جه‌لال حاجی زاده
یه‌کێ له زاراوه‌گه‌لی زۆر چه‌توون و زه‌قی قۆناخی رۆشنگه‌ری و نوێخوازی، واتا گووتاری(Discurse) رۆشنبیر و رۆشنبیرییه که وه‌ک ته‌وه‌رێکی گرینگ و ناوه‌ندێکی هزری،رۆڵی کاریگه‌ر و شوێندانه‌رییه‌کی چڕ و پڕی له هه‌ر قۆناخێکدا بینیوه. ئه‌وه له‌کاتێکدایه که‌پێناسه کردنی ئهوچهمکه گه‌لێک دژواره‌و زۆرشت و متی! لێ شین بۆته‌وه ؛هه‌ر بۆیه‌ش زۆربه‌ی پسپۆڕان و زانایان، مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی و دیاریکراویان له‌و زه‌ریایه هه ڵێنجاوه .دیاره ئه و دیارده و داوه ئێمه و مانانیش ده گرێته‌وه و تووشی ئه‌و کۆسپهمان ده‌کات. به‌و مه‌به‌سته‌ش وێڕای خوێندنه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌ئامێز له مه‌ڕ قه‌یرانی گووتاری رۆشنبیری کوردی،هه‌وڵ ده‌درێت به دید و بینینێکی بنه‌ماشکێنانه(Deconstruction) ده‌قی ئه‌و گووتاره تاوتوێ بکرێ و پاشان تێڕامانێکی تایبه‌تی بێنێته به‌ر رۆژه‌ڤی لێکدانه‌وه. له‌و رووه‌وه ئه‌و کورته بابه‌ته به دوای ئه‌وه وه‌یه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له بیروباوری بیرمه ندانی ئه‌و گۆڕه‌پانه ، له‌مه‌ر گووتاری روشنبیری کوردی(ئه‌گه‌رئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه راست بێت!)، هه‌ڵبه‌ت به چاوێکی ره‌خنه‌ئامێزه‌وه بدوێت. هه‌ر بویهش سه‌رتا به‌چه‌ن ئاماژه پێدانێک به‌پێناسه‌ی رۆشنبیری،هه‌وڵی شیکردنه‌وه‌ی زاراوه‌ی رۆشنبیری کوردی ئه دات و له و روانگه‌وه ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و شیکارییه، به نه‌فعی رۆشنبیری کوردی ده‌قۆزێته‌وه وتێکههڵکێشیان ده‌کات؛به‌و مه‌به‌سته دوایسهرتایهک و به دوای رونکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌زه‌ری، ئاوڕێک ده ده‌ده‌ینه‌وه سه‌ر گووتاری رۆشنبیری کوردی وبه دیدێکی بنه ما شکێنی و لێگیرانه ده‌یخه‌ینه ناو بێژینگی شه‌ن وکه‌و کردن.
پێشه‌کی
گووتاری نه‌زۆکی رۆشنبیری کوردی، یه‌خسیری په‌نجه‌ی زاڵی گووتاری "هیتره" و توتییه‌کی لاساکهرهوه و زۆر جاریش خۆخۆر وخۆتۆڕدانه و رۆشنبیری بهیچهڵی کورد، خه‌ریکی خۆ دووپا تکروندوه لهناودهقی گووتاری ئه‌ویتردا به‌رده‌وام و به ستهزمانانه له په‌له‌قاژه‌دایه و هه‌ر به‌ته‌واوی له‌ناخیدا قه‌تیس بووه. هه‌ر بۆیه‌ش له "وشیاریه‌کی دووڕیانی"(( Double-Consciousnessره‌نج ده‌بات؛به واتایهکیتر له نێوان دوو بڕگه‌ی شوناسی راسته‌قینه و ره‌سه‌ن و شوناسی ده‌ره‌وێر و نامۆیی، که ئه‌ویتریان زاڵتره پاپۆکه‌ی به‌ستووه.
ره‌نگه هۆیه که‌شی هه‌ر ئه‌وه بێت که فاروق ره‌فیق به ڕاشکاوی سه‌باره‌ت به‌و کڵافه ئالۆزه‌یه ده‌ڵێت: « رۆشنبیری کورد، مه‌خلوقێکی زۆڵه و نه باوکی هه‌یه ونه ئه‌سڵ وفه‌سڵ».(ره‌فیق،132:2002)بۆیه‌ش به بڕوای من ، پێداچونه‌وه و خۆیندنه‌وه‌یه‌کی دووباره‌ی به ستێنی گووتاری رۆشنبیری کوردی و دیسکۆرسی زاڵ و داسه پێنراو له‌مه‌ڕ ماریفه‌تی کورد، ئێمه له‌گه‌ڵ "کوێریه‌کی بنه‌ڕتی " له‌هه‌مبه‌ر "بینینێکی مه‌جازی" روبه‌روو ده‌کات و به‌ره‌و ئه‌و حه‌قیقه‌ته رێنوێنیمان ده‌کات که: رۆشنبیری کوردی " ئه‌و بوونه‌وه‌ره شاز و ناڕه‌سه‌نه‌یه " (هه‌مان،133) که‌خۆی وه‌ک دازاینی(Dasein )کورد نه‌ناسیوه و تیشکی نه‌خراوه‌ته سه‌ر.
پێناسه‌ی رۆشنبیر و چوارچێوه‌ی نه‌زه‌ری گووتاری رۆشنبیری
ئه‌وه‌ی راستی بێت، رۆشنبیر له قۆناخی رۆشنگه‌ریدا به‌رهه‌می بیرهدۆزی(Theory) مۆدێڕنیته‌یه و "رۆشنبیری"ش به‌ره‌ی ئه‌و بیرهدۆزهیه. چه‌مکی رۆشنبیر(Intellectualism) به رواڵه‌ت تایبه‌ته به‌و که‌سایه‌تیانه که«...به باری زۆریه‌وه ئیشی فیکری ده‌که‌ن».(بشیریه،247:1380) بیرمه‌ندی مه‌زنی کورد،به‌ختیار عه‌لی تێگه‌یشتنێکی دووپارهی له رۆشنبیر هه‌یه و ده‌ڵێ: « ساتی له‌دایکبونی رۆشنبیر، یه‌که‌م ساتی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤی ئێمه‌یه بۆ عه‌قڵ و ویژدانی خۆی، یه‌کم ساتی ده‌رچوو نیشێتی له‌مه‌رجه‌عیه‌تی دین و خێڵ»..(عه‌لی،به‌ختیار،2004 :280)
(فرانتس نویمان)له‌و باوه‌ڕه دابوو که رۆشنبیران«...ویژدانی ره‌خنه‌گرانه‌ی کۆمه‌ڵگان یا خود ئه‌شێ وا بێ». به رای کارێڵ مانهایم(ایدئولوژی ویوتوپیا) " رۆشنبیری ئازاد"(Free-floting Intellectual ) رۆڵی به‌رهه‌ڵستکاری له هه‌مبه‌ر دوو هێزی تێکده‌ر، واته:"رێژه‌گه‌ری" و "له‌خۆڕازی"بوون ده‌گێڕێ که بێ گومان ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی جیهانییه.(حقیقی راد،همشهری،1384)
ئا‌نتۆنیۆ گڕامشی، که‌سایه‌تی ناوداری ئیتالی، له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه بڕوای وابوو که"خه‌ڵک فه‌یله‌سوفن" به‌ڵام ئه‌رکی رۆشنبیری نه‌خستۆته سه‌ر شانی کۆی خه‌ڵک. ناوبراو له‌و باره‌وه له"یادداشته کانی زیندان"((The prison notebooks) دا ده‌نووسێ: «... ئه‌ندێشه‌ی به هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی له هزر و خود- وشیاری هزرڤانان سه‌رچاوه ده‌گرێ».(آگاهی و جامعه) بێگومان بیری ره‌خنه‌گرانه، هه‌سته‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیریه. له راستیدا، رۆشنبیر به که‌سێک ده‌گوترێ که بیری لێگری و ره‌خنه‌ئامێزانه‌ی هه‌بێت که ئه‌ویش پێویستی بهتهحهممول و لێبڕاوه‌یی هه‌یه، به‌چه‌شنێک که رۆشنبیر بۆی نییه خۆی به "عه‌قڵی گشتی کۆمه‌ڵگا"بزانێت.(ثقفی،1372: 24)
به هه‌ر حاڵ رۆشنبیرانی هه‌ر کۆمه‌ڵگا و ده‌قێکی فه‌رهه‌نگی، به‌و کارێکتێر و که‌سایه‌تیانه ده‌گوترێن که «...لهههربوارێکهوه له چوارچێوه‌ی نه‌ریته‌کان ده‌رباز ده‌بن و بایخ و ئهرزشگهلی نوێ ده‌خوڵقێنن یا خود، به ئه‌رزشه کۆنه‌کان جل وبه‌رگی نوێ ده‌پۆشن».( بشیریه،هه‌مان،248)
رۆشنبیریی کوردی و چهندههڵوهستهیهکی ره‌خنه‌ئامێز
دیاره رۆشنبیری کوردیش له‌و بازنه‌یه‌دا به شێوه‌یه‌کی ناته‌واو و شێواوی"تێکده‌ری و توانه‌وه" له کایه دابووه، به‌ڵام له لایه‌که‌وه کلتووری رۆشنبیری کوردی، به واتایه‌ک له کلتووری رۆشنبیری ئه‌و وڵاتانه‌ی تیایدا ده‌ژی، ره‌ها نییه؛ به‌ومانایه که کورد و گوتاری کوردی له‌لایه‌ن گووتاری زاڵ، به‌سه‌ر فه‌زای گشتی کاری لێکراوه و به جورێک له‌وچوارچێوه‌یه‌دا خۆی بینیوه‌ته‌وه، له لایه‌کی دیکه‌وه له گه‌ڵ شوێن وه‌رگرتنی رۆشنبیری کوردی لهگووتار و ئێگهیشتنهکانی بیانی،به شێوه‌یه‌کی به راوهژووش له‌هه‌وڵی داسه‌پاندنی ویست و داخوازیه‌کانی خۆی به سه‌ر ئه‌واندا بووه؛ به واتایهکیتر، وێڕای گوێڕایه‌ڵی، رۆڵی به‌رهه‌ڵستکاریشی بینیوه،به‌ڵام ئه‌م ئه‌رک و خولانه‌وه‌یه‌ش له راستیدا هۆ کرد و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی واکونشی، ئه‌ویش له قاپۆڕی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی و سیاسه‌ت دابووه. ده‌بێ دان به‌وه دابنێین که رۆشنبیری کورد(به واتای مۆدێڕنی خۆی) فیشه‌کی ناو قاپۆڕی حیزبیی(کوردستانی و ناکوردستانی)بووه وله‌و باره‌وه به باڕوتی ئه‌و گه‌شه‌ی سه‌ندووه. رۆشنبیری کورد به هۆی ته‌وژمی ئه‌وهه‌موو جه برومهترسیانهی له‌سه‌ر واقیعی کوردی هه‌یه« یه‌کێک له سه‌یرترین ئامێره‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌مێژووی ئێمه دا دروست ده‌کات ، کهحیزبه» (عه‌لی،به‌ختیار ،هه‌مان،291) به دوای ئه‌وه‌شدا روناکبیری کورد له‌ناو حیزب‌دا داده‌مرکێت و سیاسی ده‌بێت؛ واتا«رۆشنبیری کوردی وه‌ک مه‌خلوقێک، که ده‌بێت فاسیله‌یه‌کی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا و سیاسه تدا بمێنێت، ون ده بێت. » (هه‌مان) وره‌نگه له باشترین حاڵه‌تدا ره‌خنه‌گری حیزب بێت.به هه‌ر حاڵ چ رۆشنبیری بهیازهی کوردی له‌رووی ته‌قلیدیه‌وه هه‌ڵقوڵابێت یا به‌رهه‌می سه هۆڵبهستووی حیزب و ئایدیۆلۆژیه نامۆیه‌کانی سه‌رده‌م بێت، ئه‌وه‌ی که دیار‌و به‌رچاوه ، ئه‌وه‌یه که له‌ناخی کۆمه‌ڵگا و جڤاتی کوردی‌دا هه‌ڵنه هاتووه و ئۆتێنتیسیته ((Autenticity و ئه‌ساله‌تی جڤاتی کوردی پێوه دیارنییه و به باری زۆریه‌وه دین و زانکۆ وحیزب ورێکخراوه مه‌ده‌نیه کانیش، مۆرکی زۆڵایهتیهی بێ ئۆتێنتیسیتهیان له ناوچاوانی دراوه؛ بۆیه هه‌روه‌ک گرامشی ده‌ڵیت ، ئه‌وانه نه‌ده‌توانن متمانه و پشتیوانی خه‌ڵک رابکێشن و پایه‌دار و کارتێکهربمێننهوهو نه‌ده‌شتوانن ئاڵوگۆڕێکی گواستنه‌وه‌یی هرزی ،له بازانه‌ی گووتارێکدا پێک بێنن. روونه له‌پشت ناوه‌رۆکی وته و گووتاری رۆشنبیری کوردی، هه‌رده‌م شوێن په‌نجه‌ی گووتاری زاڵی ئه‌ویتر که ده‌ق (ئه‌سڵ)ه، بوونێکی پڕره‌نگی هه‌یه. ئه‌وه له‌حاڵێکدایه که رۆشنبیری کوردی خۆی له خۆیدا له ئاکامی نه‌بوونی مۆنۆلۆگێکی راسته‌قینه و پته‌و له‌گه‌ڵ خۆی ، نه‌یتوانیوه گووتار و وتارێکی ئازاد تۆمار بکات؛ واتا له چاویلکه‌ی ئه‌ویتر روانیویه‌تیه سه‌ر واقیعی خۆی . نه‌بوونی دێالۆگی کورد له‌گه‌ڵ خۆی واتا مۆنۆلۆگی ناو سوژه وئۆتێنتیسیتهی کوردی هۆی لاوازی و شکست هێنانیه‌تی. به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: «بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێت له‌گه‌ڵ عه‌قڵێکدا دیالۆگ بکات، ده‌بێت پێشوه‌خت ئهوعهقڵه ئاماده بێت خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا، دیالۆگ [مۆنۆلۆگ] بکات».(هه‌مان) که وایه رۆشنبیری کورد چوار خاڵی لاوازی به خۆیه‌وه هه‌ڵگرتووه:
یه‌که‌م: رۆشنبیری کورد هه‌میشه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، له ڕوانگه وبازنه‌ی گووتاری، ناڕاسته‌وخۆی زاڵ، بیری کردۆته‌وه و نوسخه‌ی ههڵپیچاوه؛ وا تا ئاسۆی واتایی (افق معنای) رۆشنبیری کوردی، هه‌مان تێڕوانین و خۆیندنه‌وه‌ی هیتره که ئه‌ویش خۆی نه‌ی خوڵقاندووه و وه‌ریگرتووه؛وه‌ک گووتاری ئێرانی، تورکی، عه‌ره‌بی و...
دووه‌م: رۆشنبیری کوردی هه‌میشه له‌بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و گووتاری سیاسی، کێشه و که‌ندوله‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگایه‌که‌ی بینیوه و هیچ ئه‌رکێکی دیاریکراوی بۆ خۆی به‌مه‌به‌ستی کار‌و کرده‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی فه‌رهه‌نگی، ئاڵوگۆڕی هزری و دیالۆگی نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای گووتاری ره‌خنه‌گرانه دانه به‌ر نه‌کردووه و خۆی له ژێری ده‌رهاویشتووه.
سێهه‌م: رۆشنبیری کورد، به هۆی لاوازی نه‌زه‌ری وبگره نه‌بوونی هیچ روانگه‌یه‌کی تیۆریکی خۆماڵی و خۆیی ، به‌رده‌وام به‌م لاولادا سه‌ری شۆڕ بۆته‌وه.
چواره‌م: رۆشنبیری کوردی به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی، ههنگاوێکی داڕێژراو و سیستماتیکی بۆ تۆژینه‌وه‌ی ستراتیژیکی و بونیادی تایبه‌تمه ندیهکانی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه؛ هه‌ر بۆیه‌ش لێدوان و ده‌رهاوێژی هرزو فهلسهفیدهنهکانیان! جێی متمانه‌ی کۆمه‌ڵگا نه‌بووه ونه‌یانتوانیوه ئۆتێنتیسیته‌ی (ئه‌ساله‌ت و کرۆکی نه‌گۆڕی) کۆمه‌ڵگایه‌که‌یان بدۆزنه‌وه.
به‌ره‌و تێبینیه‌کی پێشنیاری له مه‌ڕ گووتاری رۆشنبیریی کوردی
نابێ ئهوهحه شاربدهین که وێنه‌ی(شبهه) ڕۆشنبیری کوردی ، زێهنێکی ئاڵۆز و په‌رته‌وازه و تۆزاوی هه‌یه و به‌وته‌ی فۆکۆ "له‌ناخی ئێپیستمه‌ی گووتاری زاڵی ده‌سه‌ڵات" و سوژه‌ی ئه‌ویتردا نوقمه. له راستیدا جۆره تیرۆریسمێکی نه‌زه‌ری! ئێپیستمه و ئاگایی رۆشنبیری کوردی کویڕ کردۆته‌وه. رۆشنبیری کورد ئه‌شێ هه‌وڵی دۆزینه‌وه و داهێنانی تیۆریه ک بدات نه‌ک ده‌رکه‌وته‌ی تیۆریه‌که بێت.
به باوڕی من ده‌بێ رۆشنبیری کورد به‌دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ساله‌ت و ره‌سه‌نایه‌تی و کرۆکی نه‌گۆڕی ده‌قی کۆمه‌ڵگای خۆی، له‌هه‌وڵی داهێنان و خوڵقاندنی گووتار‌و تیۆریه‌کی نوێی روولهداهاتوو بێت که ئاسۆی رابردوو له‌گه‌ڵ ئاسۆی هه‌نووکه و داهاتو و ئاوێته و گرێبه‌ست بکات؛ هه‌ر وه‌ک بیرۆکه‌ی گادامێر به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م شێوه خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌کان تاپۆده‌کات. به‌بێ نه خستنه رووی ئه‌م ره‌سه‌نایه‌تیه، دازاینی(بوون) کورد شوناس به خۆیه‌وه ناگرێت؛ وه‌ک ها یدیگێرێش بۆی ده‌چێت، ئه‌شێ رۆشنبیری کورد دازاین و بوونی خۆی بدۆزێته‌وه و به‌و ئاسته له وشیاری بگات که هی ده‌قی خۆیه‌تی: ((ئه‌ز بیر ده‌که‌مه‌وه که وایه: هه‌م)).
به تێبینی له سه‌ر ئه‌و باسه‌ی پێشوو ده‌توانین به گشتی له سه‌ر گۆڕه‌پانی رۆشنبیری کوردی ئاماژه به‌و خاڵانه بده‌ین:
1- گه‌لێک روونه بۆ یه‌که‌م هه‌نگاو ئه‌و زه‌روره‌ته مێژوویه دێته روو که وێنه‌ی رۆشنبیری کورد، له‌یه‌که‌م بڕگه‌دا هه‌وڵ بدات گووتاری زاڵ، بنه‌ماشکێنی بکات وسوژهی کورد لهکۆیلهتی ئۆبژه‌ی په‌ڕاوێزی گووتاره‌کانی تر ره‌ها بکات. به‌ومانایه به‌بێ دڕدۆنگی، کورد رۆشنبیری نییه و بگره هێشتاش ههرههڵگری ئهودوانهوی فاروقه که‌ده‌یگوت: ((رۆشنبیری کورد زۆڵه))!
2- ئه‌شێ رۆشنبیری کورد له پێناسه و گووتاری نه‌ریتیی رۆشنبیران جیا بێته‌وه وبگاته رۆشنبیری "ئه‌نداموار" .(ارنستو لاکلاو وشنتال موفه )له‌م باره‌وه ده‌ڵێن: «به پێچه‌وانه‌ی رۆشنبیری کلاسیک که مه‌به‌ستیان راکێشانی ئاپۆره‌ی خه‌ڵکه به‌ره‌و هه‌ڵدێری نادیار، رۆشنبیرانی ئه‌نداموار، وێڕای بنه‌ماشکێنی( deconstruction) گووتار و سیستمی رازاوه‌ی زاڵ، بۆ خوڵقاندن و پێکهێنانی گوتارێک تێ ده‌کۆشێ که خاوه‌نی سه‌رکیه‌که‌ی خه‌ڵکن» . له‌ورووه‌وه، رۆشنبیر به‌و که‌سه ده‌گوترێ که« ئه‌و ئه‌ساله‌ت وسهنهدییهتی گووتاری خۆی، له‌کۆی داخوازیه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا بدۆزێته‌وه و به‌گۆیره‌ی ئه‌وان و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵیان نزامێک له وشه و رسته‌و شێوازی داڕشتنی رێزمانێک دابێنێت که هه‌ڵگرو کاردانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت». (آقا حسینی، 1385: 26) بێگومان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر کرۆکی نه‌گۆڕی ده‌ق، خوێندنه‌وه‌یه‌کی راست و حه‌قیقی ده‌بێت . هه‌روه‌ک(جیمز) ده‌ڵێ: «ده‌قه‌کان له‌فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کاندا سه‌قامگیر ده‌بن».(یارمحمدی، 1383: 33) له‌و هێڵه‌شه‌وه لێکدانه‌وه و ئیستدلالی گڕامشی ئه‌وه بوو که ئه‌ساله‌ت وگه‌وهه‌ری ده‌قی هه‌ر کۆلهڵگایهک تا راده‌یه‌کی ئێجگار زۆر نه‌گۆڕه وته‌نانه‌ت ده‌که وێته به‌ر شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر، بۆیه رۆشنبیر ده‌بێ ئه‌م کرۆک و گه‌وهه‌ره نه‌گۆڕه بدۆزێته‌وه و ئاگایی به‌سه‌ردا هه‌بێت.(آقا حسینی، هه‌مان، 27) له راستیدا به چاونوقاندن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک ره‌خنه‌ی مه‌زن له‌مه‌ڕ بۆچوونه‌کانی گێئۆرک لوکاچ، ئه‌وه‌ی به بارمته لێ وه‌ربگرم که ئاگایی راسته‌قینه و" ئاگایی له‌بێ ئاگایی خۆی" ، کورد وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئینسانی له" قۆناخێکی له‌خۆیدا" بگوازێته‌وه بۆ "قۆناخێکی بۆخۆی"؛ واته نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به شوێنگه و ره‌ساڵه‌ت و ئه‌رکی راسته‌قینه‌ی خۆی ئاگاداره ؛ هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌کرێ ئه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌زه‌ریه‌ی گڕامشی گرێ بده‌م که، دۆزینه‌وه و قۆزتنه‌وه‌ی "وشیاری ئۆ تێنتیسیتهدار" ده‌توانێ هێژموونی په‌یدابکات وجڤات و کۆمه‌ڵگای کوردی و داهاتووه که‌ی وه‌ک هه‌رکۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆڤانه‌ی دیکه به‌ره وگواستنهوهیهکی نه‌زه‌ری وعه‌مه‌لی(یه‌کێتی سوژه و ئۆبژه) له سه‌ربه‌ردی بناغه‌ی گووتاری راسته‌قینه و خوڵقێندراوی خۆی وێنابکات و ئه‌مه‌ش وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی کارتێکردن و کارلێکردنی نێوان دۆژی کۆمه‌ڵگا و رۆشنبیری کوردی وبه‌ره‌و پێشڤه چوون بێت. دیاره ئه‌ز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کۆک نیم که له کرده‌ویه‌کی کاردانه‌وه‌ی واکونیشی و به‌راوه‌ژوودا، هه‌مووشتێکی ناو گووتاری رۆشنبیریتر، ره‌فز بکاته‌وه وتۆڕی بدات و هاوشێوه‌ی ئه‌و، ،به‌ڵام به‌لای نێگه‌تیڤ و به‌رگری کردندا خۆی بڕازێنێته‌وه ، واتا به جۆرێک " له خۆ تێگه شتنێکی واژی " و به‌ژی هه‌بێت.!
ده‌رئه‌نجام
له‌راستیدا ئاگاییه‌کی ده‌ره‌وێر( (False consciousnessله‌مه‌ڕ زێهنییه‌ت و کرده‌وه‌ی مێژوویی گووتاری روناکبیری کوردی دزه‌ی کردووه و بۆیه گه‌لێک پێویسته ئاسۆی تێڕوانینی خۆی له گووتاری تێگه‌یشتنی ئه‌ویتر بگوازێته‌وه بۆ ناو ده‌قی گووتاری ئۆتێنتیسیته‌دار و دازاینی خۆی.(هوسرل) له‌سه‌ر ئه‌م رایه سووره که:«هه‌ر زێهنێک ئاسۆیه‌کی واتایی (افق معنایی) هه‌یه که به‌هۆیه‌وه له فۆنۆمێنهکان تێ ده‌گات.دیارده‌کان له‌چوارچێوه‌ی ئهوئاسۆ واتاییه‌وه ده‌رک ده‌بن، کاتێک ئاسۆی واتایی ده‌گۆڕدرێت ، شێوازی وه‌دیارکه‌وتنی دیارده‌یی جیاواز ده بێت ».(خالقی، 1383: 57)
به‌کورتی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که رۆشنبیری کورد، ئه‌شێ ئۆتێنتیسیته‌ی ده‌قی کۆمه‌ڵگای خۆی بێت و به‌و جۆره به ئاگاییه‌کی راسته‌قینه له‌ناو گووتاری هه‌ڵقوڵاو له‌ده‌قی خۆی بگات تا هێژموونی په‌یدابکات، ئه‌و کاته‌یه که رۆشنبیری کوردی له‌دایک ئه‌بێت و له گووتاری "گه‌ل له‌ناخی خۆیدا" به‌ره‌و قوناغی" گه‌ل بۆخۆی"، کاری هزری و رۆشنبیرانه ده‌س پێ ده‌کات. ره‌نگه له‌دوو لایه‌نه‌وه دان به راست بوونی ئه‌م وته‌یه دابنێین؛ یه‌که‌م: رۆشنبیری کوردی ئێستا له‌په‌ڕاوێزی گووتاری زاڵدا رۆڵ ده بینێ و وه‌ک ئه‌ویتر(غه‌یر)سه‌یری ده‌کرێ. دووه‌م:رۆشنبیری کوردی شوناس وره‌وایی(مه‌شروعیه‌تی) خۆی لهوپهراوێزهدا به‌پێی ده‌قی گووتاری زاڵ وه‌رده‌گرێت؛که‌وایه بهوهدهگهین که تاوه کو رۆشنبیری کوردی له گووتاری ده‌قی خۆی، ههڵگروداگری ئۆتێنتیسیته‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌بێت ره‌وایی وه‌ده‌ست ناهێنێت وهه‌روا له‌ژێر قورسایی ئه‌م بۆچوونه‌ی فاروقدا مشوئهخواتهوه!.
رۆشنبیری کورد بهدهرهتان له‌و دوو بواره‌دا ئه‌توانێ رۆڵی رێبه‌ری رۆشنبیری به‌خۆیه ببێنێت و له‌گه‌ڵ خۆی وه‌ک رۆشنبیرێکی تایبه‌ت، کۆمه‌ڵگاکه‌ی به‌ره‌و وشیاری له ناو ئاخنی وێژه و گووتاری راسته‌قینه رێنوێنی بکات. دیاره پێشه‌نگایه‌تی و ئه‌رکی رۆشنبیری کوردی ، دۆزینه‌وه و قۆزتنه‌وه‌ی وشیاری ده‌قی کۆمه‌ڵگا و داڕشتنیی له قاپۆڕی گووتارێکی ئۆتێنتیسیته داری خۆی ، وه‌ک یه‌کێتی سوژه و ئۆبژه‌ی کوردییه بۆ ده‌رباز بوون له ژدانووئیسمی زاڵ و گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی . ئه‌وه‌ش به واتای پێگه‌ی رۆشنبیری هێژ موونیکه. واتا " رۆشنبیری له خۆیدا" به "رۆشنبیری بۆ خۆی".
هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین پێناسه‌ی به‌ختیار عه‌لی به دیدێکی به‌ربڵاوتره‌وه به‌و جۆره ئیسلاح بکه‌ین: "ساتی له‌دایکبونی رۆشنبیر، یه‌که‌م ساتی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤی ئێمه‌یه بۆ عه‌قڵ و ویژدانی خۆی، یه‌کم ساتی ده‌رچوو نیشێتی له‌مه‌رجه‌عیه‌تی دین و خێڵ به مه‌به‌ستی ده‌رچوون له ژێر رکێفی "گووتاری زاڵی هی تر" و بوون به ناوه‌رۆکی"ده‌قی گووتاری خۆی" نه‌ک په‌ڕاوێزی گووتاری غه‌یر". له‌سه‌ر ئهوحهقیقهتهش گڕامشی وای بۆ ده‌چوو که، هه‌رکۆمه‌ڵگایه‌ک لۆجیک و چه‌رخه‌ی رۆشنبیری تایبه‌ت به‌خۆی ( (Local هه‌یه، که‌وایه ده‌بێ رۆشنبیری تایبه‌تی (Particular )شی هه‌بێت.)بڕوانه: گرامشی،آنتونیو(1378)،شهریار جدید،ترجمه قادی کلایی،تهران: نشر دنیای ن‌و) ره‌نگه رۆشنبیری شناوه‌ر(به‌وته‌ی مانهایم) یا خود ژێستی ئه‌م شێوازه به خۆوهگرتنهیه ،له راستیدا بۆ کاربه‌ستی سوژه و گووتاری کوردی له راست نه‌چێت و خه‌سارێکی مه‌زن به وته‌ی ریمۆن ئارۆن " ئه‌فیونی رۆشنبیری " (The Opium Of Intellectuals)،(بشیریه،هه‌مان،248) بێت بۆ (ده‌قی)کورد.
کۆتایی
ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌کان:
1-آشنایی با گرامشی(1386)،مترجم میثم بهروش،برگرفته از کتاب"Culture Theory"، اثر اندرو ادگار
2-بشیریه،حسین(1380)،جامعه شناسی سیاسی،تهران:نشر نی،چاپ هفتم.
3- حقیقیراد ،بابک ، روزنامهشرق20/10/84 .
4- خالقی، احمد(1383)، مکتب فرانکفورت، "انتقاد به‌یک بعدی کردن شاکله حسی- رفتاری"، ماهنامه چشم انداز ایران ، شماره26، تیر و مرداد 5- ثقفی، مراد(1372)،"بی پناهی روشنفکران "ماهنامه کیان، سال سوم، شماره اردیبهشت
6- عه‌لی، به‌ختیار(2004)، ئێمان و جهنگاورهانی فیکری و سه‌له‌فی و ده‌رکه‌وته نوێکانی له رۆشنبیری کوردی‌دا، سلیمانی: ره‌نج.
7- گرامشی،آنتونیو(1378)،شهریار جدید،ترجمه قادی کلایی،تهران: نشر دنیای نوز
8- ثقفی، مراد(1372)،"بی پناهی روشنفکران "ماهنامه کیان، سال سوم، شماره اردیبهشت .
9- یارمحمدی، لطف الله(1383)، گفتمان شناسی رایج و انتقادی،تهران: نشر هرمس