ئه‌كره‌م ئێدلبی
ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه زیندووهكان حه‌تمییه‌تی مێژووییه، وه‌ك هیگل، فه‌یله‌سوفی سیاسیی ئه‌ڵمانی گوته‌نی "سه‌ربه‌ستیی نه‌ته‌وه‌كان رێڕه‌وی خودایه له مێژوودا". گه‌لی كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو و ره‌سه‌ن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له جیهان، كه ده‌یان ساڵه له شۆڕش و خه‌باتدایه له‌پێناو به‌دیهێنانی كیانێكی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر و خاوه‌ن سه‌روه‌ری، له‌م حه‌تمییه‌ته به‌ده‌ر نییه. وه‌ك ئێستا باسوخواسی ده‌وڵه‌تی كوردی بووه‌ته باسی هه‌ره گرنگی ناوه‌نده‌كانی دروستكردنی بڕیار له وڵاتانی رۆژئاوا به‌گشتی و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تى، هه‌روه‌ك ده‌بینین هه‌ردوو ركابه‌ری كۆماری و دیموكراته‌كان له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كێبڕكێ له‌سه‌ر پشتیوانیی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا ده‌كه‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، له دیبه‌یتێكدا هه‌ریه‌ك له ریچارد هاس، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هێنری كسینجهر، سیاسه‌توان و وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له واشنتۆن، به پێویستیان زانی كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا كار له‌سه‌ر پرۆژه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و سه‌قامگیر بۆ كورد له رۆژئاوا و باشووری كوردستاندا بكات، كه سنووره‌كه‌ی تا ده‌ریای سپییی ناوه‌ڕاست درێژ ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
- تازه ئه‌سته‌مه جارێكی دیكه نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراق و سووریا وه‌ك پێشترى لێ بێته‌وه، به‌هۆی جه‌نگی نێوخۆیی و شكستی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تسازی و نه‌ته‌وه‌سازی له‌م دوو وڵاته‌دا، بۆیه كاركردن له‌سه‌ر دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد و بۆ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، وه‌ك عه‌ره‌بی سوننه و عه‌ره‌بی شیعه به جیا، پراگماتیتر و واقعیتره.
- پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی كوردستان (باشوور- رۆژئاوا) به دڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێناسه ده‌كرێت و به به‌شێكی هه‌ره گرنگ داده‌نرێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه زیندووه‌كانی جیهانی رۆژاوا (ئه‌مه‌ریكا- ئه‌وروپا) و ئیسرائیلیش، چونكه بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی (باشوور- رۆژئاوا) كه‌وانه‌ی ئه‌منیی ئه‌وروپا و ئیسرائیل درێژ ده‌كاته‌وه و ده‌بێته هه‌ناسه‌یه‌كی ستراتیژیی ئه‌منی و قه‌ڵغانی ئه‌منی بۆ سنووره‌كانی ئه‌وروپا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و كۆچكردنی نایاسایی و كێشه جیهانییه سنووربڕه‌كان، كه به‌رده‌وام له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له پێنج ساڵی داهاتوودا هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و كۆچی نایاسایی ببنه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وروپا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش پێویسته وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا، بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پشتیوانی له دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی به‌هێز بۆ كورد بكه‌ن، بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان، چونكه نزیكه‌ی 5000 هاووڵاتیی ئه‌وروپی ئێستا له‌ناو داعشدان و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی زۆریان بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌وروپا و ده‌بنه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ئه‌وروپا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه كوردستان بووه‌ته سه‌نته‌ری دژه‌تیرۆری جیهانی و كورد به‌هێزترین هێزی زه‌مینی دژه‌تیرۆره، كه له‌جیاتی هه‌موو جیهانی شارستانیی ئازاد رووبه‌ڕووی تیرۆریستان ده‌بێته‌وه و متمانه‌پێكراوترین هاوپه‌یمانیی وڵاتانی رۆژئاوایه له شه‌ڕی دژه‌تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا له ئێستا و له داهاتوودا.
- كوردستان له ڕووی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و غاز و ئاوی شیرین و كانزای نایاب، ده‌بێته ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ئاشتیخواز و توانای خۆبژێوی و خۆپارێزیی ده‌بێت و ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ پێداویستیی وڵاتانی رۆژئاوا دابین بكات، هه‌روه‌ها به ئاسانترین رێگه و به هه‌رزانترین نرخ نه‌وت و غاز ده‌گه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانی جیهان، ئه‌مه‌ش ئاسایشی وزه‌ی جیهانی پارێزراوتر ده‌كات و له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی نابێته بارگرانی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
- نه‌ریت و به‌ها كولتوورییه‌كانی كورد میانڕه‌وه و رێگه ده‌گرێت له دروستبوونی هێزی توندڕه‌و، چونكه زۆربه‌ی هێزه كوردییه‌كان سروشتێكی سیكۆلار و دیموكراسی و لێبورده‌ییان هه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌مینه ئایینی و ئیتنیكیانهی له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها له ئاشته‌واییدان له‌گه‌ڵ ئه‌و دراوسێیانه‌ش كه ده‌یان ساڵه ده‌یانچه‌وسێننه‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ئۆمێدی هه‌نارده‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی دیموكراسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیندوو بكاته‌وه.
- دروستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌بێته رێڕه‌وێكی بازرگانیی ئارام بۆ هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خاو و كه‌لوپه‌له‌كان له‌نێوان رۆژئاوا و وڵاتانی كه‌نداو، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئابووریی وڵاتانی كه‌نداو زیاتر ببووژێته‌وه و پارێزراوتر بێت، بۆ مسۆگه‌ركردنی زیاتری پشتیوانیی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو، پێویسته كورد به هاوته‌ریبی له‌گه‌ڵ پێشخستنی پرۆسه‌ی بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی كوردی، هه‌روه‌ها هاوكاریی دروستكردنی ههرێمك یاخود ده‌وڵه‌تێك بۆ عه‌ره‌بی سوننه بكات، تا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌گشتی زیاتر پشتیوانی له ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بكرێت.
- ئه‌م ده‌وڵه‌ته وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی ناوبڕ (Buffer State) ده‌بێت له‌نێوان ئه‌و هێزه هه‌رێمییانه‌ی به‌رده‌وام له ململانێدان له‌سه‌ر نفوزی هه‌رێمی، وه‌ك: ململانێی له‌مێژینه‌ی ره‌گه‌زی (عه‌ره‌ب- فارس- تورك) و ململانێی مه‌زهه‌بیی (شیعه - سوننه). هه‌روه‌ها وه‌ك ناوبڕێكیش ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری پێكدادانی شارستانییه‌كان، وه‌ك فه‌یله‌سوفی سیاسیی ئه‌مه‌ریكی سامۆیل هنتكتۆن باس ده‌كات، له ئه‌گه‌ری پێكدادانی به‌های رۆژهه‌ڵاتی - رۆژئاوایی و به‌های ئیسلامی - مه‌سیحیدا. هه‌روه‌ها له ململانێی عه‌ره‌ب - ئیسرائیلیش كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌و پێیه‌ی ئیسرائیل تا راده‌یه‌ك له گه‌مارۆی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی رزگار ده‌بێت.
ده‌وڵه‌تی كوردی (باشوور- رۆژئاوا) نابێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه‌ی مه‌ترسییان هه‌یه له دروستبوونی، به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێـته فاكته‌رێكی ئه‌رێنی و ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ربازبوونی ناوچه‌كه له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی ده‌یان ساڵه تێی كه‌وتووه، به‌تایبه‌ت توركیا، چونكه دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی بۆ ئه‌و وڵاته قازانجی ستراتیژیی هه‌یه و ده‌بێته هۆی:
1- تێربوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تاكی كورد، به‌مه‌ش كێشه‌ی كورد له توركیا خاوتر ده‌بێته‌وه و پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ست پێده‌كاته‌وه و به‌ته‌واوی سه‌رده‌كه‌وێت، به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كێشه‌ی توركیا كه كێشه‌ی ئه‌منییه به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی چاره ده‌بێت. ئه‌زموونی ئازربایجان ئه‌م راستییه‌مان بۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وه، به جۆرێك كه تا ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئازربایجان نه‌بوو، ئازه‌رییه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌ترین كێشه بوون بۆ توركیا و ئێران، به‌ڵام به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئازربایجان، ئیتر نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ریش بووه خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێك له جیهاندا و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌رییه‌كان تێر بوو، ئێستا له ئێران و توركیا كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه به ناوی كێشه‌ی ئازه‌رییه‌كان، ئه‌گه‌ریش ئازهرییهكی ئه‌و وڵاتانه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران‌دا هه‌بێت، ئه‌وا په‌ناگه‌یه‌كی هه‌یه بۆ حه‌وانه‌وه، به‌مه‌ش كێشه‌ی ئازه‌رییه‌كان به ریشه‌یی چاره بووه، هه‌مان بابه‌ت بۆ كوردیش دروسته.
2- له ڕووی بازرگانی و وزه‌وه زۆرترین سوودی ده‌بێت بۆ توركیا، چونكه نه‌وت و غازی كوردستان به ئاسانترین رێگا و هه‌رزانترین نرخ ده‌گاته توركیا، كه داینه‌مۆی ئابووریی توركیایه، لایه‌نی كه‌م بۆ 25 ساڵی داهاتوو، هه‌روه‌ها ده‌شبێته رێڕه‌وێكی بازرگانیی ستراتیژی بۆ هه‌نارده‌كردنی وزه‌ی هه‌رێم له رێی توركیاوه بۆ ئه‌وروپا، به‌مه‌ش بایه‌خی جیۆستراتیژی توركیا بۆ رۆژئاوا زیاتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێته شاڕێگه‌ی بازرگانیی توركیا بۆ جیهانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی كه‌نداو و ئابووریی توركیا به‌ته‌واوه‌تی ده‌بووژێنێته‌وه.
3- ده‌بێته هۆی دابڕانی توركیا له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و نزیكبوونه‌وه‌ی له جیهانی رۆژئاوا و بوون به ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا له ماوه‌ى درێژخایه‌ندا.
سه‌باره‌ت به ئێرانیش ئه‌وا دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ده‌ره‌نجامدا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌بێت، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار:
1- نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاریایی ره‌سه‌نه و ده‌كه‌وێته ناو جوگرافیای نه‌ورۆزی، هه‌روه‌ها به‌شێكی هه‌ره سه‌ره‌كی و گرنگ پێكدێنێت له نه‌خشه‌ی كولتووری ئاریایی به‌رامبه‌ر كولتووری عه‌ره‌بی سامی، به‌تایبه‌تیش كه پێشبینی ده‌كرێت له داهاتوودا ناسنامه‌ی ره‌گه‌زی زیاتر به‌رجه‌سته بێت و ناسنامه‌ی مه‌زهه‌بی كاڵتر ده‌بێته‌وه.
2- ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریخستووه كه هه‌میشه فاكته‌رێكی ئاشتی و سه‌قامگیرییه بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه به‌گشتی و دراوسێیه‌كی باش بووه بۆ ئێران و فاكته‌رێكی پۆزه‌تیڤ بووه له ئیداره‌دانی ململانێی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئێران.
3- له ڕووی ئابووریشه‌وه، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته فاكته‌رێكی گرنگ بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئێران و رۆژ به‌رۆژ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هه‌ردوولا گه‌شه ده‌كات.
كه‌واته نیگه‌رانیی ئێران سه‌باره‌ت به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له ناوچه‌كه‌دا له جێگه‌ی خۆیدا نییه و سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئایدۆلۆژیای نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌وه‌ی كه بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردیی سیكۆلار و دیموكرات هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر سیسته‌می ویلایه‌تی فهقیى تیۆكراتی ئێران. بۆیه له درێژخایه‌ندا بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی ئێراندایه.
له رۆشنایی هه‌موو ئه‌وه‌ی باس كرا، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له باشوور و رۆژئاوای كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه باڵاده‌سته‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیدایه و له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری جیهانیدا به فراوانی پشتگیری ده‌كرێت و پرۆسه‌ی دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش به‌خێرایی له‌گه‌ڕه و له ئایینده‌دا ده‌بێته هه‌وێنی خۆشی و كامه‌رانی بۆ گه‌لی كوردی چه‌وساوه و ته‌واوی گه‌لانی خێرله‌خۆ نه‌دیوی ناوچه‌كه.
* ماسته‌ر له یاسا و زانسته سیاسییه‌كان
15/10/2016