شۆرش
واپێدەچێت هەلبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ،بە سەختترین هەلبژاردنی سەرۆکایەتی دابنرێت لە مێژووی ئەمەریکادا. چونکە هەر روداوێکی نەخوازراو لە ناوخۆ یا لە دەرەوەی ئەمەریکا ،هاوکێشەکە سەراوژێر دەکات، بە تایبەتیش دوای کۆتایی هاتنی هەلمەتەکانی هەڵبژاردن کە هێشتا دیار نیە کێ دەبێتە شوێنگرەوەی (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، ئایا (دۆنالد ترامپ) کاندیدی کۆمارییەکان، یاخود (هیلاری کلینتۆن) کاندیدی دیموکراتیەکان، هەر کامیان بێت پێویستە ئەو بەهرەو تواناییەیان تیادا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە گرینگە، بەتایبەتیش ئەو بەهرە و توانا سیاسیانەی کە بتوانن لە رێگەی وتارەکانیاندا سەرنجی دەنگدەران بۆ خۆایان رابکێشن. جەند مانگێک پێش ئێستا لە نێو کاندیدکراوەکاندا، کاندیدی کۆمارییەکان (دۆناڵد ترامپ) بەهێزتر بوو، کەچی بەم دواییانە دەبینین کەوا (هیلاری کلینتۆن) هەلی بردنەوەی لە هەلبژاردنەکەدا زیاترە، ئەویش دوای پاڵپشتیکردنی لەلایەن( بیرنی ساندرز)کە پاڵێوراوی هەمان پارت بوو بۆ هەلبژاردنەکە.بۆ ئەم مەبەستە کلینتۆن بەڵێنی بە ساندرز داوە کە لە دوای وەدەستهێنانی سەرکەوتن دەیکات بە جێگری سەرۆک.
هەرچەندە بەرژەوەندی جیهان لەسەرکەوتنی ترامپ دایە لە هەڵبژاردنەکان ، لەبەر ئەوەی نیازی هەڵگیرساندنی هیچ جۆرە شەرێکی نێودەولەتی نیە،یاخود داگیرکردنی ولاتانی تر کە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی لە جیهاندا، بەڵام چەخت کردنەوەی کلینتۆن لە ئەنجامدانی چاکسازی نێوخۆیی و ئابوری ولاتەکەی بەپێی رێرەوی(مۆنرۆ) کە پێویستە لەسەر ولاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرەتا چاکسازیی لە نێو ولاتەکەی خۆیدا ئەنجام بدات ،ئینجا لە دەرەوە.
بە بۆچوونی هەندێک لە سیاسەکان هیلاری کلینتۆن زۆر دواکەوت لە چونەنێو پێشبرکێی سەرۆکایەتی ، کە دەبوایە هەشت ساڵ لەمەوبەر بەو شێوەیەی ئێستا بەشداری پێشبركێەکانی سەرۆکایەتی کردبا ، ئەمە سەرەرای ئەو کێشانەی کە بەردەوام دەهاتنە سەر رێگای، کەچی ئەو هێشتا بەهێزە و ئەو هێزەشی زیاتر لە ولاتە دەولەمەندە عەرەبییەکان وەرگرتوە، کە سپۆنسەری سەرەکی کلینتۆن بوون لە هەلمەتەکانی پروپاگەندەکردنی هەڵبژاردن.
بۆیە گەر بێتو لە کۆتایی هەلبژاردنەکەدا سەربکەوێت ،ئەوا بێ گومان لە دوا رۆژدا بە هەموو شێوەیەک بەرگری سەربازی لەو ولاتانە دەکات کە پاڵپشتی داراییان کردووە لە هەلبژاردنەکەو ، جگە لەمەش ئەوروپیەکانیش ملکەچی دەسەلاتی خۆی دەکات و بەمەش بە بێ هیچ مڵملانێیەک ئەمەریکا دەکات بە زاڵترین دەولەت لە جیهاندا.
لە لایەکی تریشەوە پاڵپشتی کردن و خۆشحاڵی دەربرینی سەرۆکی روسیا(ڤلادیمیر پوتین) بە کاندید کردنی (دۆناڵد ترامپ)، هاوهەلوێست و هاوبۆچونی (ترامپ) یش بەرامبەر بە روسیا، بووە جێگەی نیگەرانی نوسینگەی لێکۆلینەوەی فیدراڵی،بویە لێرەدا دەبێ بێ گومان بین لەوەی کە دەسەلاتدارانی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات کاندیدکراوی کۆمارییەکان سەربکەوێت، جونکە سەرکەوتنی کاندیدێک کە پاڵپشتی لە دوژمنەکەی بکات بەتایبەتی ولاتی رووسیا، ئەوا بە کارێکی مەترسیدار دادەنرێت بۆ سەر ئایندەی ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.
ئەوەی ئاشکرایە مەرج نیە هەرچییەک ووترا بێت لە هەلمەتەکانی هەلبژاردنەکە لەلایەن هەردوو کاندیدکراو، لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێت. هەروەها سەرۆکی داهاتوو گەر لە دیموکراتیەکان بێت یاخود لە کۆمارییەکان، ئەوا دەبێت ملکەچی دەزگاکانی حوکمەت بن لە ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ، کە ئەویش لە لایەن خۆیەوە ئەو رۆڵەیان بۆ دیاری دەکات کە دەبێ بیگێرن لە کاتی دەسەلاتیاندا. بۆیە ئەو دروشمانەی کە پێش هەلبژاردن دەیان ووتەوە دەبێ هەمووی لە بیر کەن ، چونکە لە ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرۆکەکان دەگۆردرێن بەلام سیاسەتەکە گۆرانکاری بەسەردا نایەت.
8/10/2016