رەزا شوان
بێگومان هەموومان ئەو سروودە نیشتمانییە رەسەن و خۆشە کوردییانەمان لە یادماون و دەمێنن، کە لە تەمەنی منداڵیماندا، لە قوتابخانە و لە دەروەی قوتابخانەدا بە ئاوازەوە فێریان بووین و، بوون بە وێـردی هەمیشەی سەر زارمـان .. پڕبەدەم و هێندەش بە کوڵ و تین و جۆشەوە دەمـان چڕین .. سوور دەبووینەوە و، هەموو تووکەکان و دەمارەکانی لەشمان زیت دەبوونەوە، ئەو سروودە خۆشە کوردییانەمان لە گەزۆ و نوقڵ لە لامان شیرینتربوون .. هەر لە رێگای ئەو سروودە نیشتمانییانەوە هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری لە هۆش و دڵ و دەروونماندا روان و بەرجەستەبوون و، بوون بە بەشێکی گرنگ لە رووح و گیانمان و، لە بیرەوەرییەکانمان .. ئەو سروودانە تا ئەمڕۆش هەمان چێژ و خۆشیان لامان هەیە، لەو بڕوایەشدام لە لای نەوەکانی داهاتووشمان چێژ و خۆشیان کاڵنابنەوە و، نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتری دەگوێزنەوە .
لەو سروودە کوردییە نیشتمانییانەشمان : " وەتەنی من کوردستانە ـ زێوەر " ، " ئەی کوردینە .. ئەی مردینە ـ زێوەر " ، " ئەی رەقیب ـ دڵدار " ، " خوایە وەتـەن ئاواکەی ـ فـایق بێکەس " ،
" نـەورۆز ـ پیرەمـێرد " ، " کـوردم ئەمـن ـ هێمن موکـریانی " ، " بەری بەیـانە ـ گـۆران " ،
" بە کـوردی دەژیـم ـ هـەژار موکریانی " ، " پێشمەرگەین بە هەڵمەتین ـ خالید دلـێر " ، " خۆشم ئەوێ وڵاتەکـەم ـ کاکـەی فەلاح " ، " جـەژنە جـەژنی کوردسـتانە ـ ع .ع . شـەونم " ، ... هتد . گەرچی ئەم سروودانەمان، بە تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسراون، بەڵام گەورەکان و منداڵانیش دەیان چڕین و جێژ و خۆشیان لێوەردەگرتن .. لە ئەنجامی چەندین جاری دووبارەکردنەوەشیان، منداڵان لە واتای وشە و رستە و مەبەست و ناوەڕۆکی ئەم سـروودانە تێگەیشتن .. ئەم سروودانە بوونە بە بەشێکی نەمر لە کولتووری رەسەنی کوردیمان .. بوونە بە هەوێنی جۆشدانی هەستی کوردایەتی و کوردسـتان پەروەریمان .. بوون بە هـاندەر و پاڵنەرمان، بۆ تێکۆشان و بەرگری و گیانبەخشین لە پێناوی رزگاری کوردستانی نیشمانی شیرینمان .
ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان، خۆشیان بەم سروودە کوردییانەمان نایەت و، بە بیستنی گرژ و قەرس دەبوون و دەبن .. چەندین مێرمنداڵ و گەنجی کوردمان لەسەر چڕینی ئەم سروودانە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی داگیرکەرانی کوردستانەوە، تاوانبارکـران و گیران و ئـازار و ئەشکەنجە دران .. تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان، بە زەبروزەنگ و تۆبزی هەوڵدەدەن لە قوتابخانەکانیاندا، کولتوور و سروود گەلێکی خۆیان فێری منداڵانی کوردمان بکەن، هەوڵدەدەن کە بە زۆرداری بە کولـتوور و ئایـدۆلۆژیایەکی بۆگـەن و نامـۆ گۆش و پەروەردەیان بکەن، کە زۆر دوورن لە خواست و هەست و نەستی منـداڵانی کوردمـانەوە و.. بە هيچ کلۆجێک ناتوانن ئەو کولتوور و ئایدییانە هەرس بکەن .. مەبەستی گڵاوی داگیرکەران ئەوەیە کە منـداڵانی کوردمان لەڕێ دەربکەن و، هەستی کوردایەتی لە دڵیاندا دەربکەن و، دڵسۆزی و پەرۆش و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانی خۆشەویستمان کاڵبکەنەوە .. بەڵکو داگیرکەران ه سووکایەتیش بە بەها پیرۆزەکانمان دەکەن و، هەوڵی گڵاویان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمانە .
بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا و دەهێنێت .. چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتوانن هەستی کوردایەتی و سۆز و خۆشەویستی کوردسـتان لە دڵی منداڵانی کوردمـان دەربکەن .
سروودە کوردییەکانمان بۆ منداڵان، ئەو هۆنراوانەن کە بەرگێکی کوردسـتانیان بە بەردا کـراون و گوزارشت لە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان دەکەن، تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و رزگاری کوردستان و ئاشتیدا بەرز و پیرۆز رادەگـرن و، جەختیش لەسەر کوردایەتی و دڵسۆزی و برایەتی و یەکێتی و تەبایی و یەکتری قبووڵکردن و ... هتد، دەکەنەوە .. ئەم سروودانە ئەم هەستە جوانانە و، ئەم بەها و پرەنسیپە نیشتمانییانە لە هۆش و دڵی کوردیلەکانماندا دەڕوێنن و و رایان دەهێن.. ئەم سروودانە بوونەتە کولتووری قوتابخانەکان، منداڵان لە قوتابخانەکاندا فێری ئەم سروودانە دەبن و، رۆژانەش لە کاتی ریـزبوون لە گۆڕەپانی قوتابخـانەدا پێکەوە دەیانڵێنەوە .
سروودی منداڵان ئەو هۆنراوە جوانانەن، کە لە رووی رووخسار و فۆرمەوە، بە شێوازێکی ئاسان و سووک و رەوان داڕێـژراون .. وشە و رستەکانیان ئاسانن و واتاکانیان روونن و بێ گرێ و گۆڵن لە ئاستی زمانی منداڵاندان، ترپە و سەرواکـانیان ئـاوازدارن، کێشـدارن و، بە زۆری لەسەر کـێشی خۆمـاڵی سووک دانراون .. ئاوازدانەرانیش دەتوانن بە ئاسانی ئاوازیان بۆ دابنێن .. منداڵان دەتوانن بە ئاسانی لەبەریان بکەن و، بە ئـاوازەوە بە تاک یا بە کۆمـەڵ بە دەنگ و جـووڵەوە بیان چـڕن .. لە رووی بابەت و ناوەڕۆکیشەوە، سـروودە کوردییەکـانمان بۆ منداڵان، جەخت لەسەر زاخـاودانی هۆش و دڵ و دەروونی کوردیلەکانمان دەکەن و، بە هەستی کوردایەتی و بە کوردستان پەروەری و بە تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناوی ئـازادی و رزگـاری کوردسـتان رایـان دەهێنن .. ئەو بەهـا و پرەنسیپە بەرزانە لە هۆش و دڵ و دەروونی منداڵانی نەوەی داهـاتووماندا دەڕوێنن .
سروودی ئاوازدار گرنگترین هونەرە کە منداڵان لە قۆناغێکی زووی تەمەنیاندا دەتوانن فێری ببن، یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەوەی کە بە خێرایی ئەو هۆنراوانە لەبەربکەن و لەیادیان نەچێتەوە .. لەگەڵ چڕینی سروود دا، بەشێک لە ئەندامانی لەشی منداڵانیش دەکەوێتە جووڵە و خرۆش، وەکو: سەرلەقاندن، چەپڵەلێدان، ئاماژەکردنی گوزارشتی بە دەست و پەنجەکان، ئەم جووڵانانەش واتای وشەکان و مەبەستی سروودەکان ئاسانتر دەکەنەوە .
سروودی منداڵان، تەوەرێکی گرنگە لە تەوەرەکانی رۆشنبیری منداڵان و، لقێکی گرنگیشە لە لقەکانی هۆنراوە بۆ منداڵان .. رۆڵێکی کاریگەریشی لە گۆشکردن و پەروەردەکردنێکی دروست و، لە ڕواندنی بەها بەرز و پیرۆزە نیشتمانییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و رەوشتییەکان لە هۆش و دڵ و دەروونی کوردیلە چاوگەشەکانماندا هەیە .
سروودە نیشتمانییەکانمان، شیۆازێکی ئاسان و گرنگە لە شیوازەکـانی فێرکـردن، لە میانەی ئەم سروودانەوە دەتوانرێت بە ئاسانی مەبەست و ئامانجە نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و زانیارییەکان بە منداڵان بگەیەنرێن .. شایانی باسیشە منداڵان هەر بە خۆڕسکی ئارەزووی ئاواز و ترپەیان هەیە .
هەر لە کۆنەوە درک بە گرنگی سروود کراوە و، کراوە بە وانەیەک لە وانەکانی خوێندن .. سروود شێوازێکی بەرنامەڕێژی گرتەبەر کاتێ کە خرایە ریزی بابەتەکانی کتێبەکانی خوێندنەوە بۆ پۆلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان .. بۆ هێنانەدی ئامانجە پەروەردەیی و نیشتمانییە خوازراوەکان .
مامۆستای سروودبێژ و سروودفێرکەری زیرەک و هۆزان و بە توانا، دەتوانێت بەهرە و ئارەزووی خۆرسکی منداڵان ( قوتابییەکانی ) بقۆزێتەوە و، بە ئارەستەی هێنانەدی ئامانجە پەروەردەییەکان و زمانەوانی و رۆشنبیری کومەڵایەتیەکان رایان بهێنێ و، ئەو بەهـا و پرەنسیپانە لە دڵیاندا بڕوێنێ .
پێویستە ئەوەش بزانین کە جیاوازی لەنێوان سروود و گۆرانیدا هەیە .. سەرەڕای بوونی چەند خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا .
گرنگترین جۆرەکـانی سروودی منـداڵان ئەمانەن : سروودی نیشــتمانی، سروودی کۆمـەڵایەتی، سروودی خۆشی، سروودی پیاهەڵدان بەسەر جوانی سروشت، سروودی جووڵەیی، سروودی ئاینی .. لە ئەمرۆشدا، چەندین سروودی شۆڕشگێڕی بە سەر پێشمەرگە قارەمـانە گیانبەخشەکانمان و، بەسەر شەهیدە نەمرەکـانمان هەڵدراون .. کە بوونەتە وێـردی سەر زاری گەورەکـان و منـداڵان .. پێشمەرگە و شەهیدانمان، شایانی ئەوەن کە جوانترین سروودیان پیاهەڵدەین .. لە جێی خۆیدایە کە ئەم سروودانە بە ( سروودی پێشمەرگە و شەهیدان ) یا ( سروودی شۆڕشگێری ) ناوزەند بکەین و، لە ریزی پێشەوەی ریزبەندی جۆرەکانی سرووردی منداڵانیش دایان بنێن .
گرنگترین سوود و ئامانجەکانی سروودی منـداڵان :
١ـ گەشەکردنی حەزی سروود و ئاواز و چێژی ئەدەبی لەلای منداڵان و، درکردن بە مەبەستەکانیان.
٢ـ سروودە نیشتمانییەکانمان هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری لە دڵی منداڵانمان دەڕوێنن.
٣ـ سروود یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردن و راهێنانی کۆئەندامە دەنگییەکانی منداڵان .
٤ـ سروود بوارێکە بۆ ئەوەی منداڵان خۆیان دەربخەن و، گوزارشت لە توانا و بەهرەکانیان بکەن .
٥ـ سروود هـاوکاری منداڵان دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە نێرگـزی و خۆپەرستی و گۆشەگیری .
٦ـ سروود یارمەتی و هـانی ئەو منداڵانە دەدەن کە سەر زمان دەگرن .. بۆ ئەوەی بەبێ ترس و شەرم و دڵەڕاوکی بەشداری لە تیپی و کورسی سروودی قوتابخانەکەیان بکەن .
٧ـ سروود باشترین بوارە بۆ شەرمشکاندنی ئەو منداڵانی شەرم دەکەن .. بەبەشداریکردنیان لە وتنی سروود لەگەڵ منداڵانی تردا، بەرەبەرە شەرمیان دەشکێت و بە کۆمەڵایەتی دەبن .
٨ـ سروود، منداڵان بە چەندین وشە و رستەی تازە ئاشنا دەکـا .. زمان پاراوتر و رەوانتر دەبن و ..ئاسۆی ئەندێشە و بیرکردنەوەیان فراونتر دەبن و، دەتوانن باشتر وجوانتریش گوزارشت بکەن .
٩ـ سروود، یارمەتی منداڵان دەدات، بۆ ئەوەی بـڕوا و متمانەیکی زیاتریان بە خۆیان هەبێ و، بەئەوپەڕی ئازایەتیەوە رووبەڕووی ژیـان و، هەموو ئەو کێشە و تەگەرانە ببنەوە کە دێنە رێیان .
١٠ـ سروودەکان، خۆشی و شادی و گەشی و گەشبینی بە منداڵان دەبەخشن .. یارمەتیدەریشنبۆ ئەوەی منداڵان بەسەر گەلێ کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا زاڵبن .
لە شاعیرە سروودنووسەکانی کوردمان بۆ منداڵان :
بەشێکی زۆری شاعیرانی کوردمان، بواری سروودی منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، کەم یا زۆر سروودیان نووسیوە، هەندێکیان بە تایبەتی لە سایەی هۆنراوە و نووسینەکانیان بۆ منداڵان، ناو و ناوبانگیان دەرکردوون و ناسراون، لەوانەش : ( زێـوەر، فـایق بێکەس، پیـرەمێرد، میر جەلادەت بەدرخان، دڵدار، گۆران، عەبدولواحید نوری، شەوکەت هۆشیار، محەمەد رەسول هاوار، ئەحمەد دڵزار، بەختیار زێوەر، محەمەد ساڵح دیلان، ا.ب. هەوری، مەدحەت بێخەو، کەریم شارەزا، عەلی عەبدوڵڵا شەەونم،، فەرەیدون عەلی ئەمین، کاکەی فەلاح، کامەران موکری، دایکی سۆلاڤ، سەبری بۆتانی، عوسمان هەورامی، روستەم باجەلان ) تا دەگاتە ( لەتیف هەڵمەت، کـازم کۆیی، محەمەد داریاس، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، موئەید تەیب، جگەرسۆز پیندرۆیی، عەبدولڕەحمان فەهیمی، محەمـەد بـەرزی ) و .. چەندین شاعیری کەشمان کە هۆنراوەی نیشتمانییان بۆ منداڵان نووسیون .
سروودی کوردی بۆ منداڵان، بە شێوەیەکی فەرمی، لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە باشووری کوردستان دا سەری هەڵـدا .. لەسەر دەستی شاعـیری نیشتمان پەروەری ناسراومان مامۆستا ( عەبدوڵڵا زێوەر : ١٨٧٥ـ ١٩٤٨ ) دەستی پێکرد .. زیۆەر کە ماوستای قوتابخانە بوو، شەش سروودی بۆ منداڵان نووسی، یەکەمین سروودی ( وتـەنی من کوردسـتانە .. ) دووەمین سروودیشی ( ئەی کوردینە .. ئەی مەردینە .. ) کە دوو سروودی نیشتمانی زۆر بەرزن .
سروودی فەرمی نیشتمانی کوردستان، سروودی ( ئـەی رەقـیب ) ە، کە لە ساڵی ( ١٩٤٠) دا، شاعیری نیشتمان پەروەرمان ( یونس دڵدار : ١٩١٨ـ ١٩٤٨) داینا .. بۆ یەکەمین جاریش لە بەرواری (١٧/١٢/ ١٩٤٥) دا، لە کاتی بۆ یەکەمین جار هەڵکردنی ( ئاڵای کوردسـتان ) لە شاری مەهاباد، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵاکەماندا، سروودی ( ئەی رەقـیب ) بە ئاوازەوە پێشکەش کـرا.
لەو رۆژەوە ( ئەی رەقـیب ) بوو بە سروودی نەتەوایەتیمان ( سـروودی مـارسیلزمی ) کـوردی .. کە لە بەرواری (٢٢/ ١/ ١٩٤٦) دا، لە لایەن ( سەرۆک کۆمـاری کوردسـتان ) پێشەوای نەمرمان ( قـازی محەمەد ) لە گۆڕەپانی ( چوارچـرا ) لە ( مەهاباد ) دا، ( کۆماری کوردستان ) راگەیاندرا، دووبارە لەم رۆژە مێژووییەدا لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دا لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەهـابادەوە، بە دەنگێکی زوڵاڵ سروودی ( ئـەی رەقـیب ) پێشکەش کرا .. لە ئەمرۆشدا سروودی ( ئەی رەقـیب )، سروودی فەرمی هەرێمی کوردستانە .. لە بۆنە هەموو نیشتمانییەکان و، لە هەموو قوتابخانەکانی کوردستان دا لە کـاتی ریزبوونی لە گۆڕەپانەکانی قوتابخانەکاندا، پێش دەستپێکردنی خوێندن، وەکو نەریتێکی رەسەن قوتابیان پێکەوە و بە دەنگ و ئاوازاوە سروودی ئەی رەقیب دەڵێنەوە و هۆنراوەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیش پێشکەش دەکەن .. هەروەها لە پێش دەستپێکردنی یارییە وەرزشییەکـان، لە گۆڕەپانەکانی یارییەکاندا، یاریزانانەکانمان بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شانازییەوە، پێکەوە ( سـروودی رەقـیب ) دەڵێـنەوە .
27/8/2016