مەریوان ئیبراهیم
لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا جەنجاڵیەکانی ژیان و فرەجەمسەربوونی ئەرکەکان بونەتە هۆى تەسک بوونەوەى ئاسۆى هیواکان لای زۆرێکمان، زۆرجار بەهۆى کاریگەربوونمان بە ژینگە سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتیە شێوێندراواکانی چواردەورمانەوە ئاسۆى بینینمان بۆ داهاتوو هێندە تەسک دەبێتەوە هیچ تروسکاییەک بۆ خەون و خولیاکانمان بەدیناکەین و ئاستەنگەکانی بەردەم سەرکەوتنەکانمان هێندە زۆر دەبن بڕست لە حەزەکانمان دەبڕن، بۆیە قسەکردن لە سەرکەوتن و ڕێگاکانی، بۆتە پێویستیەکی حەتمی ئەم رۆژگارەمان. سەدان پێناسەى جۆراوجۆر کراوە بۆ سەرکەوتن ، وە هەزاران تێڕوانینی جیاواز هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و ڕێگەکانی گەیشتن پێی. زۆرێک لە کەسایەتیە سەرکەوتوەکانی دنیا گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى کە سەرکەوتن پەیوەست نیە بە کات و شوێن و بارودۆخەوە بەڵکو سەرکەوتن لە خودی مرۆڤ خۆیدایە و پەیوەستە بە خۆیەوە بۆیە ئەگەرکەسێک لە هەر ژینگەو کات و شوێن و بارودۆخێکدابێت بیرى لەسەرکەوتن کردوە ئەوە ماناى وایە دەتوانێت پێی بگات چونکە سەرکەوتن چڕ دەکرێتەوە لە ئیرادە و بیروباوەڕی مرۆڤ خۆیدا، وە ئەزموون سەلماندویەتی جیاوازی نێوان کەسە سەرنەکەوتوەکان لەگەڵ سەرکەوتوەکان بریتی نیە لە لاوازی یاخود نەبوونی هێز ، وە لاوازی ئاستی مەعریفەش نیە، بەڵکو لاوازی ویست و ئیرادەیە. هەروەکو چۆن مرۆڤ تەنیا کاتێک فێردەبێت کە ئامادەی فێربوون بێت ... کاتێکیش دەگۆڕیێت کە ئامادەى گۆڕانکارى بێت، بەهەمان شێوە کاتێکیش سەردەکەوێت کە باوەڕی بە سەرکەوتن هەبێت و ئیرادەى بەهێزبێت و ئامادەى سەرکەوتن بێت.
بۆیە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن پێویست بەوە ناکات کە هەمیشە لە لوتکەدا بین بەڵکو تەنیا کارێک کە دەبێ بیکەین ئەوەیە کە لە هەر ئاستێکی ئەزموون و کارکردندابین لە باشترین ئاستی توانامەندی خۆماندا دەربکەوین.
سەرکەوتن زانستە، هەرکەسێک بتوانێت لە دەروازەکانی ئەم زانستەوە بچێتە ژوورەوە سەرکەوتن بەدەست دێنێت.
سەرکەوتن بریتیە لە وەى مرۆڤ وابکات بەو هێز و وزەو توانا جەستەیی و مادی و دەرونیانەى کە هەیەتی لە باشترین هەلومەجی خۆیدا دەرکەوێت، کە ئەمەش ڕەنج و ماندووبوونی پێویستە، بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن ڕێگایەکی قەدبڕ بوونی نیە و ڕێگایەکی سادە و ئاسان لە ئارادانیە یاخود شێوازێکی نوێ بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن نەدۆزراوەتەوە، بەڵکو دەبێت سەرکەوتن و پێویستیەکانی بە هەوڵ و زەحمەت بەدەست بهێنرێت .
بەندە وەكو كەسێك كە ساڵانێكي زۆر مێژووم خوێندوە و وەک مامۆستایەک وانەى مێژووم گوتۆتەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا بە سەرنجدان لە کەسە دیار و سەرکەوتوەکانی مێژوو گەیشتومەتە ئەو بڕوایەى كە خۆڕاگرى و بەهێزی بەرامبەر سەختي و دژواريەكانی ژیان دەمانگەيەنن بەسەركەوتن، چونکە هەروەک (وین دەیڤیس -Wynn dadis) دەڵیت :(سەرکەوتن لە هیمەتەوە هێز وەردەگرێـت نەک لە زاڵبووندا) هەروەها دەتوانین بلێین بەشێکی زۆرى سەرکەوتن لە هەوڵ و تێکۆشاندا بەرجەستە دەبێت نەک لە بەدەستهێناندا. هەربۆیە دەبینین کەسانی سەرکەوتوو حەزێکی زۆریان هەیە بۆ فێربوون لە بارەى ژیان و جیهان و تەنانەت خودی خۆشیانەوە.
یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی فێرکردنی ڕێگەکانی سەرکەوتن بریتیە لە قوتابخانەکان، ئەگەرچی سیستەمی خوێندنی ئێمە لە قوتابخانەکانماندا هەر لە یەکەمی بنەرەتی تا زانکۆو پەیمانگاکان باشن و وانەگەلێکی زۆر سەبارەت بە زانست و زانیارى فێری قوتابی دەکەین بەڵام لە پرۆگرامەکانماندا شتێکی نادیار هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە بارەى سەرکەوتن لە ژیان و خودی ژیان منداڵەکانمان فێر ناکەین و، لە پرۆگرامەکانماندا لەبارەى چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ژیان و پێویستیەکانی ژیانەوە کە زۆر پێویستمان پێیانە قسەیەک ناهێنیینە گۆڕێ، بەڵکو سیستەمی خوێندنی ئێمە زیاتر بایەخ دەدات بە سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان و بەدەستهێنانی نمرەى بەرز و بودجەى قوتابخانە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی وانەکان و تەواوکردنی پرۆگرامەکان . ئەوانەش نابنە یارمەتیدەرى ڕاستەقینەى قوتابی بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤێکی باشتر لەوەى کە خۆى ناسیوە و، هەستی خۆناسین و بایەخ بە خۆدان و کامڵبوونی ڕەوشتە بەرزەکان و ماناکانی سەرکەوتن لە ژیاندا کەمتر بەدیدەکرێت .
هەموو مرۆڤێک بەتایبەت لە هەڕەتی لاوێتیدا خاوەنی سەرچاوە گەلێکی دەروونییە کە ڕەنگە هەندێکیانی ناسیبێت بەڵام پەی بەزۆربەیان نەبردبێت و نەیدۆزیوەتەوە ،بەڵام ئەگەر دەرفەتی گونجاوی بۆ بڕەخسێ دەتوانێت بەهۆى ئەو خەونگەلانەوە بەسەر نەرێنیەکانی ژیانیدا زاڵبێت و لایەنە ئەرێنیەکانی ژیان بدۆزینەوە کە ئەمەش یەکێ لە خۆشترین ئەو کارە چێژبەخشانەیە کە دەتوانین بیانکەین، بێگومان قوتابخانەکان باشترین شوێنن بۆ ئەوەى وا لەقوتابیان بکەین سەرکەوتووبن لە ژیان و بیانخەنە سەر ڕیگەى دۆزینەوەى خەونەکانیان .
مرۆڤ ئەوکاتە سەرکەوتووە کە بتوانێت بەرزترینی ئەوشتانەى لە دەرونیدایە دەستەبەری بکات .کاتێ سەرکەوتووە کە باشترینەکانی وجودی خۆى پێشکەش بکات، لەم بارەیەوە (تۆماس کارلایل) ی فەیلەسوف دەڵێت " با لێگەریین تا هەموان لە ئاست توانستەکانی خۆیاندا پێشبکەون".
دیارە ژیانیش بێ گرێ و گۆڵ و ئاستەنگ نیە بۆیە کەسانی سەرکەوتوو ژیان بە هەموو گیروگرفتەکان و (بەرەنگاریەکان – تحدیاتەکان) وە قبوڵ دەکەن و، لەو نێوەندەدا بەدواى ئامانجگەلەکانیاندا وێڵن و چێــــژ لە ئاستەنگەکان وەردەگرن.
هاڵ ئوربەن دەڵێت " ئێمە لە ڕیگەماندا بۆ سەرکەوتن بە پەلەین و گرنگی بە سەرچاوە دەرونیەکانی خۆمان نادەین، و لەبرى ئەوەی تواناکانمان ببینین سەرنج لە سنوردارى تواناکانمان دەدەین".
جان گاردنەر: " لە کۆمەلگای ئیمەدا خەڵکانیکی زۆر ناتوانن بگەن بە توانامەندیەکانی خۆیان ... ئەو ژینگەیەى کە تیایدا دەژین نەک پاڵنەر نیە بەڵکو هەندێکجار ڕێگریشە" .
سەرکەوتووەکان کەسانێکن گازندە لە ژیان ناکەن بەڵکو خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، لەبەرامبەر ژیاندا هەست بە بەرپرسیایەتی دەکەن، سەرکۆنەى ناکەن و بیانوو ناهێننەوە.
سەرکەوتووەکان سەرەڕای بوونی ڕگەزی نێگەتیف لە ژیاندا کەچی وەڵامی بەڵێی پێدەدەن، چونکە سەرکەوتن شتێکە لە بەدەستهێنانی دەرامەت زیاترە ،
کەسە سەرکەوتووەکان کات بەفیرۆ نادەن و کردەوەخوازن و لە کار ناترسن و ماندوو نابن و لەزەت لەکارکردن وەردەگرن.
باوەری پۆزەتیڤ گرنگترین هەنگاوە بۆ سەرکەوتن لە ژیاندا.
موعین موئمنی کارناسی پزشکی دەڵێت : " ئەو کەسانەی متمانەیان بە خۆ هەیەو روانگەیان بەرامبەر ژیان پۆزەتیڤە".
لە ھاوڕێ شکست خواردوەکانت دوور بکەوە و پشت بە ھاوڕێ سەرکەوتوەکانت ببەستە بەتایبەتی ئەوانەی ئامادەن یارمەتیت بدەن لە کاتی تەنگانە.
داھێنەر بە و دەست پێشخەربە ھەرچەند ھەڵەشت کرد دواتر سەردەکەویت.
بەھێز بە و بوێر بە و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرە.
خۆشبەختی تەنھا بە پارە نەبەستراوەتەوە یاخود بەدەسەڵات , بەڵکو بەستراوەتەوە بە شێوازی تێروانینی تۆ بۆ ژیان.
ھەردەم سەیری لوتکە بکە وەک مێروولە بە کە ھەردەم ھەوڵی سەرکەوتن دەدات ، ھەرچەند دەکەوێت بەڵام بەردەوام دەبێت لە ھەستانەوە و ھەوڵدان.
پێویستە ئێمە باشترین بیرۆکەکانمان و بەهێزترین گومانەکانمان بەکاربهێنینو پێویستە تاقییان بکەینەوەپێویستە بزانین ئایا سەرکەوتوو بوین یان نا؟ دەبێت ئامادە بین شکست بهێنین، هەڵە بکەینو ئەمجارە بەو وانەیەوە کە فێری بوین دەست پێ بکەینەوە، زۆربەى جار سەرکەوتن بریتیە لە بەرەنجامی زنجیرەیەک هەڵە کە کردومانە لەوبارەیەوە بیل کوسبی گوتویەتی: بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت پێویستە ئارەزووەکانت بۆ سەرکەوتن زۆر زیاتر بێت لە ترسەکانت لە شکست.
سەرکەوتن کۆتایی کار نیەو و شکستیش بکوژی تۆ نیە ، بەڵکو شکستەکان دەبنە هۆکاری سەرکەوتنمان بەمەرجێ بتوانین سوود لە هۆکارى شکستەکان وەرگرین، هەربۆیە هەرگیز هەست بە خەجاڵەت بوون مەکە کاتێک لە ئەنجامدانی کارێکدا شکست دەهێنی بەڵکو هەوڵبدە پەند وەرگریت لە شکستەکانت و سەرلەنوێ دەست پێبکەیتەوە .
بیرکردنەوەکانت کورت هەڵمەهێنە لە شتێکدا، زۆربەى خەڵکی تەنها بیر لەو شتانە دەکەنەوە کە خۆیان باوەڕیان وایە دەتوانن بیکەن. پێش هەموو شتێکی تر ئامادەسازی بکە بۆ سەرکەوتنەکانت چونکە ئەوە نهێنی سەرکەوتنتە.
لەکۆتایی دا دەڵێم سەرکەوە لە پێناوی بەرپەرچدانەوەى ئەوانەى ئارەزووی شکستی تۆ دەکەن ، سەرکەوتنی تۆ باشترین تۆڵە سەندنەوەیە لەوان، هەروەک ابراهیم الفقیی دەڵێت: (باشترین تۆڵە سەندنەوە لەوانەى دژایەتیان کردووی ئەوەیە تۆ سەرکەویت ).
22/3/2017