فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

چەکدارانی داعش خۆیان بۆ شەڕی موسڵ ئامادە دەکەن و پێش دەستپێکی هێرشی هێزەکان بۆ سەر شارەکە چەند هەنگاوێکیان گرتووەتەبەر، داعش بەشێکی زیندانییەکانی ئازادکردوون و بۆ شەڕ ئامادەیان دەکات، ئاگریشی لە خەندەقە پڕ نەوتەكان بەرداوە. بەپێی گوتەی چەند دانیشتووێکی نێو موسڵ بۆ میدیا ئەمریکییەکان، داعش بڕیاری داوە چەکدارە بریندارەکانی بۆ رەققە بگوازێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێ لە شەڕی موسڵ شەڕی هێزەکان بکات و سەرقاڵی بریندارەکانی نەبێت.

چەكدارە زیندانیكراوەكان ئازاد دەكات

دانیشتووێکی موسڵ رایگەیاندووە "داعش دەستی بە ئازادکردنی ئەو چەکدارانەی كردووە كە پێشتر بە تاوانی سووک زیندانیکرابوون". بەگوتەی ئەو دانیشتووەی موسڵ، پێشتر دەیان چەکداری داعش لەسەر جگەرەکێشان، نەهێشتنەوەی ریش و شێوازی جلوبەرگیان لەلایەن رێکخراوەکە زیندانیکرابوون، بەڵام وەك ئامادەکاری بۆ شەڕی موسڵ داعش ئەو ئەندامانەی خۆی ئازادکردوون.

ئەو دانیشتووەی موسڵ کە دوو مانگ لەلایەن رێكخراوەکە زیندانیکراوە، باس لە هەوڵێکی دیکەی داعش دەکات بۆ مانەوەی زیاتر لە موسڵ و دەڵێت "چەکداران تۆڕێکی تونێلییان لەنێو موسڵ هەڵکەندووە و بەردەوامیش كار لەو تونێلانە دەكەن، فراوانی تونێلەکان هێندەی تێپەڕینی ماتۆرسکیلە بەنێویدا، داعش لەو هەوڵەی دا دەیەوێت هاتووچۆی چەکدارانی لەرێگەی گوندەکانەوە بۆ نێو موسڵ ئاسانتر بکات".

تەنیا لە رۆژهەڵاتی موسڵ 12 تونێل هەڵکەندراون

گرووپی داعش تەنیا لە رۆژهەڵاتی موسڵ 12 تونێلی هەڵکەندوون و دەیەوێت بەو تونێلانەدا پێشڕەوی هێزەکان سست بکات و چەکداران خۆیانی تێدا بشارنەوە، سەرچاوەکەی نێو موسڵ دەڵێت" ناچارکراوە لە چەند تونێلێکی داعشدا کاربکات و تونێلەکان فراوانن".

میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن چەکدارانی داعش لەکاتێکدا ئەو کارانە دەکەن کە هێزەکان ئامادەکاری تەواویان بۆ شەڕی شارەکە کردووە، بەشێكی میدیاکان تویتێکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان وەک نموونەی نزیکبوونەوەی شەڕی موسڵ بەکارهێناوە.

30 هەزار سەرباز و پێشمەرگە و چەكدار بەشداری دەكەن

بارزانی لە تویتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی" کاتی دەستپێكردنی شەڕی رزگارکردنی موسڵ نزیکە". رۆژی شەممەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی فەرمی بڵاوكردەوە و رایگەیاند سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواوكراون و ئازادكردنی موسڵ ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی شەڕی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەكان، پێشمەرگە و هاوپەیمانان تەواوكراون و هێزەكان چاوەڕێی كاژێر سفرن، 30 هەزار چەكدار بە پێشمەرگەوە بەشداری دەكەن.

داعش دەستی بە سووتاندنی نەوتی رەش كرد

چەكدارانی داعشیش لەنێو شارەكە دەستیان بە سووتاندنی نەوتی رەش كردووە بۆ ئەوەی تەگەرە بۆ فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دروست بكەن و ئامانجییەكانیان بە دروستی نەپێكن، بارستایی دوكەڵە رەشەكەش گەیشتووەتە هەولێر و بەشێكی هەرێمی كوردستانی داپۆشیوە.

حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیكی هێزی پێشمەرگە، ئێوارەی رۆژی شەممە 15-10-2016، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "چەكدارانی داعش ئەو خەندەقانەی لە دەوروبەری موسڵیان لێداون، نەوتی رەشیان تێكردوون و ئاگریان تێبەرداون، بەو هۆیەوە دوكەڵێكی رەش ئاسمانی ناوچەكەی داپۆشیوە و ئاستی بینین كەمبووەتەوە".

"ئەگەر داعش شەڕ بكات، شەڕێكی قورس دەكات"

لێكدانەوەی زۆر بۆ شەڕی موسڵ دەكرێن، بابەكری زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق بە رووداوی گوت "بۆ شەڕی موسڵ داعش دوو رێگای هەیە، یان بەهیچ شێوەیەك شەڕ ناكات و بەبێ‌ شەڕ دەردەچێت، یان شەڕێكی خوێناوی دەكات، چونكە ساڵی رابردوو گوتاربێژی داعش لە موسڵ گوتی، ئێمە لێرە خیلافەتمان راگەیاند و ئەگەر لەدەستیشی بدەین، هەر لێرە لەدەستمان دەچێت، بۆیە ئەگەر شەڕ بكەن، شەڕێكی خوێناوی و قورس دەكەن".

"لە هێڵی یەكەم خەندەقی لێداوە"

لەبارەی هەوڵەكانی داعش بۆ لەدەستنەدانی موسڵ، ئیحسان قەیسوون، شارەزای سەربازی بە رووداوی گوت "بۆ موسڵ داعش سێ‌ هێڵی بەرەنگاری داناوە؛ هێڵی یەكەم هەڵكەندنی خەندەقە، كە نەوتی رەشی تێكردووە بۆ سووتاندن، بۆ ئەوەی بە دوكەڵی چڕ وابكات فڕۆكەكانی هاوپەیمانان ئامانجەكانیان نەپێكن. هێڵی دووەم خەندەقێكی بازنەییە. هێڵی سێیەمیش تونێلێكە تایبەتمەندی بەرەنگاربوونەوە و شەڕكردنی تێدایە".

لە شەش رێگای هێرش، پێنجیان لەدەستی پێشمەرگەدان

سوپای عێراق و پیشمەرگە لە شەش میحوەرەوە دەتوانن هێرشبکەنە سەر موسڵ:

- میحوەری کەسكێ کە دوورییەکەی 40 کیلۆمەترە.

- بەنداوی موسڵ 30 کیلۆمەتر دوورە.

- میحوەری ناوەران 20 کیلۆمەتر دوورە.

- میحوەری خازر 20 کیلۆمەتر دوورە.

- گوێڕ 40 کیلۆمەتر دوورە.

- دواترینیان میحوەری گەیارەیە، کە 80 کیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوورە.

داعش یەك رێگای دەرچوونی هەیە

لە شەش میحوەرە سەرەکییەکە پێنجیان بەدەست پێشمەرگەوەن، تاکە رێگای دەرچوونی داعش لە باشووری رۆژئاوای شارەکەیە بەرەو بەعاج و رەققە و دێرەزوور، رۆژی شەممەش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە داعش ئەو رێگایەی كۆنكرێت كردبێت بۆ ئەوەی چەكدارانی داعش لێیەوە رانەكەن.

ئێستا شارەکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، جگە لە زەوی، هاوپەیمانان ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەوەی لە ئاسمانیشەوە بنكەكانی داعش بە چڕی بۆردوومان بكەن، چاوەڕێدەکرێت فڕۆکەکانی هاوپەیمانان رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە شەڕەکەدا هەبێت.

داعش رێگەی نوێ بۆ شەڕ بەکاردەهێنێت

بەپێی سەرچاوەکانی نێو موسڵ و دەزگاکانی هەواڵگری، چەكدارانی داعش زۆر تەنگەتاوبوون لەو هێرشە گەورەیەی بڕیارە بکرێتە سەریان بۆ هەتاهەتایی لە موسڵ دەرپەڕێندرێن، لە پەلەقاژەی مەرگدا چەکدارانی داعش پەنا بۆ شێوازی نوێی شەڕکردن دەبەن، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دڵنیایی دەدات هەر هەوڵێکی داعش بێهودە دەبێت و، لە موسڵ تەمەنی داعش لە دوایین رۆژەکانی دایە.

داعش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چەندین چەکی ناتەقلیدی بەکاردەهێنێت، لەوانە:

· بەکارهێنانی دووپشک لە رێگەی مووشەکهاوێژکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان.
· بۆمبڕێژکردنی مریشک و ئاراستەکردنیان بەرەو سەنگەرەكانی هێزە ئەمنییەکان.
· بۆمبڕێژکردنی بووکەڵە و یاری منداڵان.
· بەکارهێنانی مەنجەنیق، بوتڵی غاز، ئۆکسجین و کلۆر بۆ بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان.
· بەکارهێنانی منداڵانی خۆکوژ لە رێگەی پشتێنەی بۆمبڕێژکراو، بە نموونە ئەو منداڵەی لە کەرکووک دەستگیرا کە بەنیازبوو خۆی بتەقێنێتەوە.
· بەکارهێنانی گازی خەردەل.
· بەکارهێنانی تانکەری سووتەمەنی بۆ رووبەڕبوونەوەی پێشڕەوی هێزە ئەمنییەکان.
· بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو.
· بەکارهێنانی کیسی پلاستێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر شێوەی باڵۆن و هەڵدانیان بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە.

16/10/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان