فه‌رید زامدار
هه‌ر له سه‌رده‌مه زووه‌كانى په‌یدابوون و له‌دایكبوونى مرۆڤ و ده‌ستپێكردنى ژیان و نه‌بوونى هیچ پێوه‌رێك له چه‌مكه‌كانى ژیارى و پێناسه‌یه‌كی ىسهرهتایی بۆ مێژوو، مرۆڤه‌كان زۆر به ئاسایی له كۆمه‌ڵگاى بچووك بچو‌وكدا له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ژیاون و مانایه‌كى تایبه‌تمه‌ندانه‌ى زۆر ساده و ساكاریان به ژیان به‌خشیوه، بێ ئه‌وه‌ى هیچ شتێك له چه‌مكه سیاسییه‌كان بزانن، خۆڕسكانه ژیان و گوزه‌رانى خۆیان له‌گه‌ڵ بوون و سروشت و ژینگه‌ى خۆیان ڕێكخستووه. ئه‌و ده‌مانه نه (ئایین) هه‌بووه و نه كارگه و چه‌وسانه‌وه‌ى چینایه‌تى و نه خاوه‌ن موڵك و ئه‌ملاك و ده‌ره‌به‌گایه‌تى هه‌بووه، واته مرۆڤ له‌وپه‌ڕى ئازادى و سه‌ربه‌خۆییدا ژیاوه و له‌گه‌ڵ حهتمییهكانى بوون و گه‌ردوون و سروشت و ژینگه‌كه‌ى خۆى تێكه‌ڵ بووه. مرۆڤایه‌تى ئه‌و ده‌مانه زۆر به به‌خته‌وه‌رى و ئازادانه و به پێویستیى مرۆڤانه‌ى خۆى ژیاوه و گوزه‌رانى كردووه، تا گه‌یشتن به قۆناغه‌كانى په‌یدابوونى (ئایینه‌كان) و پابه‌ندكردنى مرۆڤ به جیهانێكى نادیار و پیرۆزكردنى هێزه غه‌یبییه‌كان، تا ده‌گاته قۆناغه‌كانى سیاسه‌ت و ده‌ستوه‌ردان له ئازادییه‌كانى مرۆڤ و سه‌پاندنى بڕوادارى و به‌كۆیله‌كردنیان. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه مرۆڤ له بچووكترین مافه سه‌ره‌تاییه‌كانى شایسته به خۆى بێبه‌ش كراوه، تا گه‌یشتن به قۆناغى ڕۆشنگه‌رى له سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا له ئه‌وروپا و جارێكى تر مرۆڤ به‌هۆش خۆى هاته‌وه و كه‌وته ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه خۆسه‌پێنه‌ره‌كان، به‌تایبه‌تى هێزه ئایینییه‌كان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌وروپایی له‌و ته‌نگه‌ژه و قه‌یرانه دروستكراوانه‌دا، به‌تایبه‌تى له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانى ڕ‌ژێمى ده‌ره‌به‌گایه‌تى و پاشان ڕ‌ژێمى سه‌رمایه‌دارى و هه‌وڵدان و ڕاپه‌ڕین و شۆڕش به‌رپاكردن و خه‌باتى سیاسیى مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى، بۆ گه‌یشتن به جۆرێك له جۆره‌كانى ژیانى دیموكراسى له‌ناو گه‌لانى جیهاندا.
دواتر چه‌ند قۆناغێكى تر‌ى سیاسى له ژیانى سیاسیى مرۆڤایه‌تى هاته پێش و چه‌ندین بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف و زانا و توێژه‌رانى تر بۆ باشتركردنى گوزه‌رانى مرۆڤ، كۆمه‌ڵێك بیر و بیرۆكه و ترووحاتى فیكریى بڵاو كرانه‌وه و له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه (فه‌لسه‌فه‌ى ماركسى)، كه له چه‌ندین كتێب و نامیلكه و وتاردا، به‌تایبه‌تى له كتێبه مێژوویی و به‌ناوبانگه‌كه‌ى (سه‌رمایه‌دارى ــ رأسمال)دا به‌ته‌واوى ڕه‌نگى دایه‌وه و به ڕاى منیش سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه و فیكرى ماركسى به هاوكاریى (ئینگلسى) هاوڕێى له‌و كتێبه‌دا كۆ بووه‌ته‌وه و بنچینه‌ى بیرۆكهكهشى دیكتاتۆریه‌تى پڕۆلیتارییه، واته دیكتاتۆریی كرێكاران، كرێكاریش به چه‌مكه ئاساییه‌كه‌ى نییه، واته هه‌موو كرێكارێكى ئاسایی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو كرێكارانى ته‌كنیككار و هونه‌ركار، یا كرێكارى خاوه‌ن سه‌نعه‌ت له كارگه پیشه‌سازییه‌كاندا، دواتر فیكرى ماركسى و فه‌لسه‌فه‌كه‌ى په‌ره‌ى سه‌ند و سه‌رتاپاى حزبه ماركسى و شیوعییه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه دروست بوون و ده‌ستیان به ڕێكخستنى سیاسى و خه‌باتى سیاسى و بگره چه‌كدارییش كرد، بۆ چه‌سپاندنى فه‌لسه‌فه‌ى ماركسى.
جه‌ماوه‌رێكى زۆریش له سه‌رجه‌م وڵاتان و گه‌لانى دنیا، بڕوایان به‌و بیروباوه‌ڕه هێنا و قوربانیى زۆریشیان له‌و پێناوه‌دا به‌خشى، حزبه ماركسى و شیوعییه‌كان به‌رده‌وامییان به خه‌باتى سیاسیى خۆیان دا، هه‌ر له‌سه‌ر ڕێبازه فیكرییه‌كه‌ى (ماركس) تا هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى (ئۆكتۆبه‌ر)ى ڕووسیا و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت، به ڕابه‌رایه‌تیى (لینین) له ساڵى (1917).
(لینین) كه خۆیشى هه‌ر له ماركسییه باوه‌ڕ بهتینهكان بوو به (فیكرى ماركسى) و به‌ڵام دواى گه‌یشتنى به ده‌سه‌ڵات و بوو به سه‌رۆكى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت سه‌رله‌نوێ كه‌وته‌وه دیراسه‌تكردنى ماركسیه‌ت و به ده‌ستكارى و ئیزافهكارى له‌سه‌ر بیرۆكه‌كانى ماركس، له‌وانه لابردنى بیرۆكه‌ى (دیكتاتۆریه‌تى پڕۆلیتاریا) كه لینین به ڕاستى نه‌زانى و له وتاره‌كانیدا دیكتاتۆریه‌تى هه‌ر به چه‌مكه گشتییه‌كه‌ى ناو برد، كه دیكتاتۆریه‌ت هه‌ر دیكتاتۆریه‌ته و هیچ مانایه‌كى تر هه‌ڵناگرێ، بۆیێ ته‌نیا فیكرى به دیموكراسیهتكردنى كۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تیى به باش زانى و هه‌وڵى پراكتیزه‌كردنى ده‌دا بۆ گه‌یشتن به قۆناغى (سۆشیالیستى زانستى) و هێنانه‌دیى (عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى) له جیهاندا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو ماركسیه‌ت ناوه‌كه‌ى گۆڕا بۆ فیكرى (ماركسى- لینینى)، چونكه جگه له لابردنى بیرۆكه‌ى دیكتاتۆریه‌تى پڕۆلیتاریا، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى و ئیزافهكارى تریشى له‌سه‌ر فیكرى ماركسییه‌ت ئه‌نجام دابوو، لابردنى بیرۆكه‌ى دیكتاتۆریه‌تى پڕۆلیتاریا گرنگترینیان بوو، حزبه شیوعییه‌كانى جیهانیش هاتنه سه‌ر ڕێبازه نوێیه‌كه‌ى (ماركسى ـ لینینى).
پاشان له كۆنگره یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى بزووتنه‌وه سه‌ندیكاكانى سۆشیالیستیى كرێكارى له ئه‌وروپا، كه دوایین كۆنگره‌یان له ساڵى (1922) له شارى (هامبۆرگ)ى ئه‌ڵمانیا ساز كرد، بڕیار درا بزووتنه‌وه‌كه‌یان ناوه‌كه‌ى بكرێت به (سۆشیال دیموكرات)، واته (دیموكراسییه‌ت) به ته‌نیا پراكتیزه ناكرێت ئه‌گه‌ر چه‌مكى سۆشیالیستى له‌گه‌ڵدا نه‌بێ، یان له‌وانه‌یه (دیموكراسییه‌ت) زۆر جار له ڕێڕه‌وه ڕاسته‌كه‌ى لا بدات و ناعه‌داله‌تى له‌ناو ڕێكخستنه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست ببێت، به‌ڵام به ئیزافهكارى سۆشیال بۆ دیموكراسییه‌ت، عه‌داله‌تى حزبایه‌تى ڕێك ده‌خات و سه‌رى ده‌خات.
ئه‌و ڕێكخراوه جیهانییه تا ئێستاش له سه‌رجه‌م وڵاتانى ئه‌وروپادا ماوه و باره‌گا و نوێنه‌ریان له زۆربه‌ى وڵاتان هه‌یه و (جه‌نابى مام جه‌لالیش) یه‌كێكه له جێگره‌كانى سه‌رۆكى ئه‌و ڕێكخراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕێكخراوى ناوبراو، ئه‌مڕۆ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسیى جیهانیدا نه‌ماوه و چالاكییه‌كان زۆر ده‌گمه‌نن و هه‌ر چه‌ند ساڵێكیش كۆنگره‌یه‌ك یان كۆنفراسێك ساز ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ى هیچ له مه‌سه‌له سیاسییه‌كان بگۆڕن. لاى خۆشمان له كوردستان، زۆربه‌ى حزبه كوردستانییه‌كان خۆیان به (سۆشیال دیموكرات) ناساندووه، بێ ئه‌وه‌ى خشتێك بخه‌نه سه‌ر خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تیمان له ڕوانگه‌ى سۆشیال دیموكراته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه زۆر جار له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا له دیموكراسییه‌ت لا ده‌ده‌ن و له بنج و بنه‌وانى ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌رده‌چن و هه‌ر بانگهشهشى بۆ ده‌كه‌ن و سه‌رى زمان و بنى زمانیان له لێدوانه‌كانیان باس باسى دیموكراسییه‌ت و عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و یه‌كسانى و نیشتمانپه‌روه‌رییه، بگره لاى ئێمه له كوردستان (دیموكراسییه‌ت یان سۆشیال دیموكرات) بووه‌ته پیلانگێڕان و كوده‌تاى سپى و ملبادانى سه‌رى یه‌كتر و هه‌ڵوێستى سیاسییانه‌ى توندڕه‌وانه له دژه‌وه بۆ دژێكى ڕووخێنه‌ر و لهخۆباییبوونى سیاسى و شتى تر. چه‌ند ساڵێكیش ده‌بێت سیسته‌مى وڵات یان هه‌رێمى كوردستان ورده ورده هه‌نگاو به‌ره‌و سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى و بۆرژوادارى ده‌نێت و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان بوونه‌ته دوو دامه‌زراوه‌ى سه‌رمایه‌دارى و له‌پاڵ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانیش سه‌دان ملیۆنێر و سه‌رمایه‌دارى كوردستان و كۆمپانیا بیانى و ناوخۆییه‌كان و ده‌ره‌كییه‌كان ئیراده‌ى خۆیان زاڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌ران و ئاینده‌ى ئه‌م گه‌له سته‌مدیده‌یه، ململانێى سیاسى و بازرگانییش به‌ته‌واوى له سیسته‌مى دیموكراسى ده‌رچووه و دوور كه‌وتووه‌ته‌وه. ڕێككه‌وتن و لێك نزیكبوونه‌وه‌ى حزبه‌كانیش چه‌ند مانگێك بڕ ناكات و لێك ده‌ترازێن، بۆ نموونه‌ش (سه‌ركردایه‌تیى هاوبه‌شى یه‌كێتى و گۆڕان) دواى ڕاگه‌یاندنى (ناوه‌ندى بڕیار) سێ له ئه‌ندامه هه‌ره كاریگه‌ره‌كانى یه‌كێتى له‌و سه‌ركردایه‌تییه هاوبه‌شه هاتنه ده‌ره‌وه و جێیان هێشت، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا جورئه‌تى ئه‌وه‌یان هه‌بێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه هاوبه‌شه ڕابگه‌یه‌نن، له‌ولاشه‌وه ئه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ساڵى جارێك چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات و یان هه‌ر نایكات و هه‌ر وه‌زیرێكیش به میزاجى تایبه‌تى و كهسیهتیى خۆى هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و ڕێنمایی و بڕیار ده‌رده‌كات، تاكه دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر له هه‌رێم مابێت كه تا ئێستا بوێرانه و چالاكانه به‌رهه‌م و به‌خششى سیاسیى خۆى به كوردستان ده‌به‌خشێت، سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانه، كه به توندى جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى پاراستووه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ى كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ر و سیاسى و جیهانییه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم: (جه‌نابى كاك مه‌سعود بارزانى)یه و توانیویه‌تى تا ئێستا ململاێى هاوكێشه سیاسییه‌كانى كوردستان له ئاستێكى ئهمنیهتداریدا ڕ ابگرێ.
له هه‌مووى گرنگتریش به ڕاى من، ئه‌گه‌ر یاساییش نه‌بێت به حوكمى هه‌ندێ دابونه‌ریت یان (زهوابتى) سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تی، دواى زیاتر له ساڵێك په‌ككه‌وتن و ئیفلیجبوونى په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌وام نه‌كردنیان، ئه‌گه‌ر تۆزێك جورئه‌تى سیاسییانه‌یان هه‌بێت هه‌ر هه‌موو فراكسیۆنه‌كانى ناو په‌رله‌مان به هه‌موو حزبه‌كانه‌وه ده‌ست لهكاركێشانهوهیهكى به‌كۆمه‌ڵ پێشكه‌ش به سه‌رۆكى هه‌رێم و ڕاى گشتیى كوردستانى بكه‌ن، لایه‌ن و دامه‌زراوه یاساییه باڵاكانى كوردستانیش ڕێگه‌چاره‌یه‌كى یاسایی یان نیمچه یاسایی بدۆزنه‌وه، كه ڕێگه‌خۆشكه‌ر بێت بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌و پرس و پرۆسه‌یه‌ى ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران و پاشان ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵى وه‌زیره‌كان و، سه‌رۆكى هه‌رێمیش به زووترین كات ته‌كلیف له كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسیى دیار و خاوه‌ن ئه‌زموون بكات حكوومه‌تێكى نوێ دابمه‌زرێنێت بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى حكوومه‌ت.
ده‌نا ئه‌و خه‌ڵكه تاوانیان چییه باجى سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانى ئه‌وان بده‌ن، په‌رله‌مانیش ده‌كرێ تا واده‌ى یاسایی خۆى دێت، بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى نوێ جا له‌سه‌ر هه‌ر سیسته‌مێكى پهرلهماندارى بێت، چونكه زه‌مه‌نى سیاسى ئه‌وه‌ى بۆمان سه‌لماند كه په‌رله‌مان هه‌بێت یان نه‌بێت هیچ له مه‌سه‌له‌كان ناگۆڕێت، به‌ڵكو سهلماندیشى كه په‌رله‌مان به‌شێكه له زه‌قكردنه‌وه و قووڵكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان و نه‌دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ره‌كان.
به ڕاى من كه ڕه‌نگه ڕایه‌كى زۆر قورسیش بێت و پێشنیازێكى ههزمنهكراو بێت، ئه‌گه‌ر بۆمان بكرێت و بگونجێ په‌رله‌مانى كوردستان به یاسایه‌كى تایبه‌ت بكه‌ین به (ئه‌نجومه‌نى دۆما) واته ئه‌نجومه‌نى ڕاوێژكارى، كه ئه‌و چه‌ندین ساڵه هه‌ر له سه‌رده‌مى سۆڤیه‌تى كۆنه‌وه تا ئێستا له وڵاتێكى زلهێزى وه‌كو (ڕووسیا) له جێگاى په‌رله‌مان ئه‌ركه‌كانى ڕاوێژكارى خۆى ئه‌نجام ده‌دات و هیچ كێشه‌یه‌كى یاساییشى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا نییه.
19/10/2016