مامەند رۆژە
ساڵی 2016 هاوشێوەی 2015، دۆزی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش و رەواندنەوەی سەرچاوەكانی هەڕەشەی سەلەفیەتی جیهادی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو. ئێستا ئێمە تازە پێدەنێینە ساڵی تازەوە. لێرە دەپرسین گەلۆ دۆزی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2017دا چییە؟ دەپرسین ئایا لەم ساڵەدا بڕبڕەپشتی پێشهاتە سیاسییەكان چین؟
دیفاكتۆی دەوڵەت هەتا جەنگی چەتەیی
پێدەچێ لە ساڵی 2017دا ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەشێنەیی بەرەو یەكلابوونەوە بڕوات. هەروەها ئەگەری ئەوە بەهێزە لە ساڵی 2017دا جەنگی مووسڵ نەبێتە جەنگی قەڵاچۆكردنی داعش! فاكتەكانیش ئەوە دەسەلمێنن كەوا داعش وەكوو دیفاكتۆ خەلافەت و دیفاكتۆ - دەوڵەت لە عێراق نامێنێت. بەڵام لەمەودوا داعش وەكوو گرووپێكی چەكداری روودەكاتە جەنگی چەتەیی و ستراتیژی جەنگی پارتیزانی پیادە دەكات. بۆیە پێشبینی دەكرێ لە 2017دا یەكێك لەو هەڕەشانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێ، هەڕەشەی داعش بێت.
جۆری هەڕەشەی داعش پێشبینی ناكرێت، بەڵام پێدەچێ لەتوێی چەند تاكتیكێكی سەربازیدا خۆی بنوێنێت. بۆ نموونە: لە شارە كوردنشینەكانی سنووری عەرەبستانی عێراق، پێدەچێ تاكتیكی هێرشی بەكۆمەڵ پیادە بكات. واتە هاوشێوەی ئەو هێرشانەی لە كەركوك كردوونی. ئەمەش شنگال، باشیك، مەخموور، دوبز، كەركووك، دووزخورماتوو، داقوق، قەرەتەپە، گوڵاڵە، كفری، كەلار، خانەقین و تاد دەگرێتەوە.
لە هەندێك ناوچەش داعش تاكتیكی جەنگیی وەكوو تەقاندنەوە و هێرشی خۆكوژی ئەنجام دەدات. ئەمەش شارەكانی هەولێر، سلێمانی و تەنانەت دهۆكیش دەگرێتەوە. بەتایبەت ئەگەری ئەوە بەهێزە داعش لەمەولا چاوی خۆی لەسەر پایتەخت زیاتر چڕبكاتەوە و تاكتیكی نوێ بەرهەمبهێنێ. لەو واوەتر داعش دوای شكستی مووسڵ، سیاسەتی دژمنكاریی زیاتر لەدژی كورد پەیڕەو دەكات. لەمەولا هەموو كوردێك بۆ داعش ئامانجە مەدەنی بێت چی سەرباز!
ئەگەری ئەوەش هەیە داعش بیەوێ لە بەرزاییەكانی حەمرینەوە بەرەو بەرزاییەكانی قۆپی قەرەداغ، ئاجداغ، بەمۆ، زمناكۆ، شەمێران و هەورامان و تەنانەت ناوچەكانی دیكەش بكشێ و بیەوێ لە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان رەگ دابكوتێت. لەم حاڵەتەدا ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر ناوچەكانی دەربەندیخان، هەڵەبجە، خورماڵ، هەورامان و پێنجوێن و تەنانەت شارباژێر لەئارادا دەبێت.
هەولێر: بەرەو پۆست- فیدراڵیزم
پێدەچێ بڕبڕەی پشتی دۆزی ستراتیژیی ئەمساڵ چیتر داعش نەبێت. پێدەچێ ئەمساڵ رۆژەڤی گەورەتر ببنە دۆزی ستراتیژی بۆ هەرێمی كوردستان. گرنگترینیشیان رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقە. هەر لە ئێستاوە گەلێك پرۆژە بۆ ئەمە ئامادەكراون. لە پرۆژەی جاڕدانی سەربەخۆییەوە بگرە هەتاوەكوو پرۆژەی كۆنفیدرالیزم یاخود مانەوەی دۆخی ئێستا وەكوو خۆی بە كەمێك جیاوازییەوە، واتە فیدراڵیەتێكی بەرفراوانتر!
هەڵبەت ئەمە پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ دۆسیەی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان هەیە. ئەگەر دۆسیەی ناوخۆیی رێكنەخرێتەوە، ئەگەر دەزگا شەرعییەكان وەگەڕ نەخرێنەوە، ئەگەر پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئاسایی نەكرێتەوە، ئەگەر پەیوەندییەكان لەگەڵ كەجەكە ئاسایی نەكرێنەوە، ئەوە پەیوەندییە ناوخۆییەكان دەبنە سەرچاوەی هەڕەشەی ناوخۆیی و هەڕەشە لە پایەكانی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان دەكەن.
لەمە بەولاوە، لە ئەگەری رێكخستنەوەی دۆسیەی ناخۆیی گرنگترین بابەت كە دەبێتە دۆزی ستراتیژی بۆ ساڵی 2017، رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی كورد – شیعە یاخود هەرێمی كوردستان و كۆماری فیدراڵیی عێراقە! ئەمە لە سەرچاوەی هەڕەشە بێبەری نییە، بەڵكوو هێزێكی ئایدیۆلۆژیی فراوانخوازی پۆشتەكراوی بەدەستووریكراو لە بناگوێی هەرێمی كوردستاندا، بەخشكەیی و بەشێنەیی پەل دەهاوێت. ئەم هێزە حەشدی شەعبییە و پێدەچێ لە 2017 شایەتی چەندین پێكدادان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی عێراقیدا بین!
یەكێك لە گرنگترین پرۆژە ستراتیژییەكانی 2017 پرۆژەی كۆنفیدراڵیزمی كوردستان – عێراقە. ئەمەش خۆی لەتوێی سەروەریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستاندا دەبینێتەوە. پێدەچێ بەشێك لە نوخبەی سیاسی عێراق بەو ئەنجامە گەیشتبێ، بەیەكجاری كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببڕێندرێنەوە و كۆتایی بە پرسێك بهێنرێ كە یەك سەدەی رێكە عێراقی گرمۆڵە كردووە. بەڵام بەشێكیش هەتا ئێستا بیر لە بەراوەژووكردنەوەی لۆژیكی فیدراڵیەت و پیادەكردنی رێسای ناوەندگەرایی و بەهێزكردنەوەی مەركەز دەكەنەوە.
لە هەمووشی گرنگتر پرۆژەی كۆنفیدراڵیەتە كە بۆ ئەمەش پێویستە: هەرێمی كوردستان خاوەن دۆكترینێكی تایبەت بێت. دەشێ سوود لە تێزی (دوو دەوڵەت – یەك وڵات)یش وەربگیرێت. لەم دۆخەدا عێراق یەك وڵاتە بەڵام دوو دەوڵەتی تێدایە كە دەتوانن بۆ دۆزە ستراتیژییەكان هاوپەیمان بن و یەك ستراتیژی بەرگریی هاوبەش پیادە بكەن. لەگەڵ ئەمەشدا كوردستان سیاسەتی دراو و ئابووریی تایبەت بەخۆی هەبێت. هاوشێوەی سكۆتلاندا كە چۆن پاوەنی لە پاوەنی ئینگلاند جیاوازە بەڵام بەشێك لە بەریتانیایە، دەوڵەتی كوردستان بۆی هەبێ دراوی تایبەت بەخۆی واتە دیناری كوردستان چاپ بكات و خاوەن سەروەریی ناوەكی و دەرەكیش بێت و هیچ هێزێك نەتوانێ ئەم مافەی زەوت بكات.
ئەنجام: هەڕەشەكان بەردەوام دەبن
ساڵی 2017 هاوشێوەی 2016 سەرچاوەكانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و بگرە زیادیش دەبن. پێدەچێ دۆخی مووسڵ بەرەو قەیران و بگرە قەیرانگەلیش پەل بكوتێ. پێدەچێ رەوشی سووریا جارێكی دیكە لەناو عێراق رەنگبداتەوە و درێژەكێشانی تەنگژەی سووریا ببێتە هۆی دروستبوونەوەی قەیرانی نوێ لەناو عێراقیش. بەتایبەت پرسی سوننەكان لە عێراق هەمیشە ئاوس بە تەنگژەی پەیتا – پەیتایە و لەڕێی تانوپۆیەكی چڕِەوە بە دۆخی سوننەكانی سووریاوە بەستراوەتەوە.
داعش، حەشدی شەعبی، شەڕی كوردی – كوردی سەرچاوەی هەڕشەی دەرەكی و ناوەكی بۆ هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن. لێرە ئەگەری ئەوەش بەهێزە توركیا بەبیانووی پەكەكە و بەبیانووی توركمانەكان و تەنانەت سوننەكانی عێراقەوە هەندێك تەك و بەرتەكی پێشبینی نەكردە نیشان بدات. ئەگەرێكیشە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەناو هەرێمی كوردستان سیاسەتی جیاوازتر پەیڕەو بكا كە یەكێكیان كردەوەی تیرۆركاری لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی لەناو سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە!
لەگەڵ گشت ئەمانەدا سیاسەتی نیۆئۆراسیایی رووسیا و سیاسەتی نیۆكانی تازەی ترەمپ وێنە گەورەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكێشنەوە كە لە كوردستانیش رەنگ دەداتەوە. واتە یەكێك لە پارامەترەكانی پێشبینیكردنی پێشهاتەكانی ساڵی 2017 سیاسەتی قەبەی (مایكرۆپۆلیتیكا) ئەمەریكا و رووسیایە.
لە هەمووشی گرنگتر پرسی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە كە هەم بۆ ئاشتییەكی جێگیر و هەم بۆ جەنگێكی گشتگیر كراوەیە. هەڕەشەكان ئەو ساتە دەڕەوێندرێنەوە كە هەولێر خاوەن دۆكترینێكی ئاسایشی تایبەت بێ و بەوەوە پێشوازی لە پێشهاتەكان بكات.
8/1/2017