دەیڤد رۆمانۆ
چەند ساڵێك لەمەوبەر هاوڕێیەكی عەرەبی ئیسرائیلیم منی بردە گوندەكەی خۆیان لە باكووری ناوچەی خەلیل لە ئیسرائیل. ئەوكاتەی لەژێر سێبەری دارزەیتونێكدا لەگەڵ چەند گەنجێكی چالاكڤانی عەرەبدا دانیشتبووین، ئەو گەنجانە باسی ئەوەیان دەكرد كە چەند زەحمەتە وەك كەمینە لە ئیسرائیل بژین. ئەوان دەیانگوت زۆر هەوڵیانداوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی رازیبكەن ئەو گوندە لەبەر زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانەكەی بكەنە ناحیە، بەڵام رازی نەبوون. ئەوان دەیانگوت "ئیسرائیلییەكان هەرچییەكمان لێبكەن، ئەم خاكەمان خۆشدەوێ و هەرگیز بەجێیناهێڵین".
هەرچەندە دڵم بەو بارودۆخەی ئەوان دەسووتێ، بەڵام كاتێك ئەو گەنجانە قسەیان بۆ دەكردم، مێشكم بۆ لایەكی دیكە چوو. بینیم كە چۆن شەقام و كۆڵان و باخچەكان بە خۆڵ و خاشاك و بوتڵی شكاو پیس ببوون. ئیدی خۆم نەگرت و لە گەنجەكانم پرسی "كە ئەم خاكەتان ئەوەندە خۆشدەوێت، بۆچی ئەوەندە پیسە؟ گەڕەكی جوولەكەكانی ئەوبەر زۆر پاكوخاوێنە. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەوان لە ئێوە زۆرتر خاكەكەیان خۆشدەوێت؟" .
ئەوان تووشی شۆكبوون و تەماشای چواردەوری خۆیان كرد. وەك ئەوەی یەكەمجاربێ ئەو پیسی و خاشاكە لە گوندە جوانەكەیاندا ببینن. هەندێك بیریان لەو قسەیەی من كردەوە و پاشان گوتیان "لەبەرئەوەی ئیسرائیلییەكان رێگەنادەن ئەم خاكە لەبن دەسەڵاتی خۆمان بێت، زۆربەمان گوێ نادەینە خاوێنڕاگرتنی".
دیارە ئەو وەڵامە بەهەموو شێوەیەك راكردنبوو لە بەرپرسیارێتی و پێموانییە وەڵامێكی گونجاو بووبێ. لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە میسرەوە بۆ ئوردن و لە ئێرانەوە بۆ كوردستان، بینیومە كە چۆن شەقام و كۆڵانەكان پیسن. هاوینی رابردوو لەگەڵ هاوڕێیەكمدا لە كەنار رووباری خابوور لە زاخۆ دانیشتبووین. بەسەربردنی ئێوارەیەك لەو كەنار رووبارە خۆشبوو، بەڵام پیسی ئاوەكە و بوتڵە كۆنەكانی ناوی، ئەو خۆشییەی نەهێشت. لە زاخۆ، دهۆك، هەولێر و سلێمانی دەبێ زۆر ئاگاداری خۆڵ و پیسییەكانی سەر شەقامەكان بیت.
جارێكیان لەنزیك رووبارێكی زۆر جوان لە هەڵەبجە، لەگەڵ هاوڕێیەكم دانیشتبووین. ئەو هاوڕێیەم پێشمەرگەی دێرین بوو و ئێستاش بەرپرسێكی باڵایە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان. من و خێزانەكەم هەوڵماندا هەموو ئەو كاخەز و پاشماوانە كۆبكەینەوە كە گرووپەكەمان لەو شوێنە فڕێیاندابوون. لەوكاتەی خەریكی پاككردنەوەی شوێنەكە بووین، هاوڕێیەكەم و پاسەوانەكانی لە ئێمەیان پرسی بۆچی ئەو كارە دەكەین و گوتیان "وازی لێبێنە، كێشە نییە!"، كاتێك هەموو پاشماوەكانمان پاككردەوە، پرسیمان لە كوێ دایبنێین؟ ئەوانیش خۆڵەكەیان لێوەرگرتین و چوونە نزیك رووبارەكە و عەلاگە خۆڵەكەیان فڕێدایە نێو رووبارەكە.
ئایا كورد لە عێراق چەندین ساڵ خەباتیان بۆ ئەوەكرد، تاوەكو خاكەكەیان ئازاد بكەن و دواتر پیسی بكەنەوە؟ من لە بیركردنەوەی ئەو خەڵكە تێناگەم كە خاكی خۆیان بەم شێوەیە پیسدەكەن، بەڵام پێموابێ ئەمە، هەروەك هاوڕێ فەلەستینیەكانم، لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەوە سەرهەڵدەدات.
هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردە خاڵی گرنگن بۆ بنبڕكردنی ئەم جۆرە دیاردانە. وەك ئاگادارم چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستان خەریكی بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی بەو جۆرەن. هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییان بكات و خەڵكیش گوێیان لێبگرێت.
رەنگە ئێمە ئاستی تەندروستی ئەم كۆمەڵگەیە بەوە ببینین كە خەڵكەكەی تاچەند پیسی لەسەر شەقامەكان فڕێدەدەن. لە وڵاتی منیشدا هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە زووترین كاتدا ئەنجامدەدرێت. بۆنموونە لەنێو خانەوادەكەی خۆمدا ئەوە دەكرێت. من كوڕێكی چوار ساڵانم هەیە كە ئەم هەفتەیە یەكەم وانەی هۆشیاری پێدرا: لە نزیك ماڵمان لە باشووری رۆژئاوای ویلایەتی (میسوری)ی ئەمریكا، رووبارێكی جوان هەیە و هاوینان كوڕەكەم دەبەمە سەر ئەو رووبارە تاوەكو مەلە یان راوەماسی بكەین. لەگەڵ ئەوەی رادەی پیسی نێو ئەو رووبارە ناگاتە رادەی پیسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام لە ئەمریكاش خەڵكی ناشارستانی هەن. بۆیە هەر جارێك دەچینە لای ئەو رووبارە، عەلاگەیەكی خۆڵ لەگەڵ خۆمان دەبەین و پێش ئەوەی بگەڕێینەوە ماڵ، لە رێگە هەر خاشاكێك ببینین، هەڵیدەگرینەوە.
یەكەمجار كە بە كوڕەكەمان گوت ئەو خاشاكە هەڵبگرێتەوە، گوتی"ئاخر خۆ من فڕێمنەداوە!"، من پێمگوت "دەزانم تۆ نەبووی، بەڵام دەتوانین ئەم شوێنە بە خاوێنی بەجێبێڵین". پێدەچێ ئەو یەكەم وانەی شارستانی بەباشی وەرگرتبێ. هەستیش دەكەم نەك هەر ئەو بەڵكو منداڵی دیكەش كە دێنە سەر رووبارەكە، خەریكی هەڵگرتنەوەی پاشماوە و پیسین.
خۆشبەختانە هەڵسوكەوتی باش بە فراوانی بڵاودەبێتەوە. تەنیا ئەوەمان پێویستە كە كەسێك هەبێ پێشڕەوی بكات.
* دەیڤد رۆمانۆ، پرۆفیسۆری سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە زانكۆی ولایەتی مزووری لە ئەمریكا و نووسەری كتێبی (بزووتنەوەی نەتەوەی كورد) لە ساڵی 2006. ئەم گۆشەیە بە تایبەت بۆ (رووداو) دەنووسێ.