فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ناسر باباخانی
(1)
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتیی ئەو رێکخراوانەی راستەوخۆ سەر بە رێبەری ئەو وڵاتەن، لە هەرسێ قۆناغی هەڵبژاردن: واتە بەر لە هەڵبژاردن، کاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، بە دەستێوەردان لە سەرجەم قۆناغەکاندا، بە جۆرێ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان موهەندیسی دەکا. دیارە پێشتر لە دوو قۆناغی یەکەم و دووەمدا بە کەیفی خۆیان بە فیلتەرینگی دەزگا ئەمنییەکان، وەفدی چاودێریی شار و پارێزگاکان، شوورای نیگەهبان (ئەنجوومەنی چاودێری) و... کاندیداکانیان قەڵتوبڕ دەکرد، بەڵام ئەوەی لە پاش دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەیان رووی دا، دەریدەخات کە قۆناغی سێهەمیش، واتە قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش بە تەواوی قۆرخ کراوە.بۆ وێنە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەدرێتە کەسێ کە لە هەڵبژاردنەکانی تاران دوایین دەنگی هێناوە، کەچی دەبێتە سەرۆکی ئەم ئەنجوومەنە! یان سەرۆکی پارلەمانی کۆماری ئیسلامی لە شارێکی وەک قوم بە کەمتر لە دووسەد هەزار دەنگ ئەم پۆستە وەردەگرێ، کەچی نوێنەر هەیە لە شاری تاران دە قاتی سەرۆکی پارلەمان دەنگی هێناوە! یان لە گەورەشارێکی وەک ئیسفەهان خانمێکی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازان سەرەڕای هێنانی دەنگی پێویست ئیزنی چوونە پارلەمانی پێنادرێ و رەدی سەلاحییەت دەکرێتەوە! ئەمانە مشتێ لە هەشتێن تا بۆمان دەرکەوێ کە ئیتر ئەم قۆناغەش بە مەرەدی قۆناغەکانی پێش خۆی چووە.

(2)
لە لایەکی دیکەوە هەڕەشە و گوڕەشەکانی سەرکۆماری تازەی ئەمریکا – بەدەر لەوەی تا کوێ دەگاتە ئاستی کردەوەیی – باوکی ڕووحیی ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران دێنێتە سەر خەت و لەبەر بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی داوای "ئاشتی نەتەوەیی" دەکا، هەرچەند لە روانگەی خاتەمییەوە ئاشتی نەتەوەیی نەک بەشداریی نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانە لە دەسەڵاتی سیاسیدا (بە شێوەیەکی پێکهاتەیی)، بەڵکوو گەڕانەوەی باڵێکی پەراوێزخراوە بە ناوی ئیسلاحات بۆ لۆسەی دەسەڵات! کەچی سەرەڕای ئەوەش، ڕێبەری ئێران بە توندی وەڵامی خاتەمی دەداتەوە و ئەم پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە، ئەمە بەو مانایە دێ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە دەمێک ساڵە لە سەنگەری توندئاژۆکاندایە، ئامادە نییە بە هیچ کلۆجێک دۆخێکی وەها سازبێ کە بچووکترین هیوای چاکسازی (تەنانەت لە ڕوانگەی باڵی ڕیفۆرمخوازەکانیشەوە) بێتەدی و لە هەمان کاتیشدا وەک لە سەرەتادا باسم کرد، ئیتر ئیزن نادەن بەناو هەڵبژاردنەکانیش بە شێوەیەکی دادوەرانە بەڕێوەبچن.

(3)
تەنیا مەبەستی هێزی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی بە سەرکردایەتی ڕێبەری ئەو وڵاتە، بەشداریکردنی گۆترەیی خەڵکە بۆ شەرعییەتدان بە سیستم و سەلماندنی مەشرووعییەتی خۆی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە سیستمە تۆتالیتێرەکاندا بەدی دەکرێ. هانا ئارێنت لەم بارەدا باس لە چەمکێک دەکا بە ناوی: "بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی". ئارێنت پێیوایە بەشداریی سیاسی ئەرێنی واتە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە قاڵبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیکتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەکی تر ئارێنت دەیەوێ بڵێ سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان کاتدا کە بە توندی بەر بە بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی دەگرێ، دەیەوێ ئاستی بەشداریی سیاسی ناپێکهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میکانیزمگەلێکی پۆپۆلیستی، پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵیش بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن! بۆیە مادام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی نییە و بۆ وێنە خەڵک لە کوردستان نایەنە قاڵبی پێکهاتە و حیزبەوە و رەخنەکانیان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی ناکەن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕدرێ.

(4)
جگە لەم گرفتە پێکهاتەییەی باسم کرد، لە راستیدا گرفتێکی جەوهەریش لەگۆڕێدایە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەرچی هەڵبژاردن وەک هێمای سەرەکیی دێموکراسییە، بەڵام لە نەبوونی ئازادیدا دەبێتە ئامرازێک بە دەستی دیکتاتۆرەوە بۆ سەپاندنی خۆی. خۆ کەم نین ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرانەی کە تێیاندا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێ، بەڵام  دواجار ئەوە ویست و خواستی دیکتاتۆرە دێتە دی. ئەگەرچی دەنگدان وەک ماف بۆ شارۆمەندی وڵات دیاریکراوە تا بە دەنگی خۆی بەربژێرێک بۆخۆی هەڵبژێرێ، بەڵام سیستم کە باوەڕی بە ئازادی نەبێ، دواجار بەربەستە بۆ سازبوونی ڕێکخراوە دیمۆکراتییەکان، واتە ئەوە هێژمۆنی سیستمە کە بە زەوتی ئازادی، دۆخی ئاماڵ دیموکراسییەکی سەقەت لە پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردندا بەرەو نزمترین ئاستی خۆی دەبات، ئەو وتە مەشهوورە کە دیمۆکراسی سەقەت ئەو باڵندەیەیە لە ڕکەی خۆی هاتۆتەدەر، بەڵام باڵەکانی کراون، واتە ئازادیی لێ زەوت کراوە، ڕێک گوزارە لە دۆخی ئەمڕۆی ئێران دەکات. رەنگە ئەم ئانالیز - راپۆرتەی خوارەوە یارمەتیدەری باسەکەمان بێ:

ئانالیز - راپۆرتەکەی ساڵی 2016ی ماڵی ئازادی (Freedom House) ئاماژە بەمە دەکا لە کۆی 195 وڵاتی دنیا، 86 وڵات ئازاد و سەربەستن (Free)، 59 وڵات تا رادەیەک ئازادن Free) Partly) و 50 وڵاتیش سەربەست نین (Not Free).

 لەم راپۆرتەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە خانەی ئەم وڵاتانەی کە ئازاد و سەربەست نین. ئەم داتایانە بەم مانایە دێن کە ئەگەر تەنانەت لە وڵاتێكی وەک ئێران پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردنیش بەڕێوەبچێ، لەبەر نەبوونی رەوتێکی دیمۆکراتیزە و ئازادیی سیاسی، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگای لێناکەوێتەوە. هەربۆیە سیستم بەگشتی و لە سەروویەوە لۆسەی دەسەڵات واتە رێبەری کۆماری ئیسلامی، بەردەوام خەریکی سڕینەوەی چەمکی ئازادیی سیاسییە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر هانا ئارێنت گوتەنی سیاسەت مەزهەر و هێمای ئازادییە، کەوابوو سەیر نییە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە دژی ئەم بیرۆکەیە بوەستێ.

18/3/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان