هێمن عەبدوڵڵا
مالیكی دەیەوێ ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق. ئەو پیاوەی هەم سەددامی لەسێدارە دا و هەم مووسڵی تەسلیمی داعش كرد، توانیویەتی درزێك بخاتە نێو ماڵی كورد لە بەغدا كە پێشتر پێشینەی نەبووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: مالیكی بگەڕێتەوە یان نەگەڕێتەوە چی لە حاڵی كورد لە عێراق دەگۆڕێت؟ مێژووەكە دوور نییە و هێشتا لەبیرمانە مالیكی لەسەر بنەمای رێككەوتنی هەولێر (واتە بە موبارەكەی كورد) بووەوە سەرۆكوەزیران. ئەوكات میدیا رۆژئاواییەكان دەیاننوسی: "كوردەكانی عێراق شاسازن". واتە ئەوان بڕیار دەدەن كێ لە عێراقدا دەبێتە دەسەڵاتدار. ئەو رێككەوتنە نووسراو و گشتگیرەی كورد لەگەڵ مالیكی هەیبوو و دواتر لێی پاشگەز بووەوە، زۆر تۆكمەتر و بەهێزتر بوو لەوەی ئێستا لەگەڵ عەبادی هەیەتی. ئەوكاتیش وەك ئێستا ئەو كێشانەی دەبووایە رێككەوتنی سیاسیی كۆنكرێتییان لەسەر بكرێت و گەرەنتیی جێبەجێبوون و پەشیماننەبوونەوەشیان بەڕوونی دیار بكرێت، نەكران و هەڵگیران بۆ ئەو لیژنانەی پاشتر پێكدێن و یەكلایی دەكەنەوە چۆن ئەو كێشانە چارەسەر ببن.
كاتێك عەبادی بووە سەرۆكوەزیران، زۆر لەوانەی لە بەغدا بوون و لە پەرلەمان ئیشیان كردبوو، دەیانگوت عەبادی لە مەسەلەی بڕینی بودجە و مووچەی كوردستاندا هیچی لە مالیكی كەمتر نەبووە و ئەویش شەریكە تاوانە. واتە بەكورتییەكەی كاتێك دێتە سەر باسی كوردستان و كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، جیاوازییەكی وایان نییە و حەسەن كەچەڵ و كەچەڵ حەسەن هەر یەكن.
كەواتە چی وای كردووە نوێنەرانی كورد لەنێوان ئەوانەی عەبادییان پێ باشترە لەگەڵ ئەوانەی خەون بە گەڕانەوەی مالیكییەوە دەبینن، دابەش ببن؟ دابەشبوونێك كە نیوەی یەكەمی ساڵانی هەشتامان بیردەهێنێتەوە. ئەوكات یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عێراق كەوتبووە دانوستاندن و پارتی و شیوعی و حیزبەكانی دیكە بەشدار نەبوون لەو دانوستاندنانەدا. لەدوای دروستبوونی بەرەی كوردستانییەوە تاوەكو دەگاتە دوو سێ هەفتەی رابردوو، كورد لە نێوخۆدا چەندیش ناكۆك بووبن، كاتێك شاندیان بۆ دانوستاندن لەسەر كوردستان ناردبێتە بەغدا، هەمیشە یەك بوون. بیر لە كاتی راپەڕین بكەنەوە یان قۆناغی ئەنجوومەن و حكومەتی ئینتیقالی و بەدواشیدا نووسینەوەی دەستوور. یان با دوور نەڕۆین و بیر لە چەند مانگێك پێش ئێستا بكەینەوە كە هانی هانییەك دروست ببوو لەسەر لابردنی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. تەنانەت ئەوكاتیش ناكۆكییەكانی كوردستان كاریگەرییان لەسەر ئەوە نەبوو كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا یەكڕیز و یەكدەنگ بن. كەچی ئێستا لەسەر بودجە و زۆر مژاری دیكە، چیدی ئەو یەكدەنگییە نەماوە و عەرەبەكان بەگاڵتەوە باسی دەكەن.
مەسەلەكە روونە: عەبادی لەگەڵ بارزانی رێككەوتنی كردووە و هەموو لایەنێكی كوردی ئەوەی بەدڵ نییە كە مامەڵەی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ بارزانی بكرێت. بۆیەش پشتیوانی لە گەڕانەوەی مالیكی دەكەن كە خۆی بە دوژمنی تەقلیدیی بارزانی دەزانێت. واتە ئیدیەمە بەنێوبانگەكە وەڕاست گەڕاوە و مالیكی و عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە كوردیان دابەش كردووە كە دوژمنی دوژمنیان دۆستیانە.
مامۆستا عەلی باپیر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا داوای لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا كرد كە یەكدەنگ بن. كاتێك قسەی دەكرد، بیرم لەوە دەكردەوە كە جاران نوێنەرانی كورد لە بەغدا كەسانی وەك مامۆستا عەلی باپیر و كاكە حەمەی حاجی مەحموود و كەسایەتییەكانی دیكە بوون. بۆیە دەیانزانی چەند كوشندەیە ناكۆكییەكانی كوردستان ببردرێنە بەغدا. ئێستا تەواو پێچەوانەیە. ئەوەی لە كوردستان سیاسی و پەرلەمانتاران بەیەكدی ناڵێن، نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە میدیای عێراقی و كەسایەتییە عەرەبییەكانی دەڵێن.
6/12/2016