بەشار عەزیز
ئاڵای كوردستان زۆر بە بەرنامەبۆداڕێژراوی لە كەركووك ھەڵكرا و كوردستانیبوونی ئەو پارێزگایە و دەورووبەری دووپاتكرایەوە، ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كردی، تەنھا بابەتێكی لۆكاڵی و پرسێكی یاسایی نەبوو بۆ پارێزگاكە، بەڵكو پەیامێكە ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەورووبەر و خودی شارەكە كراو لە رێی ئەو پەیامەشەوە، دەگەینە قۆناخێكی دیكەی ھەرە گرنگ كە سەربەخۆیی كوردستانە.ساڵانێكە كەركووك بووەتە گرێ كوێرەی خەونەكانی كورد و یەكلایی بوونەوەی چارەنووسی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر كورد بیویستایە، دەمێك بوو بە بێ كەركووك رەنگە دەوڵەتی ھەبووایە، بەڵام دەستبەردارنەبوونی ئەو شارە كوردستانییە، بە ئێستای گەیاندووین، ھەرچەندە دەمێكە كورد لە كەركووك ئاڵای كوردستانی ھەڵكردووە و لەو چەند ساڵەشدا پێشمەرگە ئاڵاكەی لەسەر سنوورەكان ھەڵكرد، بەڵام بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ بە فەرمی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەرجەم فەرمانگەكان ھەنگاوێكی گرنگە و سەرەتای كردنەوەی ئەو گرێ كوێرەیەیە، كە لە ھەنگاوە كردەییەكانی گەڕانەوەی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان خۆی دەبینێتەوە و سەرەنجامیش بە دەوڵەتێكی سەربەخۆمان دەگەیەنێت.ئەوەی لە كەركووك روویدا، لە پشتییەوە زۆر شت ھەیە، لە ھەمووی گرنگتر، پەیامێكە لە رێگەیەوە دەتواندرێت بگەین بە سەربەخۆیی، جارێ كاردانەوەكانی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان تەنھا خۆیان لە ئیدانەكردن و ناڕەزایی دەبیننەوە، ھەڕەشەی ئەم و ئەو كارێكی ئەوتۆ ناكەنە سەرپرسەكە، لەمەودوا تاكە ئاڵایەك كە بھێندرێتەوە خوارەوە، ئاڵای عێراق دەبێت، نەك ئاڵای كوردستان. ھەر لە سەرەتاوە ھەندێك دەنگی نارەزایی و بەیاننامە لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكرانەوە، بەڵام بڕیاری خەڵكی شارەكە و ئیدارەی شارەكەیە و پرسەكە تازە بووەتە واقیع، كاردانەوەكانیشی لەو نارەزاییە تێناپەڕن و ھەموو لایەك ناچار دەبێت، مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بكات.بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانی كەركووك، ژیرانە بیریان كردەوە و پێشوازییان لەو بڕیارە كرد، بەڵام بەشێكیان نارازی بوون، ئەوانەی تامەزرۆی بەغدا و مانەوەن لەگەڵ بەغدا، لەوەتەی ھەیە بەغدا ستەم لە خەڵكی ئەو شارە دەكات، كەچی ھەندێك بە فیتی دەورووبەر ھیشتا دەیانەوێت لە باوەشی بەغدا بمێننەوە، بەڵام ئەوانە دەنگی زۆرینە نین، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، مەگەر یەك دوو وڵاتی دەورووبەر نەبێت، ئەگینا مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە پرسانە بەو شێوەیە دەكەن، كە پرسێكی نێوخۆییە، كەوایە ئەمە پڕۆژە گەورەكەمان بۆ ئاسان دەكات و جێگەی دەستخۆشییەكی مەزنە كە كورد بەو ئیرادەوە لە كەركووك ئەو بڕیارەی دەركرد، ھەرچەندە دەبوو زووتر ئەو ھەوڵە بدرایە.
ئەگەر بە وردی بیری لێ بكەینەوە، راگەیاندنی سەربەخۆییش ئیرادەیەكی وای دەوێت، بە یەكلایی بوونەوەی چارەنووسی كەركووك، زەمینەی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بەتەواوی دەسازێ، ھەروەك ئێستا بە تەواوی دەرفەتەكانی دیكە لەبارن، لە رووی ئابوورییەوە باوەرناكەم لە دۆخی ئەو چەند ساڵە خراپترمان بەسەر بێت، سنوورەكانیش بە تەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان و ئاڵای كورداستانیان لێ شەكاوەیە، زۆربەی وڵاتە زلھێزەكانی جیھان شانازی بە دۆستایەتی كورد دەكەن و پەیوەندیی بەھێزیان لەگەڵ سەركردایەتی كورد و ھەرێمی كوردستان ھەیە، ئەوان ناتوانن لەبەر مەسەلەی دەستێوەردان لەكاروباری نێودەوڵەتی راستەوخۆ لە ئێستاوە بڵێن ئێمە لەگەڵتانین، بەڵام كە ئێمە دەوڵەتمان راگەیاند، باوەرناكەم دەوڵەتێكی وا گەورە ھەبێت ھێرشمان بكاتە سەر و بڵێ قبووڵی ناكەم.
سەركردایەتی كورد پێویستە لە رێی كەركووك پەیامی ناوخۆیی و دەرەكی بخوێنێتەوە و پەلە بكات لە تەواوكەرەكەی، كە سەربەخۆیی كوردستانە، ھەرگیز بارودۆخێكی وەك ئێستا لەبار بۆ راگەیاندنی دەوڵەت دروستنابێتەوە، ئەگەر ھەموو لایەنە كوردییەكان ھاوكار بن، گەیشتنمان بەو ھەنگاوە ئاسانترە، پێویستیش ناكات حزبەكان پرسی دەوڵەتی كوردی و ئاڵای كوردستان بە حزبی بكەن، بەڵكو پێویستە ھەموویان پێداگیری لەمە بكەن و بە بەرنامەی سەرەكیی كاریان بزانن، ھەر ھێزێكیش لە دەرەوەی ئەو پڕۆژەیە بووەستێتەوە و بە ئاراستەیەك كار بكات زیان بەو پڕۆژەیە بگەیەنێت، یاخود بیەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو پڕۆژەیە دروستبكات، دەكەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو و خەڵكی كوردستان، وەستانەوە لە دژی پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردستان ھیچ بیانووێكی نییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵك قوربانیی بۆ ئەوە داوە و لە ھیچ ھێزێك ئەو جۆرە ھەڵوێستە قبووڵ ناكات.
دوای بە فەرمی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، لە قۆناخێكی دیكەی ئامانجەكانمانداین، گەیشتن بە سەربەخۆیی نزیكە و بە ھیواین زۆر نەخایەنێت لە ھەموو كوردستان بە یەكجاری ئاڵای عێراق بھێندرێتە خوارەوە و بە خەونی لەمێژینەمان شاد بین.
31/3/2017