هۆگر ئیبراهیم حەکیم
گرنگترین ئه‌و هه‌موارانه‌ى خراونه‌ته راپرسییەوە
هه‌ر پێشنیارێك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور له توركیا پێویستی بە ره‌زامه‌ندیی سێ له‌سه‌ر پێنجی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى هەیە، واته 330 ده‌نگ له كۆی 550 ئه‌ندامی په‌رله‌مان. هه‌ر مادده‌یه‌ك له پرۆژه‌ى پێشنیاركراو گه‌ر نه‌یتوانی 330 ده‌نگی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێ ئه‌وا ناچێته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری. ئه‌و ره‌شنووسه‌ی په‌رله‌مانی تێپه‌ڕاند كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری له بواری سیسته‌می سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت، گرنگترینیان سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه. داواكاری سیسته‌می سەرۆكایه‌تی شتێكی نوێ نییه بۆ توركیا، پێشتر سه‌رۆكی توركیا (تورگوت ئۆزال) داوای كردبوو، پاشان سه‌رۆكی دواى ئه‌ویش (سلێمان دیمیرال) به هه‌مان شێوه داوای كردووه. دواتر نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان ئه‌و داوایه‌ى زیاتر به‌رز كردووه و پێی وابوو به سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی توركیا سه‌قامگیرتر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ى ئه‌ردۆگان له‌وانه‌ى پێشتر جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه‌وا پێشتر دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی كۆنتڕۆڵی هه‌موو جومگه‌كانى ده‌وڵه‌تی كردبوو. به‌ڵام ئێستا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه دواى كوده‌تایه‌كی شكستخواردوو زۆر لاواز بووه. گرنگترین گۆڕانكارییه‌كان بریتیین له:
یه‌كه‌م: لێپرسینه‌وه له سه‌رۆك، به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره نوێیه سه‌رۆكی وه‌زیران نامێنێت و سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێكارییه‌كانى زیاد ده‌كات و راسته‌وخۆ به‌رپرسه باڵاكانی حكوومه‌ت داده‌مەزرێنێت له‌وانه وه‌زیره‌كان. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا له مادده‌ى 9 ده‌رگاى به رووی په‌رله‌ماندا كردووەته‌وه كه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماردا بكه‌ن ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوون كه پێویسته سه‌رۆك بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێت. به‌ڵام مادده‌ی 10 له‌و هه‌مواره نوێیه كه په‌یوه‌سته به جێگرانى سه‌ركۆمار و وه‌زیره‌كان، سه‌ركۆمار ده‌توانێ جێگرێك یان چه‌ند جێگرێك بۆ خۆی دابمه‌زرێنێت. هه‌روه‌ها له مادده‌ى 18 هاتووه كه ئه‌و یاسایه ره‌ت بكرێته‌وه كه رێگریی ده‌كرد له سه‌ركۆمار كه كاری حزبی بكات. به‌پێی ئه‌و هه‌مواره سەرکۆمار بۆی هه‌یه ده‌ست له پۆسته حزبییه‌كه‌ی نه‌كشێنێته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رۆك به هاوكاریی په‌رله‌مان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دەستنیشان دەکات.
دووه‌م: باری نائاسایی، به‌پێی ده‌قه‌كانى ئه‌و هه‌مواره نوێیه، باری نائاسایی راده‌گه‌یەنرێت ئه‌گه‌ر راپه‌ڕینێك دژی نیشتمان به‌رپا بوو، یان چالاكیی توندڕه‌وی ئه‌نجام بدرێت و ببێته هۆی دابه‌شبوونی نه‌ته‌وه‌ی توركی. ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندنی باری نائاسایی به سەرکۆمار دراوه. په‌رله‌مانى توركیا ئه‌مساڵ ره‌زامه‌ندیی نیشان دا له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره نائاساییه‌ى به‌هۆی كوده‌تاوه راگەیەنرابوو بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، به‌و پێیه‌ش بێت راپرسیی ده‌ستووری له باری نائاسایی ئه‌نجام ده‌درێت. به‌پێی مادده‌ى 13ی ئه‌و ده‌ستووره نوێیه دادگاى سه‌ربازی ته‌نیا له حاڵه‌تی جه‌نگ داده‌نرێت. پاره‌ته كوردییه‌كان به‌هۆی ئه‌و لایه‌نه‌ی هه‌مواری ده‌ستوورییه‌وه دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بیانوویه‌ك ده‌داته سەرکۆمار تا له رێگه‌ى راگه‌یاندنی باری نائاسایی سه‌ركوتی داواكاریی كورده‌كان بكات.
سێیه‌م: په‌رله‌مان، ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له 550ه‌وه زیاد ده‌كرێت بۆ 600 ئه‌ندام، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى 18 ساڵیان ته‌واو كردووه بۆیان هه‌یه خۆیان بۆ په‌رله‌مان بپاڵێون. په‌رله‌مان هه‌ر وه‌ك پێشتر به‌پرسی یه‌كه‌م ده‌بێت بۆ ده‌ركردنی یاسا و سه‌رپه‌رشتیی كاره‌كانى سه‌ركۆمار ده‌كات، ئه‌گه‌ر سەرکۆمار تاوانبار كرا ئه‌وا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه چاودێری ده‌كرێت.
ده‌رفه‌ته‌كانی سه‌ركه‌وتنی راپرسییه‌كه:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا ئێستا به چه‌ندین قه‌یرانی قووڵدا تێ ده‌په‌ڕێت له بواری ناسنامه، هه‌روه‌ها ئابووری و سیاسییه‌وه كێشه‌ى زۆری بۆ دروست بووه، به‌ڵام چه‌ند فاكته‌رێك هه‌یه كه ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتنی راپرسییه‌كه زیاد ده‌كه‌ن، له‌وانه:
1- كه‌سایه‌تیی ئه‌ردۆگان: یه‌كێك له فاكته‌ره زۆر به‌هێزه‌كانە، ئه‌ردۆگان بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی به‌هێزی له توركیا هه‌یه و وتاره‌كانی كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر رای گشتی دروست كردووه. ئه‌ردۆگان له‌و بڕوایه‌دایه داهاتووی توركیا به‌نده به سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌وه تا بتوانێ له گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌هێزتر بێت. كه‌سایه‌تیی ئه‌ردۆگان سه‌رچاوه‌ی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆره بۆ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنه‌كان. چاودێران واى بۆ ده‌چن به‌م پلانه ئه‌ردۆگان تا ساڵی 2029 سه‌ركۆمارى توركیا ده‌بێت.
2- شكستی حكوومه‌تی هاوپه‌یمانى: ئه‌زموونی توركه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هاوپه‌یمانى ئه‌زموونێكی ناخۆشه و پڕیه‌تی له ناكۆكی و ململانێی سیاسی، بۆیه ئێستا گوتارێك له توركیا هه‌یه ده‌ڵێت سه‌رده‌می حكوومه‌تی هاوپه‌یمانى به‌سه‌ر چوو. پێیان وایه كه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك خۆی حكوومه‌ت ده‌ستنیشان بكات ئه‌وا حكوومه‌تێكی ته‌كنۆكرات ده‌بێت و خزمه‌تی باشتر ده‌كات.
3- دۆخی ئابووری و ئه‌منی: توركه‌كان له‌وه گه‌یشتوون كه ئێستا توركیا به ژینگه‌یه‌ك ده‌وره دراوه كه هه‌وڵ ده‌درێت رۆڵی توركیا لاواز بكه‌ن، لیره‌ى توركی ئێستا به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رامبه‌ر بە دۆلار دابه‌زیوه، بۆیه توركه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه ته‌نیا حكوومه‌تێكی به‌هێز ده‌توانێ توركیا له‌م دۆخه رزگار بكات.
4- په‌یوه‌ندییه حزبییه نێوخۆییه‌كان: پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی له‌گه‌ڵ پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەیی هه‌یه كه به هه‌ردووكیان 60%ی په‌رله‌مانى توركی پێكدێنن. به‌رامبه‌ر ئه‌مه دژایه‌تیی پارته كوردییه‌كان ده‌كرێت.
5- سه‌ركه‌وتنی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مەریكا و فه‌ره‌نسا، ئه‌ردۆگان هه‌میشه له وتاره‌كانیدا ئاماژه به سه‌ركه‌وتن و سه‌قامگیریی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له‌و دوو وڵاته‌دا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیاینی خۆی دڵنیا بكاته‌وه كه باشترین بژاره بۆ ئێستاى توركیا سه‌رۆكایه‌تییه.
ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م راپرسی
له‌پاڵ ئه‌و فاكته‌رانه‌ی بوونه‌ته پاڵپشتییه‌ك بۆ راپرسییه‌كه، چه‌ندین رێگری هه‌ن كه ده‌شێ ببنه فاكته‌ر بۆ ئه‌وه‌ی راپرسییه‌كه ده‌نگی (به‌ڵێ) نه‌هێنێ، گرنگترینیان:
1- ماوه‌یه‌كی زۆره گه‌لی توركیا له په‌رله‌مان ده‌ڕوانێت وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ى گه‌له به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، ناتوانن پێشبینی بكه‌ن كه ئه‌و دامه‌زراوه‌یه په‌راوێز بخرێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌مێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستی یه‌ك كه‌س كۆ بكرێته‌وه.
2- پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه وا ده‌ركه‌وتووه كه پارتێكه هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگێك ده‌توانێ جێگه‌ى هه‌بێ تێیدا، ته‌نانه‌ت تاكه پارته كه له هه‌موو سنووری وڵاته‌كه ده‌نگی هه‌بێت. به‌ڵام به یه‌كگرتنی له‌گه‌ڵ پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی توندڕه‌و خۆی ده‌خاته ژێر چه‌ندین پرسیاری جه‌وهه‌رییه‌وه له‌لایه‌ن كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان له‌لایه‌ك و پێكهاته‌ى كوردی له‌لایه‌كی دیكه‌وه. ئه‌مه‌ش واده‌كات خه‌ڵك له‌و پارته دوور بكه‌وێته‌وه.
3- ناسه‌قامگیریی دۆخی سیاسی له توركیا به‌تایبه‌ت دواى كوده‌تاكه. كاتێك حكوومه‌ت باری نائاسایی راگه‌یاند و سه‌ركرده و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی به‌ند كرد و سزاى دا، رای گشتیی توركی بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه ئه‌مه سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی حوكمی دیكتاتۆرییه له توركیا.
4- فشاره‌كانى ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی ئێستا توركیا بێ هیوا بووه له‌وه‌ی ببێته به‌شێك له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، بۆیه دژایه‌تی و هه‌ڕه‌شه له ئه‌وروپا ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وروپییه‌كان نایانه‌وێت ده‌سته‌یه‌ك له سنووره‌كانى ئه‌و حوكمڕان بێت كه مه‌یلی ئیسلامی تونده‌ڕەوی زیاتر بێت و چیتر ئه‌و ئیسلامه میانڕه‌وه نه‌بێت كه پێشتر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد. بۆیه ده‌بینین ئێستا فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا، فشاره‌كانیان له‌سه‌ر توركیا زیاد كردووه.
16/4/2017