عەدنان سەید حوسێن
سێ جەمسەرە بەهێزەکەی نێو ماڵی شیعە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی داعش لە عێراق کەوتونەتەخۆ، نووری مالیکی و عەممار ئەلحەکیم و موقتەدا سەدر، یەکەمیان لە کۆکردنەوەی پشتگیریی نێوخۆییدایە بۆ پێکهێنانی زۆرینەیەکی پەرلەمانی. ئەوەی دووەمیش بۆ دەرخستنی تواناکانی لە پێکەوەگرێدانی شیعە و سوننە و کوردی عێراق، تەبەننای پرۆژەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، بۆ سەرخستنی پرۆژەکەشی لەگەڵ بەرپرسانی تاران و شاعەبدوڵای ئوردن و بەرپرسانی کوردیشدا کۆبووەوە. هەرچی سەید موقتەدایە بە پرۆژەیەکی ٢٩ خاڵییەوە هاتۆتەپێش، کە یەکەمجارە بەوشێوەیە سیاسییەکی عێراقی دەست بخاتە سەر زیاتر لە خاڵێکی هەستیار، کە رەتکردنەوەی بوونی ئێرانی لە عێراق و نەرمە لێدانێکی حەشدی شەعبی دیارترین تەوەری پرۆژەکەین. لە خاڵی دەیەمی پرۆژەکەیدا هاتووە "دەبێ حکومەتی عێراق داوابکات لە هەموو هێزە داگیرکەرەکان و هاوڕێیەکان خاکی وڵات بەجێبهێڵن بۆ پاراستنی هەیبەتی وڵات"، ئەوەش خاڵێکە وایکرد دەستبەجێ ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی موتەحیدون و هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکانی سوننە بەرەوپیری بچن، خەمیس خەنجەری سەرۆکی پرۆژەی عەرەبیش بە مێژوویی وەسفی بکات. پرۆژەکەی موقتەدا سەدر بەڕوونی پرۆژەکەی عەمار ئەلحەکیم دەکاتە ئامانج و هەوڵێکی روونیشە بۆ لاوازکردنی نووری مالیکی، لەکاتێکدا مالیکی هەوڵی رۆیشتن بۆ زۆرینەی هەڵبژاردن دەدات، سەدر دەگەڕێتەوە بۆ تەواوی پێکهاتەکان، بە کەمایەتییەکانیشەوە. هاوکات سەدر وای پیشاندەدات کە لەم پرۆژەیەیدا پشتیوانیی تەواوی مەرجەعیەتی بەدەستهێناوە، هەرچەندە مەرجەعیەت دەمێکە بایکۆتی سیاسییە شیعییەکانی کردووە.پرۆژە ٢٩ خاڵییەکەی موقتەدا سەدر خاڵگەلێکی بەخۆوە بینیوە کە روونترن لە پرۆژەکەی حەکیم و چارەسەری بۆ پرسەکان خستۆتەڕوو، بەئاشکراش قسەی دڵی دەکات لەبارەی داهاتووەوە، ئەگەر بەدڵی کوردیش نەبێت. ئەو جیاواز لە حەکیم و عەبادی نایشارێتەوە و لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت: دەبێ سوپا و هێزە عێراقییەکان ئەمنییەتی ناوچە جێناکۆکان لەئەستۆ بگرن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ کورد، خاڵی شەشەمیەتی "پێویستە کەناڵی گفتوگۆی جدی و کارا لەگەڵ لایەنەکان لە کوردستان بکرێتەوە بۆئەوەی بگەنە چارەسەرێک سوود بە واقیعی عێراق و گەلەکەی بگەیەنێت و لارییەکیش نییە لەوەی بە سەرپەرشتییەکی نێودەوڵەتی بێت".
ئەمە یەکەمجارە بەم روونیە دەسەڵاتدارێکی بەغدا کورت و کرمانجی بڵێت چیتان دەوێت داوایبکەن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش با لایەنی سێیەم بن لە گفتوگۆکان.
کورد چەندە لەسەر ئەم خاڵە بوەستێ قازانجییەتی، لەکاتێکدا پرۆژەکەی حەکیم داوایە بۆ پابەندبوون بە یەکپارچەیی خاکی عێراق پرۆژەی سەدر دەروازەیەکە بۆ جیابوونەوەیەکی ئارەزومەندانە کە جێی رەزامەندیی بەغدا و هەولێر بێت.
یەکێک لە هاوەڵە نزیکەکانی موقتەدا پێیگوتم پرۆژەکە جددیە و قۆناغی دوای داعش وەکو پێش داعش نابێت، ئەگەر جیهان و ناوچەکە لە گۆڕانێکی خێرادایە، بوونی عادل جوبێر لە بەغدا گەواهیدەری گۆڕانی خێرای نەخشەکەیە لە ناوچەکە.
سەدر کە داوای دەرکردنی هێزە یار و نەیارەکانیشی کردووە، زیاتر باس لە هاتنی لایەنی نێودەوڵەتی رەسمی دەکات. چی لە خاڵی تایبەت بە پێکهێنانی سندووقی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی شەڕ بێت یان لە خاڵی پێکهێنانی تۆڕێکی نێودەوڵەتی گرنگی بدات بە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان و چاودێری دەستدرێژییە مەزهەبی و ئەتنییەکان و داواش دەکات ئەنجومەنێکی باڵا بۆ کاروباری کەمینەکان لەعێراق پێکبهێنرێت.
دەستپێشخەرییەکەی سەدر دابەشبوونی قووڵی نێو ماڵی شیعە دەردەخات، کە رەنگدانەوەی مەترسییانە لە قۆناغی دوای داعش، لە عێراقێکدا قۆناغی دوای داعشی بەدڵنیاییەوە قورستر دەبێت لە سەردەمی داعش .
6/3/2017