هێمن عەبدوڵڵا
هەرچەندە گەشبینیی باشە، بەڵام پێناچێ ساڵی 2017 بۆ كوردستان و دەوروبەری ساڵێكی باشتر بێت لە 2016. كوشتاری شەوی سەری ساڵ لە ئیستەنبوڵ رووداوێكی واتادار بوو: ئەو ئاگرەی لە سووریا و عێراق كراوەتەوە هەر لەو ئاگردانەیدا نامێنێتەوە و پریشكەكانی بۆ دەوروبەری فڕێدەدات، بەڵام لەوێش ئەوانە بەردەكەون كە بۆ فێنكبوونەوە لەدەست ئاگرەكەی عێراق و سووریا پەنایان بۆ توركیا بردبوو.
شەڕی موسڵ هێشتا بەردەوامە و هی رەققەش هێشتا دەستی پێنەكردووە. هەرواش پێشبینیی هەموولایەك ئەوەیە كە لە 2017دا داعش لە سووریا و عێراق بەو هێزەی ئێستایەوە نەمێنێت. ئەمە پێشبینییەكی راستە، بەڵام راستییە تاڵەكە ئەوەیە كە داعش بە شێوازێكی جیاواز و جاڕسكەرتر دەمێنێتەوە. ساڵانی رابردوو راهاتبووین كە ئەگەر داعش بتوانێ مەترسییەك دروست بكات، لە بەرەكانی شەڕدا بەرامبەر پێشمەرگە دروستی دەكات. بە ماندووبوونی دەزگا ئەمنییەكانیشمان و هاوكاریی خەڵك بۆیان، لە ماڵەكانماندا بە خەیاڵی ئاسوودەوە لێی دەنووستین. بەڵام رەنگە ئەمساڵ وانەبێت و هەم دەزگا ئەمنییەكان و هەم خەڵكیش ناچاربن ماندووتر بن بۆئەوەی رێگە نەدەن تەكتیكی نوێی داعش و ئەو گرووپە توندئاژۆ نوێ(یان)ەی لەمساڵدا دروست دەبن سەربگرن.
ئەمساڵ هەم دەستبەكاربوونی ترەمپ و هەم ئەنجامدانی گشتپرسی لە توركیا بۆ زۆرتركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك و هەم هەڵبژاردنەكانی ئێران و هەم رووداوەكانی سووریا و كۆتاییهاتنی شەڕی موسڵیش وادەكەن ساڵێكی قەرەباڵغ و پڕ كێشمەكێش لە كوردستان بەڕێ بكەین. ئێران و توركیا لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان شەڕی هەژمووندانان و فراوانكردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەكەن. ئەوەی شەڕەكەشیان بۆ دەكات هێزە كوردییەكانی هەردوو پارچەكەن. كێشەی شنگال و نائارامیی سیاسی و كارگێڕی لە سلێمانی و مانەوەی حەویجە لەتەنیشت كەركووكەوە (كە رووداوی ناخۆشی بۆ كەركووك و كوردستان بەگشتی بەدوادا دێت) هەموویان وادەكەن لەئێستاوە نەتوانین بە خاترجەمی بیر لە ساڵێكی خۆش بكەینەوە بۆ كوردستان.
بەرلەوەی شەڕی داعش دەستپێبكات، لە هەولێر كۆبوونەوە دەكران بۆ پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی. ئێستا كە ساڵی 2017یە تازە گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان بۆ ئاشتبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و چالاككردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان دەستپێدەكەنەوە. لە باكووری كوردستانیش ئەو هەدەپەیەی لێی چاوەڕوان دەكرا تەنانەت بچێتە نێو حكومەتیشەوە، كەچی هاوسەرۆكەكانی و سەركردەكانی دیكەی، هاوشێوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەریان، شەوی سەری ساڵیان لە زینداندا بەڕێكرد.
كاك مەسعود لە پەیامی سەری ساڵدا نووسیبووی ئەو رەوشە، كە مەبەستی رەوشی باشووری كوردستانە، ناكرێ چیدیكە ئاوا بەردەوام بێت. راستییەكەشی وایە و بەو هەموو سەرئێشانەوە كە چاوەڕێمان دەكەن ناكرێ هەروا بەردەوام بێت، بەڵام هەرچەند بیری لێدەكەمەوە عەقڵم نایبڕێ لایەنەكانی باشوور بتوانن هەموویان پێكەوە بگەڕێنەوە بۆ پێش ئەوكاتەی ساڵی 2015 گەیاندیانە مریشكەڕەشە. بەداخەوە وامان لێهاتووە ئارەزوو بكەین رەوشەكە بگەڕێتەوە پاشەوە و وەكو خۆی لێبێتەوە. واتە لەجیاتی پێداگیری لەسەر چوونە پێشەوە، ناچارین بەئاواتەوە بڵێین: ئیتر بۆ پاشەوە.
4/1/2017