دەی مادام قەول و بڕیار وایە هەر كەسێ لەم وڵاتەدا كە تەمەنی گەیشتە هەژدە مانگ نەك هەژدە ساڵ، ئیتر بێلایەن نییە و حەتمەن كۆیلەیە، نەك هاوسۆزی حیزبێك، كەواتە پیاوی حكومەت ژمارەیان لە بن نایەت.
بۆ ئەو نەوەیەی بەعسی نەدیوە و ئێستا تەمەنی لە بیست ساڵ تێپەڕیوە، پیاوی حكومەت بە كەسێك دەوترا بە دڵ خزمەتی رژێمی سەددامی بكردایە، پیاوی حكومەت، جاران بۆ نموونە شەو لەگەڵ برادەرەكانی دەچووە نادی، بەیانیش راپۆرتی بۆ ئەمن لەسەر دەنووسین. پیاوی حكومەت جاران ئیتر كە دڵۆپێ حەیای پێوە نەدەما، لە بۆنەكانی بەعسدا، قاتێ جلی سەربازیی سەوزیشی لەبەر دەكرد.
ئەمڕۆ دۆخەكە گۆڕاوە، هەم پیاو زۆرتر بوون، هەمیش حكومەت. ئاخر جاران هەم پیاو كەم بوون، هەم یەك حكومەتیش هەبوو، ئەوە بۆیە ئیتر ئەو دەستەواژەیە بەتەنیا بەكار نایەت و پێویستی بە راڤەكردنە، یانی كە وتت پیاوی حكومەت، دەبێ دیاریی بكەی كێهان. ئاخر هەیە پیاوی حكومەتی توركیایە و ئامادەیە رەخنە لە گاندی بگرێ نەك ئەردۆگان. توركیا دە هەزار بێتاوان راپێچی زیندان بكا، تەواوی كەسە دیارەكانی حیزبێكی كوردیی مۆڵەتدار قۆڵبەست بكا، نققە ناكات و بە شەئنی داخیلی لەقەڵەم دەدات، ئەمما یەك كورد لە ئێران لە سێدارە بدرێ فەیسبووك، پۆستڕێژ دەكات.
هەشە پیاوی حكومەتی ئێرانە، هەموو كورد لە ئێرانێ بە رافیعەوە بكرێن ئەم هەر ئێران بە دۆست و پەنا دەزانێ و لوولەی رەخنەكانی تەنیا لە توركیایە. هەشمانە پیاوی سعودیە و قەتەر و مەتەر و ئەم شتانەن، جا چونكە ئەو داعش و ماعشە سەرمایەگوزارییەكی خەلیجییە و بە ئەنقەست یان بە رێكەوت لەوێوە پارە و پشتیوانییان بۆ دێت، بۆیە ئیسلامییەكانی كوردستانیش، ئەوانەی تەواو تامی داعش دەدەن، نەك رەخنەی ئاشكرا و توند لە سعودیە و قەتەر و مەتەر ناگرن، بەڵكوو هی شاراوە و نەرمیش لە داعش خۆی ناگرن، ئەها ئەوان كە ئاڵای داعش وە بن پێیان دەخرێ دەڵێن نابێ؟ وەڵا چییە، ئەڵڵای لەسەر نووسراوە و دەیكەنە هەرا، كەچی كە سەری پێشمەرگە دەكەوێتە بن پێی داعش، موهیمترین هەڵوێستیان ئەوەیە دەڵێن لا حەولە وەلا قووەتە ئیللا بیلا.
نموونەیەكی دیكەی پیاوی حكومەت هەیە، فەقە جارێ لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، ئەویش ئەوانەن كە دەبنە پیاوی پیاوەكانی حكومەتەكان، خوا شایەتە نە مەبەستم هێژا قادر عەزیزە و نە رێزدار محەممەد حاجیشم بە زەیندا هاتووە.
جا بەندە رێزی زۆرم بۆ ئەو پیاوانەی سەرەوە هەس، ئاخر ئەوان هەڵوێستیان روون و ئاشكرایە، هاوزەمان یەك تۆزقاڵیش رێزم نییە بۆ عەوامی هەناو خاڵیی كوردستان و پاڵەوان و فەیسبووكەوان و ئەو شتانە، ئاخر ئەوان پیاوی هەموو حكومەتێكیان بێ پیاوە، پیاوی حكومەتی كوردستان نەبێ.