"رووسیا هەڕەشەیە"، "ئەمریكا دەبێ پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە"، "حكومەتی ئەمریكا نابێ خەڵك ئەشكەنجە بدات"، "قەدەغەكردنی هاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریكا هەڵەیە"، "دروستكردنی دیوار لەسەر سنووری مەكسیك كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێ"، "كێشەی گەرمبوونی گۆی زەوی هەڕەشەیەكی راستەقینەیە". ئەمانە قسەی كۆمەڵێك كۆنگرێسمانی دیموكرات، رۆژنامەنووسی تووڕە و چالاكڤانی مەدەنی، سیاسی و ژینگەپارێز نین، بەڵكو وەڵامی وەزیرە پێشنیازكراوەكانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكان لەبەردەم لیژنەكانی ئەنجوومەنی پیران. هەمووشیان پێچەوانەی ئەو بەڵێن و دروشمانەن كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دابووی.
ژەنەراڵ جەمیز مەتیس، كاندیدی پۆستی وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لە دانیشتنی پرسیار و وەڵامی لیژنەی سەربازیی ئەنجوومەنی پیراندا گوتی، ئەمریكا دەبێ پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان گرووپی 5+1 و ئێران، هەرچەندە رێككەوتنەكە كەموكوڕیشی هەبێ. لەمبارەیەوە مەتیس بە لیژنە سەربازییەكەی راگەیاند "كاتێك ئەمریكا بەڵێن دەدات، دەبێ بەڵێنەكەی خۆی بەرێتەسەر و لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا هاوكاری بكات". ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو رێككەوتنەكەی ئێران خراپترین رێككەوتنی ئەمریكایە و پێویستە "پارچە پارچە بكرێت" یان "پێداچوونەوەیەكی تەواوی بكرێت".
ترەمپ هەموو كات جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە واشنتن و مۆسكۆ لێك نزیك ببنەوە. بەڵام مەتیس كە بە "سەگی هار" ناسراوە، بۆچوونێكی پێچەوانەی هەیە. مەتیس كە حەزێكی زۆری لە خوێندنەوەی مێژووی سیاسی و مێژووی وڵاتاندا هەیە، لە دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پیراندا پەنای بۆ مێژوو برد و گوتی "باشترین رێپیشاندەر بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لێكۆڵینەوە لە مێژووە. لە كاتی كۆبوونەوەی 1945ی یاڵتاوە، چەندین جار هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی ئەرێنیمان لەگەڵ رووسیا داوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان سەركەوتوو بوون"، مەتیس پێیوابوو گرنگترین پرس كە ئێستا جێگەی سەرنج بێت ئەوەیە "پوتین هەوڵی تێكدانی هاوپەیمانێتی باكووری ئەتڵانتیك دەدات".
پۆمپیۆ: ئەشكەنجە بەكارناهێنین
مایك پۆمپیۆ، كاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) لەبەردەم لیژنەی هەواڵگریی ئەنجووومەنی نوێنەراندا دڵنیایی بە خەڵكی ئەمریكا دا كە ئاژانسەكەیان لە كاتی لێكۆڵینەوە لە تۆمەتبارەكانی كەیسی تیرۆر، بەهیچ شێوەیەك كەڵك لە تەكنیكی دڕندانە وەرناگرێت، تەنانەت ئەگەر سەرۆكی ئەمریكاش فەرمانیان پێبكات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو ئەگەر پێویست بكات، فەرمانی ئەشكەنجەی قورس لە دژی گومانلێكراوەكانی كەیسی تیرۆر دەردەكات.
سەبارەت بە هەوڵەكانی رووسیا بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكاش پۆمپیۆ رایەكی جیاواز لەوەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكای هەبوو. بە بۆچوونی پۆمپیۆ روون و ئاشكرایە چی روویداوە و رووسیا چۆن هەوڵی داوە زانیارییەكان هاك بكات و كاریگەری لەسەر دیموكراسی ئەمریكا دابنێت، ئەمە شتێكە ئەمریكا دەبێ بە جدی وەریبگرێت.
موسڵمانان و دیواری مەكسیك
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو كە هاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریكا قەدەغە دەكات و دیوارێكیش لەسەر خەرجیی مەكسیك لە نێوان ئەمریكا و مەكسیك دروست دەكات، بەڵام جۆن كێڵی، كاندیدی پۆستی وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، لەبەردەم لیژنەیەكی ئەنجوومەنی پیران گوتی "من لەگەڵ ئەوەدا نیم ناوی خەڵك لەسەر بنەمای ئەتنیك یان ئایین یان هەر شتێكی دیكەی هاوشێوەی ئەمانە تۆمار بكرێ". كێڵی پێداگری لەسەر ئەوەش كرد كە ئەو ئامادە نییە پرۆگرامێكی ناونووسی لەو جۆرە بهێنێتەوە "مەگەر ئەوەی هۆكار هەبێ ناچارمان بكات ئەمە بكەین".
سەبارەت بە پرسی دروستكردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، جۆن كیڵی گوتی دیوارێكی لەمجۆرە "ئامانجەكە ناپێكێت"، لە بری ئەمە كێڵی پێشنیازی كرد "بە هاوكاریی بەرپرسانی ویلایەتەكانی باشوور رێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە سەرچاوەی خۆیان كێشەكە بنبڕ بكەن".
تیلەرسن پێچەوانەی ترەمپ بیردەكاتەوە
رۆژی چوارشەممە، رێكس تیلەرسن، كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا ئامادە بوو، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی ئەو لیژنەیە بداتەوە و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پرسە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بخاتەڕوو. خاڵی سەرنجڕاكێش لەو دانیشتنەدا ئەوە بوو كە تیلەرسن لە ژمارەیەكی زۆر پرسدا تێڕوانینێكی جیاواز لە سیاسەتەكانی ترەمپی خستەڕوو.
سەبارەت بە رووسیا و هەوڵەكانی بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، هەنگاوەكانی رووسیا "كێشەسازن". هەروەها رەخنەشی لە هەڵسوكەوتی رووسیا لەسەر ئاستی جیهانی گرت، بە تایبەتیش لە لكاندنی نیمچە دوورگەی كریمیاوە بە رووسیا، ئەمەش ئەو شتەیە كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا خۆی لێ بەدوور دەگرێت. تیلەرسن، بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئێكسن مۆبیل، گوتی كە ئەو پشتیوانی لە سزاكانی سەر رووسیا كردووە، ئەگەرچی كۆمپانیاكەی خۆی لەدژی ئەو سزایانە لۆبیی كردبوو.
پارساڵ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "شتێكی زۆر خراپ نییە، ئەگەر ژمارەیەكی زیاتر لە وڵاتان خاوەنی چەكی ئەتۆمی بن". بەڵام تیلەرسن لە دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پیراندا رایگەیاند ئەو لەم مەسەلەیەدا لەگەڵ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا هاوڕا نییە.
تیلەرسن هەروەها ئەو بۆچوونەی ترەمپ و بەشێك لە كۆمارییەكانیشی رەتكردەوە كە كێشەی كەشوهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی كێشەیەكی ساختە بێت، گوتیشی ئەمریكا لە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكەی پاریسدا دەمێنێتەوە كە ساڵی 2015 بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەمكردنەوەی گازە قەتیسماوەكان واژۆكرابوو. تیلەرسن كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی ئیسلامیدا هەیە، دژایەتی خۆی لە قەدەغەكردنی هاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریكا راگەیاند.
كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە ئەنجوومەنی پیرانی راگەیاند، ئەو پێشتر ئاگاداری جیاوازییەكانی بۆچوونی خۆی و سیاسەتەكانی سەرۆكی هەڵبژێردراو بووە، بەڵام گوتی "ترەمپ بە دڵێكی كراوەوە مامەڵەی لەگەڵ بۆچوونەكانم كرد و رێزی لە تێڕوانینەكانم گرت".
سێشنز متمانەی بە دەزگا ئەمنییەكان هەیە
رۆژی سێشەممەی رابردوو جێف سێشنز، كاندیدی ترەمپ بۆ وەزیری دادی ئەمریكا، لە بەردەم لیژنەی دادوەریی ئەنجوومەنی پیراندا رایگەیاند "كۆنگرێس كۆمەڵێك هەنگاوی ناوە كە وایكردووە سەر خستنە ژێر ئاوی بەندكراوەكان تەواو نایاسایی بێت". ئەمەش هەمان ئەو ئەشكەنجەیە بوو كە ترەمپ پشتگیری لێدەكرد. سێشنزیش هاوشێوەی كێڵی پێیوایە قەدەغەكردنی هاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریكا بڕیارێكی دروست نییە و پشتگیری خۆی بۆ دەزگا ئەمنییەكانی راگەیاند.
20/1/2017