فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

زریان رۆژهەڵاتی
هەرچی لە كۆتاییەكانی شەڕی داعش نزیك دەبینەوە، دیمەنی ئەو مەترسییانەی كە دەشێ رووبەڕووی كورد ببنەوە روونتر دەبن. لەو چوارچێوەیەدا ئەگەری فەلەستینیزەكردنی هەرێمی كوردستان وەك تەگەرەیەكی جددی بۆ كورد دێتە پێشچاو.نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق كە بەمدواییە هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە تا جارێكی دیكە جڵەوی دەسەڵات بگرێتەوە دەست، پێشتر لە چاوپێكەوتنێكدا باسی ئەوەی كردبوو كە لەوانەیە كوردستان ببێتە فەلەستینی دووەم! لەڕاستیدا دیدگاكەی مالیكی بەوجۆرە بوو كە خۆی گوتەنی: "ئیسرائیل و ئەمریكا بەسەر كوردستاندا زاڵ بوون و وەك چۆن فەلەستین لە بندەستی ئیسرائیلدایە، كوردستانیش ئاوای لێدێت". ناوەڕۆكی ئەم باسەش هەر باسی ئەو بابەتەیە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو دیدگایە!

دەشێ‌ پرۆژەی "فەلەستینیزەكردنی كوردستان" نەك پرۆژەیەكی ئەمریكی- ئیسرائیلی بەڵكو پرۆژەیەكی ناوچەیی-عێراقی- شیعی بێت كە هەر لە ئێستاشەوە سەرەداوەكانی دەركەوتوون و لەوانەیە لە دوای جەنگی داعش زیاتریش دەربكەوێت.

لەڕاستیدا پرۆژەی ئەمریكی بۆ كوردستان یەكخستنی ئیدارەی كوردی بووە كە لە 1998 لە رێككەوتنی واشنتن و دواتریش بە هاندانی لایەنە كوردییەكان لە 2005 زیاتر گەشەی كرد. ئیسرائیلیش لانیكەم بەشێوازێكی رەسمی پاڵپشتی لە پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان دەكات. لە بەرامبەر ئەوەدا پرۆژەی وڵاتانی ناوچەكە و عێراقی سەردەمی مالیكی و دوای ئەویش، لەڕێی هاندانی ناكۆكیی ناوخۆیی و گوشاری ئابووری و سیاسی و...تاد، هەوڵدان بۆ فەلەستینیزەكردنی كوردستان بووە. ئەگەر بابەتەكە ببرێتە سەر پەیوەندییەكانی كورد یان لانیكەم بەشێك لە هێزە كوردییەكان لەگەڵ ئەمریكا و گریمانەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا بە پلەی یەكەم هیچیەك لەو دوو وڵاتە خاكی كوردستانیان داگیر نەكردووە و ئەگەر پەیوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشیش واتای داگیركراوی بدات، ئەوا عێراقی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شوێنێكی دیكە داگیركراوە!

فۆرمی نوێی دەوڵەتی عێراق

سیستەمی دیموكراتی پەرلەمانی- فیدراڵیی عێراق تەنیا لەسەر كاغەز ماوەتەوە و دەوڵەت بەكردەوە شكستی خواردووە. ئەمەش دەرفەتی بنیاتنانەوەی دەوڵەتێكی ناوەندیی بەهێزی بۆ شیعەكان رەخساندووە. هەرجۆرە پرۆژەیەكی بەهێزكردنەوەی حكومەتی ناوەندیش كە دەشێ لە واتایەكی دیكەدا‌ پرۆژەی باڵادەستیی شیعی بێت، پێویستی بە هێزێكی سیاسی و هێزێكی چەكداریی وەك حەشدی شەعبی هەیە.

ئەو ئەگەرە زۆرە كە حەشدی شەعبی بە جۆرێك گیان بگرێت، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران دەست بەسەر زۆرێك لە بوارە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەكانی عێراقدا بگرێت و بەوشێوەیە رێگا بۆ گۆڕینی فۆرمی دەوڵەت خۆش بكات كە تێیدا رۆڵی رۆحانییە شیعەكانیش دیارتر بێت. لەبیرمان نەچێت كە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعی بۆ "واجب كفایە"بوونی شەڕی دژی داعش بوو رێی بۆ دروستبوونی حەشدی شەعبی خۆش كرد. لەوانەیە بنیاتنانەوەی دەوڵەتێكی ناوەندیی بەهێز كە تێیدا خۆیان باڵادەست بن، بیرۆكەیەك بێت كە زۆرێك لە شیعەكانیش ختووكە بدات. بەڵام وەرگێڕانی حەشدی شەعبی بۆ پرۆژەیەكی سەربازی – سیاسی پێویستی بە لابردنی ئەو ئاستەنگانە هەیە كە دەشێ فاكتەری كوردی دروستیان بكات و بۆ ئەوەش لێرەدا پرۆژەی لەتكردن لە ناوخۆ و گوشاری سەربازی لە دەرەوە رۆڵ دەگێڕێت. بەگشتی دەتوانرێت بگوترێت،
فەلەستینیزەكردنی كوردستان بۆ هەر كەسێك كە دەسەڵاتی بەغدای لەدەست بێت، دەتوانێت پرۆژەیەكی سیاسی گونجاو بێت.

بۆیە یەكێك لە سیناریۆ پێشبینیكراوەكانی ئایندەی كوردستان لە دوای داعش، فەلەستینیزەبوونە و ئەگەر بە رەسمیش نەبێت، ئەوا بە كردەوە لەدوو كەنا‌ڵی سیاسی و سەربازییەوە كاری لەسەر دەكرێت.

 تا دێت هەوڵەكان بۆ لەتكردنی زیاتری سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت و لە هەمانكاتیشدا هەوڵی دابڕاندنی بەشێك لە پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی لە لێوارە سنوورییەكان دەدرێت و دوای ئەوەش قۆناغی گوشاری سەربازی و جەڕاندنی زیاتری هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات!

فەلەستینیزەكردنی كوردستان، لە واتای بنبەستی سیاسەتی ناوخۆیی و بە هێزكردنی دوو ئیدارەییەكی رانەگەیەنراو، بارودۆخی نالەباری ئابووری و قووڵكردنەوەی ناكۆكیی كوردی – كوردی و...تاد، وەك ئەوەی لە بەینی حەماس و فەتحدا لە فەلەستین هەیە، ئەگەر كورد مەلەفی كێشە ناوخۆییەكانی یەكلایی نەكاتەوە، وەك سیناریۆیەكی نزیك لە واقیع دێتە بەرچاو!

1/4/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان