عارف قوربانی
ئەردۆگان و پارتەكەی خەریكی گۆڕینی دەستوورن، دەسەڵات تۆكمەتر دەكەن، دامودەزگا دادوەری و مەدەنی و ئەمنی و سەربازییەكان لە نەیارەكانیان پاك دەكەنەوە و هەموو جومگەكانی دەوڵەتداری دەبەستنەوە بە ئەردۆگانەوە. دەیان كەناڵی رۆژنامەوانی و رادیۆیی و تەلەفزیۆنییان داخست، خەریكە بە تەواوی زمانی ئازادی دەقرتێنن تا كەس گوێی لە هاوار و فیغانی قوربانییەكان نەبێت. هاوشێوەی وڵاتە ئیستیبدادیەكانی تری ناوچەكە، خەریكە بە تەواوی وێنەی توركیا دەگۆڕن.رۆژ لەدوای رۆژ رەوشی باكووری كوردستانیش زەحمەتتر دەبێت، پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانییە كوردەكان، ئەوانەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بە دەنگی خەڵك هاتبوون، ئێستا لە كونجی زیندانەكاندان. سەدان جوامێر و مێرخاسی كورد لە كچ و كوڕە لاوەكان خراونەتە بەندیخانەوە، خەڵك لەبەردەم رەشبگیریدان، گوند و شارۆچكەكان لەگەڵ زەویدا تەخت دەكرێن و دەكرێن بەخۆڵەمێش، خەریكە ئاسەواری ژیان بە بەشێكی زۆری باكووری كوردستانەوە نامێنێت.سەرباری شەڕی داعش لە دوو پارچەی كوردستان: باشوور و رۆژئاوا كە هێشتا ئاكامەكانی زۆر روون نین و نازانرێت چارەنووسی بەكوێ دەگات، لە خراپترین حاڵەتیشدا هێشتا دۆخی ئەم دوو بەشەی نیشتمان بە دۆخی باكووری كوردستان بەراورد ناكرێت. تەنانەت رۆژهەڵاتی كوردستانیش گەرچی بەهۆی ئەوەی چارەكە سەدەیەكە خەباتی چەكداری و بەرەنگاربوونەوە سڕكراوە، خەڵكەكەی لەبەردەم توانەوەیەكی لەسەرخۆدان، بەڵام هێشتا دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە باكوور باشترە، چونكە ئەوەی لە باكووری كوردستان دەگوزەرێ، پرۆسەیەكی خێرای جینۆسایدكردنێكە بەبێ بەرگری.خەباتی پەرلەمانی لە توركیا بە شكست گەیشت، شێوازی خەباتی سیاسیش ئەوە چارەنووسەكەی بوو كە ئێستا دەمیرتاش و هاوڕێكانی لەبەردەم دادگایەكی ناڕەوادا چاوەڕوانی سەپاندنی دەیان ساڵ سزای زیندانی دەكەن. كۆی ئەم رووداوانە دەمانخەنە بەردەم ئەو پرسیارەوە كە ئایا بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد لە باكوور بەنیازی چین؟ پەكەكە چی دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەموو تاوانكاریانەی بەرامبەر بە كورد دەكرێن؟ ئایا هەر چاوەڕێی زیندووبوونەوەی پرۆسەی مردارەوەبووی ئاشتییە؟
پێش چەند ساڵێك و لە دەستپێكەكانی پرۆسەی ئاشتیدا پەكەكە هێزەكانی لە قووڵایی توركیا كشاندەوە بۆ قەندیل و وەك زەمینەخۆشكردن بۆ ئاشتی، گۆڕەپانەكەی چۆڵ كرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر زوڵمێكیش بەرامبەر بە كورد، وەك بەدیلی گەریلاكانی، چاوی بڕییە ئەو چالاكی و جووڵە سیاسیانەی هەدەپ و چالاكوانە سەربەخۆكانی كورد لە توركیا ئەنجامیان دەدا، ئەو چەند ساڵەی ئاشتی باڵی بەسەر باكووردا كێشا، كارەكتەرەكانی هەدەپە، دەمیرتاش و هاوڕێكانی لە شێرە ژنان و كوڕە مێرخاسەكان، گەریلائاسا لەناو پەرلەمان و لە كۆڕ و كۆنفرانسە ناوخۆیی و جیهانییەكان، لە میدیا و میتینگ و ئاهەنگ و شەقامی توركیا، نوێنەرایەتییەكی سەربەرزانەی كوردیان كرد، بەگژ هەموو جۆرە جەور و ستەمێكدا دەچوونەوە، لە سایەی ئەو پارێزبەندیەی ئەوان بۆ باكووری كوردستان، ئەو چەند ساڵە شار و شارۆچكە و گوندەكان گەشانەوە، كورد هەوای ئازادیی هەڵمژی.
بەڵام ئێستا هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەوە، ئاشتی كۆتایی هات و شەڕ دەستیپێكردەوە، پەكەكە ئەوانی بەتەنها جێهێشت، زۆربەیان خرانە كونجی زیندانەوە و ئێستا كوردی باكوور لەبری هەوای ئازادی، دووكەڵی بەسوتماكبوونی خانوو ماڵ و گەڕەك و شارەكانیان هەڵدەمژن. پرسیار ئەوەیە ئایا پەكەكە هێشتا لەوە نەگەیشتووە كە دەبێ بچێتەوە مەیدان؟
لێرە لە باشووری كوردستان، بەهۆی ئەوەی هاوسۆزییەكی زۆر بۆ پەكەكە دروست بووە و بەهۆیەوە پەكەكە هەڵكشانێكی سیاسی و جەماوەری بەخۆوە بینیوە، خەریكە كەشێك دەسەپێنێت كەس جورئەتی ئەوە نەكات بە پەكەكە بڵێت (سەرووی چاوتان برۆیە).
هەروەها بەهۆی ئەوەی لە رووداوەكانی شنگالدا خەریكە پەكەكە دەبێتە تەرەف لە كێشە و ناكۆكیە سیاسییەكانی باشووری كوردستاندا، هەر قسەكردنێك لەسەر پەكەكە راستەوخۆ دەچێتە خانەی تەرەفگیریی بەرامبەرەكانی پەكەكەوە. بۆیە دەبینین باكووری كوردستان وا وێران دەكرێت، پەكەكە گۆڕەپانەكەی بۆ ئەردۆگان چۆڵ كردووە، خەریكە توركیا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتانەكان و كەسیش پێیان ناڵێ بۆ ناچنەوە بەرگری لەو پارچەیەی كوردستان بكەن كە بۆی دامەزراون.
بۆ ئەوەی هیچ هاوسۆزێكی پەكەكە منەتم بەسەردا نەكات، ئەو پەندە كوردیە دەهێنمەوە یاد كە دەڵێت: "دۆستت ئەوەیە دەتگرێنێ و دوژمنت ئەوەیە كە دەتخاتە پێكەنین". من لەگەڵ خۆیان دادەنیشم، ئەمانە و زۆری تریش بەخۆیان دەڵێم، لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی، لەسەر ئاڵای كوردستان رەخنەم لێگرتوون. لای نەیارەكانیشیان بەرگرییان لێدەكەم. هاوڕێ رۆژنامەوانەكانم ماون كە لە (كۆشكی چانكایا) و لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی توركیادا چۆن بەرگریم لە پەكەكە و گەریلاكانیان و ئۆجەلان كرد. لەكاتی كودەتاكەی توركیا رەنگە هەر تاكە كەسیش بووبم داوام لە پەكەكە كرد بچنە شارە كوردیەكانەوە و كۆنترۆڵی بكەن، ئەنجامی كودەتا هەرچی بێت، دواتر مامەڵەی ئەمری واقیع لەگەڵ كورد دەكرێت.
لە پەكخستنی پرۆسەی ئاشتیدا لایەنگری شەڕ بووم و بە پەكەكەم دەگوت كە بچن شەڕ بكەن، شەڕ زەمینەی ئاشتی خۆش دەكات، ئەوە شەڕە دەرگا بەڕووی گفتوگۆدا دەكاتەوە.
بەڵام نابێ ئەو هاوسۆزییە وامان لێبكات چاومان دابخەین. ئەمڕۆ پەكەكە لەبەردەم بەرپرسیارێتی و پرسیاری گەورەدایە، ئەردۆگان بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە دیكتاتۆرێكی گەورەی ناوچەكە، پەكەكە دەتوانێت رێی لێبگرێت. كە ئەمە ناكات جێی پرسیارە؟ توركیا خەریكە كورد جینۆساید دەكات، شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان دەكاتە وێرانە، پەكەكە دەتوانێت رێی لێبگرێ، كە ئەمە ناكات جێی پرسیارە؟
پەكەكە كە هێزێكی سیاسی باكووری كوردستانە، لە كێشەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا حزوری هەیە و بووە بە تەرەف، لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەگییەكی بەرچاوی هەیە و بووە بە تەرەفێكی كێشەكان و خەریكە لە باشووریش هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە و بەشە كوردستانەكەی خۆشی كە ساحەی سیاسی و شوێنی خەباتی ئەوە، چۆڵی كردووە بۆ دوژمنەكانی. چۆن ئەمە جێی پرسیار نەبێت؟
هەندێ گەڕەكی گەورەی شاری شرناخ تەنها منارەی مزگەوتەكانی بەپێوە ماون و هەموو ماڵە كوردەكان كراون بە خۆڵەمێش، پەكەكە دەتوانێت نەهێڵێت ئەو نیشتمانە بسووتێ، بەرپرسیارێتی پەكەكەیە نەهێڵێت باكوور وای لێبێت، ئەو كاتەی گەریلا لە قووڵایی توركیا بوو، توركیا نەیدەتوانی بە ئاسانی و بەبێ باج گوندێك بسووتێنێ، ئێستا بێ بەرەنگاری شارێك دەكاتە وێرانە. بەڵێ دەبێت بە پەكەكە بڵێین تكایە شەڕ بەرنەوە قووڵایی توركیا و شەڕی توركیا مەهێننە قووڵایی باشوورەوە.
سەرچاوەی هێزی ئاكپارتی لەدوای هاتنە سەرحوكمیان بۆ ئێستا، لە بەهێزبوونی ئابووریی توركیاوە سەرچاوەی گرتووە. شادەماری ئابووریی توركیاش لەسەر گەشتوگوزارە، كۆڵەكەی هەر وڵاتێكی گەشتیاریش لەسەر سەقامگیری و ئاسایش دەستەبەر دەبێت. پەكەكە بە چۆڵكردنی گۆڕەپانی خەباتی ئەو وێنایەی بۆ توركیا دروستكردووە كە وڵاتێكی ئارامە، ئایا جێی رەخنەكردن نییە پەكەكە كەشێكی دروستكردووە كە توركیا قەیرانەكانی خۆی فڕێبداتە دەرەوە و دوور نییە باشووری كوردستان بكرێتە شوێنی ململانێكانیان؟ لەبەر ئەوە دەبێ هەموو ئەوانەی دەربەستی ژیانێكی لە ئێستا باشترن بۆ خەڵكی كوردستان و نایانەوێ میللەتەكەمان لەوە زیاتر تووشی نەهامەتی بێت، پێویستە بە پەكەكە بڵێن تكایە توركیا پەلكێش مەكە بۆ قووڵایی باشووری كوردستان، فەرموون شەڕ بەرنە قووڵایی توركستانەوە.
5/4/2017