پۆڵا عومەر
دوای سەرکەوتنی ریفراندۆم لە کۆماری تورکیا و بە دەستھێنانی دەنگی زۆرینەی کوردان، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی کورد کرد کە ئەوان لە ھەموو جار زیاتر گرنگن لە داھاتووی پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکەیدا. دوای کودەتایی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، ئەنقەرە بەرەو ئاراستەیەکی دی ھەنگاوی نا و دەوڵەتمەداران دووپاتیان کردەوە کە تورکیای داھاتوو تورکیای دوێنێ نابێت، گۆڕانکارییەکانیش بریتی دەبن لە چاکسازی لە نێو حکوومەت و گۆڕینی سیاسەتی دەرەویی و پتەوکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لە شەش مانگی داھاتوو روون دەبێتەوە.
ھەرێمی کوردستان تاکە حکوومەت بوو کە لە سەرەتای کودەتاکەوە ھەڵوێستی پشتگیری بۆ ئەنقەرە راگەیاند، دوای کودەتاکەش حکوومەتی تورکیا بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کرد، دواتر شاندی باڵای تورکیا بەسەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بیناڵی یڵدرم، سەردانی ھەرێمی کرد و وەزیری ئابووری، وزە، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ھەواڵگری یاوەرییان کرد. لەم شاندەدا بواری ئاسایش، ئابووری، وزە، پەروەردە و پەرەپێدان قورسایی تایبەتیان ھەبوو. دوای کودەتا و ریفراندۆم، تورکیا بەرەو سیستمی سەرۆکایەتی بە کرداری ھەنگاو دەنێت، ئامانجی ٢٠٢٣ی پارتی دەسەڵاتدار بەرەو نزیک بوونەوە، خێرایی بەخۆیەوە دەبینێت.
تورکیا دراوسێ و لە ئێستاشدا تاکە دەرگای ھەرێمی کوردستانە بۆ بەستەوەی بە جیھانی دەرەوە، ئەو دەستوورەی کە بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا تەنانەت وشەیەکی بگۆڕدرێت، لە ئێستا مۆڵەتی گۆڕینی بۆ دەرچووە، ئەمەش مێژوویەکی گرنگە بۆ کورد و پێویستە خوێندنەوەمان بۆی ھەبێت، لە ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک ئەردۆغان سەردانی دیاربەکری کرد، باسی لە چارەسەری پرسی کورد کرد و دواتر ھەموو لایەک ئەو کارانەمان بینی کە کورد توانی لە رێگەی سیاسی، جوگرافیایەکی بەرفراوان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، کەواتە لێرەدا ئێمەی کورد دیسانەوە دەبێت خۆمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە بکەین و ھەڵەی پێشتر دووبارە نەکەینەوە، چوونکە کوردانی باکوور ئەوەی لە شەڕی ٣٥ ساڵدا نەیانتوانی بەدەستی بێنن، لە ماوەی ٢ ساڵی پڕۆسەی چارەسەری توانیان سەدا ٤٠ی بەدەست بێنن، بەدڵنیاییەوە ھاوڵاتیانی تورک لە سەربازەوە تاوەکوو کەسێکی ئاسایی، ئارەزووی شەڕ ناکات، چوونکە تورکیاش لەماوەی ئەو چەند ساڵەی پرۆسەی ئاشتیدا، توانی رەوشی ئابووریی وڵاتەکەی بە ڕادەیەک بەرز بکاتەوە کە وڵاتانی زلھێز نیگەران بوون لێی، ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستانیش ھەمان ھەڵوێست بوو. بەڵام تا ئەو کاتەی پەکەکە لە ئەستۆگرتنی کوشتنی ٢ پۆلیسی تورکیایی پلەداری لە دیاربەکر راگەیاند، هەموو شتێک وەستا، ھەم تورک و ھەم کورد ھەڵویستی توندیان دژ بە پەکەکە راگەیان،د دواتر وێرانی و دەربەدەری دیسانەوەی کوردانی باکوری لێکەوتەوە و بە ھەزران خەڵکی جزیرە، ئامەد، شرناخ و ھەکاری بەرەو شارەکانی دیکەی تورکیا کۆچیان کرد. بەڵی بەدڵنیاییەوە دەستکەوتی بۆ کورد نەبوو، بەڵکوو بۆ حکوومەت بوو.
تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە، ئەنقەرە ھەوڵی باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدات و ھەوڵی لێک نزیکبوونەوە دەدات. سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریش، ھەموو لایەک پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی کە پرۆسەکە لە ئامێری ساردکەرەوە دەربھێندرێت، کە ئەمەش سەرەتا تورکیا داوای دەکرد و لایەنی پەکەکە ئامادە نەبوو.
ئێستا پەیوەندیی حکوومەت و کوردانی تورکیا لە خاڵی سفر نییە، بەڵکوو چەند ھەنگاوێک لە پێشەوەن تەنیا بەربەست ماوە لاببرێت، پەیوەندیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان و تورکیا وای کرد کە ئەو کەسانەی ڕقیان لە کوردە، بۆچوونیان بگۆڕدرێت، لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان کوردستان و تورکیا دەستی پێکرد، تاوەکوو پێش ھاتنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەو پەیوەندییە بازرگانییە توانی لە ٪٦٠ ی بۆچوونی گەلی تورکیا کە پێشتر بە تیرۆریست وەسفی بەڕێزان تاڵەبانی و بارزانیان دەکرد، بەڵام ئێستا پێشوازیی فەرمی و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆچوونەکەیانی گۆڕیوە. دەکرێت لەم پەیوەندییە باشەی کوردستان و تورکیا ھەدەپەش سوودی لێ وەربگرێت و راوێژ لەگەڵ ھەرێم بکات، بەڵام راوێژێکی واقیع بینانە، چوونکە بیانەوێت یان نا، ھەولێر نێوەندگیر دەبێت و رێگە بە ھەڵەی رابردوو ناداتەوە.
ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیجی و بەھێزی ھەیە بۆ وڵاتان، ھەولێر بوەتە ناوەندی بڕیاردان، بەدڵنیاییەوە ئەنقەرە کە تەنیا چەند کاژێریک لێوەی دوورە، دەست بەرداری ئەم ناوەندە نابێت و ھەموو ھەوڵێک بۆ لێک نزیک بوونەوە دەدات.
لێرە و لەوێ ھەندێک رووداوی نامۆ دەبینن، بەڵام پێویستە ئەم ھۆکارانە کاریگەری لەسەر پەیوندیی ھەرێم و ئەنقەرە نەبێت، درووستبوونی ناسەقامگیری لە خاکی ھەر لایەک، کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ھەردوولا درووست دەکات، کەواتە لە ئاستی خوارەەوە تاوەکوو ئاستی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان، پێویستە ئێمە ئەم پەیوەندییە بەدەر لە پاراستنی، پتەوتری بکەین، چونکە ئیتر تورکیا بەچاوی عیسمەت ئینۆنووەوە سەیری ھەولێر ناکات. ئێمە پەیوەندیی سیاسی، کەلتووری، بازرگانی، پەروەردە، کشتوکاڵ و ئاسایش لەسەر مێز کۆمان دەکاتەوە.
پێویستە سیاسییەکان و قەڵەم بەدەستەکانی ھەرێمیش نەرمی بنوێنن و ئەم پەیوەندییەی ھەولێر و ئەنقەرە باشتر بکەن. دەستگیرکردنی دەمیرتاش و ئەندامانی ھەدەپە بەدڵنیاییەوە ھەنگاوێکی باش نەبووە و حکوومەتی تورکیاش لەگەڵ ئەوە نەبوو، بەڵام نابێت ئەمە خوێندنەوەی دوژمنایەتی بۆ بکرێت و تورکیاش نایەوێت ئۆجەلانێکی دیکە درووست بکات، چوونکە زیندان شوێنی درووستکردنی لێدەرایەتییە، لەماوەی شەش مانگی داھاتووی گۆڕانکارییەکانی تورکیا، ئازادکردنی دەمیرتاش و ھاواڵەکانی یەکێک دەبێت لە کارە گرنگەکانی تورکیا و دەرھێنانەوەی پرۆسەی چارەسەری لە ئامێری سارد کەرەوە، ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان، پێویستە ھاوکاریی حکوومەتی تورکیا و کوردانی باکوور بکەین.
23/4/2017