نەجیبە قەرەداغی
"ئهو دیارده و رووداوانهی كۆمهڵگه دروستی دهكهن، مێژوو دەخولقێنن. ههر مێژووییهك ژیانی بەرجەستەکردبێت وەک هاوكێشهیەکی كات و شوێن، دهبێته پێوانهیهكی جێگیر" ئەفسانە و داستانەکانی بەرئاگردانی داپیران و باپیران بە جێگە، سەردەم و ناوی کارێکتەرەکانی تەنیا یۆتۆپیا و خەیاڵێک نەبووە لە میشکیان دا کە بە نەوەکانی خۆیان و زار بە زار بە نەوەکانی دواتریان گواستبێتەوە، بەڵکو لە میزۆپۆتامیادا سەرەتای ئەو وەرچەرخانە مێژووییانە بووە کە ژیانی مرۆڤایەتی خستە نێو قۆناغێکی دیکە، هەم بە لایەنی ئەرێنێ و هەم بە لایەنی نەرێنیەکانەوە کاریگەری لە هەزاران ساڵی مرۆڤایەتی کردووە. ئەفسانەکان و داستانەکان بە زمانێکی شیعرئامێز رۆژان و ساتەوەختەکانی ئەو وەرچەرخانە مێژووییانەیان تێدا نەخشێنراوە. هەر لە ئەفسانەگەرێتی و داستانەکانی سەردەمی سۆمەر، بابل، ئەکەدی و ئاشورییەکان وەک گلگامش، ئەنوما ئەلیش – داستانی بوون تا دەگاتە ئەفسانەی بەرەنگاربوونەوەی کاوەی ئاسنگەر بەرامبەر زوحاکی خوێنمژی ئیمپراتۆری ئاشورییەکان.
بۆچون و دیدی جیاواز هەیە لە ئاست ئەفسانە و داستانەکانی هەزاران ساڵی رابردوو بەوانەی کە وەک درۆ و خورافە دەییبنن، یان لە ئاست ئاوەژووکردنەوەی بە ئەنقەست دا بێ دەنگ و خەمساردن یان وەک بەشێک لە مێژووی خۆیان خاوەنداری لێناکەن یان ئەوانەی دەیکەنە تابۆ و هێندە پیرۆزی دەکەن کە لە راستی دادەبڕێنن، یان جدیدترینیان لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی، مێژوویی و کۆمەڵناسی، تەنانەت زانستی و ئاکادیمیە کە وەک بەشێک لە راستیەکی مێژوویی ئەو سەردەمە دەخوێنێتەوە. دەکرێت دوایین دید نزیکتر بێ لە راستی بۆ خوێندنەوەی ئەفسانە و داستانەکان کە بۆ کورد و زۆرێك لە گەلانی دیکەی میزپۆتامیا پێدەچێ کاوەی ئاسنگەر و چیرۆکی ئاگری نەورۆز گرنگرینترینیان بێت کە سەمبولی سەرکەوتنی مادەکان بەسەر زوڵم و زۆرداری ئیمپراتۆریەتی ئاشوری دا. لەسەر خودی نەورۆز زۆر بۆچونی جیاواز هەیە کە هەندێ پێیان وایە کاوەی ئاسنگەر بوونی نەبووە و دروستکراوە و گوایە لە راستی دا ئەو کایاکسار بە یەکگرتنی عەشیرەتەکانی مادەکان و بە هاوپەیمانی لەگەڵ بابلیەکان دا ئیمراپۆریەتی ئاشورییان ڕوخاندووە و هەندێکیش تریش پێیان وایە کە فارسەکان بۆ رەواییدان بە مەیلی نەژادپەرستیان دەستیان بەسەر ئەو بۆنەیەدا گرت و کردیانە هی خۆیان و تەنانەت فردەوسی لە شاننامەدا ڕاستی نەورۆز دەباتەوە سەر ئەفسانەیەک کە لە راستی خۆی دووریدەخاتەوە و دەیکاتە بەشێک لە مێژووی فارسەکان.نەورۆز دواتر بە شێوازی جیاواز چەواشەکرا، داگیرکەرانی کوردستان رۆژی کردنەوەی ئاگری نەورۆزیان یان قەدەغەکرد وەک لە تورکیا یان ئاوەژوویان کردەوە و کردیانە جەژنی دایک یان جەژنی هاتنی بەهار، یان کردیانە بۆنەیەکی کەلتوری هەر وەک چۆن لە ئێران بە سفرەی حەوت سین و هەندێ بۆنەی روالەتی کە تا ئێستا بەشێک لە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان با ئاگاییەوە بێت یان بێ ئاگایی وەها یادی نەورۆز دەکەنەوە.لە سادەترین پێناسەی دا نەورۆز بە درێژایی مێژووی ٦١٢٢ ی پ.ز-ەوە ئاگرەکەی لە رۆژی وەرزی بەهار دا هەڵکراوە. ئاگرێکە لە بەرامبەر زۆرداری داگیرساوە، ڕاستی وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەمبولی ڕاپەڕین، بەرخودان و بەرەنگاربونەوەیە لە بەرامبەر زولم و ستەم.ئاگر کە واتای ژیانیش دەدات دیاردەیەکی گرنگ و دانەبڕاوە لە ژیانی زەردەشتی و عەلەویەکانیش دا. زەردەشتیەکان ئاگر وەک شتێکی پیرۆز دەبینن لە ئاتەشگەکانیان دا و عەلەویەکانیش بە هەمان شێوە. ساکینە جانسز – سارا ژنە تێکۆشەر و شۆرشگێڕی کورد ( یەک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ دوو هەڤاڵی لە ٩ی چلەی٢٠١٣ دا تیرۆر کرا) لە بیرەوەریەکانی دا باس لە داپیرەی دەکات و دەلێ" داپیرەم هەرگیز ئاگری نەدەکوژاندەوە، بە شەو بە خۆڵ دایدەپۆشی و لە بەرەبەیانیشەوە دەستی بە کردنەوەی ئاگر دەکردەوە، پێی گوناح بوو کە بچیتە مالێکی تر ئاگر بێنی یان ئاگری پێبدانا، ئەگەر یەکێک داوای ئاگری بکردایە خۆ لێ توڕە دەکردن و ئامۆژگاری دەکردن کە لە شەوەوە ئاگری خۆیان بشارنەوە".
ئاگر و نەورۆز دوو دوانەی لە یەک دانەبڕاون. هاندەر و لایەنی رۆحی ئاگری نەورۆز لە سەردەمی جیاواز لە کوردستاندا تا رۆژی ئەمرۆ بە شێوازی جیاواز بە نهێنی بێ یان بە ئاشکرا لە ژێر زەبری قەدەغە بێت یان هەوڵی بەلاڕێدا بردنی لەلایەن سیستەمە دەسەڵاتدارەکانەوە، بەڵام هێشتاش هەم وەک ڕاستی بەرخودان و هەم وەک سەمبولێک جێی خۆی گرتووە. گرنگە کە نەوەکانی دواتر جگە لە مێژووی دێرینی ، لە مێژووی هاوچەرخی دا بزانن کە چۆن ئەو واتا راستەقینەیەی پێی درا. چۆن وێرای هەوڵی شێواندنی واتاکەی رۆحی بە بەردا کرایەوە و واتای هەم نەتەوەیی، هەم سەمبولی پێکەوە ژیانی گەلان و هەم واتای سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتی لێ بارکرا.
نەورۆز سەمبولی بەرەنگاربوونەوە کۆمەڵگەیەکە کە سەرکوتکراوە، بەڵام ئیمپراتۆریەک کە زوڵمی کردووە ئەو ئیمپراتۆریە ئەگەر ناوی ئاشوری بێت، بەڵام چ پەیوەندی بە راستینەی خەڵکی ئاشوریەوە نیە بەڵکو مەیلێکی دەسەڵاتدارێتی تێکشکاوە لەڕق لێبونەوەیان لە نەورۆز. هەندێ لەو ئاشوریانەی لە تەوەری دەسەڵاتدارێتی دا بیر دەکەنەوە رۆژانی نەورۆز وەک رۆژێکی غەمگینی و پرسەیەک دەبینن کە لە راستی دا لە مێژووی هاوچەرخ دا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان زۆر هەوڵیان دا گەمە بەم مەیل و هەستە بکەن و دنەیان دا، بەڵام کاتێ بەرەی بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆری و تۆتالیتاری بێ جیاوازی گەلانی کورد، ئاشوری، ئەرمەنی، فارس و عەرەب و ئاین و ئاینزاکان و کەلتور و زمان و جیاوازییەکان سەرکوت دەکات ئەو کات نەورۆز دەبێتەوە سەمبولی بەرخودان بۆ هەموو ئەو رەنگ و کەلتورانە بە بێ جیاوازی.
نەورۆز وێرای ئەوەی بە کردنەوەی ئاگر لە ئێوارەی ٢٠ – ٢١ ئاداری هەموو ساڵێک دا پیرۆز دەکرا، بەڵام بە سەرکوتکردنی گەلی کورد و گەلانی دیکە و پێشێلکردنی مافەکانیان و نکوڵی کردن لە هەبوون وناسنامەیان جارێکی تر بووەوە هەوێنی بەرەنگاربوونەوە و ڕاپەرین.
کەس هەیە سێ دەنکە شقارتەکەی مەزڵوم دۆغانی نێو زیندانی شومی ئامەد کە قەڵای زوڵمی دەوڵەتی تورکیایە لە بیر بچێت.
لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ ى ١٩٨٠ ەوە کە دەگوترێت نەورۆز ئیتر لە زیندانی ئامەدەوە بە ئاگری جەستەی مەزلوم دۆغان، تا سوری ئامەد بە ئاگری جەستەی زەکیە ئالکان و ، لە ئەڵمانیا ڕەهشان دەمیرال و بێریڤان دەناسرێتەوە، کە هەبوون، ناسنامە و مافەکان قەدەغە دەکرێت ئاگر دەبێتەوە مەشخەڵی بەرەنگاربوونەوە و بەرخودان.
نەورۆز بووە هەوێنی شیعر بۆ زۆر شاعیری کورد و تەنانەت گەلانی دیکە بەڵام لە نێو شاعیرانی کورد دا وەک پیرەمێرد کە دەڵێ "ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە، جهژنێکی، کۆنی کورده و به خۆشــی و به هاتهوه" کەم شاعیری تر توانی توانی کە کرۆکی راستەقینەی نەورۆز بنەخشینێ. مرۆڤ لەشیعرەکە ورد دەبێتەوە، نەورۆز قەتیس ناکات بە کوردەوە و دەیکاتە مژدەیەک بۆ گەلانی دوور و نزیک کاتێ دەڵێ "
چهند ساڵ گوڵی هیوایی ئێمه پێ پهست بوو تاکو پار
ههر خوێنـــی لاوهکان بوو، گـووڵی ئالی نهوبههار
ئهو ڕهنگه ســـووره بوو که له ئاسۆی بڵندی کـورد
مــژدهی بهیانی بۆ گــــــهلی دوور و نزیک ئهبرد"
جوانی ئەم شعیرە لەوەدا کە کچان لە سەنگەری بەرگری لە یاد نەکردووە و هەزاران ساڵی دیکە ئەم شیعرە بیخوێنرێتەوە بەشێکی گەورەی کەلتوری یەکسانی و پێکەوە ژیان قەرزارباری ئەو بەرخودانە دەبێت.
کە ئەمڕۆ بە شێویەکی بەرجەستە لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا دا نەخشاوە ئەگەر پیرەمێرد ئەو شیعرەی بۆ واقیعی ئەو کاتە داڕشتبێ و نەیویستبێ ئەو بەرگریکارییە ون ببێت لە مێژوودا، وەک ئەوەی کە پیرەمێرد ئەو شیعرەی بۆ ژنانی شەڕڤان و گەریلا وتبێت. کاتێ دەڵێ:
تا ئێســـــتا، ڕووی نــهداوه له تاریخی میـللهتان
قهڵغـــــنی گووله سنگی کچان بێ له ههڵــمهتا
نەورۆز نەک ئەفسانە، بەڵکو وەک ڕاستیەکی مێژوویی ، لە ماوەی ٤٠٠ ساڵی تێکۆشانی گەلانی کوردستان و میزۆپۆتامیا واتایەکی سیاسی لێ بارکرا.
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان زۆر هەوڵی قەدەغەکردنیان دا، بەڵام نەیانتوانی، بە تایبەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای ڕاپەڕینەکانی باکوری کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ٩٠کان دا تا ئاستێک مل بە ئیرادەی گەلی کورد بدات، بەڵام هەرگیز ئەو ئیرادەیەی بۆ هەرس نەکرا.
لە باشوری کوردستان کە لە سەردەمی لوتکەی دڕندەیی رژێمی بەعسیش دا نەورۆز هەروەک رۆژی سەیران و گەشت و گوزاری و هاتنی بەهار گوزارەی لێدەکرا و لەوە واوەتر نەکرایە هاندەرێک بۆ بوژاندنەەی رۆحی بەرخودان و بەرەنگاربونەوە، دەبینین کە لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە لە باشوری کوردستان، تەنانەت رۆژهەڵات و رۆژئاڤای کوردستان دا ئاگری نەورۆز جەماوەریانە و وەک بۆنەیەکی بە کۆمەڵ دەکرایەوە و تەنانەت ئیتر شارەکان لە نێو خۆیان دا لە پێشبرکێی ئەوەدا بوون کامیان ئاگرێکی گەورەتری نەورۆز بکەنەوە و گوزارە لە گەورەیی بۆنەکە بکەن.
نەورۆز لە باکوری کوردستان گەیشتە ئەو ئاستەی کە ملیۆنان مرۆڤ بە ڕەنگ و سەمبولی شۆڕشگێڕی و نەتەوەییان سەرهەڵدان ئاسا بێنە مەیدانەکان، ئاگر بکەنەوە و پەیامی داخوازی و ئیرادەییان نیشان دا بدەن.
مێژووی هاوچەرخ لە دەیان ساڵی رابردوودا شایەتحاڵی بۆ ناسنامەیەکی نوێی نەورۆز کرد، نەورۆز تەنیا ئیتر جەژنێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو ساڵانە مەیدانی راگەیاندنی خاڵی وەرخەرخان و پێشکەوتنە سیاسیەکانی گەلی کورد بوون. ئەو گۆڕانکارییە لە واتای و کارێکتەری نەورۆز دا کاریگەری گەورەی لە بەشەکانی تری کوردستان کرد.
جەژنی نەورۆز نەک تەنیا لە شارەکانی کوردستان بەڵکو بووە سەمبولێک بۆ ئازادی و بەرگری لە شارە گەورەکانیش، مەیدانەکانی نەورۆز تەنانەت بووە مەیدانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. لەو جێیانەی کە ژنان مافی ئەوەیان نەبوو لە ماڵ بێنە دەرەوە ئاگری نەورۆز ئەوانی لەمەیدانەکان دا لە ڕیزی پێشەوەی ئەو بۆنەیەدا کۆکردەوە.
ئیتر نەورۆز لە هەموو جیهان دا بە ناسنامەی کورد و لە نێو کوردیش بە رەنگی ژنان دەناسرا.
نەورۆز تەنیا رۆژێک نەبوو بۆ کردنەوەی ئاگر، هەڵپەڕکێ و گۆرانی و دروستکردنی کەشی قەرەباڵغی بەڵکو سەکۆکانی نەورۆز سەکۆی راگەیاندنی ئیرادەی گەلان و بەتایبەتی ژنان بوون. لە نەورۆزی ٢٠٠٦ دا دوای ئەوەی کە پرۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە باکوری کوردستان ڕاگەیەنرا، ئیتر نەورۆز هەر ساڵێک بە هەنگاوی نوێی سیاسی و پرۆژەی نوێ دەهاتەوە مەیدان. لە نەورۆزەکانی دواتر دا پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان، چەسپاندنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، مۆدێلی خۆسەری بۆ بەڕێوەبردن کە ئێستا لە رۆژئاڤای کوردستان و باکوری سوریادا نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ گەلانی دیکەش خاوەن ناوەڕۆکێکی دیموکراتی، ئازادی ژێندەری و ئەکۆلۆژیە.
بەو پێیە نەورۆز تەنیا بۆنەیەک نیە بۆ بەرەنگاربونەوە، بەڵکو وەرچەرخانێک بوو بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەری.
نەورۆز تەنیا پەرچەکردارێک نەبوو لەبەرامبەر زوڵم بەڵکو هەر ساڵ هەنگاوێکی تر بەرەو خۆبوون و خۆبونیادنان.
ئاگری نەورۆز لەوە دەرچوو کە تەنیا رۆژێک بێت و جۆشی بە چەند رۆژێک کۆتایی بێت، بەڵکو ئەو رۆح و هاندەرە بوو لە نێو کۆمەڵگەدا کە لە بۆنەوەی هەشتی ئادار رۆژی جیهانی ژنانەوە دەستی پێدەکرد و تا چەندین رۆژیش دوای نەورۆز کۆمەڵگە دەخستە نێو کەشی شۆڕش و بەرخودانەوە. سەما یوجە لە بەرامبەر سیاسەتی تەسلیمبوون بە زهنیەتی پیاوسالاری و تەسلیمخوازیانەی دەوڵەتی تورک وتی" لە خۆلەمیشی خۆمان خۆدەخوڵقێنینەوە"، ئەو پەیامەی بە دوژمن دا کە لەناو زیندان دا ناتوانن بە رادەستبووونمان بە ڕەمەک و ، عەقلیەتی باڵادەستی و نەریتی لە ئەرکی شۆڕشگێری دوورمان بخەنەوە.
ئەو کەلتورەیە کە دەوڵەت ناتوانێ پەی پێبەرێت چەندە ئاستی زوڵم و زۆرداریشی سەخت و دژوار بکات.
لەم ڕۆژانەدا لە کاتێکدا کە ستەم و زوڵمی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەتی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا لە ئەوپەڕی دایە بەرامبەر بە داواکانی کۆمەڵگە و ژنان، بەڵام وەڵامدانەوە بە کۆمەڵکوژی، لەناوبردن و سێدارە و نکوڵی و گۆشەگیری بێ دوو دڵی گەلی کورد لە پێشوازی بەهار، نەورۆز و قۆناغێکی ناچاری دا بۆ بەرخودان و بەرەنگاربونەوە و لەوە زیاتر چ رێیەکی تر نیە. ژنە پەرلەمانتاری هەدەپە سیبەل ئیگیت دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و پەرلەمانتاری پارتەکەیان بە ئاماژە بەو زوڵم و ستەمەی ئەرۆدغان کە بۆ گەیشتن بە سیستەمی سەرۆکایەتی لە بەرامبەر هەدەپە و گەلی کورد و کۆمەلگە بە گشتی و هێزەکانی بەرهەڵستکار بەرێوەدەبات لە پەرلەمان وتی "ئەم بزوتنەوە سیاسیە بە هەدەپە دەستی پێنەکرد و بە هەدەپەش کۆتایی نایەت ، ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکە کە لە خۆڵەمیشی خۆی خۆی دەخولقێنیتەوە، دەبێ ئەوەتان لە یاد نەچێ".
دەگوترێت هەموو شتێک لە باریکی دا دەپچرێت تەنیا زوڵم نەبێ لە ئەستوری دا دەپچرێت بۆ ئەو پچڕاندنە وا دیارە لەم بەهارە جارێکی تر ئاگری نەورۆزێکی گوڕتر هەڵدەکاتەوە، پیدەچێ لە ژێر زوڵم و کۆمەڵکوژیەکان دا پڕشتیان لەکۆمەڵگە بڕیبێ، بەڵام رۆڵەکانی ئەم جوگرافیایەیە شایەتحاڵانی چەندین سەردەمی وەرچەرخانی مێژوویی بوون و زۆردارەکانیان کەمتر نەبوون لە ئەرۆدۆغان و لە سەکۆی مێژوو سوڕانەوە.
کە مەیدانەکانی نەورۆز لە رۆژی ئەمڕۆ دا ڕەنگاوڕەنگە خۆی لە خۆی دا ئالەنگاریەکە لە ئاست ئەو ڕەشفکری و تاریکپەرستیەی سیستەمە تۆتالیتارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە لە قۆناغی هەرە دواییان دا پشتیوانکاری ، هاندەر و فینانسکاری سەرەکی داعش بوون. ڕەنگ و ڕەنگای میزۆپۆتامیا و کوردستان خۆی لە خۆی دا ئەلتەرناتیڤێکە لە بەرامبەر ئەو ڕەشی و تاریکی ئەو هێزانە تاریکپەرستانە. باخچەیەکە لە رەنگ و کەلتوری جیاواز، پێکەوە ژیانی ئاشتی و یەکسانانە. ئاگری نەورۆز خۆی لە خۆی دا سەمبولێکە بەهێزە بۆ سوتاندنی ئەو زۆردارانەی کە تا رۆژی ئەمرۆش لە سەر شەڕ، ئالۆزی، برسێتی و لەناوبردنی ڕەنگ و جیاوازیەکان دەژین.
ئاگری نەورۆز ئەمڕۆ مەشخەلێکە لە دەستی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و رەمزێکی پێشەنگایەتیە، ئەمرۆ واتای ڕاستەقینەی نەورۆز لە شۆڕشی رۆژئاڤادا دەبینرێت. ئەرکی سەرەکی ژنان بە تایبەتی ژنانی باشوری کوردستانە کە ئەو رۆژە تەنیا وەک رۆژێکی کەیف، سەفا، سەیران و خۆرازاندنەوە دەرخەن بیکەنە رۆژێک بۆ خۆسازدانەوە و تەنانەت دەتوانن رۆژانی هەشتی ئادار تا نەورۆز بکەنە رۆژانی لە دەوری یەک کۆبونەوە، خۆسازدان و پەیام و پرۆژەی هاوبەش لەو بۆنانەی دەکەوێتە نێوان رۆژانی بەر لە هەشتی ئادار تا دەگاتە نەورۆز و دواتریش. بۆنەکانی یادی ڕاپەرینی باشور و باکور ( بە تایبەتی هەرێمی بۆتان کە ئێستا لە ژێر هێرشێکی دڕندانەی ئەردۆغان دایە)، هەشتی ئادار رۆژی جیهانی ژنان، ١١ ئادار رۆژی ڕاپەرینی قامشلۆ، ١٦ ئادار یادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، نەورۆز ٢١ ئادار کە یادی ئەو تێکۆشەرانەیە کە لە زیندان و دەرەوە بە ئاگری جەستەیان نەورۆزیان پیرۆز و دواتریش لە ٢١-٢٨ ئادار هەفتەی قارەمانێتی کە یادی فەرمانداری ئەفسانەیی کوردستان عەگید( مەعسوم قۆرقمازە – فەرمانداری ئەرتەشی رزگاری گەلی کوردستان کە لە ٢٨ ئادار ١٩٨٦ لە بۆتان شەهید بوو). مرۆڤ گرنگە پرسێک بکات لەوە گرنگتر خاڵی هاوبەش هەیە کە ژنان و گەلان لە دەوری ئازادی کۆبکاتەوە لە کاتێکدا کە خاوەن هێندە میراسێکی گەورەی مێژوویی بن؟.
لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی هەیە لەبەرامبەر کۆمەڵگە و ژنان بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین بەهێندەی نەورۆز و واتا مێژوویی و هاوچەرخەکەی لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دا پاساوێکی بەهێزتر هەیە بۆ تێکۆشان؟. هەرچۆن نەورۆز دیارده و ڕوداوێکە كۆمهڵگه دروستی کردووە و مێژوویەکی خوڵقاندووە ، ٤٠ساڵی تیکۆشانیش وەک هاوكێشهیهكی كات و شوێن جێگیری ئەو پێوەرە نیشان دەدات.
21/3/2017