فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 دێنیز ناتالیkurdi surya

یه‌كێك له‌ ئه‌ڵقه‌ ونبووه‌كانی هاتنه‌ ئارای ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌هێز له‌ سووریا كورده‌. له‌كاتێكدا ته‌نها ٨% دانیشتوانی سووریا پێكدێنن، كورد ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ن كه‌ بوونیان پێویسته‌ بۆ به‌هێزكردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سووریا كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌ ئیخوان ئه‌لموسلمین پێكدێت. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا كوردێكی وه‌ك سه‌رۆكی خۆی هه‌ڵبژارد و هاوكات سوپای سووریای ئازادیش داوا له‌ "برا كورده‌كان" ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ریزی سوپاكه‌ و له‌ دژی سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د بجه‌نگن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سووریا و هاوبه‌شه‌كانی بیانه‌وێ پشتیوانی كورد به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا ده‌بێ ته‌نها خۆیان به‌ گوتاری دژه‌ ئه‌سه‌د نه‌به‌ستنه‌وه‌ و ته‌ركیز له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌ بكه‌ن، واته‌ جێگره‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ بۆ رژێمی ئێستا كه‌ كورد متمانه‌ی پێبكه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ پێویستی به‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا و دروستكردنی گروپێكی ئۆپۆزیسیۆنی به‌رفراوانه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ عه‌لمانی و لۆكالیه‌كان له‌ خۆ بگرێت. هاوكات ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێت خۆی به‌ توركیا و كێشه‌ی كوردی ئه‌و وڵاته‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌.

هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وا بیر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كوردی سوریا بۆیه‌ خۆیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی به‌ دوور راگرتووه‌ چونكه‌ دڵنیا نین ده‌رباره‌ی داهاتوو. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ك مه‌سیحی و عه‌له‌ویه‌كان، زۆربه‌ی كورد به‌رچاویان روونه‌ كه‌ ئاینده‌ی سیاسیان له‌ سوریای پاش ئه‌سه‌د و له‌ ژێر ركێفی حكومه‌تی سه‌ر به‌ ئیخوان ئه‌لموسلمین و ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا چۆن ده‌بێت. كاریگه‌ری گۆڕانی ڕژێمه‌كان له‌سه‌ر كه‌مینه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی ده‌رهاوێشته‌ نێگه‌تیڤه‌كانی شۆڕشه‌كانی میسر و تونس به‌ جێبوونی ترسی كه‌مینه‌كان ده‌سه‌لمێنن. پێكدادانی تایفی له‌ عێراقیش بیرخه‌ره‌وه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ كه‌مینه‌كانی سووریا كه‌ چ شتێك له‌وانه‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی دوای ئه‌سه‌د چاوه‌ڕێیان بكات.

بێ باوه‌ڕی كوردی سوریا به‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی-ئه‌تنی و دۆخی ئه‌و دیو سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌. رێڕه‌وی مێژوویی كوردی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن سیاسه‌ته‌ جیاكارییه‌كانی به‌عسه‌وه‌ نه‌شێوێنراوه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌ نزیكه‌كانیان له‌گه‌ڵ كوردی توركیا و وه‌ده‌رنان یان رووكردنیان به‌ره‌و باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌دا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوریا به‌ توندی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌نقه‌ره‌ و دوای نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌ كێشه‌ی كورد هێشتا له‌ توركیا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، زۆرێك له‌ كوردانی سووریا چاوه‌ڕێی هه‌مان چاره‌نووس ده‌كه‌ن له‌ بنده‌ست رژێمێكی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی. ته‌نانه‌ت ئه‌و گروپه‌ كوردییانه‌ی پشتگیری له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، دوودڵن له‌ چوونه‌ نێو ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریادا.

ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا ئێستا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م لاوازییانه‌. گۆڕینی سه‌رۆكی پێشووی گروپه‌كه‌ واته‌ بورهان غه‌لیون، كه‌ رۆشنبیرێكی نیشته‌جێی پاریسه‌، به‌ عه‌بدولباست سه‌یدا، كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی كورد و به‌ڵێندان به‌ پاراستنی مافه‌كانی كورد له‌ قۆناغی پاش ئه‌سه‌د له‌وانه‌یه‌ كورد و كه‌مینه‌كانی دیكه‌ رازی بكات. چه‌ند كوردێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ١١ گرووپی كوردی ده‌كات له‌ سوریادا، ئاماده‌باشی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندی و دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان خوازیاری دابه‌شكردنی سوریا نین، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ دڵنیا بن له‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانی كه‌ تێیدا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد، یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی و ئازادییه‌ ئاینیه‌كان پارێزراوه‌ دێته‌ سه‌ر كار.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ئه‌سته‌مه‌ هاتنه‌ سه‌ر كاری سه‌یدا ببێته‌ هۆی گۆڕانی سه‌ر له‌ به‌ری یارییه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریاوه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ك غه‌لیون، سه‌یدا كوردێكی تاراوگه‌ نشینی بنكه‌ له‌ ئه‌وروپایه‌ كه‌ دووره‌ له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری وه‌فاداری خۆی نییه‌. ئه‌و له‌وانه‌یه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی ده‌كات بتوانێت هه‌ندێ له‌ گروپه‌ رۆشنبیره‌ تاراوگه‌ نشینه‌كانی سووریا یه‌كبخات، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت په‌یمانی سیاسی ئه‌وتۆ بخوڵقێنێت كه‌ پێویسته‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ یه‌كڕیزی بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن یان به‌ڕێوه‌بردنی قۆناخی راگوزه‌ری پاش ئه‌سه‌د. جگه‌ له‌وه‌ش، ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌یدا نابێته‌ هۆی گۆڕینی ره‌چه‌ڵه‌ك و سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوریا كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ سازدانی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ ئیستانبوڵ و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی هێشتا له‌ ئیخوان ئه‌لموسلمین پێكدێن و سه‌ركرده‌ خاوه‌ن نفوزه‌ لۆكالیه‌كان تێیدا رۆڵیان نییه‌.

له‌جیاتی هه‌وڵدان بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ گرووپه‌ گه‌وره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا، كوردانی سوریا هه‌وڵی یه‌كخستن و به‌هێزكردنی بزووتنه‌ پارچه‌ چارچه‌ بووه‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد كه‌ گروپێكی تاڕاده‌یه‌ك میانڕه‌وه‌، به‌م دواییانه‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گرووپێكی سه‌ره‌كی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی و لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان، واته‌ پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌)، ئه‌نجامداوه‌. په‌یه‌ده‌ ئێستا ناوی له‌خۆی ناوه‌ "ئه‌نجوومه‌نی گه‌ل." ئه‌و رێككه‌وتنه‌ حه‌وت خاڵیه‌ كه‌ به‌م دوواییانه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ژێر رێنوێنی پارته‌ كوردییه‌كانی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا و له‌ شاری كوردنشینی قامشلۆ له‌ سوریا مۆركرا، مه‌به‌ست لێی زیادكرنی هاوكاری نێوان ئه‌و دوو گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ كورده‌ و راگرتنی چالاكیه‌ سه‌ربازیه‌كانی نێوانیانه‌. ئه‌م رێككه‌وتنه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێكیشی جێبه‌جێ بكرێت، له‌وانه‌یه‌ یه‌كگرتنی كوردانی سوریا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك گرانتر بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر گروپه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ی په‌یه‌ده‌-په‌كه‌كه‌ تێیدا به‌شدار بن.

ئا لێره‌دا ڕۆلی توركیا جه‌وهه‌ری ده‌بێت. ئه‌نقه‌ره‌ ده‌توانێ به‌رده‌وام بێت له‌ گووشار خستنه‌ سه‌ر بارزانی به‌ ئامانجی رازیكردنی كورد له‌ سووریا بۆ پشتگیری كردن له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی سوریا. هه‌روه‌ها توركیا ده‌توانێ له‌ كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌راندا جێگا بۆ ئاواره‌ سوورییه‌كان بكاته‌وه‌، ئاسایشی سنوور بپارێزێت و بانگه‌واز بۆ ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی بكات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی توركیا به‌ راستی ده‌یه‌وێ بڕیارده‌ر بێت له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و له‌ رێی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیه‌وه‌ ئه‌نجام وه‌ده‌ست بێنێت و كورد له‌ سوریا له‌ په‌كه‌كه‌ دوور بخاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا بكاته‌ به‌شێك له‌ ستراتیژیه‌تی خۆی.

ئاخاوتن له‌گه‌ڵ كورد وه‌ك برای موسڵمان، هه‌روه‌ك پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ توركیادا كردوویه‌تی، ده‌كرێ سه‌ركه‌وتنێكی رێژه‌یی هه‌بێت. به‌ڵام تاقیكردنه‌وه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ بریتیه‌ له‌ رازیكردنی ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی سوریا واته‌ كورده‌ عه‌لمانیه‌ ناسیۆنالیسته‌كان. به‌ڵێنه‌كانی ئه‌و دواییه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ فراوانكردنی خوێندنی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان، دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد و هه‌مواركردنی ده‌ستور چه‌ند هه‌نگاوێكن به‌ ئاڕاسته‌ی راست و دروستدا. ئه‌م ریكارانه‌، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرین و ببنه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ ده‌توانن ببنه‌ مایه‌ی دڵنیاكردنه‌وه‌ی كوردانی سوریا و كه‌مینه‌كانی دیكه‌ كه‌ داهاتووی سیاسیان له‌ سووریای دوای ئه‌سه‌د له‌وانه‌یه‌ باشتر ببێت. ئه‌گه‌ر نا، له‌وانه‌یه‌ كورد له‌ سووریا وه‌ك دڕك وابن له‌ نێو قه‌دی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و ده‌وڵه‌تی دوای ئه‌سه‌د.

•نووسه‌ر مامۆستایه‌ له‌ زانكۆی به‌رگری نیشتمانی له‌ ئه‌مریكا و چه‌ندین بابه‌ت و كتێبی له‌سه‌ر كورد نووسیوه‌.

 

سەرچاوە: رووداۆ

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان