ئەدهەم بارزانی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، هۆشداری دەداتە لایەنەكان لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتی و بەكارهێنانی تووندوتیژی دژی پارتی و دەڵێت "پێمانگوتوون ئەگەر بارەگاكانی پارتی بکەونە بەر تووندوتیژی، هیچ گەرەنتییەك نادەین بارەگاكانی ئەوانیش نەکەونە بەر تووندوتیژی".
ئێرانییەكان پێیانگوتین رێگەنادەن مەترسی لەسەر بارەگاكانی پارتی دروستبێت
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لەم هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ (رووداو)، كە لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە شاری سلێمانی، لەگەڵیكراوە ئاشكرایدەکات كە رۆژی 24/9/2016 لەگەڵ شاندێكی ئێرانی دانیشتووە و شاندە ئێرانییەكە بەڵێنیان پێداوە رێگەنەدەن بارەگاكانی پارتی رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.
رووداو: لە كۆبوونەوەی حیزبەكان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت، پارتی چ پەیامێكی هەبوو؟ چی باسكرا دەربارەی خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەكەی 27ی ئەم مانگە؟
ئەدهەم بارزانی: خەباتی پارتی هەر لە سەرەتاوە تاوەكو ئێستا بۆ ئەوە بووە كە كۆمەڵگەیەكی دیموكرات، بیروباوەڕی ئازاد و فرەگوتاری هەبێت. ئێستاش كە ئێمە لە شاری سلێمانی دانیشتووین، هەر خۆپیشاندانێك گوزارشت لە داواكاری و باشتركردنی ژیانی خەڵك بكات، پشتگیریی دەكەین و بە رەوای دەزانین. هەموو داخوازییەكان بەشێوەیەكی یاسایی جێی خۆی دەگرێت و دێتەدی. ئەگەر لە چوارچێوەی یاساش دەرچوو، ئەوكات پێناسەیەكی دیكەی دەبێت.
هیوادارین چوار حیزبەکە بەڵێنی کۆبوونەوەکەی سلێمانی ببەنەسەر
رووداو: پارتی ئەو پەیامەی داوەتە چوار لایەنە سیاسییەكەی دیكەی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە؟
ئەدهەم بارزانی: كاتێك داوای بەشداریكردنی ئێمەیانكرد، من بە بەرپرسی لقی چوارم گوت بەشداربێت و پەیامی پارتیش بگەیەنێ، كە پارتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانێك دەكات لە چوارچێوەی یاسا بێت، بەڵام دەبێ لایەنەكان بزانن بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز سوود لەو بارودۆخە وەرنەگرن. سواری داخوازی و خواستەكانی خەڵك نەبن، كە ئەمە پارتی هەرگیز قبوڵی ناكات لە هیچ كەسێك.
ئەوەی حیزبەكان بەرامبەر پارتی دەیكەن كارێكی نائەخلاقییە
رووداو: ئەی چوار لایەنەکە وەڵامیان چی بوو؟
ئەدهەم بارزانی: هەموویان لەگەڵ ئەوەدا بوون كە خۆپیشاندان بكرێت، بەڵام ئاراستەكەی بۆ سەر هیچ لایەنێكی سیاسی نەبێت. ئومێدەوارین هەموو لایەنەكان پابەندی ئەو بەڵێنەی خۆیان بن. چونكە ئەم قەیرانە قەیرانی یەك حیزب نییە. پارتی ئەم قەیرانەی دروستنەكردووە.
رووداو: كەواتە بۆ داواكارییەكان رووبەڕووی پارتی دەكرێنەوە، بۆچی خەڵك داوای مووچە لە پارتی دەكات؟
ئەدهەم بارزانی: ئەوە كارێكی نائەخلاقییە حیزبەكان دەیكەن بەرامبەر پارتی. باشە خۆ گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتووش بەشداری حكومەتن. پارتی لە 20 وەزیر تەنیا پێنج وەزیری هەیە. ماقووڵە ئەوان وا هەڵسوكەوت بكەن كە لەنێو حكومەتدا نین.
كەس نازانێت داهاتی پارێزگای سلێمانی چیی لێدێت
رووداو: بەڵام دەڵێن بۆیە داواكارییەكان تەنیا رووبەڕووی پارتی دەكرێنەوە، چونكە پارەی نەوت تەنیا لەلای پارتییە؟
ئەدهەم بارزانی: ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە تۆمەتەکان کە دەخرێتە پاڵ پارتی. ئایا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، كوڕی مام جەلال نییە؟ ئەو نوێنەری یەكێتییە لە لیژنەی باڵای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان. ئاگای لە پارەی نەوت و فرۆشتنی نەوتە. كەواتە یەكێتی ئاگاداری هەموو شتێکە. ئەی بۆ خەڵك ناپرسێت: كاتێك 49%ی بودجەی هەرێمی كوردستان دەدرایە یەكێتی چیی لێهات و چیكراوە؟ داهاتی پارێزگای سلێمانی ناچێتە هەولێر، بۆ لە سلێمانی خەرجناكرێت؟ كەس نازانێت داهاتی پارێزگای سلێمانی چیی لێدێت.
رووداو: هیچ زانیارییەكتان هەیە کە هەوڵ هەبن بۆ دووبارەكردنەوەی سیناریۆی هێرشكردنە سەر بارەگاكانتان لە زۆنی سەوز و نیلی؟ ئەو هەوڵانە كێیان
زانیاریمان هەیە چ لایەنێك هانی خۆپیشاندەران دەدات
لەپشتە؟ ئێستا كێ بارەگاكانتان دەپارێزێت و بەرپرسیارێتیی پاراستنی بارەگاكانتان لەئەستۆی كێیە؟
ئەدهەم بارزانی: با بڕێك لە خەت دەربچم و هاووڵاتیانش لێم زویر نەبن، چونكە قسەكانی من بۆ لایەنەكانە. ئەم خۆپیشاندانە خۆپیشاندانی جەماوەری نین. ئەگەر ناویش بنرێ ناڕەزاییەتییەكانی خەڵك، ئەوانەی رێكخەری خۆپیشاندانەكانن دەموچاویان دیارن و هەموویان كادیری ئەو چوار لایەنەن. لەبەر ئەوە، ئەوان تاکە نوێنەری خەڵك نین. ئێمە زانیاریمان هەیە كە ئەوانە بەنیازن چی بكەن و چ لایەنێك هانیاندەدات. بۆیە ئومێدەوارین هێرش نەكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی. هیوادارین ئاراستەی خۆپیشاندانەكان رووبەڕووی حكومەت و پارێزگای سلێمانی بكرێنەوە نەك پارتی. ئەگەر ئەمە كرا، ئەوە خەڵكی سلێمانی ئەو كارە ناكات بەڵكو لایەنێكی سیاسییە دەیکات.
خەڵكی سلێمانی دژی پارتی خۆپیشاندان ناكات
رووداو: دەگوترێت خەڵكی سلێمانی حەزی لە پارتی نییە، ئەمە وایە؟ ئەگەر وایە چیتانكردووە بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە؟
ئەدهەم بارزانی: پارتی پێش لایەنەكانی دیكە شانازی بە سلێمانییەوە دەكات. هەر حیزبێك بڵێت سلێمانی شاری منە، پارتی پێش ئەو دەیڵێت. ئەوە بەرنامەی لایەنەكانە کە دەیانەوێ پارتی لەلای خەڵكی سلێمانی ناشیرین بكەن. من نە میوانم لە شاری سلێمانی و نە غەریبم لەم شارە. من بەشێكم لەم شارە.
رووداو: ئەی بۆچی لە رابردوودا هەر خۆپیشاندانێك كرابێت، هێرشكراوەتە سەر پارتی؟
ئەدهەم بارزانی: بە حیزبەكان بڵێن بۆ ئەو زوڵمە لە پارتی دەكەن. ئەوەی لە رابردوودا كراوە، دەستی لایەنە سیاسییەكانی تێدابووە، كە ناكۆك بوون لەگەڵ پارتی. چونكە ئەزموونمان هەیە هەر خۆپیشاندانێك كرابێت لەجیاتی ئەوەی بڕۆنە سەر بارەگاكانی یەكێتی و بڵێن چەندین ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان 49%ی هاتووەتە ئەم شارە، كوا؟ دێت لەبەردەم بارەگای پارتی دەوەستێت، كە هەموو كەس دەزانێت پارتی بودجەكەی لە دوو پارێزگای خۆی خەرجكردووە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبووە. ئێستاش مەترسییەكانی ئێمە ئەوەیە كە كەسانێك هەن ئاراستەی خۆپیشاندانەكان دەگۆڕن بۆ سەر بارەگاكانی پارتی. پارتیش مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بكات و رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببێتەوە. چونكە جارێكی دیكە پارتی رێگە نادات بارەگاكانی بسووتێنرێن. هەر هێرشێك بكرێتە سەرمان، دەستمان كراوە دەبێت بۆ بەرگری لە خۆمان.
ئەو لایەنانەی خەڵك دەنێرنە سەر بارەگاكانمان، بارەگاكانیان لە سنووری پارتی نامێنن
رووداو: ئەوەی ئێوە دەیڵێن هەڕەشە نییە؟
ئەدهەم بارزانی: من هەڕەشە ناكەم و باوەڕم بە قووەتی مەنتیق هەیە نەك مەنتیقی قووەت. چونكە كەسێك نییە لەم شارە هەڕەشە لە پارتی بكات. ئەگەر لە خەیاڵی لایەنێكی سیاسیدا هەبێت كە دەتوانێت ئەم شارە لە پارتی نائارام بكات، بەڕاستی دەیڵێم ئەگەر سلێمانی لە پارتی نائارام بێت، بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی ئارامی و ئاسایش نابێت.
رووداو: دەگوترێ ئەگەر لە زۆنی سەوز و نیلی هێرش بكرێتە سەر پارتی، لە زۆنی زەردیش بارەگاكانی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ رووبەرووی هەمان هێرش دەبنەوە و رێگە نادەن لە زۆنی زەرد بمێننەوە، ئەمەشتان بەو چوار لایەنە سیاسییە گوتووە؟
ئەدهەم بارزانی: ئەگەر لێرە بە ناڕەوا هێرش بكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی، ئەوە هەقی پارتییە بە رەوا وەڵام بداتەوە. رێگەش نادەین ئەو لایەنانەی خەڵك دەنێرنە سەر بارەگاكانمان، بارەگاكانیان لە سنووری پارتی بمێنن.
خۆمان بارەگاكانمان دەپارێزین و نایدەینە دەست هێزە ئەمنییەكان
رووداو: بارەگاكانتان داوەتە دەست هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بۆ ئەوەی بیپارێزن؟
ئەدهەم بارزانی: نەخێر، ئێمە خۆمان دەیانپارێزین. بە هیچ شێوەیەكیش نایدەینە دەست هیچ هێزێكی ئەمنی، بەڵام ئەركی سەرشانی هێزە ئەمنییەكانە هاوكاری پارتی بن بۆ پاراستنی بارەگاكانی. ئەگەر نەشیانكرد ئەوە بە كەمتەرخەمی ئەوان لەلای پارتی هەژمار دەكرێت.
رووداو: هیچ دانیشتنێكتان كردووە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و توێژە ناڕازییەكان؟
ئەدهەم بارزانی: نا نەمبینیون. خۆ ئەگەر ئەوان بیانەوێ بێن، دەرگای من بۆ ئەوان كراوەیە. تەنانەت ئەگەر بزانم دواكارییەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی بگەیەنن، من واز لە پۆستەكەی خۆم دێنم و لەگەڵ ئەوان دەچمە نێو خۆپیشاندەران و داوای مافەكانیان دەكەم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەس لەگەڵ ئەوە نیم كە داواكارییەكانی ئەوان رووبەڕووی پارتی بكرێتەوە و بارەگاكانی پارتی بسوتێنرێن.
رووداو: زۆرتر لە كام ناوچەی زۆنی سەوز و نیلی مەترسی هەیە هێرش بكرێتە سەر بارەگاكانتان، بۆ نموونە دەڵێن پارتی مەترسی هەیە لە پشدەر و بیتوێن بارەگاكانی هێرشی بكرێتەسەر، چونكە پەكەكە لە سنووری ئێران نزیكە، رەنگە ئەوان هانی خۆپیشاندەران بدەن بێنە سەر بارەگاكانتان؟
ئەدهەم بارزانی: نەخێر ئەوە راست نییە، ئێران وڵاتێكە دۆستی پارتییە. من دوێنێ لەگەڵ ئێرانییەكان دانیشتووم و گوتوویانە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین بارەگاكانی ئێوە رووبەڕووی مەترسی ببنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا نین ئاراستەی خۆپیشاندانەكان رووەو بارەگاكانی ئێوە بێت.
جارێکی دیکە رێگەنادەین هەیبەتی پارتی بشكێت
رووداو: دەگوترێ لە پیرمامەوە گشتاندن سەبارەت بە خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر
بارەگاكانتان هاتووە، ئەو گشتاندنە چیی تێدایە بۆ كادیر و لایەنگرانتان لەو ناوچەیە؟
ئەدهەم بارزانی: گشتاندنەكە لەو چوارچێوەیەدایە کە ئێمە لەگەڵ هەر خۆپیشاندانێكین ئەگەر لە چوارچێوەی یاسادا بێت. ئەگەر خۆپیشاندان لە یاسا دەرچوو و بووە ئاڵۆزی بۆ سەر بارەگاكانی پارتی، رێنمایی پارتی وا هاتووە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە كەس نەدەین هێرش بكاتە سەر بارەگاكانمان. پارتیش دەستی كادیر و لایەنگرانی خۆی واڵا كردووە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان. من دەپرسم: ئایا رەوایە ماڵی تۆ ئاگری تێبەربدرێت و تۆش بێدەنگ بیت؟ بێگومان نەخێر. جارێكی دیكە رێگەنادەین هەیبەتی پارتی بشكێت. چونكە هەیبەتی پارتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە. باشە بۆ لە خۆپیشاندانێكدا بارەگایەكی حیزبێكی دیكە ناسووتێنرێ، جگە لە پارتی؟ ئەو قسەیە بۆ ئەوە ناكەم بچن بارەگایەكی گۆڕان یان یەكێتی بسووتێنن، بۆئەوەی شەرعیەت بە سووتاندنی 10 بارەگای پارتی بدەن.
26/9/2016