كه‌یوان ئازاد
(چاڵدێران) ناوی ئه‌و پێگه جوگرافییه‌ی خۆرئاوای شاری (ته‌ورێز)ی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی بوو، كه له (23ی ئابى 1514ز) بووه گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی مێژوویی ئایینزایی گه‌وره، له‌نێوان دوو زلهێزی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كه‌میان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دووه‌میشان ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی. له‌و شه‌ڕه 12 سه‌عاتییه‌دا، ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه خۆی به هه‌ڵگر و پارێزه‌ری ئایینزای سوننه ده‌زانی سه‌ركه‌وت و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویش، كه هه‌ڵگر و پارێزه‌ری ئایینزای شیعه بوو شكستی خوارد. به‌و ڕووداوه‌ش به‌شی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان كه‌وته ده‌ست ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویی شیعه و به‌شی باكووریش وه‌ك سه‌ره‌تا كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی سوننه. خاڵی گرنگی ئه‌و شه‌ڕه‌ش ئه‌وه بوو، كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر خاكی كوردستان ڕووی دا و خواردن و خواردنه‌وه و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی و ته‌نانه‌ت به‌شێكی هێزی شه‌ڕكه‌ریشی له‌و خاكه‌وه بۆ دابین كرا، به‌ڵام دواجار خودی ئه‌و خاكه‌ی كرده قوربانی و داگیر و دابه‌شی كرد!
خاڵێكی گرنگ كه له‌و شه‌ڕه‌وه ده‌ره‌نجام كرا، سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئایینزای سوننه بوو به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویی شیعه مه‌زهه‌ب. ده‌وڵه‌تی یه‌كه‌م له‌لایه‌ن (سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م) و ده‌وڵه‌تی دووه‌میش له‌لایه‌ن (شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی) سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا. واته سه‌رۆكی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه سه‌ركردایه‌تیی شه‌ڕه‌كه‌یان كرد و خۆیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه‌دا بینییه‌وه. ئه‌وه‌ش له بایه‌خ و گه‌وره‌یی ململانێكه بوو، كه سوڵتان و شایه‌ك به‌و هه‌موو پێگه سیاسی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى هه‌یانبوو، ڕاسته‌وخۆ به‌شداریی شه‌ڕه‌كه بكه‌ن و ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه. دواجار هه‌ر به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه عوسمانییه‌كان توانییان شاری (ته‌ورێز) پایته‌ختی سه‌فه‌وی داگیر بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا شای سه‌فه‌وی له ترسی عوسمانییه‌كان ناچار بوو به‌ره‌و قووڵایی وڵاته‌كه‌ی ڕابكات. ئه‌مه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی سامان و ته‌ختی شاهانه‌ی به تاڵان برا و (تاجلی خانمی) خێزانی و زۆربه‌ى كه‌سوكاریشی به‌دیل گیران و ڕه‌وانه‌ی (ئه‌ستانبۆل)ی پایته‌ختی عوسمانی كران. به‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌دا زۆربه‌ی خاكی كوردستان له به‌شه‌كانی باكوور و باشوور و خۆرئاوا كه‌وته ده‌ست ده‌وڵه‌تی براوه. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی (سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م) به‌هۆی یه‌كێك له ڕاوێژكاره‌كانی به ناوی (مه‌لا ئیدریسی بدلیسی) پشتگیریی میرنشینه‌كان و هۆزه‌كانی كوردى بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد. ئه‌وه‌ش كاتێك (مه‌لا ئیدریس) توانی به‌هۆی ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كه‌وه، كه له (15ی تشرینی دووه‌مى 1515ز) له‌گه‌ڵ سوڵتانی عوسمانی واژۆی كرد، نزیك به 44 میر و میرنشینی كوردی بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی په‌لكێش بكات. وه‌ك له خاڵه‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌شدا هاتبوو، زۆربه‌ی خاڵه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی عوسمانییه‌كان و ئه‌وانه‌شی له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بوون، له‌لایه‌ن خودی كورده‌وه سوودی لێ وه‌رنه‌گیرا! خاڵه‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ش ئه‌مانه‌ی خواره‌وه بوون:
أ. سوڵتانی عوسمانی پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیی میرنشینه كوردییه‌كان بكات و ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی هه‌ر به‌ناو بێت.
ب. كورده‌كان له شه‌ڕدا یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بده‌ن و ئه‌وانیش پشتیوانی له كورده‌كان بكه‌ن.
ج. ده‌سه‌ڵاتدارێتی له میرنشینه‌كاندا پشتاوپشت بێت و له باوكه‌وه بۆ كوڕ بمێنێته‌وه.
د. كورده‌كان زه‌كات و باج و خه‌راج و زه‌كاته شه‌ڕعییه‌كان بده‌نه گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی.
به‌هۆی ئه‌م په‌یمانه‌وه، سه‌ربه‌خۆیی میرنشیینه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن سوڵتانی عوسمانییه‌وه دانی پێدا نرا و پشتیوانی‌یان له كاتی شه‌ڕه‌كاندا بۆ مسۆگه‌ر كرا. له‌به‌رامبه‌ریشدا عوسمانییه‌كان له‌وه‌دا قازانجیان كرد، كه میرنشینه كوردییه‌كان ده‌بوا پشتیوانی و كۆمه‌كی سوڵتان و ده‌وڵه‌تی عوسمانی بكه‌ن و خاك و دانیشتوانه‌كه‌ی بخه‌نه خزمه‌تی. دیاره هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه، دانیشتوانی شاری (ئامه‌د) فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌یان ده‌ركرد، كه پێشتر له‌لایه‌ن شای سه‌فه‌وییه‌وه دانرابوو. هه‌روه‌ها (ئه‌میر شه‌ڕه‌ف)ی میری شاری (بدلیس) ئاڵا عوسمانییه‌كانی له‌سه‌ر قه‌ڵا و ده‌وروبه‌ری شاره‌كه به‌رز كرده‌وه. دواتر (خالد به‌گ)ی فه‌رمانڕه‌وای شاریان ده‌ركرد، كه له‌لایه‌ن شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییه‌وه دانرابوو. هه‌روه‌ها (مه‌لیك خه‌لیل)ی فه‌رمانڕه‌وای (حه‌سه‌ن كیف) له سه‌فه‌وییه‌كان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ملكه‌چیی خۆی بۆ سوڵتانی عوسمانی ڕاگه‌یاند. (قه‌ره‌خانی عه‌جه‌می) فه‌رمانڕه‌وای (سوعره‌ت)یشی لابرد، كه له‌لایه‌ن شا ئیسماعیله‌وه دانرابوو. دواتر ده‌ستی به‌سه‌ر (سوعره‌ت)یشدا گرت. ئه‌م ڕووداوانه ناوچه‌كانی شاره‌زوور و بادینانیشی گرته‌وه، به‌وه‌ی (بیگه به‌گ) و دواتر (مه‌ئمون)ی كوڕی له میرنشینی ئه‌رده‌ڵان ملكه‌چییان بۆ سوڵتانی عوسمانی ڕاگه‌یاند. له به‌رامبه‌ردا وه‌ك (والی) ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور مانه‌وه. هه‌روه‌ها (حوسێن پادشا)ی میری بادینان له ئامێدی له سه‌فه‌وییه‌كان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و چووه پاڵ عوسمانییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ر ناسینی وه‌ك والی (ئه‌یاله‌تی مووسڵ) بۆ ماوه‌یه‌ك و مانه‌وه‌ی وه‌ك فه‌رمانڕه‌وای ئامێدی و ده‌وروبه‌ری، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵێكدا ڕوویان دا.
دوا به‌دوای ئه‌و ڕووداوانه، سوڵتانی عوسمانی توانی له ساڵی (1516ز) وڵاتی شام و له ساڵی (1517ز) وڵاتی میسر داگیر بكات و بیخاته سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی. هه‌موو ئه‌وانه‌ش قۆناغێكی نوێی له شه‌ڕ و ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی ده‌ست پێ كرد. ئه‌م ناكۆكییه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی دوای بنه‌ماڵه‌ی سه‌فه‌وی به‌جێما، كه هه‌تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه! به‌م شێوازه ده‌وڵه‌تی عوسمانی دوای شه‌ڕی چاڵدێران بۆ ماوه‌ی 4 سه‌ده بووه زلهێزی گه‌وره له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌شێكی گه‌وره‌ی خاكی كوردستان كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی. لێره به‌دواش بۆ ئه‌و ماوه‌یه كاروباری زۆربه‌ی ناوچه كوردنشینه‌كان به (ئه‌ستانبۆڵ)ی پایته‌ختی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه به‌سترا.
له‌و هۆكارانه‌شی هانده‌ری میر و هۆزه كوردییه‌كان بوو، كه پشتگیری و پشتیوانیی سوڵتانی عوسمانی بكه‌ن، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه لایه‌نی ئایینی بوو، به‌وه‌ی زۆربه‌ی كورده‌كان وه‌ك عوسمانییه‌كان موسڵمانی سوننه‌مه‌زهه‌ب بوون. سه‌رباری ئه‌وه‌ش دژایه‌تیكردنی كورده سوننه‌كان له‌لایه‌ن شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وییه‌وه، هۆكارێكی گرنگ بوو تا بیر له په‌نابردن بۆ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی وه‌ك ده‌وڵه‌تی عوسمانی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان وه‌ها گوزه‌ریان كرد، كورد له‌وه‌دا باجی ئه‌و شه‌ڕه‌ی دا، كه بووه لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی قوربانییه‌كانی دواتر. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی بووه گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئایینزایی سوننه‌ی عوسمانی و شیعه‌ی ئێرانی! ئه‌مه‌و سامانی خاكه‌كه‌ی و هێزی مرۆیشی بوونه قوربانی ئه‌و شه‌ڕانه! دیاره ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌ریئه‌وه‌ی چووه ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌تی ئایینزایی و بۆ ماوه‌ی 4 سه‌ده باجی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دا! پرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌م باسه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ئایا دوای زیاتر له 5 سه‌ده، كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به گشتی و باشووری كوردستان به تایبه‌تی له هه‌ژموونی سیاسه‌تی هه‌رێمایه‌تی بێنه ده‌ره‌وه و به گوتار و كردارێكی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ خزمه‌تكردنی خاكه‌كه‌ی كار بكه‌ن؟ یان به دیوێكی تردا، كه‌ی ئێمه‌ی كورد سوود له ئه‌زموونه‌كانی مێژوو وه‌رده‌گرین؟
سه‌رچاوه‌كان:
ساڵح قه‌فتان: مێژووی گه‌لی كورد له كۆنه‌وه تا ئیمڕۆ.
د.عبدالرحمن قاسملۆ: كوردستان و كورد - لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیاسی و ئابوورییه.
د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر: چه‌رده‌یه‌ك له مێژووی كورد.
29/8/2016