"بزووتنەوە جیهادییەكان چەند دەیەیەك دەبێت لێرە هەن، بەڵام وەك چۆن شكستمان بە ئەوانی دیكە هێناوە، داعشیش تێكدەشكێنین". ئەمە لێدوانی بەرپرسێكی باڵای پاراستنی هەرێمی كوردستانە بۆ تیمێكی لێكۆڵینەوەی گۆڤاری فۆرین ئەفەیرز كە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ ماوەی دوو هەفتە لە كوردستان مابوونەوە.
تیمەكە لە بەشێكی گەشتەكەیاندا سەردانی تازە دەكەن كە یەكێكە لە بەرەكانی جەنگی دژی چەكدارانی داعش. بە گوتەی فەرماندەی بنكەكە، لە كاتی دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە بە سەركردایەتی ئەمریكا، داعش چیدی نەیتوانیوە هێرشێكی ئەوتۆ بكاتە سەر ناوچەكە "تەنیا هەندێجار چەند هاوەنێك لە ناوچەكە دەگرن، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێن ئێمە لێرەین". هەڵبەت داعش لە هەندێك حاڵەتدا چەكی كیمیایی كلۆرین و خەردەلیشی بەكارهێناوە".
بەڵام داعش تەنیا گرووپێكی هێرشكەر نییە كە مەترسی لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات، بەڵكو كێشەیەكی نێوخۆییشە و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشەكانی داعش لە نێوخۆدا بگرن، لەم پەیوەندییەشدا ژمارەیەك ئەندامی كورد و عەرەب و تەنانەت رۆژئاوایی داعشیان دەستگیركردووە كە تۆڕی راكێشانی چەكدار و لۆجیستیكی گرووپەكە بوون.
كورد و گرووپە سەلەفییە جیهادییەكان
مێژوو پێماندەڵێت گرووپە جیهادییەكان نەیانتوانیوە لەنێو كولتووری كورددا شوێنپێیەكی ئەوتۆ بۆ خۆیان بكەنەوە، لەبەرئەوەی كولتووری كورد پێناسەی خۆی لە خەباتێكی نەتەوەیی سێكولار لە دژی رژێمە عەرەبییەكان وەردەگرێت. بەم حاڵەشەوە گرووپە جیهادییەكان جۆرێك لە ئامادەییان لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە. گرووپە جیهادییە كوردییەكان لە بزووتنەوە ئیسلامییە میانڕەوترەكان جیابوونەتەوە، یەكێك لەوانەش بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بووە كە لە ساڵی 1987 دامەزراوە و لە دژی حكومەتی بەعس دەجەنگان، هەندێك لە ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە لە ئەفغانستان مەشقیان وەرگرتبوو.
بنكەی سەرەكیی بزووتنەوە و گرووپە ئیسلامییەكان لەلای رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە دەوروبەری هەڵەبجە بوو.
لەماوەی نێوان 1994 بۆ 1998 هەموو تەركیزەكان لەسەر جەنگی نێوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی بوو، بەڵام لە دوای تەواوبوونی ئەو شەڕە، بزووتنەوەی ئیسلامی ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی بێتە نێو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە حكومەتێكی سێكولارە، بەمەش ناڕەزایەتی لەنێو ئەندام و سەركردە توندڕەوەكانی بزووتنەوەدا سەری هەڵدا و هەر ئەمەش رێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی یەكەمین گرووپەكانی سەلەفی_جیهادی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروست ببێت كە بەهێزترینیان جوندولئیسلام بوو.
جوندوئیسلام لە كۆتایی نەوەدەكان دەستی بە دروستكردنی كەمپی مەشق لە ناوچەكانی دەوروبەری هەڵەبجە كرد، ئامانجیان لەوە ئامادەكاری بوو بۆ "شۆڕشێكی سەلەفیی جیهادی" لە عێراق. ساڵی 2001 ناوی جوندوئیسلام بۆ ئەنسارولئیسلام گۆڕا و سەرنجی ئەبو موسعەب زەرقاوی، دامەزرێنەری ئەلقاعیدەی عێراقی راكێشا. زەرقاوی پێیوابوو ئەو ناوچەیە حەشارگەیەكی گونجاوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەكەی خۆی (بزووتنەوەی جوند ئەلشام) بەهێزتر بكات. هەر بۆیەش قاعیدە هاریكارییەكی زۆری پێشكەش بە ئەنسار دەكرد. ئەمە سەرەتای رەگداكوتانی داعش بوو.
بەرپرسانی ئەمنی لە كوردستان پێیانوایە داعش هیچ نییە جگە لە زیندووبوونەوەی بزووتنەوەیەك كە سەلماندوویەتی توانای ئەوەی هەیە دوای شكستەكان خۆی رێكبخاتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە ئەزموونی دوورودرێژی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكان وای كردووە دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگە شارەزای چالاكییەكانی ئەم گرووپانە بن.
كێ پەیامەكانی داعش دەگەیێنێ؟
ئەگەرچی داعش ناوچەیەكی بەرچاوی لەدەستداوە (40% لە عێراق و 20% لە سووریا)، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان پاڵی لێبدەنەوە، لە كاتێكدا بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی "400 بۆ 450 ئەندامی داعش یان لە هەرێمی كوردستانن یان لەناو داعشدان". بۆ روونكردنەوەی ئاستی ئامادەیی داعش لە ناوچەكەدا یەكێك لە بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی كوردستان بە تیمی فۆرین ئەفەیرزی راگەیاند "داعش دەچێتە لای شوفێری بارهەڵگرێك لە عێراق یان سووریا كە بژێویەكەی لەسەر هاتوچۆی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و كوردستانە. دوو بژارە دەخاتە بەردەم شوفێرەكە، یان ئەوەتا ببێتە پەیامگەیێنەری داعش یان ئەوەتا خێزانەكەی دەكوژرێت. شوفێرەكەش بژارەی یەكەمیان قبوڵ دەكات". جگە لەمە داعش ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشی لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئەندام بۆ خۆی رابكێشێ.
قولابی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
پاڵنەری چوونی كورد بۆ ناو داعش جیاوازە لەوەی عەرەبە عێراقییەكان بۆ ناو داعش پاڵ دەنێت. عەرەبە سوننەكان دژبەری حكومەتی زۆرینە شیعەی عێراقن و وەكوو دژایەتیكردنی ئەو حكومەتە دەچنە نێو داعشەوە، هەر بۆیە پاڵنەری عەرەبە سوننەكان تایفییە، بەڵام كورد بەشێك نییە لەم ناكۆكییەی نێوان عەرەبە سوننە و شیعەكانی عێراق. تیمی گۆڤارە ئەمریكییەكە لەگەڵ ژمارەیەك لەو كوردانە گفتوگۆی كردووە كە پێشتر ئەندامی داعش بوون و دواتر دەستگیركراون.
یەكێك لەوانە مێرمنداڵێكە بەناوی خوازراوی ئاراس كە تەنیا دوو هەفتە دوای بەكارهێنانی فەیسبووك لەلایەن داعشەوە پەیوەندیی پێوە كراوە. ئاراس لە فەیسبووكەكەی خۆی وێنەی دەق و سیمبولە ئاینییەكانی دادەنا، رەنگە لەبەر ئەمەش بووبێ كە داعش پەیوەندییان پێوە كردووە. دوای سێ مانگ چاتكردن، دواجار ئاراس قەناعەتی هاتووە كە جانتاكەی كۆبكاتەوە و بەرەو مووسڵ بەڕێ بكەوێت، ئەگەرچی ژیانێكی هەتا رادەیەك ئاسوودەشی هەبووە و پەیوەندیشی لەگەڵ خێزانەكەی باش بووە.
ئاراس بە تیمی لێكۆڵینەوەكەی گوتووە "ئەوان دەیانگوت لەلای خۆیان شوێن و پێگەم پێدەدەن و دەرفەتی ئەوەم دەبێت لەپێناوی ئامانجێكی خواییدا شەڕ بكەم".
ئەوانەی ئاراس پەیوەندیی چاتی لەگەڵیان هەبووە سێ كەس بوون كە لەڕێی مێسنجەری فەیسبووكەوە قسەشیان لەگەڵ كردووە. پاش ماوەیەك پەیوەندیی ئاراس لەگەڵ ئەم سێ كەسەدا نزیكتر بووەتەوە كە بە یەكدییان گوتووە "برا"، بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیكە لە ماوەیەكی كورت و بە باسكردن لەبارەی میتۆدەكانی جەنگ و هێرشی خۆكوژی دروست نەبووە، وەكوو ئاراس خۆی گوتی، ئەو سەرەتا قسەكانی ئەوانی قەبووڵ نەكردووە، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەوام بوون و لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا كاریگەرییان لەسەر داناوە.
لە كاتی چاتەكاندا باسی "پاڵەوانێتی" و "دەستكەوتەكان"ی خەلافەتیان بۆ ئاراس كردووە، هەندێكجاریش هێرشیان كردووەتە سەر شیعە و ئەو سوننیانەی پەیڕەوی لە داعش ناكەن، بەڵام باسە ئاینییەكان باسێكی سەرەكیی چاتەكان نەبوون. وەكوو لە قسەكانی ئاراسدا دەردەكەوێت، سێ كەسەكە شێوازێكی نەرمیان بەكارهێنابوو بۆ ئەوەی قەناعەتی پێبهێنن و زۆر بە دەگمەن خۆیان لە باسە ئاینییە ئاڵۆزەكان داوە. ئاراس دەڵێت "ئەوان نەیاندەگوت دەبێت بەیعەت بە بەغدادی بدەی، تەنیا باسی ئەوەیان دەكرد كە بەیعەتدان بەو چ مانایەكی هەیە، باسی ئاینی قووڵمان نەدەكرد". ئەوان تەنیا ئەوەندەیان گوت كە قورئان یاسای بۆ هەموو بوارەكانی ژیان داناوە و یاسای ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشیش لە قورئانەوە وەرگیراون.
سەرەڕای رووكەش و سەرەتاییبوونی باسە ئاینییەكان، دواجار توانیبوویان قەناعەت بە ئاراس بهێنن كە رێگەی مووسڵ بگرێتەبەر. بەڵام لەكاتی چوونی بەرەو مووسڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركرابوو.
كوژرانی هاوڕێكەی كردی بە داعش
(عەلی) كە ئەمیش هەر ناوی خوازراوی یەكێكی دیكەیە لەوانەی تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە چاویان پێیكەوتووە، بە پێچەوانەی ئاراس پەیوەندی كۆنی لەگەڵ تۆڕی گرووپە توندئاژۆكانی كوردستان هەبووە. تەنانەت ژمارەیەك لە هاوڕێكانی چوونەتە نێو داعشیش. پاش كوژرانی یەكێك لە هاوڕێكانی، عەلی وێنەی هاوڕێكەی لە فەیسبووكی خۆی دانا و لەسەر وێنەكە نووسی "شەهیدی رێگەی بەرگری لە خەلافەت". بە گوتەی خۆی، كوژرانی هاوڕێكەی وای لێكرد بۆ یەكەمجار بیر لە چوونە نێو داعش بكاتەوە.
پۆستەكانی عەلی سەرنجی ئەندامە ئۆنلاینەكانی داعشی راكێشابوو، پاش ماوەیەكی كورت لە رێگەی فەیسبووك و تەلەگرامەوە پەیوەندییان پێوە كردبوو. بە گوتەی خۆی ئەو پێشتر كەسێك بووە كە وەكوو هەر موسڵمانێكی پابەندی دیكە بووە، بەڵام قسەكردن لەگەڵ داعشە ئۆنلاینەكان قەناعەتی پێ هێناوە كە ئەم گرووپە شێوەی بەرایی ئیسلام پەیڕەو دەكات.
لە وەڵامی پرسیاری "چی وای كرد لەگەڵ دوژمنانی گەلەكەت بكەویتە یەك سەنگەر؟". عەلی گوتی "ئەو خەڵكەی دەمناسین بە لاڕێیاندا بردم، ئەو كوردانەی كە چووبوونە ناوچەكانی خەلافەت و پەیوەندییان پێوە كردبوون، ئەو هاوڕێیانەی كە پەیوەندیم لەگەڵیان بەردەوام بوو، هەروەها ئایەت و فەرموودەكانیان كە بەكاریان دەهێنا بۆ ئەوەی قەناعەت بە من بكەن".
هاوڕێكانی عەلی لەناو داعش ناونیشانی ئەندامێكی داعشیان لە كوردستان بە عەلی دابوو، دانیشتنێكیان لەگەڵ ئەو كەسەدا بۆ رێكخستبوو. لە كاتی دانیشتنەكەدا ئەندامەكەی داعش هانی دابوو لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی دیكە روو لە مووسڵ بكەن. بەڵام عەلی خێزاندار بووە و هەر لەبەر ئەمەش دوودڵ بووە. پاش ماوەیەك ئەندامەكەی داعش هەست دەكات پێویستە تۆڕەكەی خۆیان لە نێوخۆی كوردستاندا فراوان بكەن، بۆیە داوای لە عەلی كردووە بمێنێتەوە و چاوەڕێی فەرمانی دیكە بێت.
كاتێك پرسیار لە عەلی دەكەن بۆچی خێزانەكەی هەڵبژارد نەك هیجرەت (واتە چوون بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش)، عەلی لە وەڵامدا گوتی "ئەوان چانسی ئەوەیان پێدام كە هەر لێرەوە بەشێك بم لە خەلافەت، بۆیە پێویست نەبوو بچمە مووسڵ، هەڵبەت نەشمدەویست خێزانەكەم جێبهێڵم".
بە گوێرەی یەكێك لە بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، داعش كۆمەڵێك پەیامهێن و گەیێنەری لە نێو كوردستاندا هەیە كە تۆڕی لۆجیستیكی داعش پێكدەهێنن. عەلی وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەمە گوتی "داوای گواستنەوەی شتەكانیان لە من دەكرد، جانتاكانم كۆدەكردەوە و یارمەتی شوفێرەكانم دەدا بتوانن لە مووسڵ و شارەكانی دیكەوە بێنە ناو كوردستان"، باسی ئەوەشی كرد كە سێ جار شوفێری بارهەڵگری بینیوە جانتای پڕ لە چەك و تەقەمەنی داعشیان پێدابوون. ئەو دەبووایە ئەو شتانە بۆ شوێنێكی دیاریكراو بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی لەوێ كەسێكی دیكە هەڵیانبگرێت.
بەڵام دوایین شت كە دەبووایە بیبات لەوانی دیكە جیاواز بووە، ئەمجارەیان عەلی دەبووایە لە كاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكانی عاشوورادا بۆمبێك بۆ حوسەینیەی شیعەكان لە سلێمانی بگوازێتەوە. لە كاتی دیمانەكەدا عەلی سوور بوو لەسەر ئەوەی پەشیمانیی خۆی زەق بكاتەوە.
بە گوێرەی گوتەكانی عەلی، ئەو یەكەمجار دژی پلانەكە بووە، بۆیە بۆمبەكەی لە ماڵەوە جێهێشتبوو و سەردانی شوێنەكەی كردبوو، لە هەمانكاتیشدا لەوە ترساوە ئەندامانی داعش چاودێریی بكەن. بەڵام سەرنجی هێزەكانی ئاسایشی راكێشاوە و لە كاتی چوونی بەرەو حوسەینییەكە دەستگیر كراوە.
زاواكەیان كردی بە داعش
دوایین كەس كە تیمەكە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كردووە كەسێكە بە ناوی خوازراوی جومعە. بە درێژایی چاوپێكەوتنەكە جومعە هەوڵی داوە لە رێگەی گێڕانەوەی رووداوەكانەوە پاكانە بۆ خۆی بكات و لە ماوەی چاوپێكەوتنەكاندا چەندین جار لەلایەن لێكۆڵەرانی پاراستنی كوردستانەوە قسەی پێ بڕدراوە.
بەپێچەوانەی دوو كەسەكەی دیكە، جومعە وای دەرخستووە كە زانیارییەكی ئەوتۆی لەسەر داعش نەبووە و زۆر كەیفی پێیان نەهاتووە، بەڵام نەزانی و كۆمەڵێك دەستكەوتی دارایی هانی داوە لێیان نزیك ببێتەوە.
سەرەتا جومعە كەسێكی بێكار بووە، یەكێك كەسێكی پێ ناساندووە بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات كارێك بدۆزێتەوە. دواتر بۆی دەركەوتووە ئەو كەسە كار بۆ داعش دەكات. كەسەكە ئۆتۆمبێلێكی نوێی بە جومعە داوە و ئەویش كردوویەتی بە تەكسی، لە بەرامبەر ئەمەشدا دەبووایە زانیاری بە دەستوپەیوەندەكەی داعش بدات. كاری جومعە ئەوە بووە شوێنەكانی رفاندنی مرۆڤ و هێرش بۆ داعش ئاشكرا بكات. ئەگەرچی خۆی رەتی دەكاتەوە دەستی لە هیچ هێرشێكدا هەبووبێت، بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی كوردستان دەڵێن ئەو سەبارەت بە شوێنی زیندانەكان و شوێنە گرنگەكانی نێو شارەكانی كوردستان زانیاری بە داعش داوە.
بە گوێرەی قسەكانی جومعە، دوو مانگ دوای دروستبوونی پەیوەندییەكانی، ئینجا زانیویەتی سەروكاری لەگەڵ داعش هەیە، ئەمەش ئەو كاتە بووە كە داوای لێكراوە ئۆتۆمبێلێكی نوێ بهێنێت.
جومعە بەمجۆرە رووداوەكەی گێڕایەوە "ئێمە چووینە شوێنێك، لەوێ ئوتۆمبێلێك و سێ كەسی لێبوون. كە گەیشتینە ئەوێ ئەوجار پێیانگوتم كە ئەوان داعشن و ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ تەقینەوەیەك بەكاردەهێنن. لەو كاتەدا هەڵوەستەم كرد و داوام لێكردن وازم لێبهێنن. من نیگەرانی ژیانی خۆم و خێزانەكەم بووم، پێمگوتن ئەگەر وازم لێ بهێنن ئەوە منیش بە هیچ كەس ناڵێم".
بەدرێژایی چاوپێكەوتنەكە جومعە هەوڵی داوە خۆی وەكوو قوربانییەكی دووڕوویی داعش پیشان بدات. ئەو گوتی "من كەسێكی نەخوێندەوارم و دەمویست بژێوییەك بۆ خێزانەكەم پەیدا بكەم، ئەوانیش بە پارە منیان خەڵەتاند... بەڵام من ئەوانم جێهێشت".. بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی كوردستان ئەمەشیان رەتكردەوە و گوتیان بەڵگەیان لەبەردەستە كە خوشكێكی جومعە و ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەی ئەندامی داعش بوون، بۆیە زاواكەیان توانیویەتی ئەو بە تۆڕی داعشەوە لە كوردستان ببەستێتەوە.
رووداو - Foreign Affairs
21/8/2016