هێمن عەبدوڵڵا
سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی باڵای دەوڵەتەكەی هاتنە هەولێر و كاربەدەستانی كوردستان پێشوازییەكی پرۆتۆكۆڵیی دەوڵەتییان لێكردن. ئەو وێنانەی لە ژووری كۆبوونەوەكانیانەوە هاتنە دەرەوە وایان پیشاندا كە بڕیارسازانی دوو دەوڵەت پێكەوە دانیشتوون نەك دەوڵەتێك و هەرێمێك. بۆچی ئەنقەرە لە پێشوازیی شاندی كوردستان ئاڵای كوردستان دادەنێت و پێشی ئاساییە لە هەولێر جڤینەكانی بە میدیایی بكرێن، بەڵام تاران ئەمە ناكات؟
كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە چل ساڵەی تەمەنی نزیك دەبێتەوە، چل ساڵی رێكە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی باشووری كوردستان هەیە. هاوكارییەكانی ئەو دەوڵەتە بۆ حیزبەكانی باشوور بە هەر مەبەستێك بووبێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێ كە هێندەی تاران سەركردایەتیی باشوور دەناسێت، هێندە ئەنقەرە نایانناسێت.
كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا، ئەو مامەڵە ئەرێنییەی ئێران لەگەڵ حكومەتدا كردی، بە مامەڵەی نەرێنی و هیسترییانەی ئەنقەرە بەراورد ناكرێت. هەر لەسەرەتاوە مەتڵەبی هەردوو پایتەخت رێگەگرتن و سەركوتكردنی حیزبەكانی رۆژهەڵات و باكووری كوردستان بوو. بەڵام تاران لەوە واوەتریش رۆیشت و دەستی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەردەدا. لە ساڵانی شەڕی براكوژیدا رۆژێك لای پارتیی دەگرت و رۆژێك دەبووە پشتیوانی یەكێتی. هەندێكجاریش هەردوولای بەرامبەر یەكدی رادەگرت و نەیدەهێشت كەسیان لەوی دیكەیان بەهێزتربن. زوو زووش شاندی سەركردایەتییەكانیانی لە تاران و ورمێ و كرماشان كۆدەكردنەوە و هەوڵی دەدا ئاشتیان بكاتەوە.
ئەجێندای توركیا لەسەرەتاوە لە دەوری لێدانی پەكەكە لە باشوور و كەمێكیش پاراستنی مافی توركمانەكان دەخولایەوە. ئەوەبوو پارتی و یەكێتی لە چوارچێوەی حكومەتی كوردستان و لەسەرەتای نەوەتەكاندا پەكەكەیان بە شەڕ لە سنوورەكانی دەوڵەتی توركیا دوورخستەوە و هێنایانن بۆ سنووری دەوڵەتی ئێران لەدیوی پشدەر.
ململانێی نێو دەسەڵاتە جیاوازەكان لە تاران رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبووە. بۆیە لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا جار هەبووە سوپای پاسداران ئەجێندایەكی بۆ باشوور هەبووە كە وایكردووە لە یەكێتی نزیك ببێتەوە و وەزارەتی ئیتیلاعاتیش ئەجێندایەكی دیكەی هەبووە و وایكردووە لە پارتی نزیك ببێتەوە. هەندێكجاریش بەپێچەوانەوە بووە.
توركیاش پەیوەندیی لەگەڵ پارتی و یەكێتی و حیزبە توركمانییەكان بەهێز بووە. بنكەی ئینجەرلیكیش ئەو شوێنە بوو كە هەرێمی كوردستانی لێوە دەپارێزرا، بەڵام ئەوەی بەر لە هاتنی ئاكەپە بۆ حوكمڕانی، بە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕیبێت و بە حاجی ئۆمەرانیشدا چووبێتە ئەودیو، دەزانێ جیاوازیی مامەڵەی فەرمیی هەردوو دەوڵەت ئاسمان و رێسمان بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا هەموو وێنەكە پێچەوانە بووەوە. ئەنقەرە پەیوەندیی ئابووری و سیاسی و تەنانەت پەروەردەیی و فەرهەنگیی خۆی گەیاندە ئاستێك لەگەڵ هەولێر كە چیدیكە بەوەی تاران بەراورد ناكرێت. ئێستا ئەنقەرە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا دەكات و قازانجیشی لێدەكات، بەڵام تاران بەجێماوە و هێشتا لەجیاتی حكومەتی كوردستان، مامەڵەی زۆرتر بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی لەگەڵ حیزبەكان دەكات.
خاڵە هاوبەشەكانی هەولێر و تاران زۆر زۆرتر بوون لەوانەی هەولێر و ئەنقەرە، بەڵام تاران چاویلكە كۆنەكەی ئەنقەرەی بۆ سەیركردنی هەرێمی كوردستان لەچاو كردووە و ئەنقەرەش چاویلكە كۆنەكەی تارانی پێیە. ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە توركیا بەفەرمیتر و بە قازانجی ئابووریی گەورەترەوە لە هەولێرە و تاران لەو نێوانەدا غائیبە.
9/1/2017