فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئاکۆ محەممەد
ئێستا لەنێو ناكۆكییەكانی حیزبەكانی كوردستاندا، هیچ كارێكی چەوت و راست دیار نییە و، راست و خراپ بەتەواوی تێكەڵ بووە. لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵكوتانە سەر كێڵگەی نەوتی باكوور و شەڕی نێوان هێزەكەی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان و پێشمەرگە، نیشانەیەكی ئەو ئاڵۆزییەیە كە ئەگەر لێكدانەوە و هەڵوێستی حیزبەكان بەوشێوەیە بەردەوام بێت، سەردەكێشێت بۆ رووداوی ناخۆشتر و كارەساتبارتر بۆ كوردستان.  هەموو كەس دەزانێ یاسا و لۆژیك چییە، بەڵام یەكێك لە لێكەوتەكانی شەڕی داعش لاوازبوونەوەی یاسا بوو، هەروەها دەستبردن بوو بۆ سیاسەتی یەكترشكاندن بەهەر رێگەیەك بێت. ئەو شێوازە كاركردنە لە كۆمەڵگەی بەسیاسیبووی كوردستاندا ، كاریگەری زۆر قوڵی هەیە لەسەر مۆراڵ و هەستی خەڵك .ئەوكاتەی گەلەكۆمە لەیەككردن جێگەی تەوافوق و هاوپەیمانی سیاسی و ئیداری گرتەوە لە كوردستاندا ، كار و ململانێی سیاسی خرایە شێوازی فەیسبووكییەوە، ركابەری لەسەر شەڕە قسە لەسەر هەموو شت دەستپێكرا، پەرلەمان پەكخرا ، بەشێكی حكومەت بەتاڵكرا، ئارامی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستان زیاتر لەمەترسی داعش بەو ململانێیە تێكچوو. دۆخەكە بەشێوەیەك تێكچووە ، حیزبەكان لەسەر هیچ شتێك یەكنین تەنانەت لەسەر یەكپارچەیی باشووری كوردستانیش. لەبەرئەوەش هەموو شتێك دابەش بووە. لەكەركووك هێزێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ، هەڵیكوتایە سەر وێستگەی نەوتی كەركووك ، بەپاساوی ئەوەی كەركووك پاڵاوگەی لێدروستنەكراوە لەكاتێكدا ئەو بڕیارە لە 2007 دراوە و ئێستا نییە كە دواكەوتووە. ئەوەی بەرگری لەو هەڵوێستە دەكات تائێستا بەرپرسی یەكێتییە لە كەركووك، گەورە بەرپرسانی یەكێتی كە لێیاندەپرسن، دەڵێن كە ئەوان ئاگادار نین ، تائێستا كەس لەوانە نەیگوتووە بە ئاگاداری ئێمە بووە. پێشتر حیزبێك كە كارێكی دەكرد بەبێ ئەوانیدیكە دەكەوتە بەر رەخنە، ئێستا هێزێكی حیزبێك كارێك دەكات ، خەڵك و حیزبەكانی دیكە نازانن هەموو حیزبەكە ئاگادارە لەوە یان نا. نەمانی تەبایی لەنێو حیزبەكاندا كوردستانی دابەشكردووە ، نەمانی یەكناوەندی و یەكبڕیاری لەنێو حیزبە گەورە چەكدارەكاندا ، كوردستان تەنیا بەرەو مۆدیلی لیبیا دەبات .  كوردستان ناڵێین ، بەڵام لە وڵاتێكدا كە مەدەنییەت و یاسای تێدابێت، حیزبێك كە بیەوێت كارێك بۆ شارەكەی بكات ، پڕۆژەیەك بەشێوەیەكی مەدەنیانە بۆ ئەو شارە دەخاتەڕوو ، بەتایبەتی كە ئەو حیزبە لەو شارەدا زۆرینە بێت سەرگرتنی پڕۆژەكەی زۆر ئاسان دەبێت ، ئەوكاتیش دەنگدەرەكانی زیاتر دەكات. ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە هەموو كارەكانی ئەو چەند ساڵە بەوشێوەیە كراون ، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی مۆدیلی لیبیایی بین و لەوانەیە سبەی هێزێكی دیكە لە شوێنێكی دیكە دەستبەسەر وێستگە و كێڵگەی نەوتیی دیكەدا بگرێت ، هێزێكی دیكەش هێرشبكاتە سەر فڕۆكەخانە ، هەموو گرووپێكیش دەتوانێت داواكارییەك بكاتە پاساوی ئەو رەفتارەی .

ئەوكاتیش هەمووان پاساو بە چەوتییەكەی ئەویدیكە دەهێنێتەوە. ئێستا كاتی ئەوەیە هەر دەستدرێژی و نایاساییەك هەبێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا رابگیرێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی خاوەنی دەسەڵات بێت و هەر ئەویش لێپراسراو بێت و پرسیار و لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت .

لەولای دیكەوە هێزێكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال، دەڵێ سنوور و ناوچەی خۆی هەن و نابێ پێشمەرگە بچێتە ناویەوە و ئەوەی لێیان نزیكبێتەوە بەهێز دەریدەكەن ، هێزی چەكدار و ئیدارەی خۆی هەیە، دەیەوێت سیستەمێكی جیاوازی ئیداریش دروستبكات لە شنگال بەناوی كانتۆنی شنگال و دەستەی دامەزرێنەریشی بۆ داناوە. لەسەر ئەو پێداگیریە شەڕ دروستدەبێت و گیانی چەندان كوردی تێدا دەبێتە قوربانی و ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت دوور نییە زۆری دیكەش تێیدا ببنە قوربانی.

لەسایەی ئەو ناكۆكییە سیاسییەدا، زۆر لە حیزبە دیارەكانی كوردستان كە شەو و رۆژ دژی میلیشایی و نایاساییبوون قسەیان كردووە ، پێیانوایە ئەوانەی لەگەڵ ئەو هێزەی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگالی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان تووشی شەڕ بووە، هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستانە و دەستی توركیا لەو ئاڵۆزییەدایە و سوودیشی زۆرە ئەگەر پارتی ناوچەیەكی لەدەستبچێ و ئاڵۆز ببێ كە بە كۆگای دەنگەكانی پارتی ناسرابوو لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا.

لەولاشەوە ئەوە سێ ساڵە و تائێستا هەندێ رۆژنامەی دەرەوەی كوردستان راپۆرت و شرۆڤە بڵاودەكەنەوە كە ئێران دەیەوێت ئەو هێزەی پارتی كرێكارانی كوردستان لەچیای شنگال بێت و لە رێگەی بەغداشەوە پارەیان بۆ دابیندەكات ، تەنانەت شاندەكانی پارتیش بە ئێرانیان گوتووە ئەگەر دەتانەوێ پەیوەندییەكی باشتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت ، دەبێ دەست لەپشت هێزەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شەنگال هەڵبگرن .

پشتیوانی و بەشداریكردنی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێشمەرگە لە باشوور، هەروەها بەشداریكردنی پێشمەرگە لە بەرگریكردن و دەركردنی داعش لە كۆبانێ و دواتر كشانەوەیان لە كۆبانێ، هەستی نەتەوەیی و رایەڵەكانی یەك نەتەوەبوون و یەك نیشتمانبوونی بەهێز كرد، بەڵام پێداگیری لەسەر مانەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال وێنەی ئەو هاوپشتییە لەهزری زۆر كورددا بەشێوەیەكی ناشیرین كۆتایی پێدێنێت، بۆیەش باشترین چارەسەر ئەوەیە پارتی كرێكارانی كوردستانیش وەك نموونەكەی پێشمەرگە لە كۆبانێ رەفتار بكات.

كوردستان تاڕادەیەكی زۆر لەشەڕی داعشدا یەكگرتووییەكی سەربازی نیشاندا، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەنجامەكانی دوای شەڕی داعشە. ئەو دوو رووداوە و ئەو ناڕوونی و دڵەڕاوكێیەی دروستیكردووە لە سەرەتاكانی شكستی كۆتایی داعش لە موسڵ، نیشانەی ئەوەیە كوردستان لەجیاتی چنینەوەی دەستكەوتەكان بەرەو ئاڵۆزییەكی ناوخۆیی گەورە هەنگاو دەنێت، ئەوەش زۆر كەسی ئاگادار دەڵێن: ئەوە بە زانیارییەوە نەك بەپێی بۆچوونەكانمان بۆ خەریككردنی كوردە بەكێشەی ناوخۆییەوە. ئۆباڵ و چارەسەری رێگرتن لەو ئاڵۆزییەش لە ئەستۆ و دەستی حیزبەكانی كوردستانە، نەك خەڵكی كوردستان كە چاوەڕێ بوو كوردستان زۆرترین دەستكەوتی لەوشەڕەدا هەبێت كە هەندێجار لە ناوەندی میدیاییدا بە "جەنگی جیهانیی سێیەم " ناودەنرا.

7/3/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان