لەبەر ئەوەی رووداوەكان ئەوەندە زۆر و ئاڵۆزن، هەروەها بەهۆی ئەوەی كەسێتی تاكی عێراقی یادەوەریی لاوازە، زیاتر لەوەش بەهۆی ئەوەی تەنیا دیوێكی دیمەنەكان دەبینن و توانای لێكدانەوەی پشتی رووداوەكانیان نییە، رەنگە ئێستا ئەوەیان لەیاد نەمابێت، یان بیریان بۆ ئەوە نەچێت بۆچی لە رۆژانی سەرەتای هاتنی داعشدا بۆ عێراق، سوپا زەبەلاحەكە بەبێ شەڕ و بێ هیچ بەرگرییەك لە شارە سوننییەكان كشایەوە و چەك و جبەخانە سەربازییەكانی بۆ داعش بەجێهێشت؟ ئەوكات خەڵكانێكی كەم گومانی ئەوەیان هەبوو كە ئەمە تاكتیكی مالیكی بووبێت بۆ ئامانجی پەڕینەوەی تەشەیوع بۆ ناوچە سوننییەكان. بەرپرسە باڵاكانی عێراق كەوتنە بەرگری و وەڵام و پاساویان ئەوەبوو كە لەبەرئەوە بووە نەبێتە (شەڕی تائیفی)، مەبەستیان شەڕی سوننە و شیعە بوو.
بەڵام كاتێ مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حەشدی شەعبی كرد، لە ئاستی باڵای ناوەندەكانی دەسەڵاتی شیعی لە عێراق بۆ رەوایەتیدان بەم هێزە عەشایەرییە و بۆ رەوایەتیدان بەوەی ئەم میلیشیایە بەشداری شەڕی داعش بكات لە ناوچە سوننییەكان، ئەمجارە كەوتنە لۆمەكردنی سوپا كە نەیتوانیوە بەرگری بكات، بۆیە پێویستە رۆڵیان پەراوێز بخرێت و دەبێت بایەخ بە حەشدی شەعبی بدرێت و پڕچەك بكرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داعش لە عێراق.
لەبەرئەوەی ئامانجەكە لە قۆناغی یەكەمدا بە شیعەكردنی هێزی چەكداری دەوڵەت بوو، هەرچەندە لە هەندێ ئاست و ناوەندی جیاجیا پرسیار كرا و رەخنە گیرا لەوەی سوپای عێراق كە لە هەموو پێكهاتەكانی وڵاتەكە پێكهاتووە، رۆڵیان پەراوێز دەخرێت بە بیانووی ئەوەی نەبێتە شەڕی تائیفی، بەڵام حەشدی شەعبی كە تەنیا شیعەن، ئەركی رووبەڕووبوونەوەی داعش و وەدەرنانیان لە ناوچە سوننییەكان پێ دەسپێردرێت، ئایا ئەمە راگەیاندنی شەڕی شیعە و سوننە نییە؟ گوێ بەهیچ كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك نەدرا. سوپا فەرامۆش كرا، توانا سەربازی و داراییەكانی عێراق خرانە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبییەوە، بەبێ بوونی هیچ یاسایەك، لە بودجەی گشتیی عێراق مووچە و ئیمتیازاتیان بۆ دابین كرا.
لە دەستپێكی راگەیاندنی قۆناغی دووەمەوە كە رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بوو، چ لە ئاستی ناوخۆی عێراق و چ لە وڵاتانی سوننەی ناوچەكە، هەروەها لە هەندێ ناوەندی نێودەوڵەتیش، داوای ئەوە كرا كە بۆئەوەی نەبێتە شەڕی سوننە و شیعە لە عێراق و بەهۆیەوە نەبێتە جەنگێكی گەورەی تایفی لە ناوچەكە، نابێت رێگە بدرێت حەشدی شەعبی بچێتە ناو شارە سوننییەكان. لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی ئامانج لە سیناریۆكانی هاتنی داعش و وەدەرنانیان و، هەروەها ئامانج لە پێكهێنانی حەشدی شەعبی و پەراوێزخستنی سوپا، ئەوە بوو كە قۆناغی تەشەیوع لەمپەرەكانی سوننە تێكبشكێنێ و پێ بنێتە جوگرافیای دووەمەوە، بۆیە گوێ بەهیچ پاسا و ناڕەزایەتی و بیانوویەك نەدرا، حەشدی شەعبی دەستی بەپلانەكانی كرد و سەركەوتووش بوو.
بەرەی نەیارانی حەشدی شەعبی، یاخود ئەوانەی بەشێك نەبوون لەم ئامانجە ستراتیجییەی شیعە لە عێراق، كەوتنە بڵاوكردنەوەی وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ویستیان لەم رێگەیەوە سەرنجی هێز و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان رابكێشن كە ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دەیانكات، جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی داعش دەیانكات. تەنانەت لە ئاستی رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك (هیومان رایتس وۆچ) و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری درا لەوەی كە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئەوەش رێی لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی نەگرت.
دواجار بینیمان كار گەیشتە ئەوەی وڵاتانی وەكو سعودیە و توركیا كەوتنە دروستكردنی گوشار و هەڕەشەی ئەوەی هیچ نەبێت نەهێڵن ئەوەی لە ناوچەكانی دیالە و رومادی و سەڵاحەدین روویانداوە، لە مووسڵ دووبارە ببێتەوە. توركیا هەڕەشەی بەكاربردنی هێزی سەربازیی كرد و بەشێك لە سوپاكەی هێنایە باشیك، گوشاری جۆراوجۆر و مەترسی و هەڕەشەی زۆریان نیشاندا، سەرئەنجام ئێستا ئەو بەشەی موسڵ كە لە داعش پاككراوەتەوە، حەشدی شەعبی بنكە و بارەگای تێدا كردووەتەوە و كەوتووەتە تەسفیەكردنی ئەو گەنج و لاوانەی لە هاتن و رۆیشتی داعش بەسەلامەتی ماونەتەوە. نەك هیچ رێگرییەك نییە لەوەی لە باقی بەشەكانی تری موسڵ و ئەو ناوچانەی داعشی تێدا ماون، هەمان رۆڵ بگێڕێت، دوور نییە لە قۆناغی سێیەمدا بپەڕنەوە ناو خاكی سووریا و لەوێش شانبەشانی سوپاكەی ئەسەد، لە ناوچە سوننییەكانی سووریا بجەنگن.
تا ئێرە پەیوەندی بە كێشە و ناكۆكی و دوژمنایەتیی نێوان سوننە و شیعەوە هەیە و خۆشبەختانە تا ئێستا كورد خۆی لەوە پاراستووە ببێتە تەرەفی یەكلاكەرەوە بۆ لایەكیان. بەڵام ئەوەی پێویستی بە لەسەروەستان و هەڵوەستەكردنە، ئەو مەترسیانەن كە دوور نییە حەشدی شەعبی لە دوای سوننە، شەڕی كورد بكەن. دیارە هۆكار بۆ شەڕێكی لەوجۆرە زۆرن، هەر لە سەرەتای دروستكردنی حەشدی شەعبییەوە ئەو گومانانەش بە بەردەوامی وتراونەتەوە كە ئەم هێزە لە دوای سوننە، كورد دەكاتە ئامانج.
رووداوەكانی یەك دوو ساڵی رابردوو لە خورماتوو، رەفتار و لێدوانەكانی حەشدی شەعبی لەو كێشانە، چەندبارەبوونەوەی هەڕەشەی مالیكی لەوەی دەبێت كورد بكشێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێش رووخانی سەدام لێی بوون. تۆپبارانكردنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی شەنگال، لێدوانی بەردەوامی بەرپرسە جیاجیاكانیان لەوەی دوای داعش دەبێت مەترسی كوردیش نەهێڵین، ئەمانە رووە ئاشكرا و دیوە دیارەكانی ئەو مەترسیانەن كە ئەگەری ئەوە بەهێز دەكەن رووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی رووبدات.
دیوە شاراوەكانی مەترسییەكەش خودی ئامانجەكەیە: "تەشەیوع"، كورد بە مانەوەی لە عێراق لەمپەری گەورەی بەردەم بەكۆتا گەیشتنی ئەو پرۆسەیەیە. شیعە خەونی سەتان ساڵەی ناكاتە قوربانی، بۆیە ئەوە شتێكی حەتمیە كە دوای سوننە كورد تاكە ئامانجی شیعەكان دەبێت ئەگەر بیەوێ لە عێراق بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەری ئەوەش بەهێزە كە بتوانرێت بەڕێگەی دوور لەشەڕ ئەم رێگرییە لەبەردەم پرۆسەی بەشیعەكردنی عێراق لابدرێت، یەكێك لە رێگە گونجاوەكانیش سەربەخۆبوونی كوردستان و جێهێشتنی عێراقە بۆ شیعەكان. ئەوەی عەبادی بە دوو دراوسێی باش ناوی برد.
پرسیار ئەوەیە كورد خۆی چی دەكات و كام رێگە هەڵدەبژێرێت، خۆی دەكات بە كەواسووری بەر لەشكری وڵاتانی سوننە، بۆ رێگری لەبەردەم پرۆسەی بە شیعەكردنی عێراق دەمێنێتەوە و بۆ سوننە ململانێی شیعەگەرایی دەكات، یاخود لەگەڵ شیعە دەچێتە گفتوگۆوە تا بە ئاشتی لێك جیاببنەوە و هەریەكەمان رێگەی ئامانجی خۆمان بگرینەبەر؟
8/2/2017