هێمن عەبدوڵڵا
هەفتەی رابردوو لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك كۆنفرانسێكی گرنگ لەسەر سەربەخۆیی كوردستان سازكرا. هەرچەندە دامنابوو لە دوایین گۆشەمدا لە ساڵی 2016 باسی سیاسەت نەكەم و شتێكی سۆفت بنووسم، بەڵام بۆ دەستپێكی ساڵی نوێ هیچ شتێك گرنگتر نییە لە قسەكردن لەسەر ئەو پرسیارەی بابەلباب و ساڵەوساڵ لە خۆمان و لەیەكدی دەكەین: سەربەخۆیی كوردستان نزیكە؟
تا نیوەی دووەمی ساڵی 2016ش، كاتێك باسی سەربەخۆیی كوردستان دەكرا، سەركردەكانمان دەیانگوت: ئەمە مافی ئێمەیە، بەڵام كاتی نەهاتووە. كەچی لە چەند مانگی رابردوودا و لە سەروبەندی دەستپێكردنی شەڕی مووسڵەوە، تۆنی دەنگەكە گۆڕاوە و بەئاشكرا باسی سەربەخۆیی لەجیاتی ئەوەی لە میدیادا بكرێت، دەبردرێتە سەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا. نێچیرڤان بارزانی لە نوێترین دیداریدا دەڵێت لەگەڵ توركیاش هێشتا "بەفەرمی" باسی سەربەخۆیی كوردستان نەكراوە و ساڵی داهاتوو باس دەكرێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بڕوا ناكەم ساڵی 2017 ساڵی سەربەخۆیی كوردستان بێت. فلادیمیر پووتین لە كۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی لەگەڵ میدیاكاران، مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستانی بە مژارێكی نێوخۆیی عێراق دانا كە رووسیا نایەوێ دەستی تێوەربدات. بەڵام كێشەی درەنگكەوتنی سەربەخۆیی كوردستان لە 2017دا دروست ئەوە دەبێت كە دەستتێوەردان دەكرێ و عێراقییەكان خۆیان بەشی ئەوەندە دەسەڵات و ئیرادەیان نییە بڕیار بدەن دەیانەوێ چۆن پێكەوە بژین یان نەژین.
ئەو بەڵگەنامە و دەستپێشخەرییەی عەمار حەكیم ئامادەی كردووە و زۆرینەی نێوماڵی شیعە و تەنانەت كوردیش پشتیوانیی لێدەكەن، دەتوانێ بناغەیەكی باش بێت بۆ قسەكردن لەسەر ئەوەی كە پێكهاتەكانی عێراق چییان لەیەكدی و بۆ یەكدی دەوێت لە ئایندەدا. بەڵام وەك ئەندامێكی شاندی كوردی بۆ بەغدا بۆی باسكردم، كاتێك كورد باسی سەربەخۆییان لەگەڵ لایەنی شیعەدا هێناوەتەگۆڕێ، ئەوان گوتوویانە: ئێمەش كێشەمان نەبێت، چۆن ئێران و توركیا رازی دەكەن بە سەربەخۆیی كوردستان؟
راستییەكەی ئەوەیە كە هیچیەك لەو دوو دەوڵەتە هێشتا ئامادەی ئەوە نین قبوڵ بكەن كوردستان سەربەخۆ بێت. بەڵام هەردوو دەوڵەتیش و هەموو پێكهاتەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەزانن بەو فۆرمەی ئێستاوە هەولێر و بەغدا ناتوانن بەردەوام بن. بۆیە پێشبینی دەكەم سەركردایەتیی كوردستان لە ساڵی 2017دا لەسەر داواكردنی سەربەخۆیی بەردەوام بێت، بەڵام داینابێت چارەسەری ئەم قۆناغە نوێیە بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا، كە هیچ دەوڵەتێكیش تووڕە نەكات و هەموولا بۆیان قووت بچێت، ئەوەیە كە كوردستان و عێراق لەسەر بنەمای كۆنفیدراڵی یەكبگرن.
كورد حوكمی زاتیی تاقیكردەوە و دەركەوت هەركات بەغدا بەهێز بوو لە رێككەوتن پەشیمان دەبێتەوە، بەدوایدا فیدراڵیی تاقیكردەوە، كە دیسان دەركەوت هەركاتێك سەرۆكوەزیرانێكی بەهێزی تائیفیی وەكو مالیكی لەسەر حوكم بێت، لە رێككەوتن و داننان بە مافەكانی كوردستاندا پاشگەز دەبێتەوە، بۆیە چارەسەری كۆتایی سەربەخۆییە، بەڵام مادام بۆ ئەم قۆناغە سەربەخۆیی زەحمەت دەبێ، لە سیستمێكی كۆنفیدراڵیدا كە حكومەتی وڵاتە ئەندامەكان بەهێزترن لە حكومەتی ناوەندی، هەولێر دەتوانێ بۆ ماوەیەك لەو یاریی مشك و پشیلەیە رزگاری بێت كە بەغدای بەهێز لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵی كردی.
28/12/2016