هۆگر ئیبراهیم حەکیم
تا دێت داواكاریی لایه‌نه عیراقییه‌كان بۆ گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاد ده‌بێت. ئێستا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان سه‌ره‌ڕای جیاوازییه سیاسییه‌كانیان، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چیدی ئه‌و كۆمسیۆنه بێلایه‌ن نییه و رۆڵی له چۆنیه‌تیی به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ره‌نجامه‌كانى باش نییه. ئەمە له‌كاتێكدا كه ئێستا له قۆناغی ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌نجامدانى دوو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێك. یه‌كێكیان كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌ن كه وا بڕیاره له ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت. ئه‌وه‌ی دیكه‌یان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه كه له به‌هاری ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت. ناڕه‌زاییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و کۆمسیۆنه به‌شێوه‌یه‌ك زیاد بووه، ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی رابردوو چه‌ندین خۆپێشاندان له به‌غداى پایته‌خت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێكخرا. ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ى له‌پشت كۆمسیۆنن، به‌تایبه‌ت سه‌رۆكایه‌تیی ئێستاى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، ئه‌و ناڕه‌زاییانه به به‌شێك له ململانێی پێشوه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و به كارێكی ناڕه‌واى ده‌زانێت. هه‌رچه‌نده به‌شێك له چاودێران چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه به‌هۆی شه‌ڕی مووسڵ و مانه‌وه‌ی داعش له به‌شێكی ناوچه عیراقییه‌كان، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه دوا بخرێت، به‌ڵام كۆمسیۆن ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه هه‌ڵبژاردنه‌كان له كاتى خۆیاندا ئه‌نجام ده‌درێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا شوێنی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه چ پێگه‌یه‌كیان ده‌بێت له پرۆسه‌ی دیموكراسیی عێراقدا؟ له كاتێكدا ئێستا ململانێی نێوان لایه‌نه سیاسییه جیاوازه‌كان گه‌یشتووەته دوا ئاستی خۆی، ده‌شێ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه چ شتێك له هاوكێشه‌ى هێز له عیراقدا بگۆڕێت؟
ئێستا هه‌رێمی كوردستان زیاتر له هه‌ر كاتێك له سه‌ربه‌خۆیی نزیكه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ته‌واو بێ هیوا بووه له‌وه‌ی كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق دووباره چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆیه به گریمانه‌یه‌كی زۆره‌وه ئه‌گه‌ر تا كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌یاندبێ، ئه‌وه به‌شداری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراقدا ناكات. له لایه‌كی دیكه‌وه عه‌ره‌بی سوننه كه یه‌كێكن له سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق، ناتوانن به‌ته‌واوی به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا به‌شێكی خاكی سوننه‌كان له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری سوننه‌كان ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ماڵی شیعه به‌ته‌واوى په‌رته‌وازه بووه و ناكۆكییه سیاسییه‌كانیان به‌ته‌واوی ده‌ركه‌وتووه. بۆیه ململانێی نێوانیان به ئاراسته‌یه‌كی ناته‌ندروست ده‌ڕوات. له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا گریمانه‌یه‌كی دوور هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كه تا كاتى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق داعش له عێراق نه‌مابێت و هه‌رێمی كوردستانیش بڕیاری به‌شداریكردنی دابێت له‌و هه‌ڵبژاردنه. ئایا به‌و سیسته‌مه‌ى په‌رله‌مانی عیراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه بۆ ئه‌و دوو هه‌ڵبژاردنه‌ی داهاتوو، پرۆسه‌ی سیاسی به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات؟
ململانێى ماڵی شیعه‌كان
له دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراقەوە تا ئێستا هیچ كاتێك لایه‌نه شیعییه‌كان هێنده ناكۆك نه‌بوونه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له چاودێران پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و ناكۆكییانه شیعه‌كان به‌ره‌و ململانێی خوێناوی ببات له‌نێوان خۆیاندا. ئه‌و ململانێییانه له رابردوویه‌كی نزیك به‌شێوه‌یه‌ك قوڵ بووبوونه‌وه كه به‌شێك له شیعه‌كان باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانى عێراقی داگیر بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌باربردنی یه‌كجاریی پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن له عێراق. ته‌نانه‌ت ئێستا سه‌درییه‌كان كه به‌شێكی دیاری ماڵی شیعه‌ن، هه‌موو هه‌وڵێكی چاكسازییان به‌ستووەته‌وه به دوو خاڵ، یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته به گۆڕینی ئه‌ندامانى كۆمسیۆنی هه‌ڵبژادن. دووه‌میشان په‌یوه‌ندیداره به هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و سیسته‌مانه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو دیاری كراون. به‌شێكی دیكه‌ى ململانێكانى ناو ماڵی شیعه په‌یوه‌سته به ویستی حه‌یدره عه‌بادی كه بڕیاری داوه به لیستێكی جیاواز له لیستی حزبی ده‌عوه و هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی قانوون به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات. چونكه عه‌بادی د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئێستا مالیكی كۆنترۆڵی جومگه‌كانى كۆمسیۆنی كردووه، چونكه عه‌بادی نایه‌وێ مالیكی سوود له‌و سه‌ركه‌وتنه وه‌ربگرێت كه عه‌بادی له شه‌ڕی داعشدا تۆماری كردووه.
په‌رته‌وازه‌یی ماڵی سوننه
دواى نه‌مانى رژێمی سه‌دام، سوننه‌كان كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی په‌راوێزخستن له پرۆسه‌ی سیاسی له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه كه به‌شێكی زۆری دانیشتوانی عێراق پێكده‌هێنن. ئه‌و په‌راوێزخستنه رۆڵی سوننه‌كانى ورده ورده لاواز كرد، به هاتنی داعش و داگیركردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق، سوننه‌كان به یه‌كجاری په‌رته‌وازه بوون، ئه‌میش به‌هۆی چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه. یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه په‌یوه‌سته به جیاوازی له ئه‌جێنداى ئه‌و هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیانه‌ی كه پاڵپشتی لایه‌نی سوننه ده‌كەن له عیراق. به‌پێچه‌وانه‌ى شیعه‌كان كه ته‌نها هێزێكی هه‌رێمیی وه‌ك ئیران پاڵپشتییان لێ ده‌كات، سوننه‌كان له چه‌ند لایه‌نێكه‌وه پاڵپشتیان لێ ده‌كرێت كه ئه‌وان خۆیان له نێوان خۆیان جیاوازن. سعودیه به ئامانجێك پاڵپشتیی سوننه ده‌كات كه ته‌واو جیاوازه له‌و ئامانجه‌ی توركیا یان ئیمارات پاڵپشتییان ده‌كات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆشیان له‌نێوان خۆیاندا یه‌كگرتوو نین. كه‌واته ئه‌جێندای جیاوازى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و ململانێكانی نێوخۆیان ده‌بنه فاكته‌رێك تا له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا زیاتر په‌راوێز بخرێن و رۆڵیان نه‌مینێت له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق2017
دوای چه‌ند مانگێك عێراق له‌به‌رده‌م خولێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان و په‌رله‌مان ده‌بێت، هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكیش پێویستی به هه‌ندێ رێكاری یاسایی پێشوه‌خت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سیسته‌مێك وه‌ربگیرێت، بۆ چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كه. له‌رووی یاساییه‌وه ئه‌مه پێی ده‌گوترێت سیسته‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن. زۆر جار ده‌ستوه‌ردان له‌م سیسته‌مانه به فێڵێكی پێشوه‌خت داده‌نرێت له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا. به‌شێوه‌یه‌ك شێوازی ئه‌م سیته‌مانه به‌پێی داڕشتنه‌كه‌ی ده‌شێ له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێ لایه‌ن بێت. بۆ نموونه دیاریكردنی شێوازی لیستی كراوه و لیستی داخراو، جۆرێك كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ده‌نگی ده‌نگده‌ران و ده‌ره‌نجامه‌كان، یان شێوازی دابه‌شكردنی ده‌نگه‌كان به‌سه‌ر كورسییه‌كاندا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه پارێزگاری له ده‌نگی لیسته گه‌وره‌كان بكرێت و رێگری له گه‌یشتنی لیسته بچوكه‌كان بكات به ئه‌نجومه‌نی خۆجێیی و په‌رله‌مان. جۆرێكی دیكه‌ی ده‌ستتێه‌وردانی پێشوه‌خت له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بریتییه له چۆنیه‌تیی دیاریكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندی بۆ نه‌گه‌یشتنی كه‌مینه‌كان به ئه‌نجومه‌نه‌كان بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان فراوان دەکەن. ئێستاش كه له‌سه‌روبه‌ندی داڕشتنی ئه‌و سیسته‌مانه‌ین، پێویسته به هه‌ستیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. نوێترین پرۆژه پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراقی كرابێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شوێنی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه له رووی سیاسی و یاساییه‌وه. به‌تایبه‌ت بۆ پێكهاته‌ی كورد، كه تاوه‌كو ئێستا ململانێكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم یه‌كلا نه‌بوونەته‌وه،له كاتێكدا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دوای له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی داعش، پرسی خاكی هه‌رێمه.
به پێداچوونه‌وه‌یه‌كی خێرا به‌و پرۆژه سیسته‌م بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مان خراوه‌ته‌وه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌تی نوێنه‌رانى عێراقی، چه‌ند تێبینیه‌ك دروست ده‌بێت، كه ده‌كرێ به‌رنامه‌ی سیاسیی داڕێژراوی بۆ كرابێت. گرنگترین ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وسیسته‌مه هه‌یه‌ی بریتییه له:
1- لیستی كراوه وه‌ك میكانیزمێك دیاری كراوه تا پشتی پێ ببه‌سترێت، كه ئه‌وه خۆی شوێنی تێبنییه‌كه‌یه چونكه له‌رێگه‌ی ئه‌و شێوازه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌گه‌نه ئه‌نجومه‌ن كه توانستی باشیان نییه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆمسیۆن به هۆی بوونی جه‌نگ و ناسه‌قامگیریی ئه‌منییه‌وه تا ئێستا هیچ وردبینییه‌كی نه‌كردووه بۆ شێوازی دیاریكردنی لیست و كیانه سیاسییه‌كان. جگه له‌وه‌ش ئه‌و ماوه كه‌مه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه ماوه، ناتوانرێت ئاماده‌كاریی ته‌واو بكرێت له‌رووی مه‌یدانییه‌وه، به‌تایبه‌ت هێشتا هه‌ندێ ناوچه له ده‌ستی داعشدا ماونه‌ته‌وه یان هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان.
2- یه‌كێك له هه‌ڵه زۆر باوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان له هه‌موو خوله‌كاندا، بریتییه له فراوانكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و درێژكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری پارێزگاكان. یه‌كێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه خۆجێیه‌كان بریتییه له ره‌نگدانه‌وه‌ی ویست و ئاره‌زووی خه‌ڵكه خۆجێییه‌كه له پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان. ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژینگه خۆجێییه ژیان به‌سه‌ر ببات نازانێ ویست و ئاره‌زووی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه له رووی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارییه‌وه چییه. بۆیه ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌به‌ستداره بۆ ئه‌وه‌ی رێژه و ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراودا ببه‌ن.
3- گه‌وره‌ترین تێبینی له‌سه‌ر پرسی كه‌ركووكه. تا ئێستاش وا بڕیاره ئه‌و هه‌ڵبژاردنه له پارێزگای كه‌ركووك ئه‌نجام نه‌درێت. جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌و پرۆسه‌یه به بیانووی نه‌بوونی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ هه‌ڵبژاردن، چه‌ندین مه‌به‌ستی له‌پشته‌وه‌یه. یه‌كێ له‌وانه جیاكردنه‌وه‌ی سیاسییانه‌ی كه‌ركووكه له كۆی پارێزگاكانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ هیچ یه‌كێ له پێكهاته‌كانی عێراق نه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی لایان ڕوونه كه ئێستا لایه‌نی كوردی ده‌نگی زۆرینه‌ی كه‌ركووكییه‌كان به‌ده‌ست دینێت، بۆیه هه‌موو رێگرییه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه. لێره‌دا پرسیارێكی گرنگ دێته پێشه‌وه: ئایا ئه‌گه‌ر كه‌ركووك دۆخێكی له‌باری نه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، بۆچی له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق له كه‌ركووكه‌وه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیان هه‌ڵبژێرن؟ له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌سیاسیكردنی پرسی كه‌ركووك پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاوی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیدارییه له عێراقی فیدراڵ‌دا. چونكه به‌سیاسیكردنی پرسه كارگێڕییه‌كان هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌هێز ده‌كات به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه‌كان.
4- پاشه‌كشه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی. ئامانجی سه‌ره‌كیی پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی كێشه و ململانێكان. به‌ڵام هه‌ر كاتێك هه‌ڵبژاردن كێشه و ئاڵۆزییه‌كی گه‌وره‌تری دروست كرد، ئه‌وا ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ پاشه‌كشه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی. ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایانه‌ی كه هێشتا كێشه و ململانێیه‌كی مه‌زهه‌بیی قوڵی تێدایه، قه‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات و ئه‌و ناوچانه به‌ره‌و قه‌یرانی قوڵتر ده‌بات له‌بری ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنێته‌وه.
30/4/2017