فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

كامەران سوبحان

رۆحی نامە مرد، مەحاڵە زیندوو ببێتەوە

(یەكێك لەو هۆكارانەی وام لێدەكات نیگەران بم لە تەكنۆلۆژیا، كوشتنی رۆحی نامەی دەستنووسە. چەند ساڵێك لەمەوبەر، ئەگەر بیری هاوڕێیەكم بكردایە و لێم دوور با، دەستم دەبرد بۆ پێنووس و كاغەز و نامەیەكی پڕ لە هەست و سۆزی خۆمم بۆ دەنووسی و دەمبرد بۆ فەرمانگەی پۆست، یان بە كەسێكدا دەمنارد و ناوناونیشانی هاوڕێیەكەم دەخستە سەر زەرفی نامەكە. من بۆ خۆم بەم نامەنووسین و پۆستكردنە، هەستم بە چێژێكی زۆر دەكرد. ئەگەر لە دەرەوەی وڵات بووایە.

بە تایبەتیش لە ساڵانی هەشتاكان تا كۆتایی نەوەدەكان، لە رێگەی ئەو كەسانەی دەگەڕانەوە بۆ وڵات، بە هەمان سۆز و ڕۆحەوە نامەمان بۆ هاوڕێیان و ئازیزانی دەرەوەی وڵات دەنووسی. باسی نامەی دڵداری ناكەم كە بۆ خۆی دونیایەكی فەرامۆشكراوی ئەدەبیاتی ئێمەیە. تا ئێستاش سەدان داستان و بەسەرهاتی ئەڤینداری لە وڵاتی ئێمەدا روویانداوە و زۆر لەو بەسەرهاتانەش بە خوێنڕشتن دوایی هاتوون. نامەنووسینی ئەڤینداری چیرۆكی زۆری هەیە، بەڵام لەسایەی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیادا ئەو لایەنەش بەتەواوی لەیاد چوو.

تەكنۆلۆژیا ئەو رۆحە زیندووەی نێو ئەدەبیاتی (نامە)ی كوشت، مەحاڵە جارێكی دیكە زیندوو ببێتەوە. تەكنۆلۆژیا ئەوەی فەراهەم كرد، لە مۆبایلەكەی گیرفانەوە بە نامەی ڤایبەر، بە چەند وشەیەكی كورت، سڵاو لە یەكدی بكەین و پاش ماوەیەك، بێ بەزەییانە هەموو نامەكانی نێو ڤایبەرەكەمان بسڕینەوە.

ئەمە بیركردنەوەی بەردەوامی منە لە كوشتنی رۆحی نامە و ئەو جوانی و تاموچێژەی لە نامەكانماندا هەبوون. دەكرێت ئەمە بیركردنەوەی زۆربەمان بێت لەم گۆڕانە گەورەیەی ژیان و پێوەندیی مرۆڤایەتی. بەڵام ڕەنگە كاتی ئەوەمان نەبێت نیگەرانیی خۆمان لەو گۆڕانكارییانە دەربڕین.

لەگەڵ هەموو ئەو پێشكەوتنە مەزنانەی تەكنۆلۆژیا و نامەی ئەلیكترۆنی، بەڵام نەیتوانی وا لە مرۆڤایەتی بكات، ئەو سەروەتە مەزنەی كە لە ئەدەبیاتی نامەدا هەیبوو، بەتەواوی فەرامۆش بكات. لێرەدا من باسی چیرۆكی نامەنووسینی نێوان دوو مرۆڤ دەكەم كە نامە و ژیان و بەرهەمەكانیان بووەتە سەروەتێكی مەزنی مرۆڤایەتی.

نیگەرانم، نامەیەكم بۆ بنووسە

پزیشكەكان دوای پشكنینێكی زۆر، بە دڵێكی خەمگین و نائومێدانەوە پێیان گوت: "تووشی نەخۆشیی سیل بوویت، باشترین چارەسەر دووركەوتنەوە لەم شارە جەنجاڵ و پڕ لە ئاپۆڕایەی مۆسكۆیە".
ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ئەو بە سروشت و دووركەوتنەوەی لە جەنجاڵیی ژیان و خووگرتنی زیاتری بە نووسینەوە. تا ئەو رۆژەی ئەم نەخۆشییە زۆری بۆ هێنا و لە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی، بە ئارامی چاوەكانی بۆ هەتا هەتایە داخست.

ئەم نووسەرە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر مردنیدا، ئێستاش لە كتێبخانەی سەدان وڵات و بە زمانی جیاواز، نامە و دەقەكانی ئەدەبییەكانی وەك شاكارێكی مەزنی ئەدەبی دەخوێنرێنەوە. مردنی خەمگینانەی ئەم نووسەرە، لە هەندێ لە چیرۆكە خەمگین و رەشبینەكانی خۆی دەچێ. بەڵام چەند ساڵێكی كۆتایی تەمەنی، خانمە هونەرمەندێك دێتە ژیانییەوە كە كەمێك لە تاریكیی ژیانی رووناك دەكاتەوە. هەرچەندە ماوەیەكی زۆر بەهۆی نەخۆشییەوە لێك دوور بوون، بەڵام لەڕێی نامەوە لە گفتوگۆیەكی بەردەوامدا بوون.

نامەنووسین بەشێك بوو لەكاری رۆژانەی ئەم نووسەرە. ئەو رۆژەی (ئەنتوان چێخۆف) لە (ماڵتا)وە لەبیری بكردایە نامە بۆ (ئۆلگا كنیپەر) لە مۆسكۆ بنووسێت، وەك ئەوە بوو ئەو ڕۆژە شتێكی بزر كردبێت.

رۆژی (15ی ئۆكتۆبەر) نامەكەی نەگەیشت. رەنگە پۆستەچییەكە دواكەوتبێ. رۆژی دواتر، ئۆلگا نامەیەك بۆ چێخۆف دەنێرێ و تەنیا ئەم دێڕەی لە نامەكەدا بۆ دەنووسێ: "نیگەرانم، نامەم بۆ بنووسە".

رۆژی پاشتر، چێخۆف نامەیەكی بۆ دەنێرێت و دەنووسێت: "دووشەممە دێم، دڵنیابە".

بۆ لەیادت كردم؟

رۆژێكی بەفرانباری ساردی زستان كە سەهۆڵبەندانی مۆسكۆ جووڵەی لە شارەكە بڕیبوو، پۆستەچییەكە نەیتوانی بڕوات بۆ دابەشكردنی ئەو نامانەی لەو رۆژە ساردەدا گەیشتبوون. ئەم سارد و سەهۆڵبەندانە، یەكێك لەو دوو عاشقەی خستووەتە دڵەڕاوكێ گومان و پێیوایە مەعشوقەكەی لەیادی كردووە. بۆ رۆژی پاشتر، پۆستەچییەكە بەخۆی و كڵاوێكی خووریی زل و جلوبەرگێكی ئەستوورەوە تەقە لە دەرگای ماڵی ئەو كیژە ئەكتەرە دەدات و نامەكەی دەداتە دەست و ماڵئاوایی دەكات.

پاش خوێندنەوەی كۆتایی نامەكە و مێژووی نووسینەكەی، ئۆلگا لەو نیگەرانییەی دوێنێی پەشیمان دەبێتەوە و دەست دەكات بە خوێندنەوەی نامەكە:

(چی روودەدات؟ تۆ لە كوێیت؟ وا دیارە تۆ بڕیارت داوە كە هەرگیز هەواڵی خۆت نەگەیەنی و ئێمە هەر چاوەڕێ بین. دەشێت ئێمەت هەر لەبیری خۆت بردبێتەوە. یان لە (قەوقاز) شووت بە كەسێك كردبێ، ئەرێ بەڕاست ئەو كەسە كێیە؟ نووسەر لەیادكراوە، ئای تۆ چەند بێ بەزەییت؟ چەند دڵڕەقیت؟ ئێرە هیچ هەواڵی تازەی نییە. لێرە هیچ مێشێك نافڕێت، هیچ جوانە گایەكیش گاز ناگرێت و.... ).

ئەمە پەرەگرافێكی یەكەم نامەی نێوان (ئەنتوان چێخۆف) و (ئۆلگا كنیپەر)ە. لە وەڵامی ئەم نامەیەشدا، ئۆلگا نامەیەكی درێژی بۆ دەنووسێت كە بەم شێوەیە دەست پێدەكات:

(... تكایە وا مەزانە ئەمە وەڵامە بۆ نامەكەتان، من دەمێك بوو دەمویست نامەیەكت بۆ بنووسم، بەڵام سەر و دڵی نووسینی دێڕێكیشم نەبوو، نەك نامەیەك. تەنیا ئەم دوو رۆژەی دوایی كەمێك باشترم و دەمەوێت چێژ لە سرووشت وەربگرم. ئەمڕۆ شەشی بەیانی لە خەو هەستام، ڕۆیشتم پیاسەیەكی چیاكە بكەم و بۆ یەكەمجار دەقی (خاڵە ڤانیا)م لەگەڵ خۆم برد، وەلێ كتێبەكە لەسەر ئەژنۆم وەك خۆی مایەوە، چونكە من تەنیا چێژم لە دیمەنی چیا و ئەو بەیانییە دڵڕفێنە وەرگرت.....).

بەم شێوەیە نامەی نێوان ئەم نووسەر و خانمە ئەكتەرە، ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبێت. پاش مردنیان، لە كتێبێكی نزیكەی (500) لاپەڕەییدا، ئەم نامانە كۆكرانەوە. ئێستا ئەم كتێبە بە یەكێك لە بەرهەمە ناودارەكانی چێخۆف ئەژمار دەكرێت. ساڵی (2008) رەئوف بێگەرد لە فارسییەوە ئەم كتێبەی لەژێر ناوی (دڵدارە هەرە ئازیزەكەم) كرد بە كوردی و لە دەزگای سەردەم لە سلێمانی چاپ بوو.

یادەوەرییە تەماوییەكان

"دوو مانگە چێخۆف مردووە. ئەو ساتانەی لە (Hotel Sommer) لە شاری (بادن ڤیلەر) لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا بە جەستەیەكی لاواز و بێ هێز و روخسارێكی ئارامەوە، لەناو پێخەفێكی سپیی پاكژدا چاوەكانی داخستبوو. ئەمە بۆ من نە خەون بوو، نە بیرلێكراوە بوو". ئۆلگا كنیپەر، ئاوای نووسی.

لە نیوە شەوێكی بێدەنگدا، چێخۆف خەوتبوو. لەناكاو چاوەكانی كردەوە و بۆ یەكەمین جار لە ژیانیدا تكای لە (كنیپەر) كرد پزیشكی بۆ بانگ بكات، تا ئەو كاتەی پزیشك هات سەیر بوو، چێخۆف بەو پێیەی خۆیشی پزیشك بوو، بەو ئەڵمانییە كەمەی دەیزانی، باسی ئازارەكەی بۆ پزیشكەكە كرد.

پزیشكەكە بێ دەنگ بوو. پاشان داوای پەرداخێك شەمپانیای بۆ چێخۆف كرد. ئەمە نەریتێكی ئەڵمانی بوو، كە پزیشكێك پشكنین بۆ پزیشكێكی نەخۆش دەكات و دەزانێت دەمرێت، داوای شەمپانیای بۆ دەكات، كاتێك پەرداخە شەمپانیاكەیان بۆ هێنا، بە دەستە لاوازەكانی، بە روخسارێكی ئارامەوە گوتی: "من دەمرم".

ئەم قسەیەی چێخۆف بۆ كنیپەر زەنگێك بوو. وەك خۆی دەڵێت: "ئەو زەنگە بەردەوام لە گوێیەكانمدا خامۆش نابێت".
 
ئەو بەیانییە زووەی 15ی تەممووزی 1904 تەرمەكەیان لە (بادن ڤیلەر) خستە شەمەندەفەرەوە و پاش حەوت ڕۆژ گەیشتەوە مۆسكۆ و لە گۆڕستانی (كچە فریشتە نوێیەكان) لە تەنیشت گڵكۆی باوكییەوە بە خاك سپێردرا.
 
ئێستا من دەمەوێت باوەڕ بەو مردنە نەكەم و بە یادی ساڵانی خۆشەویستیمانەوە، بەردەوام بم لە نامە نووسین بۆ چێخۆفەكەم. دوای دڵەڕاوكێ و بێزارییەكی زۆر، سەرئەنجام توانیم بەهەمان شێوەی جارانی ئەو، بچمە پشتی مێزەكەوە و روخسارم شۆڕ بكەمەوە بەسەر لاپەڕەكاندا و جار جاریش سەر بەرز بكەمەوە و لاسایی ئەو بكەمەوە. دەستی راستم بخەمە لای روومەتم و لە رووناكیی كڵاوڕۆژنەكە ڕابمێنم و هیچ نەڵێم و بێدەنگ بم. دواتر دەست دەكەمەوە بە نووسینی نامە و یادكردنەوەی ڕۆژە جوانەكان، ساتەكانی پڕۆڤە و ڕۆژەكانی كۆتایی تەمەن، ئەمە یەكەم نامەیە بۆت دەنووسم، دوای ئەو خەوەی، گوایە تۆ مردوویت:

(سەرئەنجام توانیم نامەت بۆ بنووسم، ئەنتۆنی ئازیز، شیرینەكەم، ئێستا چەند لە منەوە نزیكیت، بەڵام چەند دووریشیت. نازانم ئێستا تۆ لە كوێیت؟ زۆر چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بووم كە بتوانم نامەت بۆ بنووسم. ئەمڕۆ هاتم بۆ مۆسكۆ و سەرم لە گۆڕەكەت دا.. ئای كە جوان بوو. خۆزگە دەتزانی دوای تۆ، ئەو باشوورە وشكەی ئێرە، چەند پڕ لە گیای تازەیە. ئێستا لە هەموو لایەكەوە گوڵ بڵاوبووەتەوە و بۆن و بەرامی بەهەموو لایەكدا دەڕوات..... ئێستا پڕ بە دڵ حەز دەكەم نامەت بۆ بنووسم و باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كە لە دوای نەخۆشییەكەتەوە، دوای ئەو چركەساتەی كە دڵە شەكەت و بێ نەواكەت لە كار كەوت، بەسەرم هات. ئێستا كە نامەت بۆ دەنووسم، هەست دەكەم تۆ زیندوویت، لە شوێنێك دەژیت و چاوەڕێی نامەی منیت.)

ڕۆژێكی دی، بەهەمان هەست و تێڕوانینەوە كنیپەر كەوتەوە نامە نووسین بۆ چێخۆف. نزیكەی دە نامەی بەم شێوەیە بۆ نووسی. بەبێ ئەوەی هەست بكات كە ئەو مردووە. لەپاش چەند رۆژێكی تر، ئەم نامەیەشی بۆ نووسی: (زۆر دەمێكە نامەم بۆ نەنووسیویت ئازیزەكەم، شەو بە جۆرێك منی وێران كردووە توانای هەڵگرتنی پێنووسەكەمم نییە. یەكشەممە كە دەڕۆم بۆ گۆڕستان، كە لە دوورەوە منارەی پەرستگاكە دەردەكەوێت، دڵم خورپەیەكی خۆش دەكات و دەڵێت دەمەوێت بتبینم و تۆ چاوەڕوانم دەكەیت. لەسەر گۆڕەكەت گریام، نەمتوانی چەند ساتێك لەسەر ئەژنۆ دانیشم و سەر بخەمە سەر خاكەكەت. سەر بخەمە سەر ئەو سەوزاییە بەرزەی كە تۆی تێدا نێژراوە. تاقانەكەم، دە پێم بڵێ تۆ ئێستا لە كوێیت؟)

پاش چەند مانگێك شۆكی مردنەكەی بەریدا و ئیدی هەستی بەوە كرد كە چێخۆف مردووە. ئیدی لە بری نامەنووسین، سەرقاڵی نووسینەوەی یاداشت و ساتەكانی پێكەوە بوونیان بوو.

شێركۆ بێكەس نامە بۆ كنیپەر دەنووسێ

55 ساڵ پاش مردنی چێخۆف، كنیپەریش مرد. پاش تێپەڕینی زیاتر لە 50 ساڵ بەسەر مەرگی ئەو خانمەشدا، درەنگێكی شەوی هەفتەی یەكەمی مانگی شوبات لە سلێمانی، ڕەشەبای شیعر، خەو لە (شێركۆ بێكەس)ی شاعیر دەزڕێنێ و لەناو پێخەفەكەیدا زۆر ئەمدیو و ئەودیو دەكات و دەیەوێت خۆی لە ڕەشەبای ئەو شیعرە زستانییە لا بدات، بەڵام بێ سوود بوو. لە جێگەكەی هەڵدەستێ و لە پەنجەرەی ژووری نووستنەكەوە سەیری ئاسمان دەكات یەك پارچە ڕەشاییە و روخساری مانگ ونە.

بە چاوی خەواڵووەوە دێتە شوێنی نووسینەكەی و لەسەر كورسییەكەی دادەنیشێت و لەسەر مێزەكەی چەند لاپەڕەیەكی نووسراو، چەند پێنووسێكی ڕەش و سپی، تەپڵەكێكی پڕ لە سوتووە جگەرە، یەك دوو كتێب، كوپێك كە كەمێك قاوەی شەوی تێدا ماوەتەوە. لەم دیمەنەدا دەیەوێت شیعرنامەیەك بۆ ئەو خانمە ئەكتەرە بنووسێ كە هەرچی دەكات ناوەكەی بیر ناكەوێتەوە. هەرچۆنێ بێت ئەو شەوە سكێچی سەرەتایی شیعرەكەی نووسی، بەڵام بە دڵی نەبوو. جگەرەیەكی داگیرساند و روخساری خۆی و شیعرەكەی لەناو دووكەڵی جگەرەدا ون كرد. چەند جارێكی تر، ئەو سكێچەی كە بۆ شیعرەكەی نووسی خوێندەوە:

زستانێ بوو.
چوومە خەیاڵی بەفرەوە
و قوڵ داچووم و
دڵم بەستی و تیا مامەوە

لەوە زیاتر نەیتوانی هیچ وشەیەك بنووسێت. هەڵساو مێزەكەی بەجێهێشت و لە هۆڵەكەدا كەمێك بەدەم جگەرە كێشانەوە پیاسەی كرد و چووەوە ناو پێخەفەكەی. بەیانی كە رۆیشت بۆ دەزگای سەردەم، ئەم نامە بچووكەی بۆ من نووسی: "كاك كامەران ڕۆژ باش..نامەكانی چیخۆف بۆ خۆشەویستەكەی، ناوەكەیم لەبیرچووەتەوە، ناوی چییە؟...."

منیش لەسەر لاپەڕەیەكی بچووك بۆم نووسییەوە: "كاك شێركۆ سڵاو.. بەلامەوە سەیرە لەبیرت چووە. ئەی ماوەیەك لەمەوبەر ڕەئوف بێگەردی برادەرت نەیكردووە بە كوردی نامەكانی لەگەڵ چیخۆف؟ ناوی ئۆلگا كنیپەرە".

ئەو چیرۆكە لەوێدا تەواو بوو. پاش چەند ساڵێك لە كۆچی دوایی كاك (شێركۆ بێكەس)، جارێكی دیكە كتێبی (دڵدارە هەرە ئازیزەكەم) خوێندەوە. زۆر گەڕام بزانم كاك شێركۆ لەو ماوەیەدا ئەو شیعرەی تەواو كردووە یان نا؟ پاشتر زانیم لە دیوانی (هەست و نەست) چوارەم شیعری ئەو دیوانە، شیعرێكی تێدایە بەناوی (ژن... هەمیشە ژن!) مێژووی نووسینی لە كۆتایی شیعرەكەدا نووسیوە كە چەند مانگێك دوای ئەو نامە كورتەی بۆ منی نارد، ئەو شیعرەی نووسیوە. پێموایە ئەو شیعرە هەر هەمان شیعرە كە بۆن و بەرامەكەی لە روخسار و ئازایەتی و جوامێریی ئۆلگا كنیپەر وەرگرتووە، بەڵام ئەو، بەرگێكی ئاورینگی تەنكی كوردییانەی داوە بە سەر و گەردنیدا.

14/12/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان