فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئەمریکا بەشێوەیەکی تایبەت پشتیوانیی لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کردووە، ئەویش بەوەیە کە ”فڕۆکەیەکی ئەمریکیی تایبەتی بۆ شاندەکە ئامادەکردبوو. لە بەغداش بە سێ هەلیکۆپتەر شاندەکەی دەپاراست". محمەد حاجی مەحموود، کە ئەندامی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی بووە بۆ بەغدا، دەڵێت "کاتێک بارزانی باسی سەربەخۆیی کوردستانی کرد، شیعەکان گوتیان تەنیا دوو رێگە لەبەردەم کورددا هەن و سەرپشکن لە هەڵبژاردنی هەریەک لەو دوو رێگەیانە".

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ، رۆژی 29/9/2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە بەیاوەریی شاندێکی سیاسی گەیشتەوە بەغدا. لەو کۆبوونەوانەدا کە بارزانی لە بەغدا کردوونی، باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کراوە، کە پێشتر ئەو پرسە بەفەرمی لەلای بەغدا جێگەی موناقەشە نەبووە.

کۆبوونەوەی پێش سەردانەکە لە پیرمام

محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست-دیموکراتی کوردستان، کە ئەندامی شاندی کوردستان بووە بۆ بەغدا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) زانیاریی نوێ لەسەر ئەنجامی پێش سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا و دوای سەردانەکە ئاشکرادەکات: "رۆژی پێش سەردانەکەی بەغدا، سێ کاژێر لە پیرمام لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی کۆبووینەوە بۆئەوەی بزانین لە بەغدا چی دەکەین و چی بگوترێ و چۆن قسە بکەین". وەک محەممەد حاجی مەحموود باسیدەکات " بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: عەبادی سێ جار تەلەفۆنی کردووە و داوایکردووە سەردانی بەغدا بکەم”.

سکرتێری سۆسیالیست دەڵێت "جەنابی سەرۆک بارزانی بە ئێمەی گوت: کۆبوونەوەی دووقۆڵیم دەبێ لەگەڵ عەبادی. ئێمەش گوتمان: دەبێ چوار خاڵ لەگەڵ عەبادی باس بکەی. لەهەموویان گرنگتر مەلەفی سەربەخۆیی کوردستان، مووچە و بودجە و مەلەفی نەوت و شەڕی مووسڵ بێت. بە بارزانیمان گوت: ئەو چوار خاڵە بنووسە و لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکە لەگەڵ عەبادی باس بکە".

عەلی باپیر چیی بە سەلاحەدین بەهائەدین گوت؟

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە ئەندامانی شاندەکە کێ بن. داوایان لە عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کردبوو ببێتە ئەندامی شاندەکە، بەڵام عەلی باپیر وەڵامێکی دیکەی دابووەوە.

سکرتێری سۆسیالیست لەوبارەیەوە دەڵێت “لە کۆبوونەوەی پێش سەفەری شاندەکە، بۆمان روونبووەوە مامۆستا عەلی باپیر بەشدارنابێت. چونکە مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین لە کۆبوونەوەکە گوتی: داوام لە بارزانی کردووە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیش بەشداربێ لە شاندەکەدا، بارزانیش بەو داوایە رازی بووە و منی راسپاردووە قسەی لەگەڵ بکەم. بەڵام مامۆستا عەلی باپیر گوتوویەتی نایەم و داوای لە منیش کرد ئەو سەفەرە بۆ بەغدا نەکەم”.

محەممەد حاجی مەحموود، رەخنە لە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەگرێ و دەڵێت: "هەموو حیزبەکان، جگە لە پارتی بەردەوام داوایاندەکرد لە بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام کە پارتی داوایکرد بچینە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەڵوێستیان پێچەوانە بووەوە!".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی نەچوونی بۆ بەغدا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی، روونکردنەوەی داوە و دەڵێت "ناکرێ بەو هەموو کێشانەوە کە لە هەرێمی کوردستان هەمانە، بچینە بەغدا". چونکە، وەک ئەمیری کۆمەڵ باسیدەکات، "تا له‌ نێوخۆی هه‌رێمی كوردستان بارودۆخ ئاسایی نه‌كه‌ینه‌وه،‌ له‌ ناوه‌ندیش گوێمان لێناگرن".

رەخنە لە پێکهاتەی شاندەکە دەگیرێت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زۆرترین ئەندامیان هەبوو لەنێو شاندەکەدا، کە هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و باڵی ناوەندی بڕیار، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە بوون.

محەممەد حاجی مەحموود، لەبارەی ئەندامانی یەکێتی لە شاندەکەدا دەڵێت "هاتنی کاک کوسرەت لەگەڵ شاندەکە بۆ بەغدا گرنگ بوو، چونکە پێگە و کەسایەتیی خۆی هەیە. یەکێتی بە هەردوو باڵەکەیەوە کاریگەریی خۆی هەیە لەسەر سیاسەتی کوردستان. کاک مەلا بەختیار پێگەی خۆی هەیە. شێخ جەعفەریش لەبەرئەوەی فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە و پلانی شەڕی مووسڵ باسکراوە، دەبووایە ئەویش بەشداربێت".

هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رەخنەی زۆریان هەبوو لەسەر پێکهاتەی شاندەکە و بە “شاندێکی حیزبی” وەسفیانکرد. یەکێک لە رەخنەکان ئەوەبوو کە چۆن یەکگرتوو و یەکێتی دوای بارزانی کەوتوون بۆ بەغدا؟ محەممەد حاجی مەحموود لەوبارەیەوە گوتی "ئۆباما هەشت ساڵە بە جیاوازیی 1.2%ی دەنگەکان سەرۆکی ئەمریکایە.

خێرە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نوێنەرایەتیی زیاتر لە 70% دەکات و قبوڵیناکەن؟” حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا کە لە بەغدا لەگەڵ بارزانی سازیکرد، گوتی "لە بەغدا خەڵک هەن دژی نزیکبوونەوەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستانیش بەهەمانشێوە دژی سەردانی بارزانین بۆ بەغدا. بۆچی؟ خۆ هەموومان لە سنووری عێراقی فیدراڵداین".

چی بە عەبادی گوترا؟

شاندی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک رۆژ لە بەغدا بوو. لەو رۆژەدا محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "11 کۆبوونەوەمان کرد و سێ جار لەگەڵ عەبادی دانیشتین". گوتیشی "بارزانی دوو کۆبوونەوەی دووقوڵیشی ئەنجامدا. یەکێکیان لەگەڵ عەبادی بوو و یەک کاژێری خایاند و دووەمیش لەگەڵ عەممار حەکیم بوو و نیو کاژێری خایاند".

ئەندامەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، قسەی بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی ئاشکرادەکات و دەڵێت: "بارزانی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبادی و لایەنی شیعی، بە چڕی و تێروتەسەلی باسی مەلەفی سەربەخۆیی کرد و گوتی: ئێمە میلەتێکین جیاین. رەنگە مێژووی هاوبەشمان هەبێ، بەڵام پێنج بۆ شەش ملیۆن کەس مافی خۆیانە سەربەخۆ بژین. هەموو کوردێک کە لەدایکدەبێ هەر لە منداڵییەوە تاوەکو دەمرن خەون بەوەوە دەبینن".

کۆسرەت رەسووڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیش پێش سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا گوتی "ئەولەویەتی سەردانەکە بۆ باسی مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسە".

پێش سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، رۆژی 4/9/2016 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو و پرسی سەربەخۆیی کوردستانی لەگەڵ عەبادی و لایەنە شیعەکان باسکردبوو. محەممەد حاجی مەحموود لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەبەرئەوەی پێشتر کاک نێچیرڤان بارزانی ئەو بابەتەی لەگەڵ بەغدا باسکردبوو، کاتێک ئێمە باسی سەربەخۆییماندەکرد، عەبادی و لایەنە شیعەکان تووشی شۆک نەبوون و بە شتێکی ئاسایی وەریانگرت".

"رەنگە ببێتە کۆنفیدراڵی"

لە کۆبوونەوەی عەبادی و لایەنە شیعەکان، بارزانی رەخنەی لە بەغدا گرتووە کە سێ ساڵە لەسەریەک لەڕووی داراییەوە سزای هەرێمی کوردستان دەدات. وەک سکرتێری سۆسیالیست باسیدەکات، بارزانی گوتوویەتی: "کورد شەراکەتی لەگەڵ عێراق هەڵبژارد، بەڵام عێراق شەراکەتەکەی نەکرد. لە هەرێمی کوردستان قوتابی، مامۆستا، پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس لەئەرکدابوون، بەڵام ئەوە بەغدا بوو مووچەی ئەو خەڵکەی راگرت و بڕی".

محەممەد حاجی مەحموود، وەڵامی لایەنە شیعەکان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ داوای کورد بۆ سەربەخۆیی ئاشکرادەکات و دەڵێت: "لایەنی عێراقی بە ئێمەیانگوت دەرگا بەڕووی کورددا کراوەیە و دوو رێگە هەن. رێگەیەک ئەوەیە پێکەوەبین وەک جاران، رێگەی دووەمیش ئەوەیە کە کورد سەربەخۆ بێت".

کاکە حەمە هەنگاوی دوای ئەو سەردانەی لەبارەی سەربەخۆییەوە ئاشکراکرد و گوتی "بڕیاروایە بەغدا پرۆژەیەک لەسەر سەربەخۆیی کوردستان ئامادەبکات و هەرێمی کوردستانیش پرۆژەیەک ئامادە دەکات. هەردوولا دادەنیشن بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنێک و رەنگە لە پرۆژەکەی بەغدا و ئەوەی ئێمە بۆ کوردستان کۆنفیدراڵیی لێ دەربچێت".

ئەمریکا لەئاسمانەوە دەیپاراستن

ئەمریکا پشتگیریی تەواویان لە سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدایا کردووە. بەشێوەیەک کە هاتن و چوونی شاندەکە بە سپۆنسەریی ئەمریکا بووە. محەممەد حاجی مەحموود هەندێک وردەکاریی سەفەرەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت: "شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە فرۆکەیەکی تایبەتی ئەمریکی رۆیشتنە بەغدا. هەر بەو فرۆکەیەش گەڕانەوە. فرۆکەکە شەش پەروانەی هەبوو و مەکینەکەی باش بوو".

کاکە حەمە دەڵێت: "کاتێک گەیشتینە فرۆکەخانەی بەغدا، ئەمریکا شەش هەلیکۆپتەریان ئامادەکردبوو. شاندەکە سواری سێ هەلیکۆپتەر بوون. سێ هەلیکۆپتەریش بۆ پاراستنی ئێمە لە ئاسمان لەگەڵمان بوون، تاوەکو گەیشتینە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و لەوێشەوە هەندێ ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ ئێمە دابینکردبوو، بۆئەوەی بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکان بڕۆین".

دوو سەرکردەی عێراقییان نەبینی

عەممار حەکیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانێتیی شیعە لە عێراق، شاندی کوردستانی بە "موبارەک" ناوبردووە. محەمەد حاجی مەحموود دەڵێت "زۆر رێزیانگرتین و لەباوەشیانکردین و هەریەکەو شەش ماچیان کردین، (بەپێکەنینەوە) دەڵێی لە سجن بەرببووین، ئەوەندە بە گەرموگوڕی پێشوازییان لێکردین".

بەڵام شاندی کوردی دوو سەرکردەی عێراقی نەبینی. یەکی شیعە و ئەوەی دیکەش سوننەیە. سەرکردە شیعەکە هەشت ساڵ سەرۆکی حکومەتی عێراق بووە و ناوی نووری کامل ئەلمالیکییە. ئەو لە کوردستان بەوە ناسراوە کە بەبڕیاری ئەو مووچە و بودجەی کوردستان بڕدراوە.

هەرچەندە پەیوەندیی گەرموگوڕی هەیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام بینینی مالیکی لە بەرنامەی ئەمجارەی شاندەکەی کوردستاندا نەبووە. سەرکردە سوننەکەش سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.

بارزانی لەکاتی مەسەلەی لادانی جبووری لە پۆستەکەی لەلایەن شیعەکان و بەشێک لە سوننەکانەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی مانەوەی سەلیم جبووریی کرد، بەڵام جبووری دۆسێی متمانەسەندنەوەی هوشیار زێباریی خستە دەنگدانەوە.

سکرتێری سۆسیالیست لەوبارەیەوە دەڵێت "سەلیم جبووری لەبەرئەوەی هەڵوێستەکانی وادەرکەوت کە وەکو سەرۆکی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و بە باش مامەڵەی نەکردووە، بۆیە بە پێویستمان نەزانی سەردانی بکەین. لەگەڵ مالیکیش کۆنەبووینەوە و راستیش نییە داوامانکردبێ بیبینین و ئەو ئامادەنەبووبێ ببینین. داوامان لە یەک کەسیش نەکردووە بۆ بینینی مالیکی".

"بارزانی سێ مانگ جارێک بچێتە بەغدا"

یەکێکی دیکە لە تەوەرە گەرموگوڕەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بووە. چاوەڕواندەکرێت لەماوەی مانگێکدا شەڕەکە دەستپێبکات. بەغداش لەوبارەیەوە داواکاریی لە بارزانی هەبووە.

محەممەد حاجی مەحموود، کە خۆی لە شەڕەکانی دژی داعش بەتایبەت لە کەرکووک رۆڵێکی کاریگەری هەبووە و بەشداربووە لە کۆبوونەوە سەربازییەکانی ئەمریکی و عێراقییەکانیش لەگەڵ بارزانی، رایگەیاند: "حکومەتی عێراق داوای لە بارزانی کرد رێگە بۆ سوپای عێراق بکاتەوە، بۆئەوەی بە نێو پێشمەرگەدا تێبپەڕن و بەرەو مووسڵ بڕۆن. بارزانیش بەمە رازی بوو. بەمەرجێک پێشمەرگەش بەشداربێت بۆ گرتنەوەی ناوچە کوردستانییەکان، کە تاوەکو شەقامی 100 مەتریی مووسڵ دەچێ و دەکاتە لێواری شارەکە".

بۆ هەماهەنگیی زۆرتر، وەک کاکە حەمە باسیدەکات، "لایەنی شیعە و سوننە داوایان لە بارزانی کرد هەر سێ مانگ جارێک سەردانی بەغدا بکات". چونکە، وەک سکرتێری سۆسیالیست باسیدەکات، "شەڕی مووسڵ ئاسان نییە، وەک باسیدەکەن. راستە دەستپێکردنی شەڕ ئاسانە و بە تەقاندنی دوو فیشەک دەستپێدەکات، بەڵام گرتنەوەی مووسڵ وا ئاسان نییە کە باسیدەکەن".

3/10/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان