هۆمهر دزهیی
هەڵەکە لە ژمارەی تیشکەکانی خۆرەکەی ناو ئاڵاکە دایە. بەداخەوە ئەوەی ، یان ئەوانەی ، کە بڕیاری ئەوەیان داوە ٢١ دانە پرشنگ لە خۆرەکەوە دەربێت، دیارە وایان لێک داوەتەوە کە چونکە رۆژی نەورۆز دەکەوێتە بیست و یەکی مانگی سێی زایینی (٢١ی مارت) بۆیە با ژمارەی تیرێژەکانی خۆرەکە ٢١ بێ. واتا مێژووی زایینییان بۆ دانانی رۆژی نەورۆز داناوە کە ئەوەش هەر هەڵەیە، چونکە مێژووی نەورۆز هاوزای مێژووی حەزرەتی عیسا نییە، بەڵکو هاوزای خودی خۆر خۆیەتی.
دیارە ئەوان لەوە بێ ئاگا بوون کە رۆژی نەورۆز رۆژی یەکەمی مانگی یەکەمە لەساڵی نوێ نەک رۆژی بیست و یەکی مانگی سێی زایینی. لەوە بێ ئاگا بووین کە بیست و یەکی سێ بەڕێکەوت بەر یەکی یەکی ساڵی نوێ کەوتووە. خۆ نەورۆز لەگەڵ لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا دەستی پێ نەکردووە! نەورۆز کە واتا (رۆژێکی نوێ)، یەکەمین رۆژی یەکەمین وەرزی ساڵە کە ئەویش وەرزی بەهارە و هیچ ساڵیشی بۆ نییە، هەر لە کۆنەوە لە سەردەمی رۆمانەکانا حیسابی گۆڕانەکانی سروشتی بۆ کراوە و چ ساڵی تایبەتی بۆ دانەندراوە بەڵکو هەر لەگەڵ دروستبوونی گەردوونا ئەوها هاتووە. پێش لەدایکبوونی مووساو عیساو محەمەد و پێش لەدایکبوونی هەموو پێغەمبەرەکانی تریش نەورۆز وەک جەژنێکی سروشتی ، وەک دەستپێکردنەوەی ساڵێکی نوێ لەلایەن زۆرێک لە گەل و کۆمەڵانی هەرە کۆنەوە بەزم و زەماوەندی بۆ گێڕدراوە. رۆمانەکان پێیان دەگوت جەژنی فلۆرا flora واتا جەژنی گوڵان. لە هەندێ وڵاتی عەرەبی پێی دەڵێن (عید الربیع) ، لە میسر (شم النسیم) ، سەردەمێک لەم عیراقەی ئێستاشماندا پێیان دەگوت (عید الشجرة) واتا جەژنی دارودرەخت کە ئەوانەش هەمووی هەر راستن هەچەندە کە حکومەتی ناسیۆنالیستی عیراقی بە مەبەستێکی سیاسی ناوی نەورۆزی بەکار نەدەهێنا وەک کەمکرنەوەیەک لە هەستی پەرەسەندووی ناسیۆنالیزمی کوردی چونکە کورد نەورۆزی بە جەژنێکی نەتەوایەتی خۆی دادەنێ بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی قەومییەتی خۆی لە قەومە داگیرکەرەکانی خۆی جیابکاتەوە.
جا ئێمەی کورد دەبێ ئەوەش بزانین کە نەورۆز تەنها جەژنێکی تایبەت بە کورد یان بە فارسەوە نییە بەڵکو هی هەموو بەشەرییەتە و ساڵنامەی پێ داناندرێ چونکە بە سروشتەوە بەستراوەتەوە نەک بە رووداوێکی گرنگی مێژوو وەک لەدایکبوون (عیسا پێغەمبەر) لای دیانەکان یان کۆچبارکردنی پێغەمبەرێکەوە (محەمەد پێغەمبەر) لای موسڵمانان. ئێمەی کورد دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین کە ناکرێ ژمارەی ساڵ بۆ نەورۆز دابنێین و بیکەین بە ساڵنامە، چونکە نەورۆز ساڵی نییە. ئەمە هەڵەیە کە دەنووسن ”ئەمساڵ نەورۆزی دووهەزارو حەوسەدو…. نازانم چەندە” کە گۆیا میدیا نەینەوای ئاشوریای داگیر کردووە. دەکرێ ، ئەگەر ویستت، ئەو میدیا و نەینەوایە بکەیت بە ساڵنامەی میللەتی خۆت، بەڵام ناکرێ بە نەورۆزی ببەستیتەوە. نەورۆز پێش ئەو رووداوە مێژووییانەش هەر هەبووە. نەورۆز دەبێ تەنها بۆ شادی و خۆشی بە بۆنەی گەڕانەوەی ساڵ بێ وەک کە رۆمانەکانیش هەر وایان دەکرد. بەڵام ئەوان کالێندەری تریان هەبووە بۆ حیسابی ساڵنامەی خۆیان، چونکە دەیانزانی کە ساڵ بۆ نەورۆز داناندرێت.
من ئەم لادانەم بە پێویست زانی چونکە پەیوەندی بە ژمارەی تیشکەکانی خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستانەوە هەیە. بە کورتی : خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستان کە بیست و یەک تیشکی بۆ داندراوە هەڵەیە و لە بێ ئاگاییەوە هاتووە نازانم حکومەتی هەریم بۆچی بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەرا نەکردووە. ئەمن پێشنیار دەکەم ژمارەی ئەم تیشکانە بگۆڕدرێن بەڵام راستییەکەی ئەڵتەرناتیڤێکم لا نییە بۆ شوێنەکەی. بیرم بۆ شتێک دەچێ ئەگەر لە رووی سیاسییەوە گرفتمان بۆ دروست نەکات. با چوار دانە تیشک بێ کە هێمایە بۆ کوردستانی بۆ چوار پارچە دابەشکراو. چوار تیشکەکان لە خۆرە زەردەکەوە بەرەو باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەربچن ، ئەوەی ژوور بەرەو رەنگە سوورەکە ئەوەی ژێر بەرەو رەنگە سەوزەکە دوانەکەی تریش بۆ ئەملاو ئەولای سپیەکە. ئەمە تەنها بیرۆکەیەکە.
13/3/2017