فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح

یه‌كێك له‌ تێزه‌كانی ئه‌ریك فڕۆم له‌ (هه‌ڵاتن له‌ ئازادی 1941) جیاوازیی كردووه‌ له‌نێوان دوو جۆر ئازادی. 

- ئازادیی نێگه‌تیڤ: ئازادبوون له‌ شتێك، واتا ئازادبوونه‌ له‌ شتێكی ده‌ره‌كی وه‌ك كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی وه‌ك ئایین و سیستمی سته‌مكاری دیكتاتۆر.

- ئازادیی پۆزه‌تیڤ: ئازادبوون له‌پێناوی شتێك، واتا قۆناخی یه‌كه‌می ئازادی تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌پێناو شتێكی گه‌وره‌تر هه‌وڵ ده‌دات. بریتییه‌ له‌ ئازادی له‌ناو مێشكی خۆی ئه‌میش ئاسان نییه‌. به‌رهه‌می ئه‌م جۆره‌ ئازادییه‌ بۆ گشت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ تاكێك یان گرووپێك.

فێمینیزمی كوردی له‌ دیدگای خۆمه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ كۆی هه‌موو چالاكی و جموجۆڵه‌كانی كوردان، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش له‌پێناوی گۆڕینی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پیاوسالارییه‌وه‌ بۆ مرۆڤسالاری.

چالاكییه‌كانی ئه‌مساڵی فێمینیسته‌ كورده‌كان به‌گشتی، تۆزقاڵیش جیاوازیی نه‌بوو له‌ چالاكی ته‌قلیدی ساڵانی پێشووتر كه‌ ئامانجیان ته‌نیا رێكلام و راگه‌یاندنه‌ و یه‌ك تاكه‌ رێكخراوی حكوومی یان ناحكوومی له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كورستان نابینیت به‌رهه‌مێكیان هه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ئازادیی نێگه‌تیڤ ده‌رباز بووبێت.
* یه‌كێك له‌به‌رچاوترین چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كان، نماییشی به‌رهه‌می كاری ده‌ستیی ئافره‌تانه‌. لاوازیی ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌یه‌، چالاكوانان له‌ سه‌رجه‌می رێكخراوه‌كان تا هه‌نووكه‌ش، ئه‌م كاره‌ ساڵی جارێك ته‌نیا له‌ پێناوی تۆماركردنی چالاكییه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ به‌ دێڕێك له‌ بڵاوكراوه‌كانیاندا تۆماری بكه‌ن!

كاری ده‌ستی، پڕۆژه‌یه‌كی ئابوورییه‌ به‌هره‌كانی ژنان وه‌رده‌گێڕێت بۆ بواری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانتوانیایه‌ له‌ كۆتی ئه‌قڵی خۆیان و حزبه‌كانیان ده‌رباز بن، ئه‌وا ده‌بوو كار بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كولتووری گرنگی كاری ده‌ستی به‌ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ئه‌و خانمانه‌ی ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن و فراوانكردنی كاره‌كه‌یان بۆ ئاستی به‌رزی ئابووری كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری كوردی له‌ جیهاندا هه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا پیشانگایه‌ك بكه‌ن و زوومه‌كانی كامێرا بخه‌نه‌ سه‌ر ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كان!

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، تێبینی ده‌كرێت به‌پیشه‌كردنی كاری ده‌ستی و به‌رهه‌می ده‌ستڕه‌نگینی خانمان له‌سه‌ر ئاستی تاك و له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كان به‌ ده‌یان پڕۆژه‌ی سه‌ركه‌وتوو كراوه‌ و چه‌ندین كارگه‌ و ریستورانت و كاری دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی رێكخراو و حزبه‌كان. ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مانای نێگه‌تیڤبوونی رێكخراوه‌كان نه‌بێت، مانای چییه‌ ژن به‌ته‌نیا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاری رێكخراوه‌یی به‌رهه‌می ئازادیی پۆزه‌تیڤی هه‌بێت، كه‌چی رێكخراوه‌كان له‌ شوێنی خۆیاندا چه‌قیون؟ ئه‌دی سوودی رێكخراوه‌كان چییه‌ جگه‌ له‌ بازرگانییه‌كی سنووردار كه‌ پرسی ژنان كه‌ره‌سته‌ی بێت و به‌رهه‌مه‌كه‌شی بۆ گیرفانی چه‌ند كه‌سێك بێت؟

• دووه‌م، كۆپیی ئه‌م دۆخه‌ لاوازه‌ی فێمینیزمی كوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ خراپتر ده‌بینرێت. كوردانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئازادییان بڕیوه‌ و له‌ هه‌موو جۆره‌كانی سته‌مكاری و نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌ یاسای فه‌رمی ده‌رباز بوونه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ پێشكه‌وتووترین شوێنه‌كانی جیهاندا ده‌ژین. ئه‌دی بۆچی زۆربەی ئه‌وانیش له‌ سنووری دروشمی بریقه‌دار ده‌رناچن و به‌رهه‌مێكیان نابینین داهێنانی تێدابێت؟ بۆچی داهێنان ده‌كه‌ن له‌وه‌ی جنێو و ره‌خنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و حكوومه‌ت و هه‌موو شتێكی كوردستان بگرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان داهێنه‌ری شارستانی رۆژئاوا بووبن ناتوانن یه‌ك ره‌خنه‌ش له‌ وڵاته‌كانی خۆیان بگرن. ده‌زانن بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌ زیندانی سنووری ئه‌قڵی خۆیاندا ده‌رباز نه‌بوونه‌ و له‌ قۆناغی ئازادیی نێگه‌تیڤدا چه‌قیون. تێبینیم كردووه‌ گوتاره‌كانیان له‌ جنێو و پرته‌وبۆڵه‌ تێپه‌ڕ نابێت.

ئازادی ئه‌وه‌ نییه‌ تۆ له‌ ماڵی خەڵکەوە به‌رد له‌ ماڵی باوكت بگریت، ئازادی ئه‌وه‌یه‌ ماڵی خۆت دروست بكه‌یت. تاوان نییه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئازادی و ژیان وڵات چۆڵ بكه‌یت، به‌ڵام تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خۆت نه‌توانیت ئه‌قڵت ئازاد بكه‌یت و ئه‌و مه‌ودا فراوانه‌ له‌ نێوان ئه‌قڵ و جه‌سته‌ت پڕ نه‌كه‌یته‌وه‌. فێمینیزمی كوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان تا ئێسته‌ ئه‌قڵیان له‌ناو كوردستاندایه‌ و جه‌سته‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌! ئه‌وان نه‌یانتوانیوه‌ ته‌نیا ناسنامه‌یه‌كی تازه‌ بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر خه‌ریكن چوكوڵ وه‌رده‌ده‌ن له‌ بۆگه‌نی كۆن.

ئه‌مه‌یه‌ خراپیی ئازادیی نێگه‌تیڤ، ده‌بێت به‌ كۆسپ بۆ خۆی و بۆ په‌یامه‌كه‌شی كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.

27/3/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان