ڕێبوار سیوه‌یلی
ئه‌گه‌ر قسه‌مان به ته‌نیا له‌سه‌ر كورد بێت، ئه‌وه كورد نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌كی دیكه هه‌بێت له‌وه‌ی كه هه‌یه، بۆیه بوونی كورد جیاوازه له بوونی میلله‌تێكی دی، ئه‌م جیاوازییه ده‌ستنیشانی شێوازی بوونی ئه‌م ده‌كات و ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت سه‌ربه‌خۆ لێی بكۆڵدرێته‌وه تا شێوازی بوونه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ركه‌وێت، نه‌ك له په‌یوه‌ندیی به بوونی ئه‌وانی تره‌وه، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بۆی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و به‌سه‌ریدا ده‌یسه‌پێنن.
مادام كوردبوونی خۆی ده‌ژی، ئه‌وه بوونی ئه‌و به‌و جۆره‌ی كه هه‌یه شیاوی توێژینه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی جه‌وهه‌ریی ئه‌و له‌سه‌ر ئاستی جیاوازیی بناسین، نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی جیاكردنه‌وه. شكۆی كوردبوون به به‌راورد به كه‌مكردنه‌وه له شكۆی ئه‌وانی تر ده‌ستنیشان ناكرێت، به‌ڵكو ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی پابه‌نده به‌و شێوه‌ژیان و بوونه‌ی له خۆیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه. بۆیه توێژینه‌وه له بوونی كورد ده‌بێت ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بداتێ ده‌ستنیشانی شكۆی كوردبوونی بكه‌ین. مادام كورد نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی دی هه‌بێت له‌وه‌ی كه هه‌یه، كه‌واته ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه لێی بكۆڵینه‌وه. به‌م جۆره‌ش حه‌ق به‌شێكه له بوونی بوونه‌وه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه و شتێكی پێشینه‌ییه، وه‌ك حه‌قی ژیان و پاراستنی كه‌رامه‌ت، ئاواش مرۆڤبوونه‌كه‌ی حه‌قی ئه‌وه‌ی ده‌داتێ به شێوه‌یه‌كی سیادییانه حوكمڕانیی خۆی بكات.
له‌لای فه‌یله‌سووفێكی وه‌ك هیگڵ، له كتێبه گه‌وره‌كه‌یدا (فه‌لسه‌فه‌ی حه‌ق: 1820)، حه‌ق په‌یوه‌سته به (بوونی ئیراده‌ی ئازاد)، كه ئه‌م ئازادییه‌ش هیچ نییه له‌وه زیاتر كه ڕه‌وه‌ندێكی به‌رده‌وامه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م حه‌قه. لێره‌وه، به‌پێی لێكدانه‌وه ته‌قلیدییه‌كه بۆ هیگڵ، ده‌وڵه‌ت دوو مانای سه‌ره‌كیی هه‌یه. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه بریتییه له پۆلیس (شار) و دووه‌میش بریتییه له دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا وه‌ك خێزان و ژیانی مه‌ده‌نی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو تێگه‌یشتنه له یه‌كتر دابڕاو بن. به‌م مانایه‌ش، ده‌وڵه‌ت پارێزه‌ر و به‌ده‌ستهێنه‌ری ئه‌و یاسایانه‌یه كه حه‌ق ده‌پارێزن.
له تێڕوانینێكی مۆدێرنتردا ئه‌وه ده‌خرێته ڕوو كه هیگڵ به سێ مانا بیر له ده‌وڵه‌ت ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌كی، به مانای ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا. دووه‌م: ده‌وڵه‌تی سیاسی و سێیه‌م: ده‌وڵه‌تی ئه‌خلاقی.
له مانای یه‌كه‌مدا ده‌وڵه‌ت بریتییه له كۆمه‌ڵه یاسایه‌ك له‌سه‌رووی بگره‌وبه‌رده‌ی و هه‌ڵای بازاڕه‌وه. له‌م مانایه‌دا، تاكه‌كه‌س، كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك حه‌قی وه‌ك ئازادی و مافه، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت به‌ر یه‌ك ده‌كه‌وێت، كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵه یاسایه‌كی ده‌ره‌كییه. بۆیه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت سۆبژهكتیڤیتهی تاكه‌كه‌س بگه‌یه‌نێته به‌رزترین ئاستی خۆده‌ربڕین و به‌رجه‌سته‌بوون.
له مانای دووه‌مدا هیگڵ باس له ده‌وڵه‌تی سیاسی ده‌كات و به‌پێی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت قسه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی بۆ مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌چێت، كه پابه‌نده به هێز و شێوازه ته‌قلیدییه‌كانی حوكمدارییهوه.
له مانای سێیه‌میدا بۆ ده‌وڵه‌ت، كه باس له ده‌وڵه‌تی ئه‌خلاقی ده‌كات، جیای ده‌كاته‌وه له ده‌وڵه‌تی سیاسی. له‌م فۆرمه‌ی ده‌وڵه‌تدایه كه هاووڵاتییان هێدی هێدی په‌ی به مانای ئه‌خلاقییانه ده‌به‌ن له بونیادی دامه‌زراوه‌یی ده‌وڵه‌ت. هیگڵ له‌و بڕوایه‌دا بوو كه ئێمه له‌ناو ده‌وڵه‌تدا به لووتكه‌ی گه‌شه‌ی مرۆیی و مێژوویی خۆمان ده‌گه‌ین. لێره‌وه، ده‌وڵه‌ت نه به ته‌نیا كۆمه‌ڵه یاسایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازه له خواست و حه‌زه‌كانی هاووڵاتییان و نه دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسیی ئاشكرایه بۆ لایه‌نگیری له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان. به‌ڵكو دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه، كه به‌هۆی یاسا و بونیاته سیاسییه‌كانی خۆیه‌وه پارێزگاریی له خواستی هاووڵاتییان ده‌كات. به‌م پێیه‌ش له‌نێوان ویستی كه‌سه‌كان و ئیراده‌ی باسكرا‌و له یاساكاندا هیچ جۆره پچڕان و دابڕانێك نییه و ناشبێت هه‌بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌وڵه‌ت بریتییه له ئاستێكی ئه‌وتۆی ئیداره‌كردن كه تیایدا ناكۆكیی و دژایه‌تیی نێوان تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵ نه‌مێنێت.
به‌م مانایه‌ش بێت، حه‌ق بریتییه له‌و ئیمتیازاتانه‌ی كه مرۆڤ وه‌ك خۆی له كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراودا هه‌یه‌تی. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا حه‌ق نه‌ك هه‌ر ته‌نیا مافی یاسایی كه‌سه‌كانه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ئاواش مافێكی سروشتییانه‌ی مرۆڤه پێش ئه‌وه‌ی یاسا پارێزگاریی لێ بكات. لێره‌وه، حه‌ق بریتییه له كۆمه‌ڵه بنه‌مایه‌ك و ڕێسایه‌كی پێشینه‌یی، كه ڕێكخه‌ری په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كانه له‌سه‌ر بنه‌مای شكۆداری و سیاده‌ی نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی یاسادانه‌ران ئه‌م مافانه ده‌ستنیشان بكه‌ن، مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی و (پێش یاسایی) له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه خاوه‌نیانه. به‌م مانایه‌ش بێت حه‌ق، بنه‌مایه‌ك و ڕێسایه‌كه یاسای مافی كه‌سه‌كان له كۆمه‌ڵگادا مسۆگه‌ر ده‌كات و ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی پاراستن و دهستهبهركردنیانی هه‌یه. به‌م جۆره‌ش "ده‌وڵه‌ت بۆ هیگڵ مانایه‌كی ده‌روونی و مانایه‌كی ده‌ره‌كیی هه‌یه. مرۆڤ به‌پێی چاره‌نووسی خۆی له ده‌روونی ده‌وڵه‌تدا گه‌شه ده‌كات. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له خۆیدا هێزێكی پێویسته، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌روونی مرۆڤه‌كاندا وه‌ك بوونه‌وه‌ری ئه‌قڵانی، ده‌وڵه‌ت فۆرمێكی جێگیره و به‌شێكه له سروشتی مرۆیی، كه له پێویستی ئه‌وه‌وه به ڕێكخستن و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی هه‌ڵده‌قوڵێت".
دژایه‌تیكردنی پرۆژه‌ی ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌تداربوونی كورد، له سایه‌ی دژایه‌تیكردنی ئه‌و كاراكته‌ر(انه‌دا) كه نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م داوایه بۆ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له ئه‌وانی تر ده‌كه‌ن و هێنانه‌وه‌ی كۆی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه كۆسپ ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه‌یه، له مشهخۆرییهك به‌سه‌ر كوردبوون و له خۆگهوجاندنێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی مێژووییه‌وه هاتووه، كه دوژمنان ئێمه‌یان پێ په‌روه‌رده كردووه. جێی داخه، كولتووری ئه‌م دژایه‌تییه كولتوورێكی سه‌پێنراوه، كه له میانه‌ی تێپه‌ڕینی مێژوودا له‌لایه‌ن كورد خۆیه‌وه به ده‌روونی كراوه و بووه‌ته میكانیزمێكی به‌رگری له ئاست حه‌قێكی ئۆنتۆلۆژیی خۆیدا. ئه‌م دژایه‌تییه ته‌نیا ده‌توانێت دژایه‌تییه‌كی سیاسی بێت، كه له ڕوانگه‌ی كولتووری سهردهستهییهوه دێت كه له زه‌ینییه‌تی ژێرده‌سته‌دا په‌روه‌رده‌ی كردووه بۆ مانه‌وه‌ی له دۆخی ملكه‌چیدا، به‌ڵام سووكایه‌تییه‌ك به ماف و حه‌قی مرۆڤی كورد به‌رهه‌م ده‌هێنێت له ئاست سه‌ربه‌خۆیی و بوونه خۆیدا و هه‌مان ڕۆڵی شاراوه‌ی ئه‌و هێزانه ده‌بینێت كه نه‌ته‌وه بچووك ده‌كه‌نه‌وه له چه‌ندین شوناسدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده بن شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی تر پێ ببه‌خشن.
ماوه‌یه‌كه به‌به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه بێڕێزییه‌كی بێ هاوتا و بێ نموونه به بوونی كوردیانه‌مان و به مافی سروشتی و مه‌ده‌نیمان له هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئاواتی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش له جۆره‌ها به‌ڵگه و پاساوهێنانه‌وه‌ی جۆربه‌جۆره‌وه ده‌پێچرێت و رای گشتی و به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ی نوێ، كه زه‌خیره‌ی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ییمانه، پێ ده‌ترسێنرێت، تاكو ده‌ست له ده‌روه‌ستییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی هه‌ڵبگرێت.
لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌م بێڕێزییه زۆرن، هه‌ر له دوژمن و نه‌یارانه‌وه، تا بهدحاڵییانی ناوخۆیی و هه‌ندێك له ڕۆشنبیران.
من ده‌مه‌وێت وه‌ك نووسه‌رێك بۆ مێژوو له‌مباره‌یه‌وه، كه هه‌ر له ساڵی 2003وه و له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (قه‌فه‌سی ئاسنین: یان بۆ ببمه‌وه به عێراقی؟)یه‌وه هه‌ڵوێستی هزریی خۆمم هه‌بووه، سه‌باره‌ت به‌م پرسه، بیروڕای ڕاشكاوی خۆم بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و دواڕۆژ ده‌رببڕم و له‌و ترسه سایكۆلۆژییه بپه‌ڕمه‌وه، كه پشتیوانانی تهرویجگهرا و ڕه‌خنه‌گرانی نه‌یاری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی، دروستیان كردووه:
1- من وه‌ك هاووڵاتییه‌ك له‌م وڵاته‌دا ده‌ژیم و به‌م زمانه قسان ده‌كه‌م و ده‌نووسم و بیر ده‌كه‌مه‌وه كه به هی خۆمی ده‌زانم. من كوردم، هه‌رچه‌نده بۆ من كوردبوون جه‌وهه‌رێكی بێ كه‌موكوڕی نییه، به‌ڵام نیگای منه بۆ ته‌ماشاكردنی بوونی مرۆییانه‌ی خۆم و ناتوانم وه‌ك ئایین و بڕوا و كولتوور، ده‌ست له كوردبوونی خۆم هه‌ڵگرم، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی من به‌م كوردبوونه ناچاری و به‌و ڕێكهوتهمهوه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه و چاوپۆشی له هه‌ڵه و كه‌موكوڕی و پێشێلكاریگهلێك كه له‌م وڵاته‌دا و به ناوی كوردبوونه‌وه ده‌كرێن، ناكه‌م. كه ده‌ڵێم من به ناچاری كوردم، به مانای ئه‌وه‌یه ناتوانم شتێكی تر بم له‌وه‌ی كه هه‌م. من به‌بێ خواستی خۆم كوردم، ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی زۆر له ژیانم له‌ناو وڵاتی تر و كولتووری دیكه‌دا ژیاوم و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی كولتووری له‌نێوان من و كولتووری باوی وڵاته‌كه‌مدا دروست ببێت، ئه‌مه‌ش هه‌لی ئه‌وه‌ی داومه‌تێ كه به‌شێوه‌یه‌كی خۆچاودێرانه، یان ڕیفلێكسیڤ، بڕوانمه‌وه خۆم و كوردبوون و كولتوورهكهم و توانا و ویستی ڕهخنهكاریم هه‌بێت. به‌م مانایه‌ش كوردبوون بۆ من پیرۆز نییه، به‌ڵكو ده‌فرێكه بۆ ئه‌وه‌ی من له میانه‌یدا و به‌هۆیه‌وه و له پێناویدا خۆم دروست بكه‌م و شوناسی خۆم بخه‌مڵێنم، بۆ ئه‌وه‌ی توانای ناسینه‌وه‌ی خۆمم هه‌بێت، كاتێ له ئه‌وانی تر جیاوازم كه ئینتیمایان بۆ كوردبوونی من، وه‌ك من نییه. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاوازییه ڕوو نه‌دات، ئه‌وكاته ئه‌ویتربوون و كوردبوون و هه‌ر نه‌ته‌وه و میللهتێكیتربوون مانای نامێنێت. من وه‌ك چۆن ئه‌م پێناسه‌یه و ئه‌م مافه به خۆم ڕه‌وا ده‌بینم، ئاواش به ئه‌وانی تری ڕه‌وا ده‌بینم، كه له پێناسهكردنیاندا بۆ خۆیان، كوردبوونی من جێگه‌ی نابێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه، جیاوازیی مه‌رجی بوونی منه، هه‌روه‌ك چۆن مه‌رجی بوونی ئه‌وانیتریشه كه وه‌ك من نین. به‌ڵام من بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی جیاوازییه‌كانم مه‌رجی خۆجیاكردنهوهم نییه و به‌و هوشیارییه‌ی هه‌مه وه‌ك كوردێك ده‌زانم كه خۆ جیاكردنه‌وه مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر بوونی خۆم، له‌كاتێكدا بوونی من له جیاوازییهكانمدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار بكرێم له یه‌ك چوارچێوه و قه‌واره‌ی سیاسی و سیسته‌می ئیداریدا بمێنمه‌وه. جیاوازی، خۆجیاكردنه‌وه نییه، به‌ڵكو خۆئاماده‌كردنه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر، به‌بێ زۆر و ناچاری و به‌كارهێنانی هه‌ڕه‌شه و ترساندن و نانبڕاوكردن.
2- لێره‌وه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی بیركردنه‌وه له ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی جیاوازی بێت، پرۆژه‌ی ماف و ڕه‌وایه‌تی و حه‌قێكی نكۆڵی لێ نه‌كراوی منه. مرۆڤ ته‌نیا له ناهوشیارییه‌وه، له گه‌وجی و نه‌زانی و خۆبه‌كه‌مزانی و مشه‌خۆرییه‌وه، له ده‌ستبه‌سه‌ری و ژێرچه‌پۆكی و كۆیلایه‌تییه‌وه، چاوپۆشی له ماف و ره‌وایه‌تی و حه‌قه‌كانی خۆی ده‌كات و ئه‌مه‌ش له پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی‌دا بۆی ده‌بێته بونیاتی سایكۆلۆژییه‌كه‌ی و ورده ورده له ئاست (بوونهخۆی)دا، له ئاست جیاوازییه‌كانی و له ئاست مافه‌كانیدا بێ ئیراده ده‌كرێت و بێ ئیراده‌یی بۆی ده‌بێته قه‌فه‌سێك، كه نه ده‌توانێ خه‌ونی تێدا ببینێ و نه ده‌توانێ وه‌ك مرۆڤێكی ئازاد سروشتی خۆی ته‌حقیق بكات.
3- ئه‌مه ئه‌و مێژووه‌یه كه كوردی فڕێ دراوه‌ته‌وه ناوی و له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی دوورودرێژه‌وه، شوناسگهلێكی په‌راوێزی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست كراوه و به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، كه نه‌یتوانیوه خۆی له‌ناودا بدۆزێته‌وه و جیاوازییهكانیشی ڕێگه‌ی هه‌ر جۆره توانه‌وه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌و شوناسه سه‌پاوانه‌دا لێ گرتوون. ئه‌مه ته‌نیا ڕێككهوتێكی مێژووییه، كه فڕێ بدرێیته مێژووه‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌و مێژووه‌دا فهریادڕهسێكی وه‌ك (جیاوازی)، نه‌هێڵێت بكه‌ویته ناو گه‌رووی توانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی له ده‌فره‌كانی شوناسی ئه‌وی تردا.
4- بۆیه هوشیاریی ساده‌ی ئێمه و شێوازی خه‌باتگه‌لێك كه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه پێیاندا تێپه‌ڕ بووین، هه‌موویان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ساته‌وه‌خته هه‌ستكردنه‌ی ئێمه‌ن به جیاوازی و ئه‌و هه‌ستیارییه قووڵ و ترسه زۆره به‌رامبه‌ر به توانه‌وه له‌ناو ده‌فره گریمانهكراوهكاندا.
5- له‌ناو مێژووی ئه‌و خه‌باته‌ی كورد كردوویه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به كه‌سه‌كان و ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه هه‌بێت، كه‌سیان مرۆڤی نموونه‌یی نه‌بوون. كه‌سیان پێغه‌مبه‌ر و كه‌سیان به شێوه‌ی ڕه‌ها پوخت و بێگه‌رد نه‌بوون و مرۆڤی مێژوویی و ئاسایی بوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و مێژووه‌ی بۆ ئه‌وان نووسراوه‌ته‌وه، زۆر جار واقیعی بوون و ساده‌یی بوون و ئاده‌می بوونی ئه‌وانمان لێ ده‌شارێته‌وه و وێنه‌یه‌كی پاكیزهئاسا و بێ خه‌وشی مرۆڤگهلێكمان بۆ ده‌كێشێ كه ئه‌قڵ به ئاسانی په‌سه‌ندی ناكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و كه‌سایه‌تی و قاره‌مانه كلاسیكییانه، كه له‌نێو ته‌مومژی گێڕانه‌وه‌ی واقیعیانه و وێناكردنی ئه‌فسانه‌ییدا، بۆ ئێمه به‌شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه، جێگه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستیی نه‌وه دوای نه‌وه بوون، ئه‌مه له‌كاتێكدا سووكایه‌تیشیان پێ كراوه و له‌لایه‌ن سایكۆلۆژیای سیاسیی دواتره‌وه و به كاریگه‌ربوون به‌و وێنانه‌ی دوژمنان بۆ كورد و خه‌باته‌كه‌یان به‌رهه‌م هێناوه، كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتكارانه‌ی ئێمه‌ش شێوێنراوه. وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر كامێكیان ده‌گریت، له ڕووی كولتوور و ئه‌ته‌كێتی تایبه‌ت و ئاستی دانایی و شاره‌زایی و غه‌ریزییه‌وه، مرۆڤی ئاسایی بوون و شتی هه‌ڵه و خراپ و ناپهسندیشیان هه‌بووه و له‌لایه‌ن هاوسه‌رده‌م و هاوكاته‌كانی خۆیانه‌وه ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ش بوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی به هگمهن مێژوو ڕه‌خنه‌كانی بۆ گواستووینهتهوه. ئه‌مه وێڕای كه‌متوانایی و سنوورداریی مه‌عریفه‌ی ڕه‌خنه‌یی له ناسینی كه‌سه‌كاندا، هۆكاری ئه‌و سووكایه‌تییانه‌ی پێیان كراوه، یان ئه‌و وێنه شێواوانه بوون كه به چاك و خراپ بۆیان دروست كراوه، یان جه‌هلی زه‌مانه، یاخود ڕقی تایبه‌ت و سیفاته‌كانی خۆیان. به‌ڵام هۆكاری رێزلێگرتنهكهیان ئه‌و قه‌ناعه‌ته گشتییه بووه كه ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی جیاوازیدا داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان كردووه، ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتووش نه‌بوون و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان شكستیان هێناوه.
21/11/2016