ڕێبوار سیوه‌یلی
ئێمه له كوردستان كێشه‌یه‌كمان هه‌یه: ڕه‌خنه‌كردن و خوێندنه‌وه بۆ ئیسلام وه‌ك بیروڕایه‌ك له بیروڕاكان قه‌ده‌خه‌یه، به‌مدیوی تریشدا گشتاندنی هه‌ر شتێك كه هه‌ر به‌ناو موسوڵمانێك ده‌یكات وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایینه، ئاسانه. له‌نێوان ئه‌م سانسۆركردنی ڕه‌خنه و خوێندنه‌وه‌یه بۆ ئیسلام و ئه‌م ئاسانكارییه بۆ گشتاندن، ده‌بێت ڕێگه‌ی سێیه‌م بدۆزینه‌وه: له كوردستانیش موسڵمانی توندڕه‌مان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو موسڵمانێك ناگرێته‌وه. گرنگه ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه توندڕه‌وانه بیر ناكه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه هه‌موو توندڕه‌وییه‌ك به گشتاندنی ڕه‌فتاری كه‌سانێك، ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌م دینه، له‌سه‌ر یه‌ك شت پێكبێن: ئازادی له بیروڕاده‌ربڕین، هاوكاته به ڕیزگرتن له بیروڕای جیاواز و بنه‌ماكانی گفتوگۆكردن.. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێته تاوانباركردن و هه‌موو توندڕه‌وییه‌كیش نه‌خرێته ئه‌ستۆی ئه‌م ئایینه، پێویسته هه‌ردوولا پێك بێن له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو پرانیسیپه له یه‌كتری.. ده‌نا هه‌م ئاستی ڕه‌خنه و هه‌م ئاستی بیروڕای دینی نزمتر ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی كه هه‌یه..
له ڕوانگه‌ی داهاتووه‌وه ئێمه ئه‌م ڕیككه‌وتنه ویژدانی و ئه‌خلاقییه‌مان زۆر پێویسته، چونكه ئێمه ناتوانین به‌م جۆره نه‌وه‌ی داهاتوو به شێوه‌كیی تاكڕه‌هه‌ندانه په‌روه‌رده بكه‌ین. بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامێكمان وه‌ك بیروڕایه‌كی جیاوازی مرۆیی هه‌بێت، كه جیاوازه له ئیسلامیزه‌كردن و بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كیشمان هه‌بێت كه له پێشه‌وه توندڕه‌وی نابه‌ستێته‌وه به بنه‌مای ناسینه‌وه‌ی كۆی ئه‌م دینه، پێوسته له خه‌می ئاستی بیروڕا و ئاستی ڕۆشنبیریی ڕه‌خنه‌ییماندا بین. چونكه به‌م شێوه‌یه ده‌توانین هه‌م بیروڕاكانمان بپارێزین، هه‌م ڕیز له ئازادیی جیاوازه‌بیری بگرین و هه‌م خۆشمان جیا بكه‌ینه‌وه توندڕه‌وییه‌ك كه هه‌م به‌ناوی ڕه‌خنه و هه‌م به‌ناوی ئایینه‌وه له شوێنه‌كانی تری جیهان ئه‌نجام ده‌درێن..
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حورمه‌ته‌ی كورد ئه‌مڕۆ له جیهاندا هه‌یه‌تی بیپارێزێت، پێویسته كوردستان و كورد جیاواز بن. ئه‌م جیاوازییه ده‌بێته نه‌ك ته‌نیا میراتێك بۆ نه‌وه‌كانی دوای ئێمه، به‌ڵكو به‌شدارییه‌كی گرنگییش ده‌بێت له ئاشته‌وایی جیهانیدا. ئه‌و خاڵه بچكۆله‌یه‌ی خوڵقاندنی جیاوازی له بیركردنه‌وه‌مان له به‌رامبه‌ر و له به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، په‌یوه‌سته به ڕێزگرتنمان له خودی خۆمان و بۆ یه‌ك سات هه‌ڵوه‌سته‌كردنمان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌كانمان و جیاكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه له په‌رچه‌كرداری ده‌روونی.. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خاڵه بچكۆله‌یه بۆ خۆی نیشانه‌ی شۆڕشێكی گه‌وره‌یه، چونكه تاكه‌كه‌س پیشانی ده‌دات كه ئه‌و خۆیه‌تی، سه‌ربه‌خۆیه له هزریندا و دارده‌ستی هیچ گرووپ و ئاپۆڕه‌یه‌ك نییه و بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌نجامی هاتنه‌وه سه‌رخۆیه‌تی وه‌ك مرۆڤێكی تاك و دانسقه.. ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌توانێ ئه‌م شۆڕشه له خودی خۆیدا به‌رپا بكات، ناتوانێت به‌ناوی هیچ بیروڕایه‌كه‌وه مژده‌ی گه‌وره‌ش ببه‌خشێت..
كورد و ئیسلام له دوای داعشه‌وه
له دوای ئه‌م تراژیدیا و غه‌دره‌ی به‌سه‌ر كورده‌كان هات، ئیتر به‌ته‌نیا جیابوونه‌وه له عێراق دادی نادات. ده‌بوو ئه‌و كاته له عێراق جیابێته‌وه كه به‌ناوی ئایین و شۆڤێنیزمه‌وه ئه‌نفال كرا و ئه‌مه‌ش وه‌ك میراتێك به‌عسییه‌كان بۆ یان به‌جێهێشت. كورد هیچ وانه‌یه‌ك له‌و مێراته‌وه فێر نه‌بوو، بۆیه ئاساییه كه ده‌بوو ئه‌م كاره‌ساته‌ی تریشی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش به‌سه‌ر بێت. بۆیه جیابوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره به‌ته‌نیا جیابوونه‌وه‌ی جوگرافی و سیاسی نییه كه ته‌رازووی سه‌نگه‌لای كورد و عێراق یه‌كسان ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو جیابوونه‌وه‌ی ئایینیشی دێته سه‌ر. چونكه ئه‌وه‌ی به ئاشكرا له مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا به‌سه‌ر كورد هاتووه، كورد ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و برایه‌تیه‌ی وشه‌ی (ئوممه‌ت) له ئیسلامدا پێشبینی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره به‌ناوی ئیسلامه‌وه به‌سه‌ر كورده‌كان هاتووه، هیچ پاساوێكی دینییانه‌ی نییه، مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه ئه‌م ئایین و ئایینداره ئیسلامییانه‌ی عه‌ره‌ب و ناوخۆ، توانیویانه به ده‌سته‌مۆكردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ته‌فسیره عه‌ره‌بییه شۆڤێنییه بۆ دینه‌كه باڵاده‌ست بكه‌ن، كه تیایدا (ئه‌وانیتر) به كوردییشه‌وه، (دوژمنێكی هه‌میشه‌یی) بۆ ئیسلام و شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیی وێنا بكات. به‌عسییه‌كانیش هه‌ر بڕوایان به‌م ته‌فسیره هه‌بوو و كاری زۆریان بۆی كرد. بۆیه پێویسته كوردی دینداری ڕاسته‌قینه، ڕه‌گه‌ز و ڕۆحه عه‌ره‌بیه‌كه له هه‌ر دینێكدا فڕێ داته ده‌ره‌وه كه هیچ دیارییه‌كی مژده‌به‌خشی بۆ ئه‌و تێدا نییه.. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پێویسته كورد رێگایه‌كی تر هه‌ڵبژێرێ بۆ بیركردنه‌وه له ئیسلامبوونی خۆی، رێگایه‌ك نه‌یكاته‌وه به كۆیله‌ی عه‌ره‌ب و دینه‌كه‌ی بدۆڕێنێ، به‌ڵكو ڕێگایه‌ك كه دینه‌كه نه‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م كوردبوونه‌كه‌یدا..
پێویست ناكات من شتێك بشارمه‌وه و دۆستان شتێكی تر تێ بگه‌ن:
من هیچ كێشه‌یه‌كی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ موسڵمانانی قسه‌ڕۆیشتووی كوردستاندا نییه، به‌ڵام ئێستا هیچ متمانه‌یه‌كم به زۆربه‌ی ئاییندارانی كوردستان نییه. قسه‌ڕۆیشتووترین و به‌ناوبانگه‌كان و ڕێزلێگیراوه‌كانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حزبیی كورد خۆیه‌وه، ئه‌وانه‌ن كه ده‌یانه‌وێت كوردبوون بخه‌نه په‌راوێزه‌وه. ئه‌مانه هه‌ندێ جار گۆشته‌كه ده‌خۆن و هه‌ندێ جاریش گۆشتاوه‌كه ناخۆن: به زمانی كوردی و له كۆمه‌ڵگای كوردی و له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردا به ئاشكرا ده‌ڵێن: نابێت كورد بیر له كوردبوونی خۆی بكاته‌وه، ده‌بێت موسڵمانێتی پێش كوردبوون بكه‌وێت. ئه‌مه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و موسڵمانێتیه‌مان بۆ ته‌فسیر بكه‌ن، بزانین ئاخۆ موسڵمانبوونی كورده‌كان له هه‌زار و چوارسه‌د ساڵی ڕابردوودا ده‌كه‌وێته ئه‌و بازنه‌یه‌وه، یان كورد ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه هه‌ر كافر و بێ‌دین بووه؟ ئه‌مانه پیاوانی خیتابه و وتاربێژین نه‌ك ژیربێژی و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه. ئه‌مانه دین ده‌خه‌نه پێشه‌وه‌ی مرۆڤبوون و چاوپۆشی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی ده‌بێت مرۆڤمان هه‌بێت تا دینداری بكات. چونكه دین دیارده‌یه‌كی مرۆییه، نه‌ك دابڕاو له مرۆڤ. بۆیه ئه‌مانه له‌و كاته‌دا كه ده‌بێت به‌ڵگه بهێننه‌وه بۆ ڕاسته‌قیینه‌یی دینداریی كورد و دوورخستنه‌وه‌ی دین له فۆرمه عه‌ره‌بیه، توندڕه‌وییه، ئایدیۆلۆژییه شۆڤێنییه‌كه‌ی، له هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه خوێناوی و جیهادی و سه‌له‌فییه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی ئیسلامدان، كه كورد به شایه‌تی مێژوونووسه موسڵمان و عه‌ره‌بییه‌كانی سه‌ره‌تا، هه‌ر له ساته‌وه‌ختی غه‌زووه‌كانه‌وه ئه‌م فۆڕمه‌ی ئایینداریی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و خوێنی له پێناودا ڕشتووه. كورده‌كان ئه‌م دینه‌یان قه‌بووڵ كردووه و ئایینه‌كه‌یان كه به‌ره‌نجامی زوڵمی مێژووه، لێ داماڵیوه و ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه تا دینه‌كه ببێته دینی چاكسازی و پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردن. مانه‌وه‌ی ئایینزاكانی تر و دینه‌كانی تریش له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا و پێكهێنانی مێژوویی (یه‌كێتییه‌كی فره‌چه‌شنه‌یی دینداریی) له كوردستاندا، كه نموونه‌ی دیكه‌ی له وڵاتانی دیكه‌ی ئسلامیدا به ده‌گمه‌ن ده‌بینینه‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كورده‌كانه بۆ تواندنه‌وه و گونجاندنی دینه‌كه له بۆته‌ی كوردبووندا. لێره‌وه‌یه كه دینداریی كوردیانه سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌م مووچه‌خۆره وتاربێژه دووفاقگه‌رایانه، كه له ناڵیش ده‌ده‌ن و له بزماریش، كه نه به ته‌واوی كوردن و نه دینداریی ڕاسته‌قینه، نه هه‌ڵوێستێكی ڕاسته‌قینه‌یان له داعشیزم هه‌یه و نه دانپیانانێكی خێر به شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی داعشدا، كه ئه‌وه‌ش درێژه دانه به شه‌ڕی به‌رایی و غه‌زووه‌كان. ئه‌مانه به زمان و به ڕۆح و به سیما عه‌ره‌بیانه بیر له دین ده‌كه‌نه‌وه و (من)ی خۆیان خۆبه‌خشانه كردووه‌ته به‌كرێگرته‌ی ئه‌وانه‌ی كه كورد له په‌راوێزی نۆكه‌ریدا ده‌بینن. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌مه نابینێت، ده‌بێت باجه‌كه‌شی بدات.
هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش دژوازییه‌كی گه‌وره ده‌بینم: به‌ناوی ئه‌و دینه‌وه كه داعش به ناویه‌وه سه‌رمان ده‌بڕێ، له كوردستان پرسه بۆ شه‌هیده‌كان دائه‌نرێ. دینداریی كوردییانه له‌م ساته‌وه‌خته‌وه، ته‌نیا هه‌ڵوێست له دین وه‌ك بنه‌ما وه‌رناگرێ، به‌ڵكو هه‌ڵوێستیش له‌و بۆنه و ڕیتواڵانه وه‌رده‌گرێ كه دین له كۆمه‌ڵگادا به‌و شێوه داعشیه به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه و ده‌یكه‌نه ئایین. داعش ئه‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه وه‌ك بێ‌دین ده‌كوژێ و سه‌رده‌بڕێ، كه‌چی هه‌ندێ كه‌س له كوردستانی ئێمه‌دا هه‌ر به‌و دینه ئه‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه ده‌كاته شه‌هید. كه‌واته جیاوازییه‌ك هه‌یه، بۆیه هه‌ڵوێستی كوردییانه له ئایین، نابێت ببێته‌وه ڕێگایه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان ئایین، به‌بێ گۆڕینی بنه‌ما داعشییه‌كانی ئه‌و دینه.. بۆیه ئایینداری له كوردستاندا ده‌بێت گۆڕانیی به‌سه‌ردا بێت و دینه‌كه بگۆڕێت به‌وه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا متمانه‌ی دینداری به خه‌ڵك ده‌داته‌وه وه‌كئه‌وه‌ی بۆ باووباپیرانمان ئه‌و متمانه‌یه هه‌بوو. نه‌ك ئایینێك كه داعشییه‌تم لێ بشارێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی پێ ناكرێ، دوو ڕێگای تری له‌به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی وه‌ك من بێهنێته‌وه ئه‌و بڕوایه‌ی كه له چوارچێوه‌یه‌كی كولتووریدا ته‌ماشای دێنێك بكه‌م كه ناكرێ به‌ته‌واوی له كۆمه‌ڵگا وه‌ده‌ر بنرێت: بۆیه یان ئه‌وه‌تا پێویسته ئه‌وانه بچن له‌پای ئایینه‌كه‌یان و له‌به‌رخاتری هاوئایینیی و بڕوابوونیان به ته‌فسیری داعشییانه بۆ دین، په‌نا بۆ داعشییه‌كان به‌رن و ئه‌و چه‌ند هه‌زار كچ و خوشكه ئێزیدییانه‌مان له برا ئایینیه داعشییه‌كانیان بۆ بستێننه‌وه، یان ئه‌وه‌تا بێده‌نگ بن. چونكه ڤیتگنشتاین گوته‌نی، ئه‌وه‌ی مرۆڤ ناتوانێت له‌باره‌یه‌وه بدوێت پێویسته له ئاستیدا بێده‌نگ بێت. نابێت به هه‌ڵه تێم بگه‌ن: له ئه‌مڕۆی كوردستاندا ئه‌وه‌ی له مه‌ترسیدایه، ئایین نییه به‌م ته‌فسیره‌ی كه بۆی ده‌كرێت، به‌ڵكو كورده. ئه‌و كاته‌ی كورد له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ڕزگاری بوو، دین ده‌بێته‌وه به‌شێك له كوردبوون و دینداره ڕاسته‌قینه‌كانیش وه‌ك كورد بیر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كوردبوون په‌راوێزه و موسڵمانێتی و ئه‌ندامێتی له ئوممه‌دا سه‌ره‌كییه، شێوه‌نی دابڕانی كورد ده‌كه‌ن له كولتوورێكی شۆڤێنی كه دینی موسڵمانانی به‌پێی میزاجی مرۆیی ته‌فسیر ده‌كات و ڕقی غه‌زوو له‌سه‌ر كورد نوێ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مانه باشتره به عه‌ره‌بی ئه‌م قسانه بكه‌ن، نه‌ك به كوردی، چونكه به‌م كاره‌یان هه‌م ده‌كه‌نه‌ونه ناكۆكییه‌وه و هه‌میش زمانه‌كه‌مان به توندڕه‌وی بارگاوی ده‌كه‌ن.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نابێت چاوی لێ بپۆشین ئه‌و ڕاستییه‌یه كه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م توندڕه‌وییه ئاییندارییه شۆڤێنیانه‌یه‌دا به‌ناوی ئیسلامه‌وه، هه‌ر ته‌نیا وتاربێژه‌كانی هه‌رێم به‌شدار نین، به‌ڵكو حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌یه، به‌وه‌ی پشتگیرییه‌كی كوشنده له‌م جۆره بانگه‌شانه ده‌كه‌ن و له ئاست گوتاری به‌كافركردنی كورده‌كاندا بێده‌نگ و ملكه‌چن. ئه‌مانه ده‌بێت بوێریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت وه‌ڵامی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان بده‌نه‌وه، كه ئایا كوڕ و باوكانی ئه‌وان له‌پێناوی چیدا شه‌هید ده‌بن؟
28/8/2016