فهرحان جهوههر
بارزانی سەرۆك خاوەن كۆمەڵێك خاسیەت و پێدراویی مێژووییە، كە هیچ یەك لە سەركردەكانی تری كورد، خاوەن ئەو تایبەتمەندی و خاسییەتانە نین، وێرایی ئەوه خاوەن میراتێكی رەمزی مێژوویی و دەوڵەمەندە، چونكە كوڕی سەركردەی هەرەگەورەی گەلی كوردستان مەلا مستەفایە، كە بۆ ئەبد گەلی كوردستان خوشەویستی ئەو سەرۆكەیان لە دڵ دەرناچێت، لە هەمانكاتیشدا سەراپای ژیان و تەمەنی بارزانی سەرۆك پێشمەرگایەتی و ماندووبوون و شەونخونی بووە لە پێناوی ئازادی گەلی كوردستان، یەك لەو سەركردانەیە كە لە ماوەی تەمەنی خۆی واپێویست بووە، كە رووبەرووی تەحدیاتی گەورە ببێتەوە چ لەسەرئاستی ناوخۆیی بێت یان ئاستی نێودەڵەتی و هەرێمایەتی بوو بێت، بۆیە سڵی لە هیچ رووبەڕوونەوەیەك نەكردۆتەوە لە پێناوی بەرژەوەندی گەلەكەی، هەموو خەڵكی كوردستان و دبلۆماتە رۆژئاوایی و ئەمریكییەكانیش، هەڵوێستەكانی ئەویان لەبیرە كاتێك بڕیار بوو رژێمی بەعس بڕوخێنن، لە كونگرەكانی لەندەن و بەیروت وسەلاحەددین، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا، كە بە چ شێوەیەك لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان و دیموكراتی بوونی دوارۆژی عیراقدا، پێی دادەگرت.
دوای قۆناغی رزگاری عیراقیش بە مانگ لە بەوەغدا دەمایەوە تا توانی لەگەڵ وەفدە یاوەرەكەیدا، مافەكانی گەلی كوردستان بەیاسایی و دەستووری بكات، كێ هەیە نەزانێ لە سەر مافی پێشمەرگە و چەسپاندنی لەدەستووری هەمیشەیی عیراقدا، چۆن رووبەرووی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا جۆرج بۆش دەبوەوە، هەمیشە لە ناخۆشترین و سەخترین وێستگەكانی ژیانی سیاسی خۆیدا تەئكیدی لەسەر مافی تەواوی سەربەخۆیی گەلەكەی كردۆتەوەو، وەنەبێ ئەو نەزانێ كە ئەمە پێش هەموو كەسێك سەرئێشەیەكی گەورە بۆخودی خۆی دروست دەكات، بەڵام لە پێناوی ئەوەی تاكی كورد باوەڕی بەخۆی بێت و ئەو هەستە خۆ بەكەم زانینەی نێو ناخی تاك و كۆمەڵگەی كوردی بسڕێتەوە، پێویستە سەربەخۆبێت، چونكە بارزانی سەرۆك دەزانێت بەبێ وەدەست هێنانەوەی ئەو مافە ئەستەمە تاكی كوردستان لەو شعوورە رزگاری ببێت، كە ئەمە بۆتە گرێیەكی گەورەیی سەر دڵ ودەروونی هەموو تاكێكی كورد.
لەو كاتانەی توركیا وەك گایی ئیسپانی لەرامبەر رەنگی سوورو سپی و سەوزی ئاڵای كوردستان هارو هاج دەبوو، بارزانی سەرۆك لە ناوجەرگی پایتەختەكەیدا داوای سەربەخۆیی گەلی كوردستانی دەكرد، كاتێكیش ویستی لەشكركێشی بكاتە سەر كوردستان، خۆیی لە گەڵ پێشمەرگەدا لەسەر سنوور وەستا بوو، ئەمە دووەم جاربوو گووتی : مەگەر دەبابەكانتان بەسەر لاشەمدا تێپەڕن، لەكاتی كۆچ رەویشدا داوای لەگەلی كوردستان كرد، وڵات چوڵ نەكەن، چونكە من لەگەڵتان دەبم و ناڕۆم تا دەبابەكان بەسەرلاشەمدا تێنەپڕن، ناخۆشترین و سەخترین وێستەگەی ژیانی سیاسی ئەو سەرۆكە، هاتنی شەڕی داعش و داگیركردنی شەنگاڵ بوو، دڵنیام لەم شەڕەدا خۆین لەجەرگی دەهات، لەلایەك خاكی كوردستان داگیردەكراو ژنەكانی ئێزدی بەدەستی دوژمنانی تیرۆرستی داعش ئەتك دەكران و پێشمەرگە شەهید دەكران, لەناوخۆی كوردستانیشدا هەبوون دڵیان بەسەركەوتنە كاتییەكانی داعش خوش ببوو، كردبوویانە دەسكەلا بۆلێدان و زیاتر قوڵكردنی برینەكانی سەرجەستەی بارزانی سەرۆك، ئا رێك لەو كاتەدا كە ئەو سەرۆكە، شوێنی نووستنی ببووە بۆدی ئۆتۆمبیِلەكەی لە بەرەكانی شەڕدا، پێیان دەگوت: كورسیەكەت چۆڵكە، كە ماوەكانی ژیانی خۆی هەمووی لە بەرەكانی شەڕو لە ژێر چادرو تەپ و تۆزی تۆپەكانی دوژمن بەسەر دەبرد، نەك سەركورسی.
نەبووە لە مێژووی هیچ میللەتێكدا، لەكات و ساتی وا هەستیا رو مەرگ باریندا، داوا لەسەرۆكی وڵات بكرێت، بەو شێوە ئیستفزازیە، دەسەڵاتەكەی جێبهێڵت، هاوكات لەگەڵ دوژمندا، تۆش فرسەت بێنی و زیاتر جەستەی وڵاتەكەت هەلاهەلا بكەیت و سەما لە سەربرینەكانی سەرۆك وگەل و سەربازە پارێزەرەكانی نیشتمانەكەت بكەیت، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەكەت دووچاری كێشەیەكی وا بكەیت، كە بە ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكانیش چارەسەرنەبێت، بۆیە لەژێر رۆشنایی ئەو پێدراوە مێژووی و سیاسیانەدا، قۆناغەكە و گەلی كوردستانیش پێویستی بە سەرۆكایەتی بارزانییە، بۆ گەیاندنی كەشتی گەلی كوردستان بەكەناری ئارامی، قوناغی ئێستای ناوچەكە هەمووی زۆر هەستیارە، لە كاتێكدا گەلی كورد لە رۆژئاوا لەبەردەم مەترسییەكی گەورەیی نێودەوڵەتیدایەو رەنگە ببێتە قوربانی رێكەوتنەكەی رووسیا و توركیا و ئێران، لە باشوریشدا دوای داعش یان بەتەواوی پاشكۆیەتی بەغدا قبوڵ دەكات، یان دووچاری گۆبەندێكی ترمان دەكەن، بۆیە لە پێناو ئەو تەحەدیانەو رووبەرووبوونەوەیان پێویستمان بە سەرۆكایەتی بارزانییە.
27/12/2016