بەرزان فەرەج
جەنگی كراوەی بووش، وێنەی ئەمەریكا و رۆژئاوای لە خاكی ئیسلامدا وەكو سوپایەكی داگیركەر و پێشێلكاری پیرۆزییەكانی ئیسلام نیشاندا كە بە پەرچەكرداری تووڕە و توندوتیژ و تیرۆر، وەڵامیان دایەوە. جەنگەكە بەكراوەیی مایەوەو تا ئێستاش بەردەوامە. دوای هەشت ساڵ، باراك ئۆباما ویستی لەڕێگەی وتارەكەیەوە (سەرەتایەكی نوێ)، ئەم سەدەیەی جیهان بخاتە قۆناغی پێكەوە ژیانێكی نوێ كە سەرەتاكەی لە یانزەی سێپتەمبەرەوە بە جەنگ دەستیپێكرد. لە یەكەمین سەردانیدا بۆ جیهانی عەرەب لە 4ی حوزەیرانی 2009، لە زانكۆی قاهیرەو لەبەردەم خوێندكارانی زانكۆی ئەزهەر و گەنجە ریشدار و كیژە باڵاپۆشەكاندا ویستی وێنەیەكی دیكەی ئەمەریكاو رۆژئاوا نیشان بدات و بڵێت نە ئەمەریكا و نە شارستانێتیی رۆژئاوا ناخوازن لەگەڵ جیهیانی ئیسلامدا بكەونە جەنگەوە.
ئەو بە (السلام علیكم) دەستی بە گوتارەكەی كرد و بە پەیامی سێ كتێبە ئاسمانیەكە و سێ ئایین كە چەندین سەدەیە لە ململانێدان، كۆتایی بە گوتارەكەی هێنا. وەبیری هێنایەوە كە قورئان دەڵێت: مرۆڤمان لە نێرو مێ و نەتەوەو خێڵی جیاواز دروست كردووە تا یەكدی بناسن. تەورات دەڵێت: هەموو تەورات تەنیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نووسراوەتەوە. ئینجیل دەڵێت: خۆشبەختن ئەوانەی ئاشتی دروست دەكەن، ئەوانە منداڵی خودان.
دوای هەشت ساڵ لە جەنگ، ئۆباما بۆ ئاشتی پێی نایە خاكی ئیسلامەوە كە ئەمەریكا خۆیشی پێویستی بوو. دەبووایە ئاشتبوونەوەیەك لەگەڵ خۆی و دنیا و بەتایبەتیش لەگەڵ جیهانی ئیسلامدا رابگەیەنێت. دوای چەندین ساڵ لە كۆتاییهێنان بە سیستەمی راسیزم لە ئەمەریكا و گڕگرتنی میسیسیپی و باندە مافیاو شەقاوەكانی كوكلوكس كلان، دوای خەونەكەی مارتن لوتەر بە رۆژێكەوە كە جیهانێكی یەكسان و پر لە ئاشتی و برایەتی و بێ ڕەنگ و ڕەگەز بێتەدی، دواجار ئۆباما بە دروشمی (بەڵێ دەتوانین) دەسپێكێكی نوێی لە پێشدا لەناو مێژووی ئەمەریكادا خوڵقاند كە یەكەمین رەشپێست بوو لە دەرەوەی توێژی ئەنگلۆسەكسۆنی و رەگەزی ئەوروپییەوە ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، لەوێشەوە نەك هەر ئاشتبوونەوەی ئەمەریكای لەگەڵ مێژووی خۆیدا، بەڵكو ئاشتبوونەوەی ئەمەریكاو دواتر شارستانیەتی ڕۆژئاواشی لەگەڵ جیهانی ئیسلامدا راگەیاند. بەڵام جیهانێك كە هەر بە واڵایی لە بەردەم تۆڕە تیرۆریستیەكاندا مایەوە و تەوەرەكانی شەڕیش (عێراق، ئێران، كۆریای باكوور) وەكو خۆیان بە سەرچاوەی هەڕەشە مانەوە. ئۆباما بەناوی (سەرەتایەكی نوێ) وە گوتارێكی رۆژئاوای پیادە كرد كە بەردەوام هەوڵ دەدا ئیسلام بێتە ناو مێژووی جیهانەوە نەك لە كەناریدا بوەستێ و لە دەرەوەی ئەو مێژووە بمێنێتەوە كە ئێستا ڕەوتی جیهان بەڕێوە دەبات و هیچ بەدیلی دیكەی نییە.
ئۆباما لەپاڵ سڕینەوەی وێنەی ڕۆژئاوادا وەكو دوژمنی ئیسلام، خەون و تووڕەیی كپكراوی نەوەیەكی تینوو بۆ ئازادی و دیموكراسی و بوون بە بەشێك لەو جیهانەی لە بەهاری عەرەبیدا تەقاندەوە، جیهانێك دەبووایە هەر بە كپكراوی و خامۆشی خۆی بمێنێتەوە نەك دواتر ببێتە لانكەیەك كە سەلەفیزم و ئیسلامی ڕادیكاڵ و تیرۆریزم لەو كەشی ئازادییەدا خەونی چەندین سەدەی شكستخواردووی ئیسلام زیندوو بكەنەوە و كۆتایی بە خەونی سادەی نەوەی لاوان بۆ ژیان لە ژێر سایەی ئازادیدا بهێنن و لەو بەهارەوە تیرۆریست و جیهادییەكان لەژێر زەمینەكانەوە بێنەدەرێ و جەنگەكەیان بەرامبەر جیهان رابگەیەنن. ئۆباما شۆڕشێكی خوڵقاند، بەڵام جیهانی نەخستە سەرەتایەكی نوێوە، بەڵكو پێی نایە سەرەتای هەڕەشەیەكی نوێوە كە لە هەموو شوێنێكدا ئامادەیە و جگە لە وێرانكردنی دنیا هەڵگری پرۆژەیەكی دیكە نییە.
دوای شەش ساڵیش لە گوتارەكەی ئۆباما و پاش تیرۆركردنی كاریكاتێریستەكانی بڵاوكراوەی شارلی هێبدۆ، فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی فەرەنسا لە 15ی جەنیوەریی 2015دا (ئینستیتیوتی جیهانی عەرەب) ی لە پاریس هەڵبژارد تا جارێكی دی لەبەردەم لاوانی فەرەنسیی ئیسلام و عەرەبدا بڵێت: ڕۆژئاوا دژی ئیسلام نییە، ئەوەی دژی ئیسلامە لەناو هەناوی خۆیدایە، موسڵمانەكان یەكەمین قوربانی فاناتیزمی ئیسلامی و تیرۆر و نالێبووردەیین، ئیسلام دەتوانێت لەگەڵ دیموكراسیدا بگونجێت، ئەوروپا قەرزاری ئیسلامە.
بەڵام هێشتا ئەم هەموو گوتارە لێبووردەیی و پەیامی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیە كۆتایی بە گوتاری شەڕانگێزی هێزە مەرگدۆستەكەی جیهان نەهێناوە كە پەیامی خۆی لە خودی ئیسلام و دەق و پەیامە پیرۆزەكەیەوە وەردەگرێت. لە بەردەوامیی ئەم جەنگەشدا هێشتا بێدەنگییەكی كوشندە هەیە لەنێو نزیكەی ئەو دوو ملیار مرۆڤە ئیسلامە و ئەو پەنجاو حەوت وڵاتە ئیسلامیەی ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانن و كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامییان پێكهێناوە، كە ناكرێت بەمجۆرە بەردەوام بێت و تەنها بەشێكی گرنگی جەنگەكەی جیهان بخرێتە ئەستۆی ڕۆژئاواوە كە لە ئاستێكی گرنگتردا پێویستی بە جەنگێكی فیكری و هۆشیارییەكی ڕوون و رەتكردنەوەیەكی ئاشكرای خودی جیهانی ئیسلام هەیە بۆ خستنە دەرەوەی ئەو ڕەوتە تیرۆریستی و مەرگدۆستیە بۆ دەرەوەی خۆی و پاككردنەوەی خۆی لە جیهانبینیەكی خودكوژ و بێ هوودەو دژەجیهان. ئەم بێدەنگییە لەو جەنگە سەرتاسەرییەی ئەم ڕەوتە رایگەیاندووە، هەرگیز دنیای ئیسلام ناخاتە ناو جیهانی نوێ و نایكاتە بەشێك لە مێژووی ئێستا. بۆیە چۆن ڕۆژئاوا ئەو گوتارە دووبارە دەكاتەوە كە تیرۆریزمی ئیسلامی نمایشی ئیسلام ناكات و كە ئیسلام خۆی قوربانیی سەرەكی ئەو تیرۆریزمەیە، ئیدی ئەركی ئیسلام خۆیەتی ببێتە هەڵگری ئەو گوتارەو وێنەیەكی دیكەی ئیسلامی ژیاندۆست و قوربانی وەكو بەشێك لە جیهان نمایش بكات و ئەو وێنە رەتكراوە و ترسناكەی ئیسلام لای هەموو ئیسلامۆفۆبەكان بسڕێتەوە. ئەم كارە پێویستی بە گوتارێكی روون و ئازایەتی و ئیرادەیەك هەیە كە پاكییەكانی ئیسلام و بەدییەكانی لێك جیابكاتەوە و دوای چەندین سەدە لە ترس و تابوو، جورئەت بكات پەیام و دەق و پیرۆزییەكان جارێكی دی بە چاوی ئێستای جیهان بخوێنێتەوە و مێژووی شارستانیەت و كولتورێك لە چەندین سەدەی ئیشكالیات و پڕ كێشە و لێڵی و تا ئاستی ناشیرینبوونی وێنەی ئیسلام پاك بكاتەوە. بەڵێ جیهان چاوەڕوانی ئەوەیە كە ئیسلام خۆی دەست بە جەنگێكی كراوەی خودپاككردنەوە لە وێنە ناشرینەكانی بكات، كە ئەوە تەنها جەنگی ڕۆژئاوا نییە، ڕۆژئاوا دەتوانێت كۆتایی بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ئیسلامی بهێنێت و چاوەڕوان بكات دوای ئەوە رووبەڕووی یەكێكی دی ببێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ڕێكخراوانە هەمیشە لەدایك نەبنەوە، دەبێت ئەو جەنگە لەناو هەناوی ئیسلامدا بكرێت بە نەزۆككردنی ئەو ڕەحمانەی تیرۆریزمی ئیسلامی و توندڕەوی و سەلەفیزم تێیاندا گەشە دەكات، جەنگێك ئیسلام خودی خۆی و دژی خۆی و بۆ پاككردنەوەی خۆی بەرپای بكات، بەڵام ئەفسوس تا ئێستا ئەو جەنگە بە رانەگەیێندراوی و بە جەنگێكی هەمیشە دواخراو و نەكراو ماوەتەوە.
14/8/2016