عەزیز ڕەئووف
ئەسپەکان ئەسپیان دەبێت بەڵام مرۆڤەکان مرۆڤیان نابێت بەڵکو دەبێت پەروەردە بکرێن تاکو دەبنە مرۆڤ. یوستاین گاردەر
هەڵەیەکی گەورەیە وابزانین برینەکان تەنها لەسەرەوەن. هەڵەیەکی گەورەیە پێمان وابێت بە دەسکاریکردنی سیستەمی حوکمڕانی کۆی برینەکانی کۆمەڵگە سارێژ دەکەین. خۆی ئەسڵەن برینەکان لە خوارەوەن، ئەوە هەر خەڵکە دەسەڵات دروست دەکات و هەر خەڵکیشە تەحەمولی کۆی برینەکانی کۆمەڵگە دەکات.ئەوەی نەتوانێت لە سەیران و بۆنەیەکدا ژێر خۆی پاک بکاتەوە، چۆن دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگدەرێکی باش بێت، ئەوەی دار بە تەڕی بسوتێنێت، دەشتوانێت کۆی برینەکانی تر هەزم بکات، ئەوەی لە سەیرانێکدا نەتوانێت سەوزایی بپارێزێت، ناشتوانێت بیر لە ماف و داخوازیەکانی خۆی بکاتەوە. ئەوەی ژینگە پیس بکات، ناتوانێت دەسکاری پیسی دامەزراوە و دەسەڵاتەکان بکات.هەموو هاتن لەسەرەوە دەیانویست دەسکاری دنیای ئێمە بکەن، هەمووی خەریکی توڕەهاتی پارلەمان و ئاڵا و سەرۆکایەتی و کۆی دامەزراوەکان بوون، بێئاگا لەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا ژیان دەکەین، لە ژێرەوە وێران بووە، بێئاگا لەوەی کە هەوادارانی ئەم هێزانە، دەنگدەرانی ئەم هێزانە، هەمان ئەو مەخلوقانەن ناتوانن تەنانەت وەک پشیلەش پیسایی خۆیان بشارنەوە.کێیە حورمەتی سەوزایی ناگرێت، هەر ئەندام و لایەنگر و هەوادارانی ئەم هێزانەن، تۆ هەوادارانت فێر نەکەی چی لە پاشەڕۆی خۆیان بکەن چۆن دەتوانیت متمانەی ئەوەیان پێ بکەیت دەسکاری کۆی دامەزراوەکانی کۆمەڵگە بکەن، تۆ نەتوانی مرۆڤێک وەک مرۆڤ پەروەردە بکەی، بۆ ناچی بارەگاو مەکۆ و مقەڕەکانت بکەیتە هێلانە کۆتر، تا لە ئاژەڵەکانەوە فێری ژیاندۆستی بیت، بارەگاکانت بکەرە کولانەی سەگ تا هەوادارانت فیری وەفا بێت، بینای سەرۆکایەتی و پارلەمان و حکومەت بکەرە تەویلەی ئەسپ، تا کەمێک ڕەسەن بن. هیچ مەکەن بەس کەمێک بە کەللـەسەری هێستر بیر بکەنەوە تا بتوانن باری خەمی خەڵک هەڵگرن.بەم هەموو پارت و گروپ و ڕێکخراو و بزوتنەوەیە نەیانتوانی تاکی کوردی دروست بکەن، بەم هەموو مزگەوت و بارەگا و مەکۆ و لق و مەڵبەندانە نەیانتوانی مرۆڤێک دروست بکەن لانی کەم لە مرۆڤ بچێت. هەر ئەو مەخلوقەی کە ژینگە وێران دەکات لە بۆنەکاندا سێڵفی لەگەڵ بەرپرساندا دەگرێت، ئەی چۆن خۆیان دەزانن کێیان بەرهەم هێناوە و چۆن تاکێکی بێ ئیرادە و خۆبەکەمزانیان دروست کردووە. ئەوەی لە ئاستی بەرپرسێکدا خۆی بەکەم بزانێت چۆن دەتوانێت حورمەتی سەوزایی بگرێت؟
هەموو خەریکی ناونانی بەرپرسان بوون، جەنابی فڵان و جەنابی سەرۆکە پێشمەرگەکە و سەرکردە خاکیەکە و ئەمیرە خواناسەکە و سکرتێرە شۆڕشگێڕەکە و ئەمیندارە ئیسڵاحخوازەکە، لە پاڵیشدا تاکێکی بێ ئیرادە و بێ متمانە و بێدەسەڵات، کە دەزانێت کوڕی بەرپرسان چەند کیلۆن و چ بورجێکن و حەزیان لە چ خواردنێکە بەڵام نازانن منداڵەکانی خۆیان ئارەزووی چی دەکەن و چ پۆشاکێک دەپۆشن و بە کام ڕەنگ دڵخۆشن.
خەمەکان ئەوەندە زۆرن تەنها دەکرێت بیانژمێرین نەک لەسەربان بوەستین. کۆمەڵگەیەک ئەم هەموو پارلەمانتارە بەتاڵ و حەتاڵەی لە کوردستان و بەغدا دروست کردووە جگە لە بارێک بەسەر خەڵکەوە چیترن؟ ئەمانە لە بێ ئیشیا وتار دەنوسن، ئەو سایتانەش کە بێ ئیش لە پشتی کۆمپیوتەرەوە بۆ هەواڵ دەگەڕێن مقالەی ئەمانە بڵاو دەکەنەوە و هەواڵیشی لێ دروست دەکەن. کۆمەڵگەیەک ئەم هەموو پارلەمانتارە بێ ئیشەی هەبێت، چۆن ڕوویان دێت بێنە سەر شاشە و خۆیان پیشانی دەنگدەرەکانیان بدەن؟ بێگومان دەنگدەرەکانیان کێن؟ هەر ئەوانەن ناتوانن حورمەتی سەوزایی بگرن و وەک بەشەر پاشەڕۆی خۆیان پاک بکەنەوە. ئەم دەنگدەرە هەر ئەم پارلەمانتارە دروست دەکات، ئەم پارلەمانتارە هەر ئەم دەسەڵاتە و ئەم دامەزراوانە بەرهەم دێنێت، نە بەشەری ئێمە لە ئاسمانەوە هاتووە و نەدەسەڵات خوا نازڵی کردووە.
ئەوەی ترسم لێ هەبوو ئەم بەربەریەتەبوو. ئەوەی من خەمم بوو فەرامۆشکردنی شتە بچوکەکان بوو.ئەوەی من ئاهم بۆ هەڵدەکێشا ئەم مەخلوقەیە کە ناتوانێت لە سەیرانێکدا ژێر خۆی پاک بکاتەوە. کێ کۆترێکی بینیوە ژینگە پیس بکات؟ کەس گوێدرێژی بینیوە دار بە سەوزی بسوتێنێت؟ کوا هێستر سەوزایی وێران کردووە؟ ئەوەی نەتوانێت بیر بکاتەوە دڵخۆشە بە توڕەهاتی دەوڵەتی کوردی و بە هەڵکردنی ئاڵایەک لە ئەنقەرە و کەرکوک دەکەوێتە هەلەکە سەما. دڵخۆشە بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بەڵام دار بە گەڵاوە دەسوتێنێت، باسی گۆڕینی دنیا دەکات بەڵام سەوزایی وێران دەکات، لە مزگەوتەکاندا لە دوای مەلاوە نوێژ دەکات، بەڵام بۆنی درۆ و دووڕوویی ئاسمان کاس دەکات.
وای چۆن ئەم کۆمەڵگەیەیان وێران کرد ئاین و ئایدۆلۆژیاو حزب و بزوتنەوەکان. وای چۆن هەلاهەلایان کردین ڕێکخراوەکان و بەرپرس و مەلا جنێودەرەکان و چاودێرە بەتاڵ و حەتاڵەکان. وای چۆن شاریان وێران کرد و خەریکە سروشتیش دەسوتێنن ئەم مەخلوقەی ناوی کوردە. بیست و شەش ساڵە شەرەفیان بەدەست نوخبەی سیاسیەوە شکاوە، کەچی لەنێو ڕانی ئافرەتێکدا بۆ شەرەفی خۆیان دەگەڕێن. وای چەند خاڵیە ئەم تایپە لە مرۆڤ.
26/3/2017