رێبوار کەریمی
زۆر جار ده‌نگۆی مردنی فیدێل كاسترۆ بڵاوده‌كرایه‌وه. جارێكیان كاسترۆ به‌گاڵته‌وه گوتبووی؛ كاتێك دواجار من ده‌مردم، ئیتر كه‌س بڕوا به مردنم ناكا! ئه‌مڕۆ كه ڕائۆڵ كاسترۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی ''سه‌رۆكی باڵای شۆڕش''ی بڵاوكرده‌وه، یه‌كه‌م شت كه من بیرم كه‌وته‌وه، وته‌كانی گابریل گارسیا ماركێز بوو. ماركێز كه هاوڕێیه‌كی نزیكی كاسترۆ بوو به‌سه‌رسامییه‌وه باس له وزه‌ی بێبڕانه‌وه و ئاستی به‌رزی ڕۆشنبیریی كاسترۆ ده‌كا.
ماركێز ده‌گێڕێته‌وه، جارێكیان كه كاسترۆ بێتاقه‌ت دیاربوو ناوی چه‌ند كتێبێكم پێ پێشنیار كرد تا بیانخوێنێته‌وه. كاتی به‌سه‌ردا هات و پێم وابوو ئیترله جه‌نجاڵی كار و تێكۆشانیدا هه‌ر له‌بیریشی نه‌ماوه كتێبه‌كان داوا بكات چبگا به‌وه‌ی بیانخوێنێته‌وه. كه‌چی كاتێك دووباره بینیمه‌وه، سه‌رم سووڕما كاتێك بینیم نه‌ك هه‌ر كتێبه‌كانی خوێندبوونه‌وه، به‌ڵكو ڕهخهنهیهكیشی له سه‌ر نووسیبوون!
كاسترۆ دیكتاتۆر بوو، هیچ نه‌بێ ئه‌گه‌ر ''ئازادی ڕاده‌ربڕین'' به‌پێوه‌ر بگرین. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بهچاویلكهی دیكتاتۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌یری كاسترۆ ده‌كه‌ن، زه‌حمه‌ته بتوانن خوێندنه‌وه‌یه‌كی مونسیفانه بۆ كارنامه‌ی ''فیدێل''ی كووباییهكان بكه‌ن. كاسترۆ هه‌تا دوا چركه به‌و به‌ڵێنانه‌ی وه‌فادار مایه‌وه كه شۆڕشی له‌پێناودا كردبوون. هه‌ڵبه‌ت وه‌فای به‌كرده‌وه! ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ی كاسترۆ بۆی تێكۆشا، به‌كرده‌وه، سیستمی ته‌ندروستیی خۆڕایی و، خوێندنی خۆڕایی بۆ هه‌موو خۆوڵاتیانی كوباییی ده‌سته‌به‌ركرد. له‌سایه‌ی سه‌ری كاسترۆوه خوێنده‌واری له كووبا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و سه‌رسووڕهێنه‌ر هه‌ڵكشا. سیستمی پزیشكی به‌شێوه‌یه‌ك پێشكه‌وت كه ''پزیشكه كووباییهكان''، كه بۆ كاری خێرخوازی ده‌نێردرانه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بووه چه‌مكێكی باوی جیهانی. ئێستاش كووبا له‌به‌رامبه‌ر نه‌وتدا پزیشك بۆ ڤێنۆزۆێلا ده‌نێرێ.
به‌راوردێكی ساده بۆ تێگه‌یشن له كه‌سایه‌تیی مێژوویی كاسترۆ خراپ نیه: كاتێك خومه‌ینی، وه‌ك ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هاته سه‌ر كار، به‌ڵێنی دا ئاو و كاره‌بای خۆڕایی بۆ خه‌ڵك دابین بكات. زۆر به‌ڵێنی تریشیدا به‌ڵام به كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئاسایشی ئابووری بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی دابین نه‌كرد، ئه‌و ئازادییه كۆمهڵایهتییانهشی لێ سه‌ندنه‌وه كه ده‌وڵه‌تی شا پێی ڕه‌وا بینیبوون. ئازادییه سیاسییه‌كان له‌و لاوه بوه‌ستێ!
ڕه‌خنه له داخراویی سیستمیی سیاسیی كووبا ده‌گیردرێت. بۆ تێگه‌یشتن له داخراویی سیاسیی كووبا، نابێ ئه‌و هه‌لومه‌رجه نه‌فسییه فه‌رامۆش بكه‌ین كه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆی دروست كردووه. ئاخر ناچێته ئه‌قڵه‌وه كه سیستمێكی دژه سه‌رمایه‌داری، ئه‌ویش له پاڵ گوێی ئه‌مریكا و له‌كاتێكدا، ڕێكخراوی سیخوڕیی ''سیا'' به هه‌زار و یه‌ك شێواز لێی له پیلان و ئاژاوه بووه، ده‌رگا بۆ نه‌یارانی بخاته سه‌رپشت. ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا لێی له‌گله‌یی بوو، ئه‌وه بوو كه كووبای كاسترۆ تۆزێك كه‌لێنی بۆ ''سیا'' نه‌هێشتبووه‌وه تا ئه‌زموونی دژه‌سه‌رمایه‌داریی كووباش به‌ده‌ردی وڵاته‌كانی تری ئه‌مریكای لاتینی ساڵه‌كانی شه‌ست و حه‌فتای زایینی ببات!
له‌بیریشمان نه‌چێ؛ ئه‌و وێنایه‌ی ئێمه له كاسترۆ وه‌كوو دیكتاتۆرێك هه‌مانه، به‌شێكی زۆری، ئه‌و شته‌یه كه ده‌زگای پڕۆپاگه‌نده‌ی سه‌رمایه‌داری بۆی ههڵپێچاوین: ''كاسترۆی سیا'' و ''فیدێل-ی كووباییهكان'' یه‌ك شت نین!
شۆڕشی كووبا له كه‌سایه‌تیی دوو ڕێبه‌ره گه‌وره‌كه‌ی، كاسترۆ و چێ گیڤارا، جیاناكرێته‌وه. ''چێ''ی پارتیزانی ئارژانتینی، هه‌ر دوابه‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كووبا، وازی له هه‌موو پۆست و ده‌سه‌ڵاتێك هێنا و بۆ درێژه‌ی شۆڕشی پارتیزانی ڕووی له قووڵاییه‌كانی ئه‌مریكای لاتین كرد. كاسترۆ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك تر، بۆ وێنه به‌هۆی ناردنی هێزی چه‌كداری بۆ یارمه‌تیی پارتیزانه‌كانی ئه‌فریقا، ئه‌و ڕێگایه‌ی درێژه پێدا.
''شۆڕشی ئیسلامیی ئێران''یش به‌ڕواڵه‌ت هه‌ر مه‌یلی له ''هه‌نارده‌كردنی شۆڕشه''. به‌ڵام ئه‌م له كوێ و ئه‌و له كوێ! لوتكه‌ی ده‌سكه‌وتی هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، قووڵكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی شه‌ڕی ئێستای سووریه و یه‌مه‌نه. لوتكه‌ی ده‌سكه‌وتی ده‌ستتێوه‌ردانی كووبای كاسترۆش، له‌ناوبردنی سیستمی ئاپارتاید و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له ئافریقای باشووره.
ئه‌مه‌ش به شایه‌تیی نێلسۆن ماندێلا! له ڕاستیدا ئه‌وه ده‌ستتێوه‌ردانی چه‌كداریی كووبا له شه‌ڕی ناوخۆی ئانگۆلادا بوو كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر بووه هۆی سه‌ربه‌خۆیی نامیبیا له كۆماری ئافریقای باشور. هه‌ر ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆتایی ئاپارتاید له ئافریقای باشور دانا. ماندێلا له وه‌سفی چاكه‌ی كووبای كاسترۆدا، له‌ساڵی ١٩٩٨ دا وتی؛ ''كووبا به‌شێوه‌یه‌كی خۆنه‌ویستانه پشتگیریی له خه‌باتی ئێمه‌ی گه‌لانی ئافریقای باشوور و وڵاتانی ناوچه‌كه‌مان بۆ ئازادی له ده‌ست هه‌ڵاواردنێكی ڕه‌گه‌زیی نائینسانانه و وێرانكه‌ر، كرد''.
دیسان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، كه تێچوونی ئابووریی ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كانی ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانیشدا دروست كردووه، له ئه‌زموونی وڵاتی كووبادا، به‌دانپێدانانی گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌مریكایی، ''كووبا له ژێردهسهڵاتدارێتیی كاسترۆدا، له 'كۆماری مۆز'ـەوه (واته وڵاتێك كه ئابوورییه لاوازه‌كه‌ی وابه‌سته‌ی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كییه) بوو به ئه‌كته‌رێكی پڕبایه‌خی سیاسه‌تی جیهانی''. ئه‌مانه وته‌ی وێین س. سمیز، سه‌رپه‌رشتیاری پێشووی كاروباری وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كان له هاڤانان.
هه‌رچه‌ند هێندێك پێیان وایه هێشتا زووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئاخۆ ئه‌و ڕێبه‌ره سیاسییه‌ی دوورگه‌یه‌ك كه حه‌شیمه‌ته‌كه‌ی هه‌ر یانزده ملیۆن كه‌سه، له مێژوودا ده‌مێنێته‌وه یان نا، به‌ڵام من پێم وایه هه‌ڵوێستی مێژوو له‌سه‌ر كاسترۆ هه‌ر ئه‌و شته ده‌بێ كه خۆی له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا ڕوو به دادگا ڕایگه‌یاندبوو. ساڵی 1953 كاتێك دوای شكستی یه‌كه‌م هەوڵی چه‌كدارانه‌یان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بنكه‌ی سه‌ربازیی مۆنكادا، ده‌سگیر ده‌كرێت، كاسترۆی گه‌نج له‌كاتی دادگاییكردندا ڕوو به دادوه‌ردا ده‌ڵێ: مهحكوومم بكه‌ن، چونكه ئه‌وه هیچ بایه‌خی نیه. من، مێژوو لێم ده‌بوورێت
27/11/2016