فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

عارف قوربانی
وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، بە درێژایی سەدەكانی رابردوو ئێزدییەكان 73 جاری دیكە كەوتوونەتە بەر (فەرمانی كوشتوبڕكردن). ئەگەر هۆكاری هەموو ئەو فەرمانانەی دیكە كە ئێزدیی تێدا بوونەتە قوربانی، ئاینی و نەتەوەیی بووبێت، ئەمجارە واتا فەرمانی 74، ئەوەی داعش كردی، شانبەشانی هۆكارە ئاینی و نەتەوەییەكان، شەنگال قوربانیی جوگرافیاش بوو. واتا هەڵكەوتەی جوگرافیایی شەنگال یەكێكی دیكە لەو هۆكارانە بوو كە وای كرد بكەوێتە بەردەم كۆمەڵكوژیی خەلافەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادی.رەنگە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو بەڵگە و دۆكیۆمێنت و لە ئەنجامی توێژینەوەی ورد و زانستی، نهێنیگەلی زۆر لەبارەی چۆنیەتی دروستكردن و سەرهەڵدانی داعش و ئاراستەكردنیان دەربكەون. ئامانجە شاراوەكانی هاتنیان بۆ ئەم ناوچەیە، هۆكاری درێژەكێشانی تەمەنیان و مانەوەیان بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ، سەرچاوەی دارایی و چەك و مەشق و توانا سەربازییەكانیان كێ‌ بوون؟ ئەگەر لە ئێستاشدا ئەمانە شاراوەو نەزانراو بن، بەڵام زۆر هۆكاری دیكە هەن مرۆ دەتوانێ‌ بەهۆیانەوە سەرنجی زیاتر بدا و گومانی زۆرتری لادروست بێت و لانیكەم بتوانێت بڕیار بدات لەوەی دەستی زۆر لایەن كەوتووەتە ناو داعش و هەر لایەنەو دەیەوێ‌ بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی ئاراستەیان بكات.سەرنج بدەینە سەرەتای هاتنی داعش، لەیەكەم بستە خاكی عێراقەوە تا ئەو شوێنانەی خۆیان ئیتر راوەستان و نەچوونە پێش، پرسیاری زۆر سادە ئەوەیە ئەی بۆ راوەستان؟ چما ئەوان بۆ ئەوە نەهاتبوون خەلافەت رابگەیەنن؟ بۆچی لەو شوێنانە زیاتر نەڕۆیشتن لە كاتێكدا هیچ بەرگرییەكیش نەبوو؟ بۆ نەچوونە سامەڕا و ئامرلی؟ ئەی بۆ روویان كردە گەرمەسێر و تا سەعدیە و جەلەولا رۆیشتن؟ بۆچی كاتێ لە دەروازەكانی بەغدا نزیك بوونەوە، روویان وەرگێڕاو گەڕانەوە بۆ شەنگال؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری دیكە هەن، گومانی زیاتر دەخەنە سەر ناسنامە و ئامانجەكانی داعش.

ئەگەر داعش لەبری ئەو ناوەی لە خۆیان نا، ناوی خۆیان بنابا راپەڕینی سوننە، یاخود شۆڕشی سوننی و هەمان ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵیان كرد لەژێر ناوی حوكمی خۆبەڕێوەبەرێتی سوننی خۆیان راگەیاندبایە، وەك دەگوترێت (هۆكاری دروستبوونیان بۆ پاراستنی سوننە بووە لە چەوساندنەوەی شیعە)، ئەوكات هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژیان دروست دەبوو؟ ئەی بۆ ئەو ناوەیان لە خۆیان نەنا؟ بۆچی لە یەكەم دەركەوتنیانەوە ئۆباما گوتی ئەم شەڕە سێ‌ ساڵ دەخایەنێت؟ لە كاتێكدا ئەمریكا بە ماوەی زۆر كورت حكومەتەكانی وەك (تاڵیبان و بەعس)ی رووخاند.

هۆكار چی بوو توركیا دەروازەكانی بە رووی ئەو توندڕەوە ئیسلامییانەدا كردەوە كە لە ئەوروپا و ئەمریكاوە دەهاتن بۆ عێراق و سووریا و دەبوونە چەكداری داعش؟ بۆچی هەر وڵاتە و لە فڕۆكەخانەی وڵاتەكەی خۆی دەستگیری نەدەكردن كە زۆربەیان پێشتر ناسراو و لەژێر چاودێریدا بوون؟ ئەی توركیا بۆچی لە فڕۆكەخانەكانی خۆی یان لەو ناوچە سنووریانەی لێی دەپەڕینەوە بۆ سووریا دەستگیری نەدەكردن؟ ئەی ناگوترێت داعش مەترسیە بۆ سەر هەموو جیهان؟

لە مەیدانەكانی جەنگ و لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعشیشدا، زۆرجار باس لە جوڵەی فڕۆكەی نەناسراو، گواستنەوەی چەكدارەكانیان بە هەلیكۆپتەر و بەردانەوەی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ داعش دەكرا، چەندین جاریش گوێبیسی لێدوانی ئەو گوتەبێژانە دەبووین كە دەیانگوت بەهۆی ناڕێكیی كەشوهەوا و هەور و بارانەوە داعش دزەی كردووە، یان دەگوترا بەو هۆیانەوە نەتوانراوە ئامانجەكان بپێكین. دەستنەكەوتنی وەڵامی دروستی ئەم پرسیارانە سەرنجمان بۆ ئەوە دەبەن كە داعش شتێكی جیاوازترە لەوەی تا ئێستا خوێندنەوەمان بۆ كردووە.

لەم وتارەدا مەبەستم لە ورووژاندنی ئەو پرسیارانە وابەستەكردنەوەی رووداوەكانی شەنگالە بە جوگرافیای شەنگالەوە، چ ئەو تاوانكاریانەی داعش ئەنجامیدان و چ ئەو ئەگەر و پێشهاتانەش كە چاوەڕوان دەكرێن لە ئایندەدا لە شەنگال رووبدەن. گرفتی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە پرسیار ناكەین، بۆمان گرنگ نییە چی لە پشتی رووداوەكانەوەن، تەنها دیوە دیار و رووپۆشكراوەكانی دیمەنەكان دەبینین. ئێستاش نەمانپرسی بۆچی هێشتا بەشێكی ناوچەكانی شەنگال رزگار نەكراون و بۆچی هێڵدراونەتەوە بۆ دوای مووسڵ؟

ئەوە روونە كە كۆمەڵێك ئامانج و ئەجێندای رانەگەیێندراو لە پشتی دروستكردن و هاتنی داعشەوە هەن، خۆ ئەگەر ئەوەش راست نەبێت، ئەمەیان راستە كە هەر لایەنە و دەیەوێ‌ بەشێك لە ئامانجەكانی لەشەڕی داعش و لێكەوتەو دەرئەنجامەكانی ئەو شەڕەدا بەدی بهێنێت. ئێران لەمێژە بەدوای ئەو رێچكە و رێگایەنەوەیە كە پردی پەڕینەوەی لە عێراقەوە بۆ سووریا بۆ مسۆگەر دەكات، ئەو هێڵەی ئێران بە سووریاوە دەبەستێتەوە لە مەندەلی و سەعدییەوە درێژ دەبێتەوە و بە بەشێكی ناوچەكانی شەنگالدا تێپەڕ دەبێت. شەنگال دوا خاڵی ئەو پردی بەیەكگەیشتنەیە. ئەو ئامانجە بەبێ‌ شەنگال بەدی نەدەهات، دەبوو شەنگال بخرێتە ژێر دەستی داعش تا لە زنجیرەی تەواوكاریی پرۆسەكەدا ببێتە رێڕەوی پەڕینەوە.

هەموو دونیا ئاگاداری ئەو هەوڵانەی ئێرانن، هەواڵگریی هەموو ئەو وڵاتانەی جیهان و ناوچەكەش كە یاری بە داعش دەكەن، چاویان لەوەیە داعش وەك موگناتیس تەشەیوع بەدوای خۆیدا رادەكێشێت. بەندە لەمێژە باوەڕم وایە بۆ ئامانجی گەورەتر و ئامادەكاری بۆ بەریەككەوتنی ئیسلام و ئیسلام، رۆژئاوا پشتیوانی لە گەورەكردنی بلۆكی شیعە دەكەن وەك چۆن سەدەی رابردوو پشتیوانی گەورەكردنی سوننەیان كرد، تا لە قۆناغی دواتردا دەبێت بەریەك بكەون. كورد ناتوانێ‌ پێچەوانەی ئەو شەپۆلە بڕوات و ناشتوانین بەر بەو ئامانجەی رۆژئاوا بگرین. لە هەر ئەگەرێكی دروستكردنی كۆسپ و لەمپەردا، دەكەوینە ژێر پێوە. لێگەڕێن با پردی بەیەكگەیشتنەكەی ئێران بۆ سووریا كۆتایی بێت و با شەنگال زیاتر نەبێتە قوربانیی جوگرافیاكەی. شەنگال باجی قورسی داوە، برین و ئازارەكانی ئێجگار زۆرن، ناكرێ‌ ئەم جەستە زامدارە بكرێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی كێشە هەرێمایەتییەكان. هەروەك ناشكرێ‌ بەهۆی ئەو پێشهاتانەی شەنگالەوە ئەو هاوسۆزییە نەتەوەییەی لە شەڕی داعشدا بۆ كورد بەرهەم هات، بگۆڕدرێت بۆ شەڕی كورد بە كورد. ئەگەر وریا نەبین، پاش ئەو هەموو قوربانیە دەبین بە كاراكتەری رۆڵپێدراو، بەشێكمان دەكرێین بە پاسەوانی ئەو رێڕەوە وشكانییە و بەشێكمان جەنگاوەری رێگریكردن لێی.

ناوەندەكانی توێژینەوە، دزەكردنی زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەكان، زانیاریی بەشێك لە میدیا باوەڕپێكراوەكانی جیهان، لەوەش زیاتر دەڵێن و باس لە رێڕەوی تاران بۆ دەریای سپی دەكەن. لەیەكەم دەركەوتنی داعش و لێكەوتەكانییەوە كە ئەمریكا سەركردایەتی هاوپەیمانێتیەكی جیهانی دژ بە داعش دەكات، ئاگای لە هەنگاو بە هەنگاوی ئێران هەیە. كە ئەوان نەیانەوێ‌ رێ لە هەژموونی ئێران بگرن، خۆیان ئاسانكاری بكەن بۆ گەیشتنی ئێران بۆ سووریا، هەرێمی كوردستان نە دەتوانێ‌ بەر بەو رێڕەوە بگرێت و نە ئەركی ئەویشە شەڕی بكات.

15/3/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان