دانیشتن كراوه، پێشتر به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی رووبدات، له‌سه‌ر یه‌ك شت هاوڕابوون، كه نه‌هێڵن میلله‌تی كورد نه‌گات به هیچ ئامانج و ئاواتێك.
به‌ڵام ئێمه له عێراقدا باسی گۆڕینی سنووری نێوده‌وڵه‌تی ناكه‌ین، ئێمه باسی گۆڕینی سنووری عێراق ئێران، یا عێراق توركیا، یان عێراق و سووریا ناكه‌ین، ئێمه باسی درووستكردنی سنوورێكی دیكه ده‌كه‌ین، له‌نێوان خه‌ڵكی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، كه‌واته نه ئێمه مه‌ترسین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ن و وڵاتێكی دیكه‌ی دراوسێ، نه ده‌شمانه‌وێ ببین به دوژمن و ناحه‌زیش له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌بێ، وه‌كو جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمووی: "ویستمان له‌ژێر سه‌قفێك له ژوورێكدا بژین، به‌ڵام ئه‌وان برایه‌تی ئێمه‌یان پێ قه‌بووڵ نه‌بوو، یه‌كسانی ئێمه‌یان پێ هه‌زم نه‌كرا"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئێمه نه پاشكۆیی قه‌بووڵ ده‌كه‌ین، نه كه‌مبوون قه‌بووڵ ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێ وه‌كو دوو دراوسێ و یه‌كسان و هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتر بین.
ئێمه ده‌مانه‌وێ باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق، ئێمه له به‌رنامه‌كه‌ماندا هه‌یه و دهستشیمانكردووه، به گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، بۆ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی رۆیشتن ده‌مانه‌وێ به ته‌فاهوم له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بكرێ، ده‌مانه‌وێ پێیان بڵێین ئێوه مافی خۆتانه، ئێمه‌ش مافی خۆمانه، ده‌مانه‌وێ یه‌كسان بین له موماره‌سه‌كردنی ئه‌و مافه، حه‌زیش ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئێمه بێنه پێشه‌وه، ئێمه بژارده‌ی شه‌ڕمان له‌به‌رده‌مدا نییه، ئێمه ته‌نیا یه‌ك بژارده‌مان هه‌یه، ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین و به خۆشی و ئاشتییانه سه‌ربه‌خۆیی خۆمان وه‌ربگرین.
ئیتر لایه‌نه‌كه‌ی دیكه ده‌كه‌وێته به‌ر محه‌ك و بژارده‌كه بۆ ئه‌وانه، ئایا ده‌یانه‌وێ به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه له‌گه‌ڵ ئێمه بێنه پێشه‌وه و ته‌فاهوم بكه‌ن، یانیش ئه‌گه‌ر ئاشتییان پێ خۆش نه‌بوو و بڕیارێكی دیكه بده‌ن، كه هیوادارم وا نه‌بێت، ئه‌و كاته ئێمه مافی خۆمانه به‌رگری له خۆمان بكه‌ین.
نامه‌وێ زیاتر له‌وه كاتی ئێوه بگرم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت دڵنیاتان بكه‌مه‌وه، ئه‌و پرۆسه‌یه نه بۆ موزایه‌داتی سیاسیه، نه قسه‌یه و نه درووشمه، ئه‌وه بڕوایه‌كی زۆر زۆر مهحكهممان به‌وه هه‌یه ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌وه‌ی پێشمان بكرێت و ده‌یكه‌ین، ان شاءالله ئه‌مساڵ هه‌م ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌میش دوای ئه‌ویش پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامی ریفراندۆم، كه دڵنیام به‌ڵێیه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ره‌و ئه‌وه‌ش هه‌نگاو ده‌نێین و هه‌موومان له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین.. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئێوه.
4/5/2017