نووسین و توێژینه‌وه : هۆمه‌ر نۆریاویی
(به بیانووی به‌رزڕاگرتنی یادی میدیاکاری کورد "شیفا گه‌ردی")
کورت و پوخت:
ئه‌م کورته نووسینه ده‌یه‌وێت وه‌رامی گونجاو بۆ ئه‌م چه‌ند پرسیاره جهوههریییه بدۆزێته‌وه که"ڕۆژنامه‌وان" به کێ ده‌وترێت ، پێناسه‌ی "په‌یامنێری جه‌نگ" چییه ، "په‌یامنێری قه‌یران" کێیه و ئه‌م دووه چلۆن لێک جیا ده‌کرێنه‌وه و میدیای کوردیی له کوێی ئه‌م بازنه‌دایه؟
پێشبار:
میدیای بینراوی کوردیی مێژوویه‌کی ئه‌وه‌نده دوور و درێژی نییه و ته‌مه‌نی 30 ساڵانی تێنه‌په‌ڕاندووه. به گفتێکی دی، ده‌کرێ بڵێین هێشتا میدیایه‌کی ساوایه و دارهداریهتی و خه‌ریکی پێڕه‌وکه و گهواڵکێیه. هه‌ر بۆیه ئه‌مه پرسێکی ئاسایی ده‌بێت که له کاتی زۆر قه‌یران و ڕووداوی کت‌وپڕ و له زۆر بوار و به‌ستێندا به‌ره‌و ڕووی کێشه و ئارێشه ببێته‌وه. به‌ڵام پێویسته به گوێره‌ی ڕه‌وشی سه‌رده‌م و میدیای پێشکه‌وتووی جیهانیی، میدیای کوردییش خۆی پێش بخات و هه‌ر له هه‌مان قۆناخی سه‌ره‌تایی و ده‌سپێکدا نه‌مێنێته‌وه. بۆ گه‌ییشتن به‌م ئامانجه، کۆلیژه‌کانی ڕاگه‌یاندن ده‌وری سه‌ره‌کیی ده‌بینن و ده‌توانن نه‌وه‌یه‌کی زانستوه‌ر و وشیار بۆ پێشخستنی میدیای کوردیی بار بێنن؛ به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو شته‌کان له لایه‌ن گرووپ و پارتێکه‌وه قۆرخ نه‌کرێن و هه‌لی یه‌کسان بخرێته به‌رده‌م جیل و نه‌وه‌ی ده‌رچووی به‌شه‌کانی ڕاگه‌یاندن. له دۆخێکی ئه‌وتۆدا ده‌بێت گه‌شبین بین به داهاتووی میدیای کوردیی ئه‌گینا هه‌ر به ده‌وری هه‌مان بازنه به‌رته‌سکه حیزبییه‌که‌دا ده‌سووڕێینه‌وه و زۆر خێراتر له جاران، به‌رده‌نگمان له کیس ده‌چێت و متمانه‌ی جهماوهرییشمان له ده‌ست ده‌رده‌چێت.
ڕۆژنامه‌وان و په‌یامنێری جه‌نگ
کۆنڤانسیۆنی ژنێف و، مادده‌ی 7ی په‌یوه‌ست به‌م کۆنڤانسیۆنه به‌م چه‌شنه پێناسه‌ی "ڕۆژنامه‌وان" ده‌کات: "ڕۆژنامه‌وان به که‌سێک ده‌وترێت که هه‌وڵ ده‌دات زانیاریی بۆ بڵاڤۆک و چاپه‌مه‌نی، ڕادیۆ و تێ ڤێ وه‌ده‌ست بخات، شه‌رح و ڕاڤه‌ی بکات و ده‌کاری بێنێت؛ په‌یامنێر، ڕیپۆرتێر، وێنه‌گر و شاره‌زای به‌شی ته‌کنیکیی فیلم ده‌که‌ونه نێو ئه‌م بازنه‌وه". هه‌ر له بڕگه و مادده‌ی 79ی پرۆتۆکوڵی ژماره 1دا ڕۆژنامه‌وان، به که‌سێکی مه‌ده‌نی داده‌نێت. یان به واتایه‌کی دی، ڕۆژنامه‌وان، که‌سێکه که کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌کات و ڕووماڵی ڕووداو، پێشهات و گۆڕانکارییه‌کان ده‌کات. به‌ڵام "په‌یامنێری جه‌نگ" War correspondent))به‌و ڕۆژنامه‌وانه ده‌وترێت که ڕاپۆر و هه‌واڵ و نووچه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ بۆ بینه‌ر و به‌رده‌نگ ده‌گوێزێته‌وه.
له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، ئه‌م چه‌شنه په‌یامنێره،ناوی به "په‌یامنێری تایبه‌ت"ده‌رکرد . ئاماده‌بوون له به‌ره‌کانی جه‌نگ بۆ ڕووماڵ و گوێزتنه‌وه‌ی هه‌واڵ، ڕاپۆر، وێنه و فیلم،له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی په‌یامنێری جه‌نگ دێنه ئه‌ژمار. هه‌ر بۆیه په‌یامنێریی جه‌نگ، یه‌کێکه له پڕمه‌ترسیترین جۆره‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئه‌رکێکی زۆر زه‌حمه‌ت و قورسی له سه‌رشانه. له لایه‌کی دیکه‌وه،گوێزتنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداوه‌کانی جه‌نگ،پێگه و جێگه‌ی په‌یامنێری جه‌نگ به‌رز ده‌کاته‌وه. تیراژ و هه‌ژماری فرۆشتنی ڕۆژنامه‌کان له سه‌رده‌می شه‌ڕدا به‌رز ده‌بێته‌وه و به‌رده‌نگی هه‌واڵی ڕادیۆ و تێڤێیهکانیش به هه‌مان چه‌شنه فره‌تر ده‌بێت. له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا گوێزتنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بویه‌ری به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ ته‌کانێکی زۆری به خۆوه بینیوه و میدیاکان له ڕێی په‌یامنێرانی خۆوه، ڕووماڵی هه‌واڵ و نووچه‌ی به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ ده‌که‌ن. ئه‌مجۆره له ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌خڵه‌تیی و دژواریی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به یه‌ک له پڕمه‌ترسیترین جۆره‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
مێژووی یه‌که‌مین ئاماده‌بوونی میدیاکان له به‌ره‌کانی جه‌نگدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می دوو جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م و دووه‌م. هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه تا ئێستا به ده‌یان په‌یامنێر گیانی خۆیان له پێناو ئه‌و ئامانجه و مه‌به‌سته‌دا به‌خت کردووه. دواتر په‌یامنێرانی جه‌نگ که‌وتنه نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆ تا ڕێ بۆ به‌ره‌ی داهاتوو هه‌موارتر بکه‌ن. یه‌ک له گرینگ‌ترین ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژنامه‌وانان له سه‌رده‌می جه‌نگدا، تۆمارکردن و گوێزتنه‌وه‌ی ورد و ڕاستبێژانه‌ی مێژووی جه‌نگ بۆ به‌ره‌کانی داهاتوویه.
بوێریی و ئازایه‌تی، حه‌ز و هۆگریی تایبه‌ت، شاره‌زایه‌تی له بواری جه‌نگدا به چه‌ند خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کیی بۆ په‌یامنێرانی جه‌نگ داده‌نرێن. په‌یامنێری جه‌نگ پێویسته خاوه‌نی جل و به‌رگی تایبه‌ت بێت و نابێت وێنه و دیمه‌نه‌کان گه‌رما و گه‌رم و ڕاسته‌وخۆ بگوێزێته‌وه و گه‌ره‌ک پاش ڕاوێژکردن به فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی، ئه‌م ئه‌رکه جێبه‌جێ بکات؛ هه‌روه‌ها پێویسته له بن چاودێری فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییدا ئیشه‌کانی ڕاپه‌ڕێنێت.
قه‌یران و په‌یامنێری قه‌یران
قه‌یران، یه‌ک له‌و حاڵه‌ته نهخوازرانهی ژیانی ئینسانه که باڵ به‌سه‌ر هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیاندا ده‌کێشێت و تاک، گرووپ، کۆمه‌ڵگه، وڵات، کیشوه‌ر و بگره جیهان تووشی دۆخێکی ئاڵۆز ده‌کات و برین و زامه‌کانی، زۆر دره‌نگ ساڕ‌ێژ ده‌بێت. هه‌نگاونان له نه‌زم و تهکووزییهوه به‌ره‌و بشێویی و ئاڵۆزیی به قه‌یران ناودێره. یان به واتایه‌کی ڕاستتر قه‌یران،به‌و پێشهات و دیارده‌یه ده‌وترێت که به شێوه‌یه‌کی کت‌وپڕ و به‌رفره سه‌ر هه‌ڵده‌دات و تاک، گرووپ و کۆمه‌ڵ تووشی ڕه‌وشێکی پڕمه‌ترسی ده‌کات و بارێکی ئاوارته به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێنێت و چه‌ندین جۆره؛ وه‌ک قه‌یرانی تاکه‌که‌سی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی،سیاسی، نێوده‌وڵه‌تیی و ژینگه. په‌یامنێری قه‌یران ده‌بێت بتوانێت له دۆخی ئاڵۆز و شپرزی جه‌نگدا، به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ زانیارییه‌کانی بۆ به‌رده‌نگ بگوێزێته‌وه. له ڕاستیدا یه‌ک له ده‌ره‌نجامه ترسناک و ماڵوێرانکه‌ره‌کانی قه‌یران ،هه‌مان جه‌نگه که له‌سه‌ر هه‌موو سووچ و که‌ل و قوژبنێکی ژیانی ئاده‌مزاد کارتێکه‌ری ده‌بێت. یان به واتایه‌کی دی، ڕه‌هه‌ندێکی ترسناک و هه‌ژێنه‌ری قه‌یران، جه‌نگه. هه‌ر بۆیه په‌یامنێری قه‌یران ده‌بێت به ئاماده‌کاریی و شاره‌زایه‌تی تایبه‌ته‌وه ڕوو له‌م بواره بکات. ڕاسته قه‌یران خۆی له خۆیدا ئاڵۆزیی و کێشه و ئارێشه‌ی پێیه به‌ڵام من پێموایه ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌کانی په‌یامنێری قه‌یرانه جۆربه‌جۆره‌کان، زۆر لێک جیاوازن و پێویسته په‌یامنێران بۆ ئه‌و چه‌شنه بوارانه ڕابهێندرێن و خولی تایبه‌ت به هه‌ر جۆره قه‌یرانێکیان تێپه‌ڕاندبێت. لێره‌دایه که جیاوازیی ده‌که‌وێته نێوان په‌یامنێرانی قه‌یرانه‌وه و هه‌موو په‌یامنێرێک، بۆ گشت جۆره قه‌یرانێک ناشێت و پێویسته هه‌ر جۆره قه‌یران و په‌یامنێری تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت تا سه‌رکه‌وتووانه بتوانێت ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ بکات. ئه‌گینا خودی ئه‌م پرسه ته‌شه‌نه به قه‌یرانه‌که ده‌دات و ئاڵۆزیی زێتر دروست ده‌کات. له شه‌ڕدا هه‌موو شتێک ڕوو له ئاڵۆزیی ده‌نێت. هه‌ر بۆیه په‌یامنێری جه‌نگ که‌سێکه که ئه‌مجۆره ئاڵۆزییانه ده‌گوێزێته‌وه و ده‌یه‌وێت نه‌زم و ته‌کووزیی و وره‌به‌رزیی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا پێک بێنێت و سه‌قام و ئاسایش بۆ نێو کۆمه‌ڵ بگه‌ڕێنێته‌وه.
میدیای کوردیی و په‌یامنێری جه‌نگ
مێژووی میدیای بینراو لای کورد (که خۆی خودانه‌تی بکات)ئه‌وه‌نده دوور و درێژ نییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆتایی ساڵی 1995ی زایینی و کرانه‌وه‌ی که‌ناڵی "مهد تێ ڤێ". هه‌ر له‌و ده‌مه به‌دواوه تا هاتووه ژماری که‌ناڵه کوردیییه‌کان زێتر بوونه و کورد نها خودانی پتر له ده‌یان که‌ناڵی ئاسمانییه که به‌شی فره‌شیان سه‌ر به پارت و حیزب و لایه‌نێکی دیارن و مخابن هێشتا ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی میدیایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆ نین. هه‌ر بۆیه هه‌ر که‌ناڵه و ته‌نیا گوزارشت له خواست و داواکارییه‌کانی گرووپ و پارته‌که‌ی خۆی ده‌کات و زۆر پرسی هه‌ستیاری نه‌ته‌وه‌یی په‌راوێز ده‌خرێن. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا چه‌ند که‌ناڵێکی پێشکه‌وتوو(له باری ته‌کنیکییه‌وه) سه‌ریان هه‌ڵداوه و به ستافێکی نیوهپێشکهوتوو و نیوهپیشهییهوه خه‌بات ده‌که‌ن و بۆ خۆیشیان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن و نه‌ته‌وه‌یین به‌ڵام ڕاستیت ده‌وێت تا هه‌نووکه کورد خودانی که‌ناڵێکی نه‌ته‌وه‌یی و بێلایه‌ن نییه. شێوازی ڕووماڵکردن لای ئه‌م جۆره که‌ناڵانه بۆ خۆ سه‌لمێنه‌ری هه‌مان ڕاستییه. به‌شی زۆری ستافی نێو ئه‌م که‌ناڵانه پێشتر ئه‌زموونێکی ئه‌وتۆیان له نێو دنیای ڕاگه‌یاندن و میدیادا نه‌بووه و ڕه‌نگه سه‌دی پێنجیشیان، ده‌رچووی بواری ڕاگه‌یاندن نه‌بن. به‌ڵام گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسینه(په‌یامنێری جه‌نگ)، کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو خه‌ریکی به‌رخۆدان و خه‌بات بووه، له‌م بواره‌دا ڕه‌نگه بڵێین چالاکانه هاتۆته نێو مه‌یدانه‌وه و خاوه‌نی گه‌لێک ده‌نگ و سیمای زۆر سه‌رکه‌وتوو و هه‌ره کارا و چه‌له‌نگه به‌ڵام وه‌ک په‌یامنێری جه‌نگ که خولی تایبه‌ت به‌م بواره‌ی وه‌پشت سه‌ر نابێت و کاری تێدا کردبێت، به‌داخه‌وه به ئاشکرا سه‌رپاک میدیای کوردیی له‌م سۆنگه‌وه لاسه‌نگیی و کرچ و کاڵیی و کڵۆڵیی پێوه دیاره. ئه‌م پرسه هه‌ندێکجار تا به‌وێ چۆته پێش که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ره‌و ڕووی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ڕاستینه کردۆته‌وه. ڕاستیت ده‌وێت ئێمه‌ی کورد هێشتا خاوه‌نی په‌یامنێری تایبه‌ت به بواری جه‌نگ و قه‌یران نین و پێویسته که‌ناڵه کوردییه‌کان ئه‌م پرسه به هه‌ند وه‌ربگرن و کادیر و هێزی کارامه‌ی مرۆیی بۆ ئه‌مجۆره دۆخه تایبه‌ته بار بێنن. په‌یامنێری جه‌نگ و په‌یامنێری قه‌یران جیا له په‌یامنێری ئاساییه و ئه‌رکێکی گه‌لێک گرانتر و قورستریان له سه‌رشانه و پێویسته به دیدێکی زانستیی و سه‌رده‌مییانه‌وه به‌ره‌و پیری ئه‌م پرسه بچین و له‌و وڵاتانه‌ی که له‌م به‌ستێنه‌دا خاوه‌ن ئه‌زموونن و به شێوه‌ی زانستیی ئیشیان کردووه، یارمه‌تی بخوازین و له خۆڕا و گۆتره گیانی میدیاکارانمان له‌به‌ر خۆنواندن و خۆگه‌وره‌کردنه‌وه، وه‌به‌ر مه‌ترسی نه‌خه‌ین.
ئه‌نجام
ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت به گوێره‌ی ئه‌و پێناسه و پێوه‌ر و شه‌رت و مه‌رجانه‌ی له‌م وتاره‌دا ئیشاره‌تیان پێدرا،میدیای کوردیی تا هه‌نووکه خاوه‌نی په‌یامنێری پیشه‌یی جه‌نگ نییه و ئه‌و پهیامنێرانهیش که له قۆڵ و باسک و به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدا ئاماده ده‌بن، به‌شێکی پرسه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌زی خۆیان و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یشی ئه‌رکی پێ سپێردراوی نێو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه و میدیاکاریش ناچاره پێملی بێت. بۆیه هه‌ر لێره‌وه وه‌ک که‌سێک که گه‌لێک ساڵان له نێو دنیای ڕاگه‌یاندنی کوردییدا خه‌باتی کردووه، ئه‌م چه‌ند پێشنازه ده‌خه‌مه به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌ران و لێپرسراوانی ده‌زگاکانی میدیایی و ڕاگه‌یاندنی کوردی:
یه‌که‌م، میدیای کوردیی له‌سه‌ریه‌تی بۆ هه‌ر ئێستا و داهاتوو، خاوه‌نی پلان و به‌رنامه بێت و به شێوازێکی زانستییانه ئیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بکات و هه‌ڕه‌مه‌کییانه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه هه‌ستیاره‌دا نه‌جووڵێته‌وه.
دووه‌م، له هه‌ر که‌ناڵێکدا ژوور و لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه پێک بێت و ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تییه‌کان له هه‌مان چوارچێودا دیاری بکرێن.
سێیه‌م، میدیاکاران ڕه‌وانه‌ی خولی تایبه‌ت بکرێن و هه‌موو که‌ناڵێک، ببێته خاوه‌نی په‌یامنێری جه‌نگ و قه‌یران و له کاتی ڕوودان و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یراندا هه‌موو ڕاگه‌یاندنکارێکی ئاسایی، ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ نه‌کرێت و گیانی میدیاکاران وه‌به‌ر مه‌ترسی نه‌خرێت.
چواره‌م، کاراکردن و بایه‌خدان به کۆلیژه‌کانی ڕاگه‌یاندن و پشت به‌ستن به تواناکانی نێو ئه‌مجۆره کۆلیژانه، ده‌توانێت زۆر یارمه‌تیده‌ری میدیای کوردیی بێت و ده‌سته‌به‌ری دادێیه‌کی گه‌ش بۆ که‌ناڵه کوردیییه‌کان بکات.
پێنجه‌م خاڵ و بگره گرینگ‌ترین خاڵیش، پاراستنی گیانی په‌یامنێران،ئه‌رکێکی هه‌ره گرینگی سه‌رشان ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه که نابێت به بیانووی ئازایه‌تیی و بوێریی و خۆنواندنه‌وه، په‌یامنێر بکرێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی که‌ناڵێک.
شیاوی وتنه خانمه میدیاکاری کورد "شیفا زکری ئیبراهیم" ناسراو به "شیفا گه‌ردی" ساڵی 1986 (1365ی هه‌تاوی)له "زێوه"ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دایک بوو و ڕۆژی 7ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2716(2017)له ته‌مه‌نی 30 ساڵیی و له کاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی له ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له مووسڵ، گیانی له پێناو ئه‌وین به پیشه‌که‌ی به‌خت کرد. هه‌روه‌ها به درێژایی ئه‌م ساڵانه گه‌لێک په‌یامنێری کورد له پیناو ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌که‌یاندا گیانیان به‌خت کردووه. سڵاو له گیانی هه‌ر هه‌موویان و یادیان هه‌رده‌م گه‌ش.
* سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌کانی ئه‌م نووسینه له دوو حه‌وته‌نامه‌ی "لووتکه"دا پارێزراون. شیاوی ئاماژه‌پێدانه که ئه‌م بابه‌ته پێشتر له ژماره 17ی لووتکه، 12ی مارسی 2017، 22ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 2716، چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه.
21/3/2017