فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

هێمن عەبدوڵڵا 

لەپاش رووخانی رژێمی سەدامەوە كورد قاچی لە بەغدا نەبڕیوە. بودجە هەبێ یان نەبێت كورد ئەو هەڵە ستراتیژییەی دووبارە نەكردووەتەوە كە سەرەتای دروستكردنەوەی "عێراقی هیوا و ئاشتی"، سوننەی عێراق بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی كردیان. ئەم هەفتەیە و هەفتەكانی دواتر چاوەڕوان دەكرێت شاندی كوردی، هەم وەك حیزبەكان و هەم وەك شاندی هاوبەشیش، جارێكی دیكە بچنەوە بەغدا. بەڵام وەك دیارە بە ئەجێندای جیاوازەوە دەچن. یەكێكیان بۆ سەرخستنی پرۆژەی پێكەوەلكاندنەوەی عێراق و یەكێكی دیكەش بۆ قایلكردنی بەغدا بە پرۆژەی بەئاشتییانە جیابوونەوە لەیەكدی و بەبێهوودەیی پێكەوەنەلكاندنەوەی عێراق.

وەك لە وتاری هەفتەی رابردووشمدا ئاماژەم پێدابوو، دوایین هەوڵی ئێران بۆ رێگەگرتن لە دابەشبوونی عێراق دەستیپێكردووە. شەمخانی، نوێنەری خامنەیی و سەرۆكی جڤاتی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەڕوونی پەیامی ئەوەی بەگوێی شاندێكی یەكێتیدا دابوو كە بۆ ئێران یەكپارچە مانەوەی عێراق شتێكی حەیاتییە. بنەمای لێكنزیكبوونەوەكەی ئێران و رووسیا و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی توركیاش لە بلۆكی ئەمریكی-سعودی-قەتەری، ئەویش بە قەرەبووكردنەوەی بە پشتكردنە پەیەدە لە سووریا، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیە كە ئێران چەندە پێی گرنگە لە خەرجیی قەبەی جەنگی سووریا شان بباتە دەرەوە، هێندەش پێی گرنگە بە دەستگرتن بە عێراقێكی یەكپارچەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەوە بپارێزێت.

لەو نێوانەدا ئەمریكا دەستەوەستان نییە. رێككەوتنە گرنگە ستراتیژییەكەی نێوان هەولێر و واشنتن كە بەڕواڵەت تەنیا بۆ شەڕی داعشە، بەشی ئەوەندەی تێدا هەیە كە ئێران دڵنیابێتەوە لەوەی ئەمریكا دڵنیایی داوەتە كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی لە "قۆناغی سەخت"یشدا. كە وەك كەسێكی ئاگادار بۆی باسكردم، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ناوچەكانی وەكو كەركووك و مەخموور و گوێر و شنگال، چیدیكە ناوچەی ناكۆكی لەسەر نامێنن و ئەگەر گەنگەشەیەك بمێنێت لەگەڵ بەغدا، بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەبێ لەسەر ناوچەكانی ئەودیوی ئەو ناوچانە.

ئێستا كورد بە دوو ئەجێندای جیاوازەوە دەچێتەوە بەغدا. ئەجێندای یەكێتی و رەنگە گۆڕانیش بریتییە لە پرۆژەیەك كە خۆی لە دروستكردنی ئەنجوومەنێكی سیاسی دەبینێتەوە بۆ سەرلەنوێ پێكەوەلكاندنەوەی عێراقێك كە نە هیوای تێدا ماوە نە ئاشتی. ئەمەش كۆكە لەگەڵ ئەو خەونەی ئێران بە عێراقەوە دەیبینێت. ئەجێندای پارتیش بریتییە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئامادەكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بۆئەوەی لەئێستاوە رێككەوتن بكرێت كە لەپاش شەڕی داعش كوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش بۆ یەكدی.

پارتی بۆ ئەمە دەیەوێت گەرەنتیی نێودەوڵەتی هەبێت و رێككەوتنەكە بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا بێت. زۆریش پشتئەستوورە بەو گەرەنتییانەی هەم لەسەر مانەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكە و هەم لەسەر دژایەتینەكردنی جاڕدانی سەربەخۆییش وەریگرتووە. بەڵام هێشتاش نەیتوانیوە لەسەر ئاستی نێوخۆی كوردستان ئامادەیی بۆ ئەم پرۆژەیە بكات.

ئەم رەوشە نوێیە پارتی و یەكێتی دەخاتە بەردەوام بژارەی قورسەوە: پارتی بەمەرجی ئەوە دەتوانێ بە پڕۆژەی یەكێتی بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنی سیاسی رازی بێت كە دروستكردنی ئەنجوومەنەكە بۆ رێككەوتن لەسەر ئیدارەدانی عێراق تاوەكو قۆناخی جیابوونەوە بێت نەك پێكەوەلكاندنەوە. یەكێتیش بە مەرجی ئەوە دەتوانێ بە پڕۆژەی پارتی رازی بێت كە بەڕوونی رێككەوتنێكی ستراتیژیی نوێ هەبێت لەسەر ئەوەی پشك و قازانجی یەكێتی لە قۆناخی پاش تەواوبوونی كارەكانی ئەنجوومەنی جیابوونەوە و دروستكردنی كوردستانی سەربەخۆ چی دەبن. وەڵامی هەرلایەكیان بۆ مەرجەكانی ئەویدیكە هەرچییەك بن، یەكلارەوەن بۆئەوەی بزانین كورد لەسەر مێزی گفتوگۆی ئەمجارە دەبێتە یاریزانێكی براوە یان وەك هەمیشە بە دەستی بەتاڵ لێی دێتە دەرەوە.

23/8/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان