فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

عادل باخەوان

له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، چه‌ند (ڕۆشنبیرێکی) نوێی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ له‌نێو کێڵگه‌ی جیهادیزمدا ده‌رده‌که‌ون و له‌سه‌ر ئاستی (تیۆلۆژیا) به‌شداریی چڕ له‌ بیناکردنه‌وه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ و پاشان ده‌قگرتنی نوێی ئایدۆلۆژیای جیهادیزمدا ده‌که‌ن. ئێمه‌ ده‌توانین، له‌نێو ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌دا چوار فیگه‌ری کاریگه‌ر ده‌ستنیشان بکه‌ین: (ئه‌بو مه‌وحه‌مه‌دی مه‌قدیسی، ئه‌بو قه‌تاده‌ی فه‌له‌ستینی، ئه‌بو مه‌سعه‌بی سووری، ئه‌بو به‌سیری ته‌رتوسی). سیان له‌م (ڕۆشنبیره‌) نوێیانه‌، به‌شداریی جیهادی ئه‌فغانیان کردووه‌ و له‌نێو ئاگر و ئاسنی ئه‌و جه‌نگه‌ خوێناویه‌دا، سه‌ره‌تای گه‌نجێتیان ته‌واو کردووه‌. ته‌رتوسییش، که‌ له‌نێو ئه‌و ئاگره‌دا نه‌بووه‌، ڕاسته‌وخۆ به‌شداریی (جیهادێکی) دیکه‌ی کردووه‌ که‌ زۆر توندتر و خوێناویتر بووه‌ له‌وه‌ی ئه‌فغانستان: سووریای 1982، سووریای حافز ئه‌سه‌د و قه‌سابخانه‌که‌ی حه‌ما.

واته‌ یه‌که‌م ڕه‌گه‌ز که‌ ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ ڕۆشنبیره‌ی جیهادیزم کۆ ده‌کاته‌وه‌، گوزه‌رکردنی وه‌رزی یه‌که‌می لاوێتیانه‌ له‌نێو جیهادیزمی ڕادیکاڵدا و په‌روه‌رده‌بوونیانه‌ له‌نێو پانتایی خوێندا. ڕه‌گه‌زی دووهه‌میش بریتییه‌ له‌وه‌ی له‌وه‌ی که‌ جگه‌ له‌ مه‌قدیسی، ئه‌م رۆشنبیرانه‌، به‌شێکی دیکه‌ی گرنگی ژیانیان له‌ ئه‌وروپا به‌سه‌ر بردووه‌ و پێکه‌وه‌ به‌شدارییان کردووه‌ له‌ دروستکردنی ئه‌و نیشتمانه‌ نوێیه‌ی جیهادیسته‌کان که‌ دواتر به‌ (له‌نده‌نستان) ناوبانگی ده‌رکرد. له‌نێوان 1993 و 2001 دا، مونه‌زیره‌کانی (تیۆریسیان) له‌نده‌نستان، چه‌ندین تێزی وردیان له‌سه‌ر سه‌له‌فیزمی جیهادی به‌رهه‌مهێناوه‌ و به‌ئاشکرا، له‌نێو دڵی پایته‌ختی به‌ریتانیاوه‌، پشتیوانیی خۆیان بۆ بزووتنه‌وه‌ جیهادییه‌کان ده‌ربڕیوه‌. له‌وه‌ش زیاتر، تێزه‌کانی ئه‌م ڕۆشنبیره‌ نوێیانه‌ی جیهادیزم، له‌ چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپیدا و به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی خودی خۆیان، بۆ بیناکردنی نه‌وه‌یه‌کی نوێی جیهادیست له‌ ئه‌وروپادا به‌کارهێنراون. بێهوده‌ نییه‌ که‌ مناڵانی ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌، نازانن چوار خه‌لیفه‌که‌ی ئیسلام (ئه‌بوبه‌کر، عومه‌ر، عوسمان، عه‌لی) کێن، به‌ڵام به‌ ئاسانی ده‌توانن باس له‌ چیرۆکی (قاره‌مانیه‌تی) هه‌ر یه‌کێك له‌م مونه‌زیرانه‌ بکه‌ن! پێموایه‌ ناسینێکی خێرای هه‌ر یه‌کێك له‌م چوار فیگه‌ره‌، یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ باشتر تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نته‌رناسیۆنال-جیهاد به‌گشتی و ڕووداوه‌کانی ئێستا و ئێره‌ی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی.

ئه‌بو موحه‌مه‌دی مه‌قدیسی
مه‌قدیسی ساڵی 1959 له‌ فه‌له‌ستین له‌دایکبووه‌. واته‌ ته‌مه‌نی ته‌نها بیست ساڵ بووه‌ که‌ سوپای سووری سۆڤێتی ئه‌فغانستان داگیر ده‌کات. ته‌مه‌نی مناڵی له‌ کوه‌یت ته‌واو ده‌کات. به‌ڵام خوێندنی شه‌ریعه‌ له‌ زانکۆی موسڵی عێراقیدا ده‌خوێنێت؛ موسڵ که‌ له‌ 10ی ژونی 2014 دا ده‌که‌وێته‌ ده‌ست ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که‌ له‌نێو کتێبه‌کانی داهاتووی ئه‌ودا په‌روه‌رده‌‌ ده‌بن. له‌ هه‌شتاکاندا، چه‌ند جارێك سه‌ردانی پاکستان ده‌کات و ڕاسته‌وخۆ پشتیوانی له‌ جیهادی ئه‌فغانی ده‌کات، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا دژایه‌تیی گرووپی ته‌کفیر و هیجره‌ ده‌کات و پێیوایه‌ که‌ له‌ ئیسلامی "ڕاسته‌قینه‌" لایانداوه‌. کاتێك پاکستان به‌جێ ده‌هێڵێت، ڕاسته‌وخۆ ڕێگای ئوردن ده‌گرێته‌ به‌ر و له‌و وڵاته‌دا نیشته‌جێ ده‌بێت. به‌ڵام به‌خێرایی مه‌قدیسی ده‌ڕواته‌ نێو پرۆسێسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "شه‌رعیه‌تی" ئه‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ ڕژێمی هاشمی به‌ناوی "دێمۆکراسیه‌وه‌" دایمه‌زراندوون. واته‌ ململانێیه‌کی توند له‌گه‌ڵ دێمۆکراسیدا ڕاده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ نووسینی تێزێك له‌سه‌ر "یه‌کسانکردنی دێمۆکراسی به‌ ئایین" و به‌ئاشکرا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ دێمۆکراسی، وه‌ك هه‌ر ئایینێکی تر، ئایینه‌ و هه‌ر که‌سێك پێی ڕازی ببێت، له‌ ئیسلام ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆ ناتوانیت له‌ یه‌ك كاتدا موسوڵمان و دێمۆکراتیش بیت. ساڵی 1995 به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی کڕیوه‌ و له‌گه‌ڵ گرووپێکدا ویستویه‌تی په‌لاماری ئیسرائیل بدات، ده‌گیرێت و ڕاپێچی زیندان ده‌کرێت.

مه‌قدیسی هه‌وڵ ده‌دات که‌ زیندانه‌که‌ی بکات به‌ قوتابخانه‌یه‌کی کارا بۆ په‌روه‌رده‌کردنی نه‌ویه‌کی نوێ له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیای سه‌له‌فیزمی ڕادیکاڵ یان ئه‌نته‌رناسیۆنال جیهاد. یه‌کێك له‌و که‌سانه‌ی که‌ دێنه‌ نێو ئه‌م قوتابخانه‌یه‌وه‌، چه‌قۆکێش و شه‌قاوه‌یه‌کی ئوردنی بوو، که‌ له‌سه‌ر گێره‌شێوێنی زیندانی کرابوو، به‌ڵام دواتر، له‌ژێر ده‌ستی مه‌قدیسیدا، ده‌بێت به‌ یه‌کێك له‌ ئایکۆنه‌کانی ئه‌نته‌رناسیۆنال جیهاد و یه‌کێك له‌ مرۆڤه‌ هه‌ره‌ خوێناویه‌کانی مێژوو، که‌ ئه‌ویش: ئه‌بو مه‌سعه‌بی زه‌رقاویه‌.

مه‌قدیسی ته‌نها نیوه‌ ماوه‌ی زیندانییه‌که‌ی ته‌واو ده‌کات و دواتر ئازاد ده‌کرێت. به‌ڵام ساڵی 2001 سه‌رله‌نوێ ڕاپێچی زیندان ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌ تۆمه‌تی هاندان بۆ پالاماردانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ ئوردندا. چوار ساڵ دواتر سه‌رله‌نوێ ئازاد ده‌کرێته‌وه‌. ساڵی 2005 دژایه‌تیی خۆی بۆ ستراتیژیه‌تی په‌لاماردانی شیعه‌ له‌لاین کۆنه‌ خوێندکاره‌که‌یه‌وه‌، زه‌رقاوی، ده‌رده‌بڕێت و لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان تێکده‌چێت.

له‌نێوان ڕژێمی هاشمی و مه‌قدیسیدا، تونێلێك هه‌یه‌ که‌ پێی ده‌وترێت زیندان، هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك، له‌م سه‌ره‌وه‌ ده‌یکه‌نه‌ ژووره‌وه‌ و له‌و سه‌ریشه‌وه‌ ده‌یهێننه‌ ده‌ره‌وه‌. دوا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2014. له‌م چرکه‌ ساته‌دا ڕژێمی هاشمی پێیوایه‌، خراپیی په‌یوه‌ندیی نێوان مه‌قدیسی و داعش وا ده‌کات که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئوردن که‌م ببێته‌وه‌. واته‌ به‌کارهێنانی مه‌قدیسی وه‌ك کارتێك بۆ پارێزگاریکردن له‌ ئاسایشی نیشمانی! (ماویه‌تی).

24/10/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان