دانەر ئەبوبەکر مستەفا
ھاوپەیمانی سێ قۆڵی مۆسکۆی نێوان روسیا و تورکیا و ئێران بۆ ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بە تایبەت بۆ سوریا، کۆمەڵێک خوێندنەوە و شیکاری سیاسی جیاوازھەڵدەگرێت لەم سات و کاتانەدا کە ناوچەکە لەبەردەم چەندین پرۆژەی جیۆسیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی زلێھێزی جیھان و بەھێزی ناوچەکەش دایە تارادەیەک، تەنانەت کوشتنی باڵوێزی روسیا لە تورکیا رێگای لە بە ئەنجام گەیاندی ئەم ھاوپەیمانیەتیە گرینگە نەگۆری.
ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست دابەش بوون بەسەر دووبەرەی جیاوازی مەزھەبی کە سوونی و شیعی یە، بە جۆرێک ئاراستە کراوە کە تورکیا و سعودیا و قەتەر سەرپەرشتی و سەرکردایەتی بەرەی سونە دەکەن لە ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە ھاوکاری عێراق و سوریا سەرکردایەتی بەرەی شیعی دەکات لە ناوچەکە و جیھانیشدا. لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ روسیا بیری ئەڵتەرناتیڤێکی تر کردووە بۆ بەرزکردنەوە ھەژموونی خۆی لەسەر ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست، بۆ گەرانەوەی ھەمان کاریگەری سەردەمی سۆڤیەت کە بەسەر ناوچەکەدا ھەیبوو، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو دوای رووخانی یەکیێتی سۆڤیەتی ئەم ناوچانەی لەبیرکردبوو . دوای ھاتنی ڤلادیمیر پووتین بۆ سەر حکوم روسیا بەردەوام لە بەرەی شیعی دابووە وەک یەکێک لە سۆپەر زلھێزەکانی جیھان،و ئەمریکاش بە پێچەوانەوە بە پاڵپشتی کارو ھاوپەیمانی سونیەکان زیاتر ھەژمارکراوە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا.
زۆرێک لە ئێمە لەگەڵ تێک چوونی بارودۆخی ووڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەستمان بەم دابەشکاریە مەزھەبیە کردووە، وە ھەر یەک لەم لایەنانە پرۆژەی تایبەت بەخۆیان ھەیە سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەراست. لەوانە پرۆژەیەکی ئەمریکییە کە بریتیە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستی گەورە، کە یەکەمجار کۆندەلیزا رایس لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی پێکرد لە ئەنقەرە. ھەر راستەوخۆ دوای ئەم ووتانە پرسیاری ئەوە ھاتە ئاراوە کە ئەمریکاییەکان ھاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی دەکەن. پرۆژەی دووەم پرۆژەیەکی ئیسلامی سونی بوو بۆ ناوچەکە کە لەلایەن سعودیا و تورکیاوە پشتگیری لێدەکرا. پرۆژەی سییەم پرۆژەیەکی شیعی و روسییە بە ھاوکاری راستەوخۆی روسیا و ئێران. ئەم پرۆژەیە ئەمرۆ لە فراوان بووندایە ھەتا ئەو ساتەی ئێستا، بەجۆرێک ئەکتیڤ بووە لەلایەک نفوسی شیعی لەیەمەن و سوریا و عێراق تا دێت لە بەھێزبووندایە، لەلایەکی تریشەوە بە ھەڵوەشانەوەی پرۆژەی دووەم کە پرۆژەیەکی ئیسلامی رایدیکاڵی سونییە دەستی پیکردووەو یەکێک لە ووڵاتە ھەرە کاریگەرەکانی ئەم پرۆژەیە کە تورکیایە کۆمەڵێک پەیماننامەی مێژووی لەگەڵ لایەنی سێیەمی پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەراست مۆرکردووە سەبارەت بە سوریا، کە تەواو لەگەڵ بەرژەوەندی و حەز وئارەزووەکانی شیعی یەکدەگرێتەوە، ئەویش پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و رەتکردنەوەی ھەموو دەستتێوەردانیکی سەربازی لەناو کاروباری سوریادا، ھەروەھا یەک پارچەی خاکی سوریا، کە تەنیا بۆ دژایەتی کردنی دامەزراندی یەکەیەکی فیدراڵی کوردییە، کە تاکە بەرژەوەندی تورکیایە.
لە ژێر رۆشنای ھاوپەیمانی سێ قۆڵی مۆسکۆ ئەوەی بەرچاو دەکەوێت و دەبیندرێت لەلایەک بە پلەی یەکەم نەتەوەی کورد لێی زەرەرمەند دەبێت لە سوریادا، لەلایەکی ترەوە بێ توانای و بێ کاریگەری ووڵاتانی عەرەب بە ئاشکرا دەردەکەوێ، رێکەوتن و ھاوپەیمانی بەستن سەبارەت بە ووڵاتێکی عەرەبی دەکرێت بەبێ نوێنەری ھێچ وڵاتێکی عەرەبی و لیگی عەرەبی ئەنجام بدرێت؟.ئەوەی ئەم ھاوپەیمانیەتیە ئاماژەی پێدەکات تەنیا و تەنیا پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی تورکیا و ئێرانە دژ بە ھەژموونی کورد لە سوریادا و پاراسستنی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەدی ھاوپەیمانی ستراتیژی روسیایە لە ناوچەکەدا. ئێمە لەو باوەرەداین کاتێک ئەم رێکەوتنە لەوانەیە کاریگەری بخاتە سەر ھەرێمی کوردستان، کە دەوڵەتی عێراق بێتە پاڵ رێکەوتنەکەوە.
دوا بەدوای مۆرکردنی ھاوپەیمانیەتی سێ قۆڵی لە مۆسکۆ، ڤلادیمێر پوتین لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ریاکشنی روسیا لە ئەگەری سەربەخۆی کوردستاندا کە ئەمرۆ بەم ئاراستەیدا دەروات، سەرۆکی روسیای فیدراڵ بەشێوەیەکی زۆر ئاشکراو روون چووە ناو ئەم بابەتەوە، بەشێوەیەک جێگای دڵخۆشێکی زۆرە بۆ ئێمەی کورد، ھەم سەبارەت بە تیشک خستنە سەر پەیوەندییە تایبەتی و باشەکانیان کە ھەموو کات ھەیانە لەگەڵ نەتەوەی کورد،و دواتریش دانان بەم قەدەرە مێژووییە و چارەنووسانەی گەلی کوردی قەدر خێر لەخۆنەدی و رووبەروویان بۆتەوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەکتیڤی بوێرانە و ماردانە کورد لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆرستان لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی ووتەکانی دا ئاماژەی بە دامەزراندنی کیانێکی نەتەوەی کرد بۆ گەلی کورد لە عێراق بە تایبەتی و بەشەکانی تریش بە گشتی، ھەر لە ووتەکانی دا خۆی لەخۆیدا داننانێکی ئاشکربوو بە سەربەخۆی کوردستان لە داھاتوودا! ئێمەش و تەواوی ھاوپەیمانە ستراتیژەکانمان ھەر ئەوە دووبارە دەکەیەنەوە کە سەرۆک پوتین ئاماژەی پێکردن ،ئەویش ھەڵبژاردنی شێوەی سەربەخۆی کوردستان دەبێ بە شێوەیەک بێت لە چوارچێوەی قانوونی نێودەوڵەتیدا بگونجێت و دژی یاسا و ریساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێ، دواتر دەوەستێتە سەر عێراق و کوردەکان خۆیان، ھەروەھا ئاماژە کردن بە ھەبوونە پەیوەندی و بەردەوام بوونیان ھەم لەگەڵ بەغداو ھەمیش لەگەڵ ھەولێر کە بەھیچ شێوەیەک دەست ناخەنە ناو کاروباری ناوخۆی عێراقەوە.
جیاکردنەوەی ھەولێر لە عێراق و بەغداد گۆرانێکی گەورەیە لە سیاسەتی دەرەوەی روسیا، بە تایبەت کاتیک ئاماژە بە ھەبوونی پەیوەندی دەکات، ناوی ھەردوو سەنتەری دیپلۆماسی و پایتەختی عێراق و کوردستان دێنێت، و دەشڵێت ئێمە لەگەل ھەردوو لایەنی بەغداد و ھەولێر پەیوەندیمان ھەیەوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم پەیوەندیانە.
ئەمرۆ مافی نەتەوەکانی جیھان بۆ سەربەخۆی لە زۆر بەڵگەو دیکۆمێنتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا ھاتووە. لەوانە چارتەری(پەیمان) نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ۱۹٤٥دا ، ھەروەھا دیکلارەیشنی ساڵی ۱۹٦٠ نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە رزگار بوون و مافی نەتەوە ژێر دەستی ئیمپرالیزمەکان، دواتریش پەیمانە نێودەوڵەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٦٦.
ئێمە لەو باوەرەداین ئەگەر بە ووردی بچینە ناو ھەموو ئەو یاسا و قانوونانەی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنوسین کە لە دەقی دیکۆمێنتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی یاسا و بەندەکاندا دەگونجێت، ھەر بۆیەشە دانان بە مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن روسیا و دەوڵەتان تری جیھان دەبێتە ئەمری واقع لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی بۆ روسیا، چونکە روسیا لەبەردەم کۆمەڵێک بەرژەوەندی ھاوبەش و دیپلۆماسیەتی دایە، لەلایەک لە رێگای ریفراندۆمەوە نیـچە دوورگەی قرمی پەسند کرد وەک بەشێک لە خاکی روسیا، بە بیانوی یاس و قانونە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین بۆ نەتەوەکان، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک بەرژوەندی گرینگ لەبەردەم روسیادان لە ناوچەکەدا، زۆرجار لە ناوەندە لێکۆڵینەوە و دیپلۆماسیەکانی روسیادا ئاماژە بەوەکراوە ئەمریکا و ئەوروپا لە پشت دامەزراندی دەوڵەتی کوردین لە ناوچەکە.
دانەر ئەبوبەکر مستەفا
سەرچاوەکان
ماستەرنامەی دانەر ئەبووبەکر مستەفا. مۆسکۆ. ٢٠١٥
کاروبارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. دیکلارەیشنی ١٩٦٥ و بریاری ژمارە ١٥١٤ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٦٠.
Авторский коллектив: докт. ист. наук, член-корр. РАН В.В. Наумкин (руководитель коллектива); канд. юрид. наук А.Г. Аксененок; докт. ист. наук И.Д. Звягельская; канд. ист. наук Т.А. Карасова; канд. ист. наук В.А. Кузнецов; канд. ист. наук В.В. Попов; докт. ист. наук М.А. Сапронова; докт. ист. наук П.В. Стегний; канд. экон. наук А.О. Филоник; канд. ист. наук П.В. Шлыков Россия и Большой Ближний Восток. ٢٠١٣. Москва.
http://www.mid.ru/ru/home
http://kremlin.ru/events/president/news/٥٣٥٧٣
1/1/2017