زریان رۆژهەڵاتی
بەدەر لە بۆچوونی رەسمیی حیزبەکان، هەڵوێستی "ناڕازی" لە جەنجاڵیی ناوخۆیی سەبارەت بە مەسەلەی گشتپرسی -ئەگەری سەربەخۆیی، بە دوو هێڵی جیاوازدا دەڕوات: یەکەمیان پێیوایە، دەشێ لەگەڵ هەوڵدان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، کار بۆ چاکسازی و دیموکراسیش بکرێت و ئەویتریشیان دیموکراسی و دەوڵەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەشێوەیەکی رادیکاڵ، دەوڵەتی بێ دیموکراسی رەتدەکاتەوە. بەرقەراربوونی دیموکراسی و چاکسازی بە مەرجی سەرەکیی دەوڵەتسازی دادەنێت. کامیان راستە؟
هێشتا روون نییە کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بە چی دەگات، بەڵام لەو کەفوکوڵە سیاسی و ئەمنییەی لە خۆرئاوای ئاسیادا هەیە، هەر وڵاتەو بەشێوازێک هەوڵی پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی دەدات. ئێران لەڕێی هەناردەکردنی کێشەکانی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، تورکیا لەڕێی ناوەندیکردنەوەی دەسەڵات (ریفراندۆمی گۆڕینی سیستەم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی) و سعودیە لەڕێی هاوپەیمانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە دەیانەوێت خۆیان بهێڵنەوە و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. ئێستا شەڕی داعش، مەسەلەی فەلەستین و ئەگەری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سێ مەسەلەی گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە مشتومڕێکی زۆریان لەسەر دەکرێت.
ساڵی 2009، دروشمی ئایدیاڵستانەی ئۆباما بۆ "گۆڕان" و"ئێمە دەتوانین"ەکەی جۆشوخرۆشێکی لە ئەمریکا و جیهان دروستکرد. لەو سەروبەندەشدا دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی کوردستان هەیەجانێکی سیاسی دروستکرد. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پێی نایە قۆناغێکی نوێ و بەوەش سەردەمێکی پڕ جووڵەی سیاسەتی ناوخۆ دەستیپێکرد.
بنیاتی فیکریی ئەم جوڵانەوەیە لەسەر ئەوە دانرابوو کە ئیدی چوارچێوەیەکی دامەزراو (حکومەت و شێوە دەوڵەتێک) هەیە، هەڕەشەی دەرەکی نەماوە یان لاواز بووە و نۆرەی چاکسازی و دیموکراسییە. بۆیە هەرجۆرە تێڕوانینێکی سەبارەت بە ناوەختبوونی سیاسەتەکانی رەتدەکردەوە. بە سێ شێوازی (هەڵبژاردن-ناڕەزایی جەماوەری- بەشداریی دەسەڵات) بەختی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆژە سیاسییەکانی تاقی کردەوە، بەڵام زۆریان سەریان نەگرت. بێشک، بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەری کات- شوێن لە سیاسەتدا، ناکرێ پاساوی سەرنەگرتنی ئەو پرۆژە سیاسییانە تەنیا "دەسەڵات"بێت و ئەمەش ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە ئایا کێشەی میتۆدی هەبوو یان روانگە؟
بەر لە هەموو شتێک، چوارچێوەیەکی دامەزراو، واتا یەکەیەکی دەوڵەتی و حکومیی جێگیر لەئارادا نەبوو تا چاکسازیی تێدا بکرێت و یەکگرتنی ئیدارە کوردییەکان زیاتر رواڵەتیی بوو. کشانەوەی ئەمریکا لە 2011 و خورتبوونی مالیکی، دەرکەوتنی داعش و پەیدابوونی ویستێکی فراوانخوازیی شیعی لە عێراق، تێزی "نەمانی هەڕەشەی دەرەکی"یان پووچەڵ کردەوە. جگە لەوە، نموونەیەک لە دیموکراسی- شەفافیەت و چاکسازی لە زەین و خەیاڵی بەشێک لە جەماوەردا دروستکرا کە لە هیچ شوێنێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرچاو نەدەکەوت. تەنانەت لە مۆدێلی تورکی و ئێرانیشدا بەدینەهاتبوون کە سەدان ساڵ بەر لە کورد ئەزموونی دەوڵەتدارییان هەبوو. رەوتی دیموکراسیخوازی لە کوردستان رووبەڕووی واقیعێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بووەوە کە تەنانەت دیموکراسیی ناوخۆیی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشی بردە ژێر پرسیار. جگە لەوە، هەوڵەکانی دیموکراتیزەکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە هێزی دەرەکیش سەریاننەگرت و ئەو عێراقە دیموکراتەی کە جۆرج بووش بۆی هاتبوو، نەهاتە دی، چونکە کات و شوێنی نەبوو!
ساڵی 2009، ماشائەڵڵا شەمسولواعزین رۆژنامەنووسی ئێرانی، جیاوازیی ئاستی داواکارییەکان و واقیعی کۆمەڵگەی کوردیی وەک گەورەترین تەگەرەی ئۆپۆزیسیۆن ناوبرد و پێیوابوو، دواجار شکانێکی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. قسەکەی شەمسولواعزین راست دەرچوو! شکانێکی کۆمەڵایەتی هاتە ئارا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە خەڵک بڕوای بە زۆرێک لە پرۆژە سیاسییەکان لە کوردستان نەمێنێ. ئەمە لە مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەک ریفراندۆم- ئەگەری سەربەخۆییشدا رەنگی داوەتەوە.
هەر جۆرە ئایدیا و پرۆژەیەکی سیاسیش بۆئەوەی بێتە دی، پێویستی بە ئەرزێک هەیە تا لەسەری جێبەجێ بکرێت. باوترین جۆری ئەو چوارچێوەیەش دەوڵەتە. دەوڵەتیش، جگە لە هەندێک نموونەی کەم نەبێت، بەزۆری دوای شەڕێکی ناوخۆیی یان دەرەکی دروستکراون. نموونەی هیچ دەوڵەتێکیش شک نابەم کە سەرەتا دیموکراسی و ئابوورییەکی بەهێزی هەبووبێت و دواتر دامەزرابێت. ئەو ناوچانەش کە بەمجۆرەن، زۆرجار بۆخۆیان سەربەخۆییان رەتکردووەتەوە. وەک ئەو نموونەیەی لە سکۆتلەندا بینرا.
داوای دیموکراسی، چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا ئەوەندە رەوایی وەرگرتووە کە تەنانەت زۆر لە رژێمە تۆتالیتەر و نادیموکراتییەکانیش باسی دەکەن. بێشک، داواکردنی هەریەک لەوانەش بۆ کۆمەڵگایەکی ستەملێکراوی وەک کوردستان، داوایەکی رەوا و هەقە. بەڵام دواجار ئەو داواکارییانە مێژوو دروست دەکەن کە لە واقیعدا دێنە دی، بە پێچەوانەوە تەنها وەک خەیاڵێکی شیرین و یۆتۆپیا دەمێننەوە!
سەرکەوتوویی سەرکردە و حیزبێکی سیاسیش لەوەوە دیار دەبێت کە بتوانێت پرۆژە و بیروبۆچوونەکانی بەکردار جێبەجێ بکات و بۆ ئەمەش دەبێ درکێکی وردی لە فاکتەری کات- شوێن لە بڕیارەکانیدا هەبێت. ئەگەر مووسا ئاگای لە وەختی هەڵکشان و داکشانی ئاوەکانی دەریای سوور نەبووایە و سووچی سەرووی ئەو بەحرەی بۆ تێپەڕکردنی کوڕانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردایە، ئەوسا "موعجیزەی دەربازبوون لە ئاوی بەحر" بە جۆرێکی دیکە دەنووسرایەوە!
22/4/2017