ئاشتی عەبدوڵا
ئەیوب یەکێک بووە، لەپەیامبەرەکانی جوو لە ئیسرائیل، لەئوردنی ئێستا لەدایکبووە و لەئورفای باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردووە.سەبری ئەیوب دەنگی داوەتەوە لەناو زۆربەی کەلتوورەکانی جیهاندا، تەنانەت نەتەوەی عەرەب و ئایینی ئیسلامیش شایەدی ئەم وتەیە ئەدەن، هەروەها ئێمەی کوردیش بە چیرۆکەکەی ئاشناین.ئەوەی مەبەستە لێرەدا، ئەوەیە کە ناکرێت ژیان و چارەنووسی میللەتێک، بەم حیکمەتە و پاساوی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئەم گەلە چەواشە بکەین، قەناعەتکردن بەم حکیمەتە بۆ ئێستاو ئەم هەلومەرجە بەرەو هەڵدێرمان ئەبات.بۆچی؟
چونکە سەبری ئەیوب لەزۆر حاڵەتدا، حیکمەتە و دەرئەنجامی ئارامگرتن باش ئەبێت، بەڵام زۆرجاریش بەپێچەوانەوە، ئەم ئارامگرتنە شکست بەزۆر خەون دێنێ، هەندێ جار سەبری ئەیوبمان لەبێ دەسەڵاتیەوەیە و دەستەو وەستان و بێ ئیرادە و بڕیارنەدانە، دەرهەق بەو ئامانجەی هەمانە. زۆرجار سەبری ئەیوب، کەبەحیکمەت هەژمارئەکرێت زیانی زۆرترە لەسوود ، بەتایبەت بۆ هەلومەرجێکی وەک ئێستای هەرێمی کوردستان .
سەبری ئەیوب بە ئیدێومێکیتر هاتۆتە نێو فەرهەنگی سیاسیەوە، بۆتە (سەبری سیاسی) بەبێ ئەوەی درکی پێ بکەین، بەسوود وەرگرتن لەم دەستەواژە نوێیە، وا سەبری سیاسی و بێ بڕیاری وڵاتێک دائەڕمێنێت، میللەتێکی برسی و بێ چارە کردووە، بێ هەڵوێستی لێکەوتۆتەوە، وڵاتێک بەهەموو خێرو بێریەوە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتێکدا بەکاردێت، وا خەریکە خاکیشمان ئەکاتە دیاری بۆ داگیرکەران بەناوی ڕێککەوتنە سیاسی و بازرگانیەکان ، شەڕی کوردبەکورد ئەکرێت، تا ئێستا ناتوانرێ بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان بدرێ، بەهۆی پشوو درێژی و سەبرمان چی نەما لەسەر ئەم خاکە نەگوزەرێ، چی بەم خەڵک و خاکە کرا.
بەهۆی غافڵبوونیان لەوڵات، بێ ئاگان لەوەی، کە خەڵک و خاک ئاشتی و ژیان و بەهارێکی سەوزی ئەوێت، نەک سووربوونی خاک بەخوێنی ڕژاوی کچ و کوڕەکانی.
دەرئەنجام ببینن، سەبری ئەیوب چ غەدرێکی لێکردین نەخاکی بۆ پاراستین و نەتەبایی و تەنانەت، نان و ئازادیشی لێ زەوت کردین.
ساڵانێکە ڕۆژنامەنووس شەهید ئەکرێ و تیرۆر ئەکرێ دەیان سیناریۆ دوای کوشتنی ژنەکان دائەڕێژرێت، ئێمەش سەبری ئەیوبمان هەیە بۆ گەڕانەوەی یاسا و چاوەڕێین ئەم یاسا غائیبە بگڕێتەوە و سەروەربێت، بەڵام چاوەڕوانییەکی بێ هودە.
لەم بارودۆخە پڕ قەیرانەی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بوونی مەترسیە زۆرەکان بۆ سەر کوردستان، سەبری ئەیوب، نەدادی خەڵک و نەلایەنە سیاسیەکانیش ئەدات، بەڵکو ئەم فەوزا سیاسیە و ئەم حوکم و حاکمی موتڵەقە، بڕیار و جورئەتی ئەوێ و ئیرادەی ئەوێ، دڵسۆزی بۆ خاک و خەڵک خۆشویستنی ئەوێت.
بۆ گەڕانەوەی ئارامی و یاسا چارەسەری قەیرانەکان، بەدیلی سەبر و چاوەڕوانی، بڕیار و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیە. سەبری ئەیوب لەئێستا بەدواوە نیشانەی بێ دەسەڵاتی و بێ هەڵوێستی و خەمساردیە، چیتر وڵات بەرگەی ئەم جۆرە مەفاهیمانە ناگرێت.
خەڵک ژیان و ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی ئەوێت، دەسەڵات و سیستمێکی دیموکراسی و یاسایی ئەوێت، کوردایەتی ئەوێت، بەڵام لەبەرگی نۆکەرایەتیدا نا، بەڵکو کوردایەتی و کوردبوونی مەسەلەیەکە، کەلای گەل یەقینە، تێکەڵی خوێن و رۆحی هەموو تاکێک بووە، تەنها لە سەبری ئەیوب گەڕێن و بڕیاربدەن لەچارەنووسی ئەم میللەتە.
25/3/2017