فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

دوكتور ئەسعەد رەشیدی‌ashad rashidi

 وەرگێر: ئەفراسیاب گرامی

گرنگیی ژیۆپۆلتیك‌و ژیۆئیستراتێژیكی‌ كوردستان لە مەسەلە‌ نێونەتەوەیی‌یەكانی سەدساڵەی‌ رابردوو‌و بەربەیانی‌ سەدەی‌ بیستەمدا، روانین‌و سەرنجی‌ دەسەڵاتە زلهێزەكانی‌ جیهانی‌ بۆ لای‌ خۆی راكێشاوە. هەڵوەشانەوەی‌ دوو ئیمپراتۆری‌ مەزن لە ئورووپا (روسیەی‌ تزاری‌)‌و لە ئاسیا (حكوومەتی‌ عوسمانی‌) یارمەتیدەری ئاڵۆزی‌ لە پێوەندییەكانی‌ كۆمەڵگەی‌ جیهانی‌‌و تووندكردنی‌ تێكهەڵچوونە نەتەوەیییەكان لە وێنەی‌ سێ‌ ئیدئۆلۆژیكی‌ ناسیونالیستی‌ بەهێز (فارس، تورك، عەرەب)، لە رۆژهەڵاتی‌ ناڤین دا، بوون. دامەزرانی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ كە بە پشتیوانی‌ دەوڵەتەكانی‌ بریتانیا‌و فەڕانسە دامەزران، دواتر بوونە پاڵپشتی‌ بڕواپێكراو لە رەخساندنی دەرفەتی بواری‌ دەستێوەردانە سیاسی‌و نیزامییەكانی ئەو دەوڵەتانە لە ناوچەكەدا.
رەوتی‌ درێژماوەی‌ بیچمگیری‌ (شكل گیری‌) پڕ لە ئازار‌و رەنجی‌ “نەتەوەسازی‌” هەر لە هەمان سەرەتاوە لە رۆژهەڵاتی‌ ناڤین دا، حاشای لە فرە نەتەوەیی‌‌و كولتووی‌ دەكرد‌و ئامرازەكانی‌ توند‌وتیژی‌، وەك سەرەوەریخوازی‌ رەگەزی‌‌و زمانی‌ بە ئامرازێكی‌ كارامە‌و جێگای‌ باوەڕ بۆ بناوانداڕشتنی‌ “پرۆژەی‌ دەوڵەت سازی‌” لە ناوچەكەدا گرتەبەر.
هەڵوەشاندنەوەی‌ دەسەڵاتی‌ عوسمانی‌، بەشێكی‌ چووكەی‌ لە ئەرمەنستان بە ئازادی‌ گەیاند، كە لە پەنای‌ سۆڤییەت‌دا توانی‌ لە نەمانی‌ تەواو دەرباز ببێ‌. نەتەوە نیشتەجێبووەكانی‌ ئاسیایی نێوەڕاست (گورجستان، ئازەربایجان، توركمەنستان، كازاخستان) بە پێكهێنانی‌ دەوڵەتگەلێكی‌ چووكە‌و “سەربەخۆ” توانیان لە ئاسمیلەكردن‌و توانەوە لە كورەی‌ سوتێنەری‌ پاوانخوازی‌ سیاسی‌و نیزامی‌ توركە لاوەكان، رزگارییان بێ‌. تەنیا كوردستان بە جەستەیەكی‌ بریندار‌و دابەشكراو ‌و وەك “چەمكێكی‌ جوغرافیایی‌” ‌و كۆمەڵگەیەكی‌ “ئەگزۆتیك” كە گوایە لە بەشێكی‌ ئاناتۆلی‌دا نیشتەجێن ‌و درانە دەستی‌ چارەنووسەوە.
هەوڵەكانی‌ كۆمەڵگەی‌ سیاسی‌و رووناكبیری‌ كوردستان لە سەرەتای‌ سەدەی بیستەمدا بە مەبەستی‌ پێكهێنانی‌ كوردستانێكی‌ سەربەخۆ بەرەوڕووی‌ شكست بووە. ئەگەرچی‌ بزووتنەوە نەتەوەییەكانی‌ كورد لە بەشە جیاوەبووەكانی‌ كوردستاندا، ناسیونالیزمی‌ كوردییان بەهێز كرد، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە پێكهاتەی‌ سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌ دواكەوتوو و راگیراوی‌ كوردستان لەسەر بنەمای‌ سوننەت‌و داب‌و نەریتی‌ روو لە نزمبوونی‌ ئابووری‌‌و فەرهەنگی‌ دامەزرابوو ‌و دەستێوەردانە سەركوتكارییەكانی‌ دەوڵەتانی‌ زاڵ بەسەر نیشتمانی‌ كوردستان دا، رێگەی‌ بو پەرەسەندن‌و گەشەكردنی‌ كۆمەڵگەی‌ كوردستانی‌ لە ناوخۆدا، بەرەوە رووی‌ دژواری‌ كردەوە‌و بووە ئاستەنگ‌و لەمپەری‌ گەورە، كە بوو بە رێگری‌ رێگای‌ گەشەكردن‌و پێگەیشتنی‌ هەستی‌ نەتەوایەتی‌ لە چوارچێوەی‌ ناسیونالیستی‌ كوردی دا.
بزاڤە نەتەوەیییەكانی‌ كورد تا سەرەتای‌ نیوەی‌ دووهەمی‌ دەیە هەشتای‌ سەدەی‌ بیستەمدا (بە هۆكارە سیاسی‌و مێژووییەكانی‌ دیاری‌كراو) ‌و لە كورەی‌ گۆڕانكاری‌ ناوچەیی‌‌و جیهانی‌دا نەیتوانی‌ لە بەستێنێكی‌ لەبار‌و پتەو بكەوێتە گەڕ‌و بە بزووتنەوەگەلێكی‌ بەربڵا‌و، نەبوونی‌ دووربینی‌‌و نبوونی‌ ئیستراتێژیەكی‌ روون‌و بە ئەهرۆمی‌ گوشار بۆ سەر چوارچێوەی‌ دەسەڵاتی‌ دەوڵەتانی‌ ناوچە ئاڵوگۆڕی‌ بەسەردا هات. هەرچەند سەرچاوە سرووشتییەكان‌و قوڵاییی‌ ئیستراتێژییك‌و هۆكاری‌ حەشیمەتیش، كوردستانیان لە دۆخێكی‌ هەستیار‌و جیگای‌ سەرنج دادەنێن، بەڵام گۆڕانكارییە قووڵە‌ سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌یەكان دوای‌ دەست پێ‌كردنی‌ شەڕی‌ سارد‌و هەوڵ‌و بەرخۆدانی‌ بەردەوام، كاراكتێرە سەركییەكانی‌ جیهانیی‌ دووتەوەرەیی‌ (دو جەمسەری‌) لە سەقامگیری‌ بەراوردی‌ دەسەڵات‌و پێداگری‌‌و جەخت كردن لە سەر جێگیربوون‌و نەبوونی‌ گۆڕانكاری‌ لە سنوورە جوغرافیاییەكانی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناڤین دا، هیچكات كوردستانیان وەك هۆكارێكی‌ سەربەخۆ‌و كاریگەر لەسەر ناوچە‌و لە پێوەندییە نێونەتەوەیییەكاندا لەبەرچاو نەگرت.
رەوگەی‌ سەرەكی‌و بناژۆیی‌ لە پێكهێنان‌و هەڵبژاردنی‌ ئاوەها سیاسەتگەلێك لە لایەن دەسەڵاتە زلهێزەكانی‌ جیهانییەوە‌، ئاسایش‌و سەقامگرتوویی ناوچەی‌ لەبەرچاوو گرتووە‌و گۆڕانكاری‌ قووڵی سیاسی‌و ئیستراتێژیكی‌ نابەوەختیان بە پێویست نەدەزانی‌. ناسەقامگیری‌ بەردەوامی‌ ئەم دواییانەی‌ دەیەی‌ شەست لە ئاسیا‌و ئەفریقا‌و ئەمریكای‌ لاتین بووە هۆی هەڵوەشانەوەی‌ كۆلۆنیالیزم، بەڵام بەشی‌ كوردستان لە چوارچێوەی‌ ئەم رووداوە بەرچاوانەدا، لەبەرچاونەگیراو‌و تەنیا لە دەیەی‌ هەشتای‌ زایینی‌‌و سەرەتای‌ لەرزۆكی‌ لە پێكهاتە‌و بناوانە سیاسی‌و ئابوورییەكانی‌ پێوەندییە نێونەتەوەیییەكاندا كە رەنگیی ژیۆپۆلتیك‌و ژیۆئیستراتێژیكی‌ كوردستان لە هاوكێشە‌ ناوچە‌و جیهانییەكاندا‌، سەری‌ هەڵدەدا.

تایبەتمەندییەكانی‌ ژیۆپۆلتیكی‌ كوردستان

كوردستان خاكێك بە روبەرێكی‌ 450 كیلومتری‌ چوارگۆشە لە رۆژئاوای‌ ئاسیادا هەڵ‌كەوتووە. لە باكورەوە لە گەڵ قەفقاز لە سنوورەكانی‌ یەكیەتیی‌ سۆڤیەتی‌ پێشوو، لە رۆژئاوەوە لەگەڵ رۆژهەڵاتی‌ توركیە‌و، لە باشوورەوە لەگەڵ سووریە‌و، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا لەگەڵ ئێران ‌و باكوری‌ رۆژهەڵاتی عێراق درواسێیە. گرینگی‌ گرافیكی‌ كوردستان لەگەڵ چیا بەرزەكانی‌ ئارارات‌و زاگرۆس‌و زەنجیرەی‌ چیا گەورە‌و چووكە لە پەنای‌ یەكتردا، هۆكارە جوغرافیایییەكانی‌ تایبەتن، كە لە درێژەی ساڵانێكدا بە لەمپەرێكی‌ گەورە لە بەر رێگەی‌ توانەوەو نەمانی‌ نەتەوەیی‌ كورد لە لایەن “داگیركەرانەوە” بووە. هەروەها روخساربەندی‌ سیاسی ـ كۆمەڵایەتی، كە لە رواڵەتی‌ گرووپەكان‌و تاقمە خێڵ‌و فیۆدالەكانی‌ كورد دەرهاتبوو، لەمپەرێكی‌ دیكەیە كە پێكهاتەو شووناس (هویت)ی‌ كوردی لە توانەوەوە، دوور خستۆتەوە.
بەرینی‌ ژیۆپۆلتیكی‌ كوردستان كە بە بەربڵاوی‌ خاك‌و دانیشتووانی‌ زیاتر لە 35 میلیۆن‌و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی‌ رەوشێكی‌ هەستیار‌و چوارچێوەیەكی‌ ژیۆئیستراتێژیكی‌، هەڵ‌كەوتن لە چوار یەكە(واحد)ی‌ سیاسی (ئێران، توركیە، عێراق، سوریە) كە لە پێوەندییە نێوەنەتەوەیییەكاندا خاوەنی‌ گرنگییەكی‌ دیاری‌ سیاسی‌و ئابوورین، ئێعتباری‌ ژیۆپۆلتیكی‌‌و ژیۆئیستراتێژیكی‌ كوردستان ئاشكرا دەكەن.
هۆكاری‌ زیندوو لە چوارچێوەی‌ هەمان واتایەدایە كە، بوونی‌ چاوگە سرووشتی‌‌و ژێرزەویینەكان نەوت، ئاسن، مسن، كرۆم، كوردستانی‌ كردۆتە وڵاتێكی‌ دەوڵەمەند، كە لە سەرەتای‌ سەدەی‌ بیستەمەوە سەرنج‌و روانینی وڵاتانی‌ پێشەسازی‌ جیهانی‌ بۆ لای‌ خۆی راكێشاوە. “كانگای‌ كرۆم” كە لە نێوان رێگەی‌ “دیاربەكر‌و (لانك)” هەڵكەوتووە، یەكێ‌ لە گەورەترین كانگاكانی‌ كرۆمی‌ جیهانە‌و وەبەرهێنانی‌ بەرانبەرە لەگەڵ 832000تەن، توركیە لە ساڵی‌ 1967 بە دوای‌ یەكیەتیی‌ سۆڤیەتی‌ پێشوو لە پلەی‌ دووهەمی‌ وەبەرهێنانی‌ ئەم ماددە ژێرزەوینەیە. بە پێچەوانەی‌ راپۆرتی‌ هاریكارییەكانی‌ گەشەسەندنی‌ ئابووری‌ (OECD) لە ساڵی‌ 1967 وەبەرهێنانی‌ (تولید) ئاسن لە “دیوریگی” باكووری كوردستاندا، نزیك بە 5/1 میلیۆن تەن بووە. دەرهێنانی‌ مس لە دیاربەكر لە ساڵی‌ 1970 دا نزیك بە یەك میلیۆن تەن‌و وەبەرهێنانی‌ نەوت لە شوێنە نەوتییەكانی‌ نەوتی‌ دیاربەكر ‌و سیرت بە 4 میلیۆن تەن(بەرمیل) گەیشتووە.
هەڵكەوتوویی‌ كوردستان لەبەشی سەرەوەی‌ دوو چۆمی‌ گەورەی‌ دیجلەو فۆرات بە تایبەت گەروەبوونەوەی‌ “كێشەی‌ ئاو” كە ساڵانێكە بۆتە یەكێك‌ لە هۆكارە پێكهێنەرەكانی‌ ئاڵۆزی‌ نێوان پێوەندییە سیاسییەكان‌و دیپلۆماتیكی‌ سوریە‌و توركیە، فاكتەرێكی‌ دیكەیە كە دەتوانێ‌ لە داهاتوودا رۆڵ‌و گرینگی ژیۆپۆلتیكی كوردستان لە ململانێكانی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناڤین پتر بكا. هەروەها دەبێ‌ بە رێكەوتننامەی‌ بەرچاوی‌ نەوتی‌ “باكو ـ جیحان” ئاماژە بكەین كە بەشێكی‌ بەرچاوی‌ هێڵە نەوتییەكان لە خاكی‌ كوردستانی‌ باكوردا تیدەپەڕێ‌. بە رێكەوت نیە كە جیا لە بەهێزبوونی‌ بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ لە كوردستانی‌ باكور بەشێكی‌ گوشارە سیاسی‌و دیپلۆماسییەكانی‌ یەكیەتیی‌ ئورووپا دەخرێتە سەر ئانكارا، سەرچاوە لە ناجێگیربوونی‌ هەمیشەیی‌ رێژیمی‌ توركیەیە كە ساڵانێكە لە پێوەندی‌ لەگەڵ كێشەی‌ كوردەكان سەرقاڵی‌ خۆی كردوە‌و لە رەوگەی‌ ئاسایشی‌ بەرژەوەندییەكانی‌ كۆمپانیا گەروەكانی‌ نەوتیدا‌ نیە، كە خوازیاری‌ ئاڵۆزی‌‌و قەیرانە‌ لە رەوتی‌ راگواستنی‌ وزە لە توركیەوە بۆ ئورووپا نین.
بوونی‌ سەرچاوە نەوتییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان (ئێران)، هەڵ‌كەوتوو لە “نەفت شای كرماشان”‌و پەرەسەندنی‌ سەرچاوە سورووشتییەكان، بە تایبەت زەوییە لەبارەكان بۆ وەرزێری‌ (كشاوەرزی‌)‌و ئاژەڵداری‌ تایبەتمەندییە گرینگەكانی‌ دیكەی‌ پێكهاتەی‌ ئابووری‌ كوردستانیان پێكهێناوە.
دۆزینەوەی‌ نەوت لە شارەكانی‌ كەركوك‌و موسڵ لە باشووری‌ كوردستان (عێراق)‌و تایبەتمەندییەكانی‌ وەك: هەرزانبوون‌و ئاڵۆزی‌و قەیرانە درێژەدارەكان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەكان لە كۆتای‌ شەڕی‌ یەكەمی‌ جیهانی‌، لەندەن‌و ئانكارا لەسەر دەستڕاگرتن بەسەر نەوتی‌ كوردستاندا خستە ململانێوە.

بزاڤە نەتەوەییەكانی‌ كورد

لەگەڵ بەستنی‌ پەیماننامەی‌ لۆزان لە 24ی‌ ژوئیەی‌ 1923‌و دواتر رێكەوتنەكانی‌ نێوان توركیە‌و بریتانیا لەسەر “دانی‌ 10% لە داهاتی‌ نەوەتی‌ كەركووك بە دەوڵەتی‌ توركیە، “كەمال مستەفا” لە كێشەكانی‌ خاكی‌ كوردستانی‌ عێراق، بە تایبەت كەركوك چاوپۆشی كرد. یەكێ‌ لە‌و هۆكارە گرنگ‌و زەق‌و بەرچاوانەی‌ كە بریتانیا‌و فەڕانسەی‌ لە بەدواداچوونی‌ سەربەخۆیی بۆ كوردستان راوەستان، رێككەوتنی‌ توركیە لە بارەی‌ نەوتی‌ كەركووك بوو، كە رێكەوتننامەی‌ “لۆزان”ی‌ پێكهێنا بوو. لەم رێكەوتننامەیەدا كوردستان بە فەرامۆشی سپێردرا‌و لە بەندەكانی‌ 63‌و 64ی‌ پەیماننامەی‌ “سێڤەر” كە لە 10ی‌ ئووتی‌ 1920 واژۆ كرابوو ناو نەهێنرا. لە بەندی‌ 63ی‌ پەیماننامەی‌”سێڤەر” بە روونی‌ باس لە خودموختاری‌ كوردستان دەكرێ‌.
بەندی‌ 62: كۆمسیۆنێك كە لە “قەستەنتەنییە” كۆبوونەوەی‌ دەبێ‌‌و بە رێكی‌ پێكهاتوو لە سێ‌ بناغەی‌ پەسەندی‌ دەوڵەتگەلی‌ بریتانیا‌و فەڕانسە‌و ئیتالیایە، ماوەی‌ شەش مانگ لە (رێكەوت)ی‌ پێكهاتنی‌ پەیماننامەی بەردەست، گەڵاڵەیەك بۆ خودموختاری‌ ناوچە كوردنشینەكان لە رۆژهەڵاتی‌ فۆرات، باشووری‌ سنووری‌ باشووری‌ ئەرمەنستان، كە دواتر دیاری‌ دەكرێ‌، ‌و هەروەها ناوچەكانی‌ باكوری‌ سنووری‌ توركیە لە گەڵ سووریە‌و “بین النهرین”، بە شێوەیەك كە لە بڕگەی‌ (2ـ 3ـ 27) دیاری‌ كراوە، چێ‌ بكرێ‌.
هەوڵی‌ كۆمەڵگای‌ رووناكبیری كورد لە كۆتای‌ شەڕی‌ یەكەمی‌ جیهانی‌دا، كە لە رەوگەی باشتربوونی‌ بارودۆخی‌ سیاسی ـ كۆمەڵایەتی‌ ‌و كولتووری‌ كوردستان دەهاتە ئاراوە، بە ناكامی‌‌و دڵساردی‌ بەرەوڕوو بۆوە. بزووتنەوەی‌ نەتەوایەتی‌ چەكدرانەی‌ بەشەكانی‌ باكوری‌ كوردستان، بزووتنەوەی‌ شێخ سەعید پیران (1925)، شێخ مەحموود بەرزنجی‌ لە كوردستانی‌ باشوور (1919 ـ 1922)، سمكۆ لە رۆژهەڵاتی‌ كوردستان (1920) نەیانتوانی‌ كێشەی‌ كورد بكەنە كێشەیەكی‌ نێوەنەتەوەیی‌، كە گەڵاڵەو چارەسەریەكەی‌ ـ جیا لە بەهێزبوونی‌ دەروونی بزووتنەوەی‌ ئازادیخوازەكانی‌ كوردەكان ـ لە چوارچێوەی‌ هاوپەڕایی‌‌و پێوەندییەكانی‌ كۆمەڵگای‌ جیهانی،‌ شیاوی‌ تێگەیشتنێكی‌ قووڵ ببێ‌.
یەكەمین كۆماری‌ كوردستان كە بە كۆماری‌ سووری‌ ناوزەد كرا، لە ماوەی‌ نێوان ساڵەكانی‌ 1923 ـ 1926 لە نێو كۆماری‌ سوسیالیستی‌ ئازەربایجان دامەزرا. بەڵام بە هۆی گوشارە سیاسییەكانی‌ دەوڵەتی‌ توركیە كە توانی‌ راپەڕینی‌ شێخ سەعید پیران سەركوت بكا‌و پێ‌داهەڵپێچانەكانی‌ ناسیۆنالیستەكانی‌ ئازەربایجانی‌ سۆڤیەت بەرەوڕووی شكست بكاتەوە‌.
لە ساڵی‌ 1946 لە شاری‌ مەهاباد كۆماری‌ كوردستان بە پشتیوانی‌ یەكیەتیی‌ سۆڤیەتی‌ پێشوو دامەزراو دوای‌ یازدە مانگ بە هۆی دەوڵەتی‌ “قوام”‌و هاریكاریی‌ سیاسی‌و دیپلۆماتیكی دەوڵەتەكانی‌ بریتانیا‌و ئەمریكا، رووخا. هۆكاری‌ جۆراوجۆر كە بوونە هۆی سەرهەڵدان‌و رووخانی‌ كۆماری‌ كوردستان دەتوانی‌ بە فاكتۆری‌ نێوخۆیی‌ (لاوازی‌ بزاڤی‌ دێموكراتیك لە ئێران بە گشتی‌‌و بە شێوەیەكی‌ تایبەت لاواز بوونی‌ كۆڵەكەكانی‌ كۆمەڵایەتی‌، پێكهاتەی‌ سیاسی دەوڵەت، بەربڵاونەبوون‌و نفوزی‌ كەمی‌ كۆمار لە بەشەكان‌و ناوچە كوردنشینەكانی‌ دیكەی‌ رۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەها بەستێنێكی‌ شكێنەر‌و بیری‌ سوننەتی‌ كولتووری‌ كوردستان)‌و هۆكاری‌ دەرەكی بوو، كە رۆڵێكی‌ مەزنی‌ لە سەر رووداوەكانی‌ وڵات گێڕاوە‌و بە هۆكارێكی‌ كاریگەر لە دامەزراندن‌و دواتر رووخانی‌ كۆماری‌ كوردستان ‌و ئازەربایجان، ئاماژە بكەین. گۆڕانی‌ هێز‌ لە جیهاندا كە بە قازانجی‌ دوژمنەكانی‌ كوردستان دەگۆڕدرا، پشتیوانیی‌ نێونەتەوەیی لە دەوڵەتی‌ ساوای‌ كوردستان كە لە بوونی‌ دەسەڵاتێكی‌ دەرەكی‌ پەروەردە ببوو تووشی نیگەرانی‌‌و لەرزۆكی‌ كرد. ئەم دڵەراوكێیە‌و گۆڕانكارییە لە نامەی‌ “ئیستالین” بۆ “میرجەعفەری‌ پیشەوەری‌” سەركۆماری‌ ئازەربایجانی‌ باشوور‌و لە گەڵ تەیاربوونی‌ هێرشی‌ ئەرتەشی شەهەنشای‌ ئێران بۆ كوردستان‌و ئازەربایجان بە روونی‌ دەتوانین ببینین.
ئیستالین لەو نامەدا رێكەوتی‌ 8ی‌ مەی‌ 1946 بۆ پیشەوەری‌ دەنووسێ‌: “ئەمریكاییەكان‌و بریتانییایەكان بە ئێمەیان گوتووە: ئەگەر ئەرتەشی سوور دەیهەوێ‌ لە ئێران بمێنێ‌، بۆچی‌ دەبێ‌ ئەرتەشی ئینگلیس نتوانێ‌ لە میسر، سووریە، ئەندۆنزی‌و یونان‌و سوپای‌ ئەمریكاش لە چین، ئیسلەند‌و دانمارك بمێنن. بەم هۆیەوە ئێمە بڕیارمان داوە كە ئەرتەشەكەمان لە ئێران‌و چین بانگهێشت بكەینەوە‌و بەم شێوەیە بیانوو بۆ ئەمریكا‌و ئینگلیش نەهێڵینەوە‌و بزاڤی‌ ئازادیخوازی‌ لە تەواوی‌ وڵاتانی‌ داگیركراو پەرەپێ‌بدەین‌و بەم شێوەیەش سیاسیەتی‌ ئازادیخوازانەمان رەواو كاریگەرتر دەكەین”. بەم شێوەیە كۆماری‌ كوردستان كە درێژەدەر‌و رەنگدانەوەی‌ ویست‌و ئارەزووە لەمێژینەكان‌و سەركوتكراوی‌ نەتەوەی‌ كورد بوو، بووە قوربانی‌ دژایەتی‌‌و ململانێی‌ كۆمەڵگەی‌ جیهانی‌ كە لە واتای شەڕی‌ سارد دا دەركەوت.
لە رێكەوتننامەی‌ ئەلجەزایر لە ساڵی‌ 1975 جارێكی‌ دیكە جووڵانەوەی‌ نەتەوەی‌ كورد، ئەمجارە لە باشووری‌ كوردستان تا رادەیەك بە هەمان هۆكارەكانی‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ لە نێو بردبوو، سەری‌ هەڵدا‌و جارێكی‌ دیكە نیشانی‌ دا كە بەرژەوەندیی‌ نەتەوەیی‌ جووڵانەوەی‌ كورد هاوئاهەنگ‌و هاوتەریبی‌ بەرژەوەندیی‌ ئیستراتێژیكی‌ دەسەڵاتی‌ زلهێزەكانی‌ جیهانی‌‌و پێكهاتەی‌ سیاسیی‌ هەنووكەیی‌ جیهانی‌ هاوچەرخە، كە لەگەڵ دژایەتییەكان‌و خێشمەخێشەكانی‌ بەردەوام وێنادەكرێ‌، رێك ناكەوێ‌.

بەڕێوەبردنی‌ جیاوازی‌ سیاسەتی‌ دەرەكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمریكا لە كوردستاندا

پێشینەی‌ سیاسەتی‌ واشێنگتۆن نیسبەت بە مافی‌ نەتەوەكان لە هەڵبژاردنی‌ شێوازی‌ ژیانیان، لە لایەن “ویلسۆن” سەركۆماری‌ ئەمریكا لە كۆتایی‌ شەڕی‌ یەكەمی‌ جیهانی‌ لە ساڵی‌ 1920لە چواردە بەنددا بڵاوكرایەوە. لە بەندی‌ دوازدەدا باس لە “نەتەوە‌ ژێردەستەكانی‌ دەوڵەتی‌ عوسمانی‌” دێنێتە ئاراوە، كە كوردەكان‌و ئەرمەنییەكان لە بەرچاو دەگرێ‌. گۆڕانكارییە‌ سیاسی‌و ئابووری‌یەكان لە رۆژهەڵاتی‌ ناڤین‌و ئاڵۆزییە سەرچاوەگرتووەكان لە دوو تەوەرەیی‌ بوونی‌ (دوو جەمسەری‌) جیهان، دەوڵەتی‌ توركیەی‌ وەك پایەگا‌و ناوەندێكی‌ جێی‌باوەڕ‌و شیاوی‌ پشت ئەستووربوون لە رووبەرووبوونەوەی‌ ئەمریكا لەگەڵ یەكیەتیی‌ سۆڤیەت بوو و ئاڵۆزی‌ لە سیاسەتی‌ دەرەكی‌ و نێوخۆیی توركیە لە روانگەی‌ ئەمریكا‌و رۆژئاواوە بە بەرەیەكی‌ دژ بە یەكیەتیی‌ سۆڤیەت، خەساری‌ دەگەیاند. هەر بەم هۆیەوە بوو كە ئەمریكا‌و رۆژئاوا پشتیوانیان لە جووڵانەوەی‌ نەتەوەی‌ كورد نەدەكرد. دانی‌ پارێزگای‌ موسڵ بە دەوڵەتی‌ تازە دامەزراوی‌ عێراق لە نێوەی‌ یەكەمی‌ سەدەی‌ بییستەم لە لایەن بریتانیاوە لە گەڵ رێككەوتنی‌ ئەمریكا بەڕێوەچوو، كە دانی‌ بەشی زۆر لە داهاتی‌ نەوتی‌ شاری‌ كەركوك لە پێناو رێككەوتنی‌ كۆشكی سپی‌ بۆ ئەم وڵاتە بوو. دەوڵەتەكانی‌ دواتری‌ ئەمریكا بە بەستنی‌ رێكەوتننامەكانی‌ (سەعدئاباد، بەغداد) كە لە چوارچێوەی‌ شەڕی‌ سارددا بەراورد دەكرا، رۆڵێكی‌ بەرچاوییان لە ئەستۆ گرت. لایەنی‌ سیاسەتی‌ دەرەوەی‌ هەركام لە بەشداربووانی‌ رێكەتننامەكانی‌ ناوبراو هاریكاری‌‌و رێگەڕەوێكی‌ هاوبەش لە سەركوتی‌ هەرجۆرە بزاڤێكی‌ نەتەوەیی‌ بە تایبەت لە كوردستان دا پێك دەهێنا.
رێكەوتننامە “ئەلجەزایر” لە ساڵی‌ 1975، كە خەباتی‌ چەكدارانەی‌ كوردەكانی‌ باشور (عێراق) بەرەوڕوی‌ شكەست كردوە، بەرژەوەندیی‌ ئەمریكا‌و رێژیمی‌ پاشایەتی‌ ئێران لە ناوچەكەدا دابین دەكرد. گوشار بۆ بلووكی‌ رۆژهەڵات كە دەوڵەتی‌ “ئەلبەكر ـ سەدام حسەین” ئاشكراكردنێكی‌ نارێك‌و ناخوازراویی‌ دەردەخست‌و لەگەڵ دەستەویەخە كردن‌و پشتیوانیی‌ كردنێكی‌ بە ڕواڵەت لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كوردەكانی‌ تەواو كرد‌و بواری‌ تێكشاندنی‌ رەخساند.
كارەساتە دڵتەزێنەكانی‌ ساڵەكانی‌ 1987 ـ 1988 كە لە درێژەی‌دا بەسەدان هەزار كورد بەدەستی‌ رێژیمی‌ عێراق كوژران‌و كۆمەڵگە “خاوەن شارستانیەت”ی‌ جیهانی‌‌و ئەمریكاش دژكردەوەیەكی شیاویان نیشان نەدا. لە رەوتی‌ شەڕی‌ كەنداوی‌ فارس لە ساڵی‌ 1991 بێجگە لە راگەیاندنی‌ پشتیوانیی‌ سەركۆماری‌ ئەمریكا لە خەباتی‌ كوردەكان‌و شیعەكان، دەوڵەتی‌ ئەمریكا بە دەست لەسەر دەست دانان‌و بێ‌هەڵوێستی‌ بەرامبەر بە ئەنفال‌و ئاوارەكردنی‌ بە میلیۆن كورد، ئەمە پێشینەی‌ تاریك‌و تاڵی‌ سیاسیەتی‌ دەرەكی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمریكا بە نیسبەت كێشەكانی‌ كورد هەر لە هەمان سەرتاوە تا دەیەی‌ كۆتای‌ سەدەی‌ بیستەم نیشان دەدا.

چاوخشاندنەوە بەسەر سیاسەتی‌ دەرەكی‌ ئەمریكا لە كوردستاندا

كارتێكەرە‌ گۆڕانگارییەكانی‌ جیهانی‌ لە كۆتایی‌ دەیەی‌ هەشتای‌ زایینی‌‌و ئاڵوگۆڕكانی‌ هێژموونی‌ دەسەڵات لە جیهان‌و بە تایبەت لەبەریەك هەڵوەشانەوەی‌ یەكیەتیی‌ شۆڤیەتی‌ پێشوودا، گەیشتە لووتكە. سیاسەتی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمریكا كە لە پرۆژەی‌ “نەزمی‌ نوێی‌” جیهانی‌ رەنگدانەوەی‌ بوو، بووە هۆی گۆڕانكارییەكی‌ قووڵ. رێكخستنی‌ دوكترینی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناڤینی‌ گەروە، كە لەگەڵ پەرەسەندن‌و بڵاوكردنەوە “دێموكراسی” لە وڵاتانی‌ دەسەڵاتخواز لە لایەن ئەمریكاوە بەراورد دەكرێ‌، لە گۆڕینی‌ تێڕوانینی‌ كۆشكی سپی‌ لە تەواوی‌ قۆناخەكانی‌ شەڕی‌ سارددا، رۆڵی‌ وڵاتانی‌ توركیە‌و عەرەبستانی‌ سعوودی‌ (هاوپەیمانانی‌ سەرەكی ئەمریكا) لە ناوچەكەدا كەم كردەوە. لەم روانگەوە دەتوانین بە گرینگی‌ ئیستراتێژی‌ نوێی‌ ئەمریكا لە هاریكاری‌‌و پشتیوانی‌ لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كوردستانی‌ باشوور، وەك یەكگرتووییەكی‌ شیاو و دڵنیا بۆ قەیرانی‌ عێراق ناو بەرین.
لە لایەكی‌ دیكەوە لاوازبوونی‌ رێژیمی‌ سەدام حسێن لە عێراق لە لایەن ئەمریكا‌و بریتانیاوە، كە بە كەمكردنەوەی‌ فڕین(پرواز)ە ئاسمانییەكانی‌ رێژیمی‌ عێراق لە ئاسمانی‌ كوردستان‌و گوشارەكانی‌ سیاسی‌و ئابووریشی‌ تەواو دەكرد، ورەی‌ خەباتی‌ كوردەكانی‌ بەهێز دەكرد‌و گۆڕانی‌ بەسەر تێڕوانینی‌ سیاسی حزبەكانی‌ بەئەزموون‌و بەشدار لە گۆڕەپانی‌ سیاسی كوردستان دا، هێنا.

ئیستراتێژی‌ نوێ‌ لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد دا

رێكەوتننامەی‌ “الجزایر” كە بووە هۆی شكستی‌ كاتی‌ خەباتی‌ باشووری كوردستان، زەربەیەكی‌ قورس‌و بەهێز بوو كە لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد چ لە دەروونەوەو چ لە دەرەوە كەوت‌و بواری‌ بۆ چاوخشاندنەوە بەسەر مێژووی‌ خەباتی‌ سیاسی كوردەكان چ لە رووی‌ پێكهاتەوە‌و چ لە رووی‌ ناوەڕۆكەوە بەشێوەیەكی‌ جیددی‌ لە نێوان بەشەكانی‌ زانای‌ كۆمەڵگەی رووناكبیری كوردستان پێكهات. بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كە لەگەڵ دورەپەرێزكردن‌و لەبەرچاونەگرتنی‌ پرسی نەتەوەیی‌ لە مێژووی‌ سەدساڵە كوردەكان بەرەوڕوو بووە، بەكەڵك وەرگرتن لە رەوشی هەستیار‌و گۆڕانی‌ شیاوی‌ هێز لە ناوچە‌و جێهاندا توانی‌ فەزایەكی‌ ئازادی‌ سەرچاوەگرتوو لە نەبوونی‌ دەسەڵاتی‌ ناوەندی‌ عێراق‌و لە گەڵ پشتیوانی‌ بیرە پێشكەوتووەكان‌و مرۆڤدۆستانەی‌ جیهانی‌‌و لەباربوونی‌ وڵاتانی‌ رۆژئاوایی‌ بە تایبەت ئەمریكا لە بەشێكی‌ كوردستان (باشوور) جێگیر بێ‌.
ئەم گۆڕانكارییە تەنیا لە قەوارەدا پێك نەهات، بەڵكوو ئێستراتێژی‌ جووڵانەوەیش لە دەروونەوە تووشی گۆڕانێكی‌ قووڵ كرد‌و نێواخنی‌ سیاسەتی‌ دەرەكی‌ جووڵانەوە كە بەشێوەیەكی‌ سوننەتی‌‌و لەسەر بنەمای‌ بیرێكی‌ چەپگەرایی‌ دامەزرا بوو، بەشێوەیەكی‌ ئارام كەوتەبەر پێداچوونەوە. یەكیەتیی‌ سۆڤیەت، بزاڤی‌ كوردەكانی‌ هێزێكی‌ هەمانەكراوی‌ دژەئێمپریالیسی‌ دەژمارد” سەرلێ‌شێواوی‌‌و ناهۆمێدی‌ لە بیرەچەپەكان، كە لە روخساری‌ یەكیەتیی‌ سۆڤیەتی‌ پێشوو وێنا كرابوو، لە نێوەی‌ یەكەمی‌ دەیەی‌ هەشتای‌ زایینی‌ سەرنجی‌ حزبە كوردییەكانی‌ بەرەو رێ‌وشوێنە سیاسیەكانی‌ جیهان راكێشا.

بەریانی حیزبە كوردییەكان (حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، پارتی‌ دێموكرات، یەكیەتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستانی‌ عێراق) بە ئەندام بوون لە رێكخراوی سوسیال دێموكراتی‌ ئورووپا، نیشانەیەك لە پێداچوونەوە بەسەر بیر‌و هزرەكانی‌ رابردوو نیشان دەدا كە لەگەڵ پێداچوونەوەی‌ بەرنامەی‌ ئەم حیزبە كوردییانە كە لە گەڵ گۆڕانی‌ دروشمی‌ خوموختاری‌ بۆ فێدڕاڵی‌، نموونە زەقی‌ ئەم لایەنگرییە نوێیە لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد دەژمێردرێ‌. بیری‌ نوێی‌ لایەنگری‌ ئێستراتێژیك لە بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورددا دەبێ‌ لە قۆناخی‌ یەكەمدا بە چەند هۆكاری‌ كاریگە ببەستینەوە. یەكەم: خولی‌ خێرای‌ گۆڕانكارییەكان لە جێهان‌و ناوچە (شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران، شەڕی‌ ئێران‌و عێراق، گۆڕانە سیاسییەكان لە ئەفغانستان، درزبردنی‌ بنەما سیاسی‌و تیۆرییەكانی‌ سۆڤیەت‌و وڵاتانی‌ سوسیالیستی‌) دواتر، كاركردی‌ ئاڵوگۆڕەكان‌و زانیارییە سیاسی‌و كولتوورییەكان لە ئاستی‌ جێهاندا، كە لەگەڵ شۆڕشی تێكنۆلۆژی‌، شنەبای‌ ئازادی لە ناوچەكەدا هەڵكردوە، هەروەها هۆكاری‌ كۆمەلایەتی‌ گرنگ وەك، جێبەجێ‌ بوونی‌ چینەكان لەوڵاتانی‌ دابەشكەری‌ كوردستان، كە بە توێژی‌ نوێنجی‌ كۆمەڵگا گیانێكی‌ تازەی‌ دەبەخشی، هۆكارە ماددیەكانی‌ گۆانگارییەكانی‌ تیۆری‌‌و سیاسی لە بزاڤی‌ سیاسی نەتەوەیی‌ كوردستان بوون، رێكخستنی‌ ئێستراتێژی‌ نوێی‌ بزاڤی‌ مومكین كردوە.

بە سەرنجدان بە هۆكارە مێژووییەكانی‌ سەدساڵەی‌ رابردووی‌ بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد، دەتوانێ‌‌ گرینگی‌ ژیۆپۆلتیك‌و ژیۆئیستراتێژیكی‌ كوردستان لە پێوەندییە نێونەتەوەیییەكاندا بەمجۆرە ناو بەرێ:

1ـ سیاسیەتی‌ دەرەكی‌ بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد لە پێوەندییە نێونەتەوەیییەكاندا لەگەڵ هاوكارییەكی‌ بەربڵاو ‌و بەرینی‌ وڵاتانی‌ زلهێزی‌ جیهان‌و لە پلەی‌ یەكەمدا ئەمریكا‌و وڵاتانی‌ پیشەیی‌ ئورووپا دامەزراوە.
2ـ رێگە‌وبانی‌ بنەڕەتی‌‌و ئامانجی‌ سەرەكیی‌ خەباتی‌ كورد لە بەشە جیاوازەكان‌و دابەشكراو (ئێران، سوریە‌و توركیە) پێكهێنانی‌ سیستمێكی‌ فیدراتیو لە رێگەی‌ لاوازكردنی‌ دەسەڵاتی‌ ناوەندی‌ (توركیە)‌و تێكەوەپێچانی‌ رێژیمگەلێكی‌ توتالیتر لە (ئێران‌و سوریە) بنیاتنراوە.
3ـ ژیۆپۆلتیكی‌ كوردستان خاوەنی‌ گرنگییەكی‌ حاشاهەڵنەگرە لە ناوچە‌و جیهان دا.
4ـ هەڵكەوتنی‌ كوردستان لە دراوسێیەتی‌ چوار وڵات بە تایبەتمەندیی‌‌و ئێعتبارێكی‌ دیاری‌ نێونەتەوەیی‌، فاكتۆرە زەقەكانی‌ دیكە ـ كە ئاماژەیان پێ‌كرا ـ گرنگی‌ ژیۆئێستراتێژی‌ كوردستان لە رەوگەی‌ سەقامگیری‌‌و ئاسایشی ناوچەدا دەردەخات.
5ـ بزاڤی‌ نەتەوەیی‌ كورد راستییەكی‌ حاشاهەڵنەگرە. بێجگە لە پەرەنەسەندی‌ سیاسی لە رابردوودا، لەم یان ئەو بەشەی‌ كوردستانی‌ دابەشكراو، خاوەن پێشینەیەكی‌ درێژماوە‌و رەگی لە نیشتمان، مێژوو و كولتوور و نەریتە دێرینەكانی‌ نەتەوەی كورد داكوتاوە‌و پێگەیشتن‌و پەروەردەی‌ رۆژ لە دوای‌ رۆژی‌ سەر بە ئیرادەی‌ هیچ نەتەوەیەك نیە، جیا لە نەتەوەی‌ كورد.
6ـ مێژووی‌ خەباتی‌ نەتەوەی‌ كورد بە مەبەستی‌ پێكهێنانی‌ دەوڵەتی‌ نەتەوەیی‌ لە هەركام لە بەشەكانی‌ كوردستان لە قۆناخگەلێكی‌ چڕ‌وپڕ تێپەڕ بووە. نەبوونی‌ ئێستراتێژییەكی‌ دیاری‌ كراو، نەبوونی ‌دووربینی‌ سیاسی‌و هۆكارەكانی‌ بەردەم‌و نەرێنی‌ لە قۆناخەجیاوازەكانی‌ مێژوو، تا گەیشتن بە ئێستراتێژییەكی‌ هاوبەش‌و دامەزراندنی‌ كۆمارێكی‌ فیدڕاڵ لە بەشی‌ باشوور (عێراق) كوردستان، قۆناخگەلێكی‌ دژوار‌و رەنجهێنەرە كە لە مێژووی‌ سەدساڵەی‌ كوردستان دا رەنگدانەوەی‌ بووە.

 

دوكتور ئەسعەد رەشیدی‌ (دوكتورای‌ پێوەندییە نێونەتەوەییەكان)

 

سەرچاوە: اخبار روز

تێبینی: ئه‌م وتاره‌م چه‌ند ساڵ له‌مه‌و پێش وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر کوردی و له‌ گۆڤاری لاوان دا چاپ و بڵاو بۆتەوه‌. .

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان